لە کاتی ڕۆیشتن و پاش تێپەڕاندنی هەندێ لە ڕێگای سەفەر، بەهۆی ناخۆشی و خراپی ڕێگا و بان و دڕک و داڵی سەرە ڕێگە، هەر دوو پای پاشا هەڵماسی، بۆیە فەرمانی میری (حوکمەتی) دەرکرد کە بەپێی ئەو فەرمانە دەبوو تەواوی ڕێگا و بانەکانی وڵات چەرمی لێ بدرابایە.
بەڵام یەکێک لە وەزیرەکانی پاشا پێی گوت:
گەورەم ! ئەم کارە مەحاڵە و ئاوەها کارێکمان بۆ جێبەجێ نابێ، بە ڕای بەڕێزتان ئەگەر لەتێک چەرم بدرێ لەژێر هەر دوو پای جەنابتان باشتر نیە؟!
پاشا ئەم بیرۆکەیەی زۆر پێ خۆش بوو و بە پێشوازییەوە چوو؛ بەم شێوەیە بوو کە کەوش داهات و دروست کرا!
هەموو خەڵکی دەیانهەوێت دونیا بگۆڕدرێ، بەڵام کەس ئامادە نیە کە لە پێشدا خۆی بگۆڕێت، بۆیە ئەگەر مرۆڤەکان هەرکام لە حاست و توانای خۆیاندا دەست بکەن بە گۆڕانکاری لە خۆیاندا و هەموویان لەپێشدا خۆیان بگۆڕن، بۆ خۆی تەواوی دونیاش دەگۆڕێ.
ڕاستی ئەم دونیا، لە بیر و بۆچوونی مرۆڤەکان دایە...
ڕاستی ئەم دونیا، لە چۆن ڕوانین و بە چ چاوێک ڕوانین لەم دونیایە دایە...
هەموومان چاومان هەیە، بەڵام شێوازی ڕوانین و بیر و بڕوامان جیاوازە...
ڕەنگە بە هێنانەوەی وێنەیەک بتوانین ئەم واتا ئاڵۆزە، ئاسانتر بکەینەوە:
دوو کەس هەن کە هەردووکیان منداڵەکانیان لە دەس داوە و منداڵەکانیان مردوون!
یەکێک لەو دوو کەسە دەڵێ:
ئەوە خوا بێجگە لە من کەسی تری دەست نەکەوت کە تاقی کاتەوە ؟!
ئەم جۆرە ڕوانینە لە ڕووداوەکان، ژیان و دونیا دەکاتە دۆزەخێکی ناخۆش کە بەهیچ جۆر مرۆڤ تێیدا دەرباز نابێ.
بەڵام ئەوەی دیکە، ناڕەحەت و خەمبار دەبێ، ئاخر ئەویش مرۆڤە، لە هەمووی گرینگتر، باوکە و بەهۆی لەدەسدانی منداڵەکەی دڵی دەسووتێ، بەڵام خۆی ڕادەستی قەدەری خودا دەکا و پێی ڕازی دەبێت و لە حاستی خودادا ئەدەب ڕادەگرێ.
نە ناسپاسی و دەمشڕی کەسی یەکەم، نە شوکرانەبژێری کەسی دووهەم، منداڵەکانیان ناگەڕێنێتەوە بۆ لایان؛ بەڵام دونیا و ژیان بەپێی ڕوانینی ئەم دوو کەسە بە تەواوی جیاوازە.
لە گوندێکی بچووکدا کە سرمیچی ماڵەکانیان قڵشاوە و کڕووز بووە، باران دەبارێ و لە سرمیچی ماڵەکانیانەوە ئاوی باران دێتە خوارەوە و ماڵەکانیان تەڕ دەکا؛ کەسی یەکەم جنێو دەدا بە باران و کەسی دووهەم لە هەوڵی چاککردنەوەی سرمیچی ماڵەکەیدا دەبێ.
بۆ جاری دووهەم کە باران دەبارێ، هەر وەک جاری پێشوو ماڵی کەسی یەکەم پڕ دەبێ لە ئاو و تەڕ دەبێ و دەست دەکا بە جنێودان، بەڵام ماڵی کەسی دووهەم ئەمان دەبێ و بۆ جارێکی تر لەگەڵ ئەو گرفتەدا ڕووبەڕوو نابێتەوە...
کەسی یەکەم دەیهەوێ دونیا بگۆڕێ و پێش بە بارینی باران لە ئاسمانەوە بگرێ!
بەڵام کەسی دووهەم دەزانێ کە کێشەکە لە بارینی باراندا نیە، بەڵکوو سرمیچی ماڵەکەی خۆیەتی کە ئەم گرفتەی بۆی پێش هێناوە، بۆیە چاکی دەکاتەوە...
هەرچەن ساڵ لەم دونیادا بمێنینەوە، ڕەوشت و یاسای دونیا هەر بەم جۆرەیە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت...
هیچ کات باران لە بارین ڕاناوەستێت و خۆشەویستان هەتا هەتایە لە گەڵ ئێمەدا ژیان نابەنە سەر...
هیچ کات زانکۆکان و نەخۆشخانەکان خۆڕایی ناکرێن، بارودۆخ هەر بەم شێوەیە گران و ناخۆش دەمێنێتەوە و فەرکۆشین و سەرکەوتن سەخت و دژوار دەبێتەوە؛ فرۆشگەکان و شەریکەکان بە خۆڕایی هیچ شتێک بڵاو ناکەنەوە و ماڵەکان هەر پڕ لە جیاوازی دەمیننەوە...
ئەو کەسەی سرمیچی ماڵەکەی کڕووز بووە و دەیهەوێ بارینی باران ڕابوەستێت!
ئەو کەسەی کە منداڵ و خۆشەویستانێکی هەیە و دەیهەوێ تاسەر بمێنن و لەگەڵیاندا ژیان بەرنەسەر!
ئەو کەسەی کە هەوڵ و تێکۆشانی کەمە و لە هەمان کاتدا دەیهەوێ سەرکەوێت یان فرۆشگەی خۆڕایی دەوێ!
بەداخەوە لە شوێنێکی هەڵەدا دابەزیوە و ژیان دەباتە سەر؛ یان دەبێ خۆی بگۆڕێ یان بەدوای شوێنێکی تردا بگەڕێ کە ئاوەها ژیانێکی بۆ بەدی بێنێت..
بۆچوونهکان