پێشەکی

خۆینەری ئازیز! ئەوەی بوو بە هاندەری من بۆ نووسینی ئەم بابەتە، ئەوە بوو لە پرسە و سەرەخۆشی خوالێخۆشبوو مەلاژنە ڕوقیە، هاوسەری "حاجی مامۆستا سەیید نورەددینی واژی"، باس و لێدوان لە سەر ژیان و چالاکی مامۆستاژن لەم شارەدێیە کرا، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەرەتا باسێک لە ئافرەتانی موکریان و دوایەش بگەڕێمەوە بۆ سەر ئەم بابەتە.

ئافرەتان، لە کۆمەڵگای کوردەواری‌دا بۆ وەدی و پێکهێنانی کۆشکی ژیان، بە دوو قۆڵی بەرەو لووتکەی بەرزی ژیوار و پێشکەوتن، وێڕای پیاوان و شان بە شانی ئەوان، لە شادی‌و‌شین،  ژین‌و‌ژان و کەسب‌و‌کاردا، هاوقۆڵ و هاوبەڵێ بوونە و بۆ وەدیهاتنی ئامانجە ڕەواکانیان هەنگاوی بەرزیان هەڵهێناوە؛ بەڵام مەخابن، وەک بۆ پیاوان کە لە سۆنگەی ئافرەتانەوە بۆیان ڕەخساوە، کە مێژوو و ژیان و چالاکیان تۆمار بکرێ، ئەم دەرفەتە بۆ ئافرەتان نەلواوە، ڕەنگە هۆکارگەلی جۆراوجۆری ببێ، وەک ئەمە کە دەسەڵاتی سیاسیان نەبووە، یا خۆشیان سووچداربوونە، یا نا، پێیان خۆش نەبووە، خۆ دەربخەن. هەر چەند لەم دواییانەدا هێندێک کار و نووسراوە لە سەر ڕۆڵ، هەڵوێست و بوێری ئافرەتانی کورد کراوە؛ بەڵام کەمە، بۆ نابێ مێژووی حوکماتی "عادیلە خاتوون" لە هەڵەبجە و شارەزوور، سەرکردەیی نیزامی "فاتەڕەش" دژی ڕووسەکان لە شەڕی یەکەمی جیهانی، لە “گەڵواخی” دیواندەڕە، بۆ دەبێ، هۆنیاری، دیڕۆکناسی، مێژوونووسی و خاوەن دەسەڵاتداری لە زانستی فیقهی ئیمامی شافعی، واتە: مەستوورە ئەردەڵان و ژیان و هەڵکەوتەیی سەدان ژنی تر، بۆ بەرەی داهاتوومان، زیاتر و زۆرتر ڕوون نەکرابێتەوە و مێژوویان نەگێڕدرابێتەوە و کۆڕ و کۆبوونەوی زیاتریان بۆ نەگیرابێت، لایەنە جۆراوجۆرەکانیان، تاوتوێ و کۆنفڕانس و نامیلکەی دوکتۆرایان لە سەر نەنووسرابێت. بۆ کێژان و کوڕانی مە، ژیانی ژنانی ڕۆژئاوایی، بە شانازییه‌وە بخوێننەوە، نامیلکەی لە سەر بنووسن، بکرێتە ڕۆمان و بخوێندرێتەوە، بەڵام لەحاستی خۆمان کڕ و کپ بین! پیاو حەقی خوڵای بڵێ: دایکان! ئێوەش خەتابارن!

ئەرێ! ئەتۆ بۆ گلەییت لە بەشی ئافرەتان هەیە؟

ئەرێ پرسیارێک! بەڕاستی بۆ بەشی پیاوەکانیشمان ئەو هەنگاوەی شیاوە، هەڵێندراوەتەوە؟ دەبێ بڵێم! لە بەر خۆ بە کەم‌ زانی و دوژمن بە زل زانین؛ نەخێر! با لەوەی گەڕێن و ئەم فایلە بهێڵینەوە بۆ بەرەو وەچەی داهاتوومان. ئێرەش جێ دابەستنی ئەو باس و خواسە نییە.

لەمێژ بوو، چاوم بە پەڕتووکخانەکان‌دا دەگێڕا و ئاواتی نووسراوەیەک سەبارەت بە ئافرەتانی ناودارانی کورد دەگێڕا و دەمپرسی، کەم کتێبم سەبارەت بەم سەربازە ونەی کۆمەڵگای کوردەواری دی. هەندێکم دیتن و هەندێکم ناوەکە بیستن، کە لێرەدا ئاماژە بە چەند پەڕتووکێک دەکەین کە تەنیا لە سەر ژنانی کورد نووسراوە: ۱ـ زنان نامدار کرد، نووسەر محمد جبار جباری.۲ـ ژنانی کورد ژیاننامەی نزیکی پێنسەد(۵۰۰) ئافرەتی کوردە و لە دوو توێی بەرگ‌دا چاپ و بڵاو کراوه‌تەوە. ۳ـ سیمایی از زنان کرد در تاریخ اسلام، نووسراوەی محمد خیر رمضان یوسف، وەرگێڕانی بیان یعقوبی. دیارە بە شێوەی پەڕتەوازە لە توێی کتێبان‌دا وەگیر دەکەوێ. ڕەنگە هی دیکەش هەبن بەڵام ئەمن چاوم پێیان نەکەوتووە.


 

مەڵبەندی موکریان:

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم تا هەڵس‌وکەوت و ڕۆڵی چەند ژنێکی ناوچەی موکریان نێو بهێنم و باسیان لێوە بکەم. زۆرێ لە لێکۆڵەران، لە سەر ئەم باوەڕه‌ن، جیا لە باشووری گۆلی ورمێ؛ (تیکاب، شایندێژ، میاندواو، سەقز و بانە)ش لە بواری فەرهەنگی و کەلەپوورییه‌وە دەکەونە بازنە و مەڵبەندی موکریان.

جا لەبەر ئەوە ناوچەی موکریان شوێنێکی ڕێکاران(استراتژیک)ە بووە، دۆست و دوژمن، چاوی تێ بڕیوە. هەبوونی قەڵای سارم و قەڵای دمدم، ئاسەوارە مێژوویی‌یەکان ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن و فەقرەقاش، بۆ بەر لە ئیسلام، چاکتری دەردەخات.

ئێمە لێرەدا ڕۆڵی ئافرەتانی نزیک دوو سەدە لەمەوبەر، ده‌هێنینە بەرباس. دەبێ بگووترێ که ناتوانین و لێرەش ناگونجێ ئاماژە بە هەموو ئافرەتانی ناوداری ئەم ناوچەیە بکەین. پێداچوونەوە بە سەر هەموو چالاکییه‌کانی ئافرەتانی موکریان، کارێکی ئاستەمە، تەنیا گۆشەنیگایەک لە هەندێک چالاکییه‌کانیان دەکەین. کە بێگومان، ئەم کەسایەتییانە، دەکرێ هەر کامیان خۆی قوتابخانە و  مێژوویەکی پڕشنگدار بن لە فەرهەنگ، سیاسەت، بواری کۆمەڵایەتی و چالاکی ئایینی گەلەکەمان لەم مەڵبەندە‌دا بن. بۆ وە دەبێ، بکرێنە بڕوانامەی خوێندکارانەی زانستگا و کتێبیان لە سەر بنووسرێتەوە لە کۆڕی زانستی، باس و خواستی زیاتریان لە سەر بکرێت.


 

چوار گۆشەی زانست لە مەڵبەندی موکریان


 

۱ـ  نوورۆن‌نێسا(نورالنساء) خاتوون: کچی مۆئمێن بەگ و هاوسەری قۆچ بەگ، کە وێدەچێ پێنج شەش ساڵێک دوای هاتنی عەللامە قزڵجی و دامەزراندنی دارولعیلمی تورجان(دارالعلم تورجان) لە ساڵی (١٢٥٢)دا، بۆ پەرەپێدان بە زانست، دوو ئاش و دوو دێی شەش دانگی و، دوو دێی سێ دانگی کردە وەقفی مزگەوت و دارولعیلمی تورجان. بەڕاشکاوی دەتوانین بڵێین وەک یەکەم ئافرەت لە موکریان دێتە ئەژمار کە بووەتە هۆکار و هاندەری بڵاوبوونەی عیلم و زانست لەم مەڵبەنده‌ی کوردوستان، بەڕێزیان خاوەن شکۆ و دەست‌ڕۆیشتوو بووە، هۆگری زانست و بنیاتنەری مزگەوت و فێرگەی زانستی شارەدێی تورجان بووە، بۆیە ناوی فێرگەکەی بە دارولعیلم (دارالعلم) ناودێر کراوە کە مەکۆی نزیک به حەفتا ـ هەشتا کەس بووە و لە هەر چوار قوڕنەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕوویان تێ‌کردووە و ئەم خاتوونە بەڕێزە خەرج و باجی فەقێکانی تورجانی وەئه‌ستۆ گرتووە. مزگەوتەکه‌ی لە ساڵی( ۱۲۵‌‌‎٨ کۆچی، واتە:۱٨٦ساڵ لەمەوبەر) بە چواردە ساڵ بینات ناوە، کە ئێستاکە یەکێ لە مزگەوتە کۆنەکانی موکریانە و هەروا ماوەتەوە کە لە لایەن میرات و کەلەپووری فەرهەنگی سەقز چاوەدێری لێ دەکرێ و پارێزراوە. بەهاری ڕابردوو لە خزمەت هەندێ لە دۆستان‌دا ئەم شانازییەمان پێ بڕا کە لە نزیکەوە چاومان بەم مزگەوت و زانستگایە کەوێت.

۲ـ مەلا عائیشە قزڵجی: کچی عەللامە قزڵجی، خاتوونێکی هەڵکەوتە و زانا بووە، لە خزمەت بابی لە تورجان هەموو زانستەکانی ئەو سەردەمی خوێندووه و مۆڵەتی مەلایەتی، تەدریس واتە وانەوتنەوەی وەرگرتووە و ڕێنمایی خەڵکی وەئه‌ستۆ گرتووە، زۆرتر بە مەلا ئایشێ یاخود عایشە تورجانی ناسراوە، لەگەڵ شێخ موحەممەدی موکری، ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە. [سەرچاوە: مێژووی زانایانی ئایینی موکریان، موحەممەد ئەحمەدیان،ل ۱۲۵]. ئەم خاتوونە هەڵکەوتەیە تا ئاخری ژیانی خەریکی دەرس دادان و بارهێنانی ئافرەتانی ئەو دەوروبەرە بووە، ئەگەر عەللامە قزڵجی وانەبێژی ئەم زانستگایەی موکریان بووە، شان بە شانی بابی، وانەبێژی زانستەکانی علوومی شەرعی بووە. لە گووتنەوەی ئەم زانستانە (فیقهـ و حەدیس و مێژوو)دا بەناوبانگ بووە و هەروەها پەروەرێنەر و وانەبێژی دەیان زانای هەڵکەوتە بووە. وانەی فەقێکانی کوردوستان، قەفقاز و میسر بە ئه‌ستۆوە بووە. [بڕوانە کتێبی خەزێنە/م: ئەحمەدیان].

۳ـ مەلا زارا قزڵجی: کچی عەللامە قزڵجی، کە بەداخەوە کەمتر باسی لێ کراوە، هۆکارەکەشی ئەوە دەبێ کە دەگەڵ هاوسەرەکەی بە نێوی مەلا حوسێنی تورجانی کە ڕووداوێکی نەخوازراو دێتە پێشێ و دەچنە ناوچەی سەردەشت و بەڵام لەوێش هەر وانەبێژ بووە. ئەویش، وەک خوشکی، یاریدەدەری ئەم زانستگایە بووە.[وتووێژ لەگەڵ کاک هیوا ئیبڕاهیمی نەوەی مەلا زارا].

۴ـ سەیید زادە مەهتاب: کچی حاجی سەیید عەبدولکەریم و خوشکی گەورەی حاجی بابە شێخی تورجانە، ناسراوە بە سەیید زادە بۆکانی، تەمەنێکی زۆری بووە، شارەزا بە سەر قوڕئان و فەرموودەکانی خۆشەویست(د. خ) و زمانی فارسی‌دا بووە. شێعری شاعیرانی فارسی؛ وەک: سەعدی، حافز و بەتایبەتی شێعری شاعیری گەورەی کورد؛ مەولەوی تاوەگوێزی، زۆری لە بەر بووە و هەروەها دەگەڵ زانایان و شاعیران ئەوکاتی لە سەر ئەم بابەتانە لێدوانی تایبەتی هەبووە. [سەرچاوە: ڕۆڵ و پێگەی حاجی بابە شێخی تورجان/ ل ۳۹].

نوورۆن‌نێسا(نورالنساء) بە سەروەت و سامان و، مەلا عایشە و و مەلا زارا بە وانەگووتنەوە، ئەم سێ کوچکەی زانستی و کۆمەڵایەتییان لە موکریان پێک هێناوە. دەور و ڕۆڵی خۆیان بە دنیا نیشان داوە، ئەم خاتوونانە نزیکەی دووسەد ساڵ لەمەوبەر چاشنەی زانستیان لە نێوان موکریان و ئەڕدەڵان پێک هێناوە و ئەستۆندی تاوڵی خوێندکارانیان هەڵداوە  و ئاڵای زانستیان نە تەنیا بۆ ئافرەتان، بەڵکوو بۆ پیاوەکانیش بەرز و شەکاوە ڕاگرتووە.


 

سەردەمی کۆماری کوردوستان لە مەهاباد:

ئێمە کە لێرەدا باسێ لە مەهاباد دەکەین بەو مانایە نییە کە ناوچەکانی تری موکریان چالاکیان نەبووە، داخەکەم من لێی ئاگادار نیم، دەنا کاتی خۆی سەردەشت، بۆکان، شنۆ، پیرانشار، نەغەدە، حەمامیان، پەسوێ، جەڵدیان، شیناوێ و زۆر شوێنی تر کۆلێژ و زانینگەیەک بوونە؛ کەسایەتی زۆر بەرزیان لێ هەڵکەوتووە.

خۆێنەران لەم بەشەدا، هەندێک لە چالاکوانانی فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم مەڵبەندە ناو دەبەین، بۆ وێنە؛

۱ـ خەدیجە مەجدی یەکەم مامۆستا(معلم)ی ژن بووە لە مەهاباد، دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان لە کتێبی "فرزانگان و نام آوران مهاباد" که هێشتا نەچووەتە ژێر چاپ، باس لە خەدیجە مەجدی دەکا و دەڵێ: "خدیجە مەجدی لە دایک‌بووی ساڵی ۱۳۰۰ هەتاوی، کچی مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی و هاوسەری خوالێخۆشبوو؛ سەددیق حەیدەری وەزیری پۆست و تێلگڕاف و تلەیفون بووە، کە مەڕحوومی پێشەوا قازی موحەممەد مارەبڕاوەی بۆ خوێندوون. لەم خاتوونە بەڕیزە سێ(3)وتار، لە ڕۆژنامەی کوردوستان‌دا بە چاپ گەیشتووە.


 

۲ـ  کوبڕا عەزیمی یەکەم مامۆستا(معلم)ی ژن لە قوتابخانەکانی مەهاباد بووه و هاوکاری دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردوستان بووە که سێ وتاریش لەم خاتوونە بەڕێزە لە ڕۆژنامەی کوردوستان‌دا بە چاپ گەیشتووە. [سەرچاوە: پەنجەمۆر، هاشم سەلیمی، ل ٦٨‌‌]

۳ـ  وەجیهە شوجاعی سێهەم مامۆستای ژنی قوتابخانەی مەهاباد بووە. [سەرچاوە: پەنجەمۆر، هاشم سەلیمی، ل.٤۳].

٤ـ  شاە سوڵتان خانم فەتاح قازی کە بەڕێزیشیان وتاری لە ڕۆژنامەی کوردوستان‌دا هەبووە.

دیارە، ئەمە دەردەخا کە خاتوونەکان جیا لە دەستکەوتی زانست و وانەبێژی لە بەستێنی نووسین و ژۆڕنالیستیش‌دا هەنگاو گەلێکی گرینگیان هەڵهێناوە. وادیارە ئەم خاتوونانە لە لایەن کۆماری کوردوستان پێکەوە بۆ وانە‌وتنەوە هەڵبژێردرابن.

۵ـ  مینا خانمی قازی(دایکی نیشتمان) هاوسەری خوالێخۆشبوو پێشەوا، سیاسەتوانی ژنی کورد و سەرۆکی یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردوستان بووە.

۶ـ خانم خانمەی سەدری قازی(گەوهەر تاج سەدری قازی) لە چالاکییە فەرهەنگییەکانی دەکرێ ئاماژە بە: ۱ـ پاراستن و هەوڵ‌دان بۆ لە چاپ‌دانی دیوانی "سەیفولقوزات"ی مامی باوکی ۲ـ نۆژەن‌کردنەوەی گڵکۆی "سارم بەگ"ی موکری، هەڵکەوتوو لە سەر کەڵکی بەگزادان.. لە وتووێژی خۆم لەگەڵ مامۆستا شەریف عەزیمی فەرموویان: خانم خانمە توانی پارێزەری ماڵی و سامانی هاوسەری بێ، لە ڕەحیم خان و گوێگجەلی.

۷ـ "سەیید زادە فاتمە ئەحمەدین" کە بە دایکی (ئاڵای کوردوستان) دەناسرێ. ئەم ژنە کوردە بە پەنجەکانی خۆی، ئاڵای کوردوستانی بە نەقش و نیگار هۆندووەتەوە و ڕادەستی مەڕحوومی پێشەوا "قازی موحەممەد"ی کردووە. کە ئێستاکە ئەم ئاڵایە لە ناو گەلان و وڵاتان‌دا بە ئاڵای کوردوستان دەناسرێت، خاتوو سەیید زادە "فاتیمە ئەحمەدین"، هاوسەری بەڕێز کەریم ئەحمەدین وەزیری پۆست و تێلگڕاف و تلەیفوونی سەردەمی کۆمار بووە. دووشەممۆ ڕێکەوتی (٢٤ی ڕێبەندانیی ١٤٠١) پێوەندیم بە خاتوون “پەروانە ئەحمەدین” نووسەر و لێکۆڵەر و کچی خوالێخۆشبوو سەیید زادە فاتیمە گرت، کە بەڕێزیان شارەزایی‌یەکی تایبەتی هەیە لە سەر مەهاباد و دەوروبەری، لەم بەستێنەدا زۆر زانستی لە لایە و هاوکاری کردم و ئاماژەی بە چەند کەسایەتی دیکەی لە ژنانی چالاکی مەهاباد کرد، وەک؛

الف): یەکەم وانەبێژی ئافرەت نزیکی سەدوپەنجا ساڵ لەمەوبەر خاتوون؛ دوڕ سەدەف خانم زەیناڵ‌ی بووە. هاوسەری کاکاغا، کە دوایین داروغەی شاری سابڵاغ بووە. کاک هاشم سەلیمی سەبارەت بەم خاتوونە بەڕێزە دەڵێ: خاتوو دوڕ سەدەف خانم خێزانی کاکاغا، باپیری کەریم ئەحمەدین وەزیری پۆست و تێلگڕافی کۆماری کوردوستان، کە یەکەم مەدرەسەی ئایینی کیژان لە لایەن ئەم خاتوونە بەڕێزە لە جێگەی مزگەوتی عەجەمانی دامەزراندووە، کە کیژەکان فێری قوڕئان دەبوون کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (۱۲۷۰ واتە ۱۳۱ ساڵ لەمەوبەر. [سەرچاوە: پەنجەمۆر، هاشم سەلیمی، ل.٤۳].

ب)ـ “وەجیهە خاتوون”.

ج)ـ “سەیزادە خەدیجە باباسووری”.

ه)ـ “زارا خاتوون مەنگوڕی” کە ئەم سێ کەسایەتییانەی دوایی تازەلاو بوونە و خوالێخۆشبوو قازی موحەممەد لە قوتابخانە دایمەزراندوون.

بەڕێز کاک  شەریف عەزیمی لە دایک‌بووی 1315ی هەتاوی، ڕۆژێ چوارشەممۆ 24ی ڕێبەندانی 1401ی هەتاوی  تەشریفی هێنا بۆ ماڵی ئێمە و چەند کتێبی عیرفانی دەویست، خۆی هەم نووسەرە، هەم وەرگێڕی زبانی فەڕانسەوییە، باسمان لە ئافرەتانی ناوداری موکریان دەکرد، فەرمووی لە کتێبی بیرەوەرییەکانی  دوای خەرمانانی ساڵی ۱۳۲۰ و ژکاف و دامەزرانی کۆماری کوردوستان لە مەهاباد کە هێشتا نەمتوانیوە بە کۆتایی بگەیەنم و بچێتە ژێر چاپ. ئاماژەم بە چوار کەسایەتی کرد کە لە فێرکردن و ڕاهێنانی ئافرەتانی سەردەمی کۆماردا ڕۆڵیان هەبووە، وەک؛ ۱ـ کوبڕا عەزیمی کە ئامۆزام بووە. ۲ـ خەدیجە مەجدی ۳ـ وەجیهە شوجاعی ٤ـ زارا مەنگوڕی. لە درێژەدا فەرمووی: لە چالاکڤانانی سیاسی، دەتوانم ئاماژە بکەم بە مینا قازی(کاکاقا زادە) هاوسەری خوالێخۆشبوو پێشەوا قازی ۲ـ گوڵێ ڕیحان خاتوونێک بووە کە بە شێوەی نهێنی کار و چالاکی سیاسی دەکرد، لە قالبی کارگێڕی حەمامەکانی مەهاباد و هێندێک شتی ئاسایی. من ئەوکات مێرمنداڵێک بووم ئاگام لێ بوو هوشداری بە وەزیرەکانی کۆمار دەدا، زۆر دەست‌ڕۆیشتوو و بەدەسەڵات بوو.

۹ـ  زێڕەوشان خانم که مامۆستا هێمن لە پەڕتووکی پاشەڕۆک‌دا باس لە ڕوداوێکی مێژوویی بە ناوی شێرەژن دەکا (لاپەڕەی ۷ ـ ۱) کە ڕووداوێکی تاڵ بەڵام حەماسی لە شێرەژنی سەقز دەگێڕێتەوە کە ڕژیمی زاڵمانەی شا بۆ چاو ترساندی خەڵک "ئەحمەد خانی فاڕوق"ی‌ و دوو برا لاوەکەی لە سێ دارە دەدا، دەڵێ: "کاتێک ئەم هەواڵە دڵتەزێن و جەرگبڕە(لە سێدارەدانی ئەحمەد خانی فاڕوقی و براکانی) بۆ زێڕەوشان خانمی دایکی شەهیدەکان کە لە سەر بەڕماڵ خەریکی نوێژ و دوعا بوو دەبەن، لە پێش‌دا عاتیفەی دایکایەتی تینی دەدا و بە نینۆک هەر دوو لا ڕومەتی دەڕنێ کە خۆێن لۆزەی دەبەستێ، بەڵام زوو دێتەوە سەرەخۆ و کوڵی دڵی دەنیشێ و زۆر بە ویقار و ئارامی


 

بەرەو مەیدانی ئیعدام دەکەوێتە ڕێ. خەڵک بە دیتنی ئەم خانمە بەڕێزە و ئەم دایکە دڵ سووتاوە کە بە دەستی شا کەسی نەماوە، وەجاغی کوێر بۆتەوە، تێر لە گابۆڕ دەدەن، بەڵام ئەو ئاگری نێوچاوانی گرژ دەکا و لێوی دەکرۆژێ و سەربەرزانە دەچێتە پێش ڕێی، دەگاتە بن داری کوڕەکانی، کەمێک لە ژێر لاقیان دەفکرێ و دەڵێ: "دەک ڕۆڵە ڕووتان سپی بێ وەک ڕووی دایکی خۆتان سپی کردووە!! من بۆتان ناگریم؛ قوڕتان بۆ ناپێوم؛ شینتان بۆ ناگێڕم، چوونکە ئێوە پیاوانە ژیان و پیاوانە چوونە سەر سێدارە؛ ئێوە لە سەر دزی و پیاوکوژی و خەیانەت و جاشەتی نەکوژران؛ ئێوە لە ڕێگەی ئازادی مەدا، لە سەر کوردایەتی، لە سەر ئابڕوو و شەڕەف و لە  پێناوی ڕزگاری ئەم گەلە زۆر لێکراوەدا شەهید کراون و هەرگیز بە مردووتان نازانم..

۹ـ زێنەبی شەڕەفکەندی خوشکی مامۆستا هەژاری موکریانی.


 

پەسوێ و دایک مەلاژن:


 

ناوچەیەکی تر لە موکریان شارەدێی "پەسوێ"یە.

پەسوێ، سەر بە بەشی لاجانی پیرانشارە و مێژوویەکی لەمێژینەی هەیە، بە جۆرێک کە یاقووتی حەمەوی دیرۆکناس و گەڕیدەی سەدەی شەشی کۆچی، لە موعجەمولبولدان و، هەروەها حەمدوڵڵای مستۆفی لە نوزهەتولقلوب وەرگێڕانی کاک سەلاحەددینی ئاشتی ئاوای باس لێوە دەکات، کە ئەمە هەڵگری لێوەشاوەیی و گرینگی ئەم شوێنەیە. پەسوێ هەمیشە زانای گەورەی لێ هەڵکەوتوون وەک؛ حاجی مامۆستا سەیید نورەددینی واژی فەرمووی: زانای بەناوبانگی لێ بوونە کە بێجگە لە مامۆستا مەلا وەسیمی سەردەشتی و مامۆستا مەلا ساڵحی مودەڕڕیسی سێ مامۆستای مەلا عەوڵای بەناوبانگی تری لێ بوونە بە ناوەکانی؛ مامۆستا مەلا عەوڵای وەڵزی، مامۆستا مەلا عەوڵای بورهانی و مامۆستا مەلا عەوڵای گرکێ، کە هەر سێ کەسایەتی زۆر زۆر زانا بوونە، عەللامە مامۆستا مەلا ساڵحی پەسوێ و بەر لەویش زاناگەلێکی زۆر. مامۆستای ئێستاکە حاجی مامۆستا سەیید نورەددینی واژی‌ـه کە لە پاییزی ساڵی 1350ی هەتاوی دوای دوو ساڵ مەلایەتی لە "سینگان"ی شنۆ، بە پێشنیاری ڕیش‌سپی و کەیخوداکان، دێتە پەسوێ. وەک کاک سادق شەریفی گێڕایەوە؛ بە مینی‌بوسی موحەممەد شۆفیر هات و تا خانووی مامۆستا جێبەجێ کرا لە ماڵە کاک سەیید ڕەحمانی موتەههەری مایەوە.


 

من و پەسوێ:

خەرمانانی، 1363ی هەتاوی، بە ڕاسپاردەی باوکی بەڕێزم؛ حاجی مامۆستا مەلا سەیید موحەممەد واژی لە خزمەت مامۆستا مەلا سەیید حوسەین قەوامی بوخچەم بە سەر شانی دادا و لە شەقامی حاجی سەیید برایم بە مینی بوسی پەسوێ کە لێخۆڕەکەی کاک سەیید ڕەحمان موتەههەری بوو بەرەو پەسوێ وەڕێ کەوتین. ماشێن، داڕماڵ لە ڕێبوارانی ژن، پیاو، پیر، لاو، منداڵ، قەند، چای، برنج و کەل و پەلی بژیوی ژیان بوو. ئەگەر لەبیرم مابێ، نەفەری پێش تمەن (پێنج تمەن) بوو. پەسوێ ئەوکات دوو مینی‌بوسی هەبوو، یەکیان دەهاتە پیرانشار و ئەوەی تریان دەچووه نەغەدەی کە لێخوڕەکەی کوێخا عەلی و لە کاڕێژی جەلالی ڕادەوەستا.[1]

گەیشتینە پەسوێ، حوجرە، بەرەو قوبڵەی دروست کرابوو، لە شانی ڕاستی حەساری مزگەوت هەڵکەوتبوو. ئی سەردەمی مامۆستا مەلا ساڵحی مودەڕڕیسی و بەر لە کۆماری کوردوستان و سەردەمی فەقێیەتی مامۆستا هەژار بووە. لە چوار ـ پێنج پلیکانی حوجرەی وەسەر کەوتین، داڵانەکی دوو لە سێی‌دا بوو. گۆشەی ڕووبەڕووی داڵانەکە، حەمامێکی دوو لە یەک‌و‌نیو‌دا دەبوو، عەمباراو بوو، بە عەلادین گەرم دەکرا، لای ڕاست دیوێکی چوار ـ دە پێنجێک‌دا بوو،  شوێنی تایبەتی "موستەعید"ان (ئەم فەقێیانەی کە خوێندنەکەیان لە سەرووتر بوو)، لای چەپ، دیوەکی سێ ـ دە چواری‌دا بوو، کە شوێنی خەوی "سوختە"کان بوو. لە پەنا ئەم حوجرەیە دیوێک بە لای دیوی سوختەکانه‌وە بوو کە بۆ عەمبار کەڵکیان لێ وەردەگرت، ئەم حوجرانە بە مۆرەی قەدیم داندرابوون و بە دار، داڕەڕا کرابوون شەش موستەعیدە و نزیکی دە سوختە بووین[2]. موستەعیدەکان لە لای حاجی مامۆستا و سوختەکانیش لە لای موستەعیدەکان دەرسیان دەخوێند، سوختەکان دوو دوو، نان چنینە(ڕادبە)وە، چەند ماڵیان بەستۆوە بوو. گەڕەکی زنچیرچیان لە زستانێ‌دا لە هەمووان ناخۆش‌تر بوو، هەم تەڕ و قوڕی زۆر بوو، هەمیش سەی مەڕیش وەک شێڕ دەیان مڕڕاند، من بۆ چنینەوەی نان، نزیکی شەش مانگان، پێنج ماڵم بە ئەستۆوە بوو، ماڵە مامۆستا سەیید موحەممەد و کاک سەیید ڕەحمانی کە برا بوون، وە وابزانم ماڵەکانی تر بنەماڵەی بایز خاڵندی بوو، وه لە ناو خۆی حوجرەش‌دا، ساقی(چاگێڕان) کارم بوو، کە بۆ موستەعید و سوختە، سێ جەمە چای بگێڕم، حاجی مامۆستا سەیید نورەددین لە نزیک هەشتی بەیانی تا دوازدەی نیوەڕۆ دەستی دەکرد بە وانە‌گووتنه‌وەی فەقێکان. هەر لە شەڕحول‌عەقاید“شرح العقاید” تا دەگاتە تەزهیبول‌کەلام “تهذیب الكلام” وانەی دەگووتەوە. لە سەر دەرسێ هەڵنەدەستا تا هەموو وانەکانی دەگووتەوە، دوای نیوەڕۆش، وانەی فیقه بوو. ئێستە کە ئەم شتەی دەنووسمەوە پێم سەیره که ئەم مامۆستا قەدیمیانە چەندە زەحمەتکێش بوونە، چەندیان شایی بە کارەکەیان بووه.


 

من لە لای مامۆستا مەلا سەیید حوسەینی قەووامی دەستم کرد بە کتێبی ئەحمەدی و عەوامیلی جورجانی. سێ شەممۆ و و جومعان پشوودان بوو، لەم دوو شەوانەدا، قەسیدەی بوردیە، لە لایەن و فەقێی دەنگخۆش دەخوێندرایەوە و حاجی موحێدین ناسراو بە حاجی لارە‌ـ ش بە نوشابە و میوە ئەوێ شەوێ پەزیرایی لێ دەکردین. 

مزگەوتەکەی ئەوکات، لە خشتی سوور و بە کۆڵەکەی ئاسن و بانەکەشی تیررێز بوو، خشتەکان میچی نەقش و نیگاری جوانیان هەبوو، مزگەوت چەقەخانەی هەبوو کە بە جامەکی و شووشەبەند لە ناو ژووری مزگەوتێ جیا دەکرایەوە، زستانان، مامە نورەم(حاجی مامۆستا سەیید نورەددینی واژی)، ئێواران بەر لە نوێژی شێوان وا بزانم لە ڕووی کتێبی" منظره مرگ"بوو وتاری بۆ خەڵەکەکە هەبوو، سریوە لە بەر کەس نەدەهات و زۆر بە هۆگرییەوە گوێبیستی وتارەکەی دەبوون.

نزیکەی دوو ساڵ لە پەسوێ مامەوە کە لێرەدا ناگونجێ ئاماژە به بیرەوەرییەکانی خۆش و ناخۆشی ئەوکات، یاخود فەرهەنگی حوجرە و بارودۆخی ئەوکاتی پەسوێ بکەم و دەیهێڵمەوە بۆ کاتێکی تر، لەم دوو ساڵە زیاتر دەگەڵ کەش‌وهەوای حوجرە ئاشنا بووم. دیارە ئەوانی ڕۆڵیان هەبوو لە بڕە و بردنەسەری ئاستی زانستی؛ خەڵکی دڵسۆز و بەئەمەگی پەسوێ بوو کە خەرج و باجی فەقێکانیان وەئەستۆ گرتبوو. لە ڕادبە، چییان بۆ خۆیان ساز کردبایە ئەویشیان بۆ ئێمە دادەنا، دایک مەلاژن ـ خوا جەزای بداتەوە ـ  وەک دایکی حوجرە، چاوەدێری فەقێکانی دەکرد.

دایک مەلاژن:

مەلاژن، مامۆستا ژن، داک مەلاژن، دایک مەلاژن، وشەیەکی لێکدراو(ترکیب)ییە لە دوو یا چەند وشەی. مەلا + ژن = مەلاژن. دایک + مەلا + ژن = دایک مەلاژن. کە هەر کامەیان بۆخۆی واتایەکی هەیە، پێکەوە کە کۆ بوونەوە مانایەکی نوێ‌تر پێک دێنن. لە هێندێک شوێن وەک ناوچەی شنۆ و لاجان، زیاتر دایک، یا داک مەلاژن بەکار دەهێندرێت، بە بڕوای من، دایک مەلاژن، مانا و چەمکێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی هەیە. ڕەنگە هەڵقوڵاوی ئەم مەفهووم و هزرەیە بێت کە مامۆستایان جێنشینی پێغەمبەرانن(د. خ)، هاوسەرانیان وەک دایکی ئیمانداران( أمهّات المؤمنین) چاویان لێ دەکرێت، هەر وەک بۆ ئیمام، وشەی پێشەوایان هەڵبژاردووە، کە بۆ وێنە بۆ خوالێخۆشبوو قازی محەممەد، دەگووترا پێشەوا واتە ئیمام.

مەلاژنە ڕوقیە

خوالێخۆشبوو دایک مەلاژن؛ سەییدزادە ڕوقیە مینایی‌فەر‌ کچی خوالێخۆشبوو کاک سەیید عەلی، ساڵی ۱۳۲٨ ی هەتاوی لە گوندی "گوڕناوێ"ی ‌سندووس، سەر بە شاری نەغەدە چاوی بە دنیا هەڵێناوە، ساڵی ۱۳٤۹ ی هەتاوی لە گەڵ بەڕێز حاجی مامۆستا سەیید نورەددینی واژی ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە، بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان هەشت کچ و دوو کوڕن. ساڵی ۱۳٥۰ ی هەتاوی لە سینگانی شنۆ ماڵیان دێتە شارەدێی پەسوێ، ‌بەداخەوە لە ڕۆژی سێ شەممۆ ڕێکەوتی  ۱٨ ی ڕێبەندانی ۱٤۰۱ ی هەتاوی بەدوور لە بڕبڕەی پشتێیان واتە حاجی مەلا سەیید حەسەن و مەلا سەیید جەماڵ بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان دەکەوێ و بە ناکامی ماڵاوایی لە ژیان و ڕوحی بە پێمێرد(عیزڕائیل)ی خودا دەبەخشێ. لە ڕاگەیاندنی پێزانین نووسرابوو مەلاژنە ڕوقیەی دایکی پەسوێ. لە ناوچە، بەم ناوە ناسراو بوو.

چەند بیرەوەری لەم خاتوونە بەڕێزە؛


 

الف) ـ پاییزی ۱۳٦٤ ی هەتاوی بوو، وڵات تەڕ و قوڕ، ئەوێ شەوێ(پ)، وابزانم بۆ یارمەتی کۆکردنەوە هاتبوون. تەقە لە ناو دێ ڕووی دا،  لەبەر ئه‌وەی حاجی مامۆستا سەیید نورەددین لە ماڵ نەبوو، من و مەلا حەمەدەمین مێهدی زادە شەو بۆ نووستن چووینە ماڵە حاجی مامۆستای، لەبەر خرمە و چاخماخەی تفەنگان بە هەڵەداوان لە حوجرەی ڕا خۆن بە حەساری ماڵە حاجی مامۆستا داکرد. لە سەر تەپۆڵکەی تورەکەڕێژەکەی ناو دێ کە پایەگا(پایگاە)ی لێ بوو، وایان زانی بوو ئەمشەو (پ) هاتوونەتە حوجرە، بە سەرمان‌دا ئەوەندەی تر شریخەی گوللان هات. بۆ سبەی "هەمەڕەنگ"  کە فەرماندەی (ق)ی گردکشانە بوو، فەرمانی بە گرتنی گومان لێکراوان دابوو، لای قاوەڵتوونێ بوو، دەست کرا بە ڕەشبگیری لە ناو دێ، هاتنە حوجرەی ئەم دوو فەقێیه وەبەر دەستیان کەوتن؛ یەکیان مامۆستا مەلا ئەسعەد کرمانجی و، ‌ئەوەی تریان؛ مەلا ئەحمەد قادری دوچۆمان بوو، کە مەلا ئەحمەد سوختە و، هاتبوو بۆ جێ خواستنەوە کە لە پەسوێ جێگای کەن - لە بەر ئەوە پەسوێ فەقێی زۆر بوون، بەڵێنیان پێ نەدا، ئێوارەش بوو ماشێن وەگیر نەدەکەوت، ناچار شەو لە حوجرەی ماوە، سبەی وەبەر ڕەشبگیری کەوت! هەر دووکیان ڕەپێچەک دان، مامۆستا ئەسعەد، لیباس، دامێن و تەشکیلاتی هەڵکردبوو کە بێ‌نوێژ نەبێ، ئی‌دی ئەگەر تێیان خوڕیبوون، دەستیان پێ دەبن هەنگڵیان نابوو، بە زنجیرچی‌دا وەپێشە خۆیان دا و هێنایاننەوە بەر دەرکی مزگەوتێ، چەند کەسی تر سواری سێ ئێف کران و بەرەو گردکشانە بەڕێ دەکران، نازانم کێ بە مەلاژنە ڕوقیای گووتبوو، زۆر بوێرانە و، بە زبانێکی پاراوی تورکی، پێی گووتن ئەوانە بۆ کوێ دەبەن ئەوانە فەقێن و حەقتان بە سەر ئەوانە‌وە نییە. زۆری دوواندن، بەڵام بەداخەوە بێ‌سوود بوو.


 

لە گردکشانەی بەم ئاکامە گەیشتبوون کە بەڵێ قسەی دایک مەلاژن ڕاسته و ئەمانە فەقێنە. بۆ ئێوارێ بەریان دابوون. ئەوانی ترم چاک لەبیر نەماوە کە چەند کاتژمێر لە(ق) مانەوە، بەڵام ئەوەم لە بیر ماوە، مامۆستا ئەسعەد دەی فەرموو: کە لە (ق)ی گردکشانە قۆڵبەست و چاوبەست کرابووین و لێمان تووڕە دەبوون، مەلا ئەحمەد پەیتاپەیتا دەیکوت: " آقا به خدا قسم، من برای جا اومدم". مامۆستا ئەسعەد گووتی، پێم گووت: کوڕە بەسسە، بێ دەنگ و هەر هیچ مەڵێ، ئەوە چوزانێ جا چییە! ئەو گرتن و بەردانە بۆ جەنابی کاک مەلا ئەحمەدی بەرەکەت بوو. موستەعیدەکان گووتیان: جێگات بۆوە مەلا ئەحمەد. ئەوێ پاییز و زستانەی مەلا ئەحمەد لە پەسوێ مایەوە.

ب)ـ بیرەوەرییەکی تر لە ئامۆژنە ڕوقیە(سیده رقیه مینایی فر) دەیزانی من سەرتۆیی شیریم پێ خۆشە، زۆر جار مەلا "سەیید حەسەن"ی لە دوای دەنارم کەسەر تۆی شیریم بۆ ڕاگرتووە، زانیبای فەقێیەک کەواپاتۆڵی نییە، هەر چۆنیک با بۆی دابین دەکرد، پێم خۆش نییە ناوی ئەم فەقێیانە بێنم کە کەل‌وپەلی ژیانی بۆ دەڕەخساندن و بۆی دابین دەکردن. من ئەم شتانەی کە دیومن زۆرن تەنیا ئەم دوو بیرەوەرییەم گێڕایەوە.

دوو بیرەوەری لە زبانی دوو مامۆستای تر؛

الف)ـ مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن زادەی موسالان، (لە دایک‌بووی ۱۳٤٦) موسالانی سەردەشت کە ئێستا نیشتە‌جێی مەهابادە، زۆر جار بۆی دەگێڕامەوە، کە دەیگووت: ساڵی (۱۳٥٥)لە پەسوێ سوختە(فەقێ)یەکی مێرمناڵ بووم، غەریبە، ئەوکات وەک ئێستێکە تلەیفوون و ماشێن نەبوو، داک مەلاژن وەک کوڕی خۆی چاوەدێری دەکرم، چەڕخێکی خەیاتی دەستی هەبوو جلەکانی بۆ دەدووریمەوە، زۆر جار پشتێند و لیباسی بۆ دەدرووینەوە، دەیبردمه ماڵی خۆی، گەلێ جار جلکەکانی بۆ دەشۆردم و دەیکوت غەریبەیە. چاکەی ئەو دایک مەلاژنەم قەت لە بیر ناچێت، هەر دەیکوت مەلا سەیید پێم خۆشە ڕۆژێک بچینە پەسوێ و دەستخۆشی و دیدارێک لەم دایکە خۆشەویستە بکەم، قیسمەت نەبوو.

ب)ـ حاجی مامۆستا مەلا زاهید شەریفی کە لە سەر هێندێک بیروبۆچوون جیاوازی ڕایان دەگەڵ حاجی مامۆستا هەبوو، بۆی گێڕامەوە و فەرمووی: "ئەوانەی لە پەسوێ خوێندوویانە ئیحساسی دایکایەتیان لە دایک مەلاژن‌دا هەست پێکردووە، زۆر ڕووخۆش و مێهرەبان بووە، دەیکوت ڕۆڵە ئەتۆ کوڕی ماڵێی، دڵت لە حاجی مەلای نەهێشێ، حاجی مەلای وەک باوک وایە بۆتان دڵت نەهێشێ و ئامۆژگاری دەکردم.  دایک مەلاژن هەمیشە حاڵەتی مام‌ناوەندی هەبووە. بەردەوام هەوڵی دەدا هەڵوێستی حاجی مامۆستا سەبارەت بە من و یا کەسانێک که وەک من بوو، خۆشبین بکات و، زۆر جار سەرکۆنەی حاجی مامۆستا کردووە کە ئەمانەش کوڕی تۆنە، کە هەمیشە ئەو شتەم دەدڵ دایە.

 

کۆتا وتە:

پێم خۆش بوو لە پرسە و سەرەخۆشی مەلاژنە ڕوقیا، ئافرەتێک هاتبا و باسی لە خزمەتی ئافرەتان و ڕۆڵ و هەوڵیان لە کۆمەڵگای کوردەواری‌دا کردبووایه، کە بەداخەوە ڕێ نەکەوت.

مامۆستا ئەنوەر ڕەستگاری(هەڵگوڕد/پەسۆێ) لە پرسە و ماتەمینی دایک مەلاژن، فەرمووی:" دایک مەلاژن گلەیی هەبوو کە مامۆستاکان وەک چرایەک دەورووبەری خۆیان ڕووناک دەکەن بەڵام بەر پێی خۆیان تاریکە"! مەبەستی ئەمە بووە کە دەکرا بە ماڵ و مناڵیان وانەی قوڕئان و دەرسە شەرعییەکان و فەقێیایەتیان پێ بخوێنن، بەڵام کەمتەرخەمی دەکەن. مەبەست ئاوڕدانەوه بۆ ئەم بنەماڵانە بوو کە گرینگی زۆریان داوە بە زانست بۆ کچەکانیان لە پەنا کوڕەکانیان، کە لێرەدا ئاماژە بە یەک دوویەکیان دەکەین؛

۱ـ حوجره کە مەکۆی زانست و مەڵبەندی هەڵ‌کردنی ئاڵای نیشتیمان‌‌دۆستی و شانی لە شانی زانستگا ناودارەکانی جیهان داوە، سەرەڕای ئەوە کە مامۆستاکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە هەستی دینداری، نیشتمانپەروەری، مامۆستاژنەکان، وەک سەربازی ونی ئەم بەستێنە وا بوونە، بەشێکی زۆر لەو بارە قورسە لە سەر شانی ئەوانەوە بووە. نە تەنیا دایکی خەڵک نەبوونە. بەڵکە دایکی زانست و حوجرەش بوونە، یارمەتی ئەم حوجرەیان داوە، ئەگەر مامۆستایەکی سەرکەوتوو دەبینی دایک مەلاژنێکی باش لە پشت سەری بووە. فەقێکانیان وەک کوڕی خۆیان چاو لێ کردوون. لە بیرمە وا بزانم ڕەمەزانی ساڵی ۱۳٦۲ ی هەتاوی لە پیرانشار، حکومەت‌نیزامی بوو، کەس بۆی نەبوو شەوانە دەرکەوێ، بابم؛ مامۆستا مەلا سەیید موحەممەد واژی کە مەلای مزگەوتی حاجی شەفیع(مسجدالنبی.د. خ)ی بوو، سێ فەقێی هەبوون؛ م. سەیید حوسەینی قەوامی، م. عەلی خۆش‌مەنیش، م. سەعید قادرپور، دایکم؛ مەلاژنە زێنەب خزری لەو وەختەی کە کەڵ بە موو بەند بوو، چوو بۆ لای حوجرەی و لە سەر دیوارێ ڕا هەرای فەقێکانی دەکرد کە چێشتی بۆ ساز کردوونە. چۆن بۆخۆی و منداڵەکانی تێر بن بەڵام فەقێ بە برسیایەتی پارشێو بکەنەوە، دڵی هەر لە لای ئه‌وان بوو. مەلا عەلی مەلا سەیید پارشێوە و چێشتم بۆ هێناون.

 

لێرەدا ناوی چەند بنەماڵەی زانستی دەهێنینەوە کە گرینگیان بە پەرەپێدانی زانست داوە، ئاوڕدانەوه و زیندووکردنەوەی ئەم فەرهەنگە زانستییە هەر لە کۆنەوە هێندێک لە بنەماڵەکانی کوردەواری هەوڵیان بۆ داوە، وێڕای کوڕەکانیان کچەکانیشیان لە زانستی پەروەردەیی و زانستی شەرعی پەروەردەیان بهێنن و شارەزایان بار بهێنن، بۆ وێنە؛

الف) ـ عەللامە قزڵجی، مەلای کۆیە، موفتی پێنجوێنی و... . ئەوانە بە کچەکانی خۆیان خوێندووە لە سەر زانستی حوجرە کاریان لە سەر کردووە کە سەواد و خوێندەواریان هەبێ، مامۆستا مەلا موحەممەد ڕەبیعی لە بیرەوەرییەکانی‌دا دەگێڕێتەوه؛ پێنج ساڵە بوومە دایکم مەشکەی دەژاند و قوڕئانی پێ دەگووتم، خوالێخۆشبوو مامۆستا نەجمەددین شەریعەت پەنا دەیگێڕاوە کە لە لای دایکم؛ زێنەب نەقشبەندی قوڕئانم خوێندووە.

ب)ـ مەلا زارا قزڵجی کە کچی عەللامە قزڵجی بووە و خێزانی مەلا حوسەینی تورجانی، دوایە چوونەتە پێشاپ و ناوچەی سەردەشتێ، کچەکەی خۆی بە نێوی مەلا حەبیبە ئائاوا دەبەر خوێندنی زانستە شەرعییەکان نابوو، فێری خوێندن و نووسین و زانستەکانی شەرعی و ئەدەبیاتی فارسی وەک گولستان بوستان، قوڕئان و ڕێنووس و ڕێزمانی عەڕەبی، فیقهــی بەلاغە و عەقیەدە و شەرعییه‌کان ناوە. مەلا فاتمە کە کچی مەلا حوسەینی تورجانی بووە ئەویش مێردی بە مەلا ساڵحی بێتوشی کردووە کە سێ ئەولادی لێ بووە؛ یەکیان حەبیبە و دووهەمیشیان ئامین، که هەر دووکیان علوومی شەرعییان بەتەواوی خوێندووە. لە ناوچەدا بە مەلا و  یا بە فەقێ حەبیبە و فەقێ ئامین ناسراون. کاک هیوا ئیبڕاهیمی لە نەوادەگانی مەلا زارا قزڵجی‌‌یە و لە وڵامی پرسیاری من کە مەلا ئامین کێ بووە؟ فەرموویان کچی مەلا فاتیمە و، نەوەی مەلا زارە و، هاوسەری مامۆستا سەیید هاشم حوسەینی بووە، کە بەڕەحمەت بێ زۆر جاران حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان ڕووی تێ‌دەکردم و دەیفەرموو:" دەسپێکی خوێندم لە گوندی کانی ڕەش‌ ـ ی سەدەرئاباد لە کن پوورت بووە، لای وی قوڕئان و گولستانم خوێندووە".

دوایە ئەم مەلا ئامینە لە مەهاباد دەبێتە خەلیفەی شێخ حیسامەددینی نەقشبەندی، چوونکە خۆی بە خزمەت شێخ حیسامەددین گەیشتبوو و دەبێتە سەر تەهلیلەی ژنانی سابڵاغ.

ج)ـ  یا هەر زۆر دوور نەڕۆین لە سەردەشتی لەو مامۆستایانەی کە قوڕئان و علووم شەرعییەی پێ گووتوونە و زۆر بە ڕێک‌وپێکی فێری کچەکانی خۆی کردبوو، خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا عەلی خانەقایە(مەحمودی) کە من دوو کەڕەت بە خزمەتی گەیشتم، جارێک لە مامۆستا ڕەسوولی ڕەسوولی کیا ساڵی ۱۳۷۰ ی هەتاوی، جارێکیش ساڵ لە خزمەت بابم؛ مامۆستا  مەلا سەیید موحەممەد واژی(ملا سید محمد واژی)دا بە خزمەتی گەیشتم.

د)ـ بنەماڵەی مامۆستا مەلا سەیید سەعید هاشمی لە بۆکان کە بە هەر سێ کچەکانی علوومی شەرعییەی پێ وتوونە.

ه)ـ خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا شێخ ڕەئووفی نەقشبەندی لە سەردەشت و زۆر بنەماڵەی تر.

هیوادارم خوێندنەوەی ئەم وتارە دەسپێکێک بۆ بووژاندنەوه و ڕێکخستن و پێداچوونەوە بە سەر باری زانستەکانی کۆن و نوێ لە ناو ئافرەتان‌دا بێت.

نووسینی سەیید موحەممەد ئەمین واژی ـ مەهاباد

۲٨ی پوشپەڕی ۱٤۰۲ ی هەتاوی

پەراوێز

[1]موستەعیدەکان: ۱ـ م: سەیید حوسەین قەووامی، م ئەسعەد شەریفی، م ئەسعەدی کرمانجی.

سوختەکان: م. جەماڵ مودەڕڕیسی ۲ـ م. ساڵح مێهدی زادە ۳ـ م. موحەممەدی ڕاک ٤ـ م. ئەحمەد وەیسی، م. مراد دوچۆمان، م. ئەحمەد دوچۆمان، م. حەسەن موحەممەدیان گردەسوور.

 

نووسەر: سەیید موحەممەد ئەمین واژی

۱۴ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی