به‌نێوی خوا
پارێزگاری به‌ڕێزی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا؛ به‌ڕێز دکتۆر موحەممه‌د مه‌هدی شه‌هریاری
وێڕای ڕێز و سڵاو
هه‌روه‌ک ئاگادارن ئه‌وساڵیش وه‌ک ساڵانی ڕابردوو، قایمقامی به‌ڕێزی شاری سه‌رده‌شت له دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ میدیاکان ڕایگه‌یاند که ئه‌وساڵیش ڕێزنان له ساڵڕۆژی کیمیابارانی ٧ی پووشپەڕ به ئاماده‌بوونی به‌رپرسان به‌ڕێوه ده‌چێت. وێڕای پێشوازی له‌و هه‌واڵه، گه‌ره‌کمه له‌و ده‌رفه‌ته که‌ڵک وه‌رگرم و چه‌ند پرسیارێکی که ده‌مێکی مێشکی منیان به‌خۆوه سه‌رقاڵ کردووه، له به‌ڕێزتان بپرسم.
پارێزگاری به‌ڕێز! ئایا ده‌زانن شاری سه‌رده‌شت له بواری جوگرافیایی، مرۆڤی و ئابووری یه‌کێک له بێبه‌شترین شاره‌کانی پارێزگایه که زیاتر له ١٣٠ هەزار که‌س و ٢٨٠ گوندی هه‌یه؟
ئێستا ده‌مهه‌وێ بپرسم که ئایا مه‌به‌ست له به‌ڕێوبردنی وه‌ها ڕێوڕه‌سمێک ته‌نیا مه‌حکوومکردنی هێرشی دڕندانه و تاوانکارانه‌ی سه‌ددام و زیندووکردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه تاڵ و ئازاربه‌خشه‌کان نییه؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌به‌سته‌یه، پێتان ڕاده‌گێنم که ئێمه چه‌ندین ساڵه ئه‌و ده‌رد و ئازارانه ده‌ناسین و له‌گه‌ڵی ده‌ژین. له ئێمه گه‌ڕێن و خۆتان وه‌زه‌حمه‌ت مه‌خه‌ن، چونکه جیا له ڕه‌شبینی و بێهیوایی هیچ ده‌ستکه‌وتێکی دی بۆ خه‌ڵک نییه و له‌وانه‌یه‌شه من هه‌ڵه بم و ئه‌وساڵ به‌شێوازێکی جیاواز و پێچه‌وانه‌ی ساڵانی ڕابردوو بێ، به‌بێ ڕاگه‌یاندنی پێشتر و به‌دوور له بانگه‌شه‌ی ته‌فره‌ده‌ری میدیاکان، پیلان و گه‌ڵاڵه‌ی کرداریی، ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌رک و به‌رپرسیاره‌تی گرینگتان ده‌ست پێ بکه‌ن!؟ ئه‌گه‌ر وه‌هایه وێڕای سوپاسگوزاری و ڕێزنان له ڕوحیه‌ی ڕاستگۆیانه و گیانفیدایانه‌تان، ئه‌وه به منه‌ته‌وه له‌سه‌ر چاومانی داده‌نێین.
زۆرێک له گه‌نجانی ئه‌و وڵاته ده‌پرسن بۆچی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو داهاتی سورسنووره، تاکوو ئێستا هیچ به‌رپرسێک به به‌رنامه‌یه‌کی یه‌کپارچه، نووسراوه و داڕێژراو سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری به‌شخوراوی ئه‌و شاره به‌و مێژووه دێرین و ناسنامه دلێرانه و جوامێرانه‌ی، هیچ هه‌نگاوێکی جێ سه‌رنجیان هه‌ڵنه‌هێناوه‌ته‌وه؟
نه‌سڵی ئێمه به هێندێ ئاواتی وه‌دینه‌هاتووه، گه‌یشتۆته سنووری پیری و ئێستاش له ئاواتی شه‌قام و کۆلانی به‌رین، پێڕه‌وی ئه‌رخه‌یان، پارکی سه‌رسه‌وز، یانگه‌ی دڵڕفێن، سینه‌ما، کتێبخانه، شاری یاری و... دان، به‌ڵام ئایا به‌رپرسانێکی ئه‌رکدار و وه‌ڵامده‌ر هه‌ن تاکوو وه‌ڵامی خه‌ڵکی بده‌نه‌وه و هیوا به گه‌نجان ببه‌خشن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ ئاواته‌کانمان به‌بادا چووه، ئه‌ی مناڵه‌کانمان چ تاوانێکیان کردووه؟
هه‌رچه‌ند حاشا له کار و خزمه‌تی هێندێ له به‌رپرسانی دڵسۆز و گیانفیدا ناکه‌ین که به ویژدانی کاریی و به‌رپرسیاره‌تی ده‌روونی خۆیان نه‌ک ئیداری، له‌وپه‌ڕی نهێنی و دڵسۆزی، به‌پێی به‌رپرسیاره‌تی و توانایی خۆیان و بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌کانی شار، هێندێ گه‌ڵاڵه و پڕۆژه‌یان ده‌ست پێ کرد و هه‌وڵیان داوه گرفتێک له گرفته‌کانی شار چاره‌سه‌ر بکه‌ن که جاری وایه له لایه‌ن به‌رپرسێک یا به‌رپرسانێکی دوای خۆیان به بیانووی جۆراوجۆر له ڕیزی ڕێساکاریان وه‌لاناوه و یا هه‌ڵیانوه‌شاندوونه‌وه و خرایان کردوونه‌وه.
جێی ئاماژه‌یه که به‌دواداچوونی جددی و بیرهێنانه‌وه‌کانی به‌ڕێز ئه‌ندازیار حوسێن پوور تاکوو ئێستا جێی ڕێز و پێزانینه و هه‌وڵیان داوه له‌و مه‌ودا کورته‌دا له پاڕله‌مانی شوڕای ئیسلامی ده‌نگی خه‌ڵکی سه‌رده‌شت و پیرانشار بن که هیواخوازم هه‌ر به‌م چه‌شنه سه‌رحاڵ و چالاکانه به‌دوای داواکانی خه‌ڵکدا بچن و کارشکێنانی تێنه‌گه‌یشتووان نه‌بنه هۆی چوونه په‌راوێز و دڵساردی به‌ڕێزیان.
هه‌رکام له به‌رپرسانی دانراو که له‌و شاره داماوه سه‌ریان هه‌ڵداوه، به به‌ڵێنی بێ‌سه‌ره‌وبه‌ره و بانگه‌شه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی ڕیزی یه‌که‌می وڵات، هیوای خۆشی و ئاسووده‌یی و ئاوه‌دانیان به خه‌ڵکی داوه و له کۆتاییدا هه‌موویان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندوون.
هه‌ڵبه‌ت دان به‌وه داده‌نێم که له‌و نێوانه‌دا ته‌نیا ئێوه خه‌تابار نین. شاری به‌شخوارو و داماوی من، چه‌ندین ساڵه خراوه‌ته به‌ر شاڵاوی بانگه‌شه و به‌هره‌مه‌ندی سیاسی ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌ڕواڵه‌ت پله‌ی ده‌سته‌خوشکایه‌تی له یابان وه‌رگرتووه و هاواری سته‌ملێکراوی ده‌نگی داوه‌ته‌وه و کارناسانی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له پێناو مه‌حکوومکردنی ئه‌و جینایه‌ته، هه‌موو ساڵێ له‌و کاتانه‌دا به خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی هاوده‌ردی و خوێندنەوەی وتار بۆ کاتێکی کورتی دیاریکراو، له‌سه‌ر میدیا و تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕۆڵێک ده‌گێڕن، به‌ڵام مه‌خابن بۆ یه‌ک هه‌نگاوی کرداری بۆ وه‌رگرتنی خه‌ساره‌ت و دابه‌شکردنی سامیه و بودجه‌ی تایبەت بۆ ساڕێژکردنی زامه‌کانی بەجێماو له‌و جینایه‌ته به‌سام و دڕندانه‌یه.
ده‌بێ دان به‌وه دانێین که له به‌ره‌که‌تی گرینگیدانی به‌رپرسانی دیاریکراو له مه‌ودای ئه‌و ٣٤ ساڵه‌ی پێشهاتنی ئه‌و ڕووداوه ناخهه‌ژێنه، به‌جێی ئه‌وه‌یکه شاهیدی پێشکه‌وتن، گه‌شه و ئاوه‌دانی بین، به له‌به‌رچاونه‌گرتنی سه‌رچاوه سرووشتییه‌کان، بۆ نموونه بژارده‌کان و که‌ڵک وه‌رنه‌گرتن له سه‌رمایه‌ی به‌هاداری مرۆڤی، له‌گه‌ڵ پاشکه‌وتن و به‌شخوراوی زیاتر، بۆته هۆی کۆچکردنی زیاتر، تاکوو بۆ ساڵانی ساڵ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ماندوو و شه‌که‌ت و داماومان حوکمڕانی بکه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامگۆی که‌سێک بن.
بیر بکه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شتی کیمیاباراناوی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شه‌هید و برینداره له یه‌کێک له پارێزگاکانی جێ‌بایه‌خی به‌رپرسانی سه‌ره‌وه بوایه، چه‌نده ڕووداوی پیرۆز ڕووی ده‌دا!؟ ئایا ئه‌و شاره نه‌ده‌بوو به به‌هه‌شتی ئێران و شارۆمه‌ندانی وه‌ک قاره‌مانانی وڵات نێو نه‌ده‌بردران؟ ئاه! له‌و هه‌موو هه‌ڵاواردن و نایه‌کسانییه!
له کۆتاییدا ئێستاش مافی خۆمانه بپرسین که ئایا بەڕاستی شاری سه‌رده‌شت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو وزه و توانایی و دڵڕفێنی تایبه‌ت و ده‌ستلێنه‌دراوه، شایانی ئه‌و هه‌موو بێ‌لوتفی و له په‌راوێزهاویشتنه‌یه؟
ئایا کیمیاباران، ئاواره‌یی به‌رده‌وام، به‌رگه‌ی هه‌ژاری و نه‌دارییه‌کانی شه‌ڕی بێ به‌زه‌ییانه‌ی هه‌شت ساڵه‌ی ڕژێمی به‌عس گرتن، بێ‌کاری، کۆچی گه‌نجان، کوژرانی کۆڵبه‌ران، ناکارامه‌یی و که‌مکاری به‌رپرسان، قیافه‌ی نه‌رمه‌بڕی و تانه و ته‌شه‌ره‌کانیان بۆ ئه‌و خه‌ڵکه به‌س نییه؟! جیا له‌و ده‌رد و ئازارانه ده‌بێ به‌رگه‌ی پاساوی که‌مکارییه‌کانیش له‌و کۆڕ و کۆبوونه‌وه و دانیشتنانه‌دا و تاوانبارکردنی خه‌ڵک به ڕاکردن له ترسی وه‌ڵامدانه‌وه‌ش بگرین؟
ئێوه‌ش باش ده‌زانن که ئه‌و جۆره به‌رنامه چه‌ندپاتکراوییانه وه‌ڵامگۆی نه‌سڵی ئه‌و سه‌رده‌مه نین و جیا له به‌فیڕۆدانی به‌یتولماڵ و زه‌حمه‌تی بێسوود، ده‌ستکه‌وتێکی نییه.
هیوادارم پارێزگاری به‌ڕێز، به ئاگایی و هۆشیاری ته‌واوه ڕه‌خنه‌ی من که له‌ڕووی دڵسۆزی و هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تییه‌وه‌یه قه‌بووڵ بکه‌ن و له‌پێناو چاکسازی و باشترکردنی دۆخی ئێستا هه‌نگاوی باش و به‌نرخ هه‌ڵێننه‌وه. به‌یارمه‌تی خوای گەورە.
به‌هیوای سه‌رکه‌وتن
موحەممەد عه‌لی سووره
مامۆستای په‌روه‌رده و ڕاهێنانی سه‌رده‌شت
شه‌شی پووشپه‌ڕس ١٤٠٠
بۆچوونه‌کان