مامۆستا موحه‌ممه‌د ئه‌مین واژی:
بە بۆنەی چاپی "نوزهەتولقولووب" لە لایان وەرگێڕی شارەزا، کاک سەلاحەددین ئاشتی

✍سەید موحەممەدئەمین واژی

سەرەتا خۆشحاڵم کە کتێبخانەی کوردی بەم وەرگێڕانە بەپێزە دەوڵەمەند بوو؛ پیرۆزباییش عەرزی کاک سەلاحەددین دەکەم. 

حەمدوڵڵا موستەفی:
حەمدوڵڵا کوڕی تاجەددین ئەبووبەکری قەزوێنی، لەدایک بووی ساڵی ۶٨۰ی کۆچی/۱۲٨۱ی زایینی. خاوەن دەسەڵات، جوغڕافی‌زان، مێژوونووس و شاعیری ئێرانی لە سەدەی هەشتەم و لە کۆتایی دەسەڵاتی ئێلخانی بووە. لە بنەماڵەی ناوداری موستەوفیانی قەزوێن کە لە کۆنترین تیرەی قەزوێن و ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتی شار بەدەست ئەوانەوە بووە. حەمدوڵڵا دوای خۆی سێ ئاسەواری گرینگی بەجێ هێشتن، ١. “تاریخی گوزیدە”، کە کورتەیەک لە مێژووی دنیا و ئێران و ئیسلامە بە زمانی فارسی، ۲. “زەفەرنامە” بە زمانی فارسی، کە بابەتێکە سەبارەت بە مێژوو و بە هۆنراوە و لەسەر شێوازی شانامە دایڕشتووە. ۳. نوزهەتولقولووب کە ڕاڤە و لێکۆڵینەوە لەسەر جوغڕافیا و یەکێ لە یەکەمین سەرچاوەکانی دێرینە.

نوزهەتولقولووب:
سەرەتا پێویستە ئەم هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسرابوو وەرگێڕانی لە زمانی عەرەبی بۆ سەر زمانی کوردی لە لایان کاک سەلاحەدیین ئاشتی، نەخێر خودی دەقی کتێبەکە بە فارسیی کۆنی حەوسەد ساڵێک لێرەوبەرە و لە فارسییەوە کراوەتە کوردی.
نوزهەتولقولووب، لێکدراوی دوو وشەی “نُزهة”، واتە گەڕان، شادی، ئۆخژنە... کەوایە دەکرێ بڵێین دەبێتە ئۆخژنی دڵان و...
دوێنێ ئەم کتێبەم وەک دیاری لە لایان کاک سەلاحەددینەوە بە دەست گەیشت، دیارە  پێشتریش ڕەشنووسەکەم دیتبوو.

ناساندنی:
ئەم وەرگێڕانە ۴۷۲ لاپەڕەیە، بە ڕووبەرگێکی جوان، کە بە دیمەنی گۆڕی حەمدوڵڵا موستەفی نەخشێندراوە. کتێبەکە بە دوو پێشەکی دەست پێدەکا، پێشەکیی هەوەڵ بە قەڵەمی دوکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا، کە زۆری داوا لە کاک سەلاح کردووە ئەم کتێبە وەرگێڕێ، پێشەکی دوووهەم لە لایان وەرگێڕەوەیە، کە ئاماژە بە ۲۳ سەرچاوە دەکا، کە نووسەر کەڵکی لێ وەرگرتوون، یەکێ لەوان “معجم البلدان”ی‌ یاقووتی حەمەوییە. لە کۆتایی‌دا ئاماژە دەکا بەم کەسانەی یاریدەی وەرگێڕیان داوە.
دوای پێشەکی، لاپەڕە ۱۷، کتێبی سێهەمە کە بە دوو سەربەش دەست پێدەکا، سەربەشی‌ یەکەم: باسی خاکی پاک و پیرۆزی مەککە و مەدینە و مزگەوتی ئەقسایە.
سەربەشی دووهەم: هەل و هەڵکەوتی ئێران‌زەمینە. کە بە سەرباس و کۆباس، درێژەی پێدەدا.
بەشی کۆباس(ل۵۱) بە بیست بەش دابەش دەکرێ، کە لە هەندێک بەشان‌دا باسی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەکرێ، بۆ وێنە لە بەشی (۳) شار و ناوچەکانی ئازەربایجان. بەشی (۹) دیاری بەکر و دیاری ڕەیبعە. بەشی (۱۰) شار و شوێنەکانی کوردستان. بەشی (۱۴) ناوچەکانی کرمان و موکران و هۆرمز.
لە لاپەڕەی (۲۴۳) بە کورتەباس سەبارەت بە ڕێگاکان، چیاکان و کانگاکان دەست پێدەکا تا لاپەڕەی (۳۹۲) کە هەڵگری چوار بەشە
لاپەڕەی (۳۹۳ تا ۴۰۶) پوختەباسە، کە باس لە سەیروسەمەرەکانی ئێران‌زەمین دەکا.
لە لاپەڕەی (۴۰۷) تا کۆتایی، لە ژێر ناوی: دواباس، سەیروسەمەرەکانی چواریەک ئاوەدانی دنیا دەکا.
بۆ بە هێز کردنی باری وشە نامۆکان، فەرهەنگۆکی لە دوایی‌دا بۆ داناوە، لە کۆتایی بۆ دیتنەوەی ناوی، شار، شارۆچکە، ناوەکان، کانیاوەکان، شاخەکان، کانگاکان و کەسایەتییەکان، بە دەرهێنانی"لیزگەناو” ئەوندەی تری کتێبەکە ڕازاندۆتەوە.

تایبەتمەندییەکانی ئەم وەرگێڕانە
۱ـ وەک دەبێژن بۆیە کەس نەیدەێڕا وەرگێڕانی “القانون فی الطب” بووعەلی سینا لە عەڕەبی‌ڕا بکاتە فارسی چون ئاگادار نەبوون بەسەر هەندێک چەمک و وشەدا ڕێی لێ گرتبوون. بە بڕوای من سەرباری ئەوەی کاک سەلاح بە پوختی و پاراوی ئەم کتێبەی وەرگێڕاوە و چی گرێ‌وگۆڵی زمانی کۆنە زانیوییەتی، توانیویەتی هەندێ ناوچە و مەڵبەندیش کە ساغ نەبوونەتەوە یا نەزانراون یا بە هەڵە مانا کراونەتەوە، بەتایبەتی ئەم بەشانەی کە پێوەندییان بەناوی شار، هەرێم، کوێستان، ئاوهەڵدێر، کانگا و شوێنەکانی کوردستانەوە هەیە، ڕاستیان بکاتەوە. خوا هەڵناگرێ لەو جێیەی سەرچاوەی جێ‌بڕوای بەدەستەوە نەبووە و بۆی ساغ‌نەبۆتەوە نیشانەی پرسیاری لەپێش داناوە و لە ڕەوتی زانستی لای نەداوە.
۲ـ هەرچەند من پسپۆڕ و لێزانی ئەم بەشە نیم، بەڵام ئەوەندەی عەقڵم بیبڕێ دەزانم کاک سەلاح لەگەڵ ئەوەی توانیویەتی دەق بپارێزێ و دەق فیدای مانا و یا مانا فیدای دەق نەکا، بە زمانێکی پاراو ڕەوان و سوار، بابەتەکەی ڕاگوێزتۆتە دەست خوێنەری کورد، خوێنەری خۆی ماندوو ناکا، کە سەر و بنی بابەتەکەی بۆ نەدیترێتەوە یان داو لە دەستی ڕەها بێ و وەلای بنێ.

۳ـ هەر جێگایەک بەیتێک و هۆنراوەیەک بێ لەڕێوە کردوویەتە شێعری کوردی.

۴ـ لەو جێیەی حەوجێ بە لێکۆڵینەوەی زیاتر بێ لە پەڕاوێزدا شانی بۆ داخستووە و نووسیویەتی.
۵ـ لە هەر جێیەک دەقەکە، ئایەت یا فەرموودەی خۆشەویست (د. خ)، یان دەقێکی عەرەبی بووبێ، کوردییەکەی لەسەرەوە نووسیوە و دەقەکەی لە پەڕاوێز‌دا نیشان داوە.
۶ـ بۆ نیشان‌دانی دەوڵەمەندیی وشەی کوردی لە بەشی کۆتایی‌دا لەبری دووبارەکردنەوەی تەنیا وشەیەک بۆ مانای وشەی "دیگر"ی فارسی، چەندین وشەی کوردیی هێناون، وەک: یەکی‌کە، یەکی‌تر، هی‌کە، هی‌تر، هی‌دی، ئی‌دی، هەمیسان، هەمیسا، هەمدیسا، هەمیسانەوە، هەمدیس، کە هەموو یەک مانایان هەیە.
دیارە مامۆستا هەژار لە وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆزدا لە ڕاڤەی سووڕەتی "تەکویر" بۆ وشەی”إذا” کە دوازدە جار ئەم وشەیە لەم سووڕەتەدا دووپات بۆتەوە، بۆ هەر جارەی هاوتایەکی هێناوە؛ وەک: وەختێ، وێجا، هەلێ... بەڵام "فوولادوەند" بۆ هەموویانی“آنگاه” دەکار کردووە.
۷ـ من لە نزیکەوە هاوکاری وەرگێڕ بووم و زۆر وەسەواس و دووربین بوو، پەلەی نەدەکرد، بۆ هەر وشەیەکی تایبەتی دینی یان ڕستەیەکی بە مانا قووڵی عەرەبی، چەند کەڕەت دەیپرسی و هەتا ورد شەن‌وکەو نەکرابا دەستی هەڵنەدەگرت. لوتفیان کردووە لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژە بە من دەکا، من کارێکم نەکردووە و ئەوە لوتفی خۆیانە. لە خوای میری مەزن بۆ ئەم نووسەرە زمان‌زان و شارەزایە داوای لەش‌ساغی و سەلامەتی دەکەم و هیوادارم وەک خۆی دەڵێ: ئەوەندەی دەکرێ قەرزی دایکی نیشتمان بداتەوە.
جێی خۆیەتی دەسخۆشی لە دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان بکرێ لە سلێمانی، کە ئەم بەرهەمەی کردۆتە دیاری بۆ نیشتمان.

۲۵ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی