پاش سەرکەوتنی "حەسەن رووحانی"، لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێراندا، دەنگۆی ئەوەی کە مومکینە ناوبراو لە کابینەکەیدا کەسانی سەر بە نەتەوە و کەمایەتییە ئایینییە پەراوێزخراوەکان بەشدار بکات، تا رادەیەک پەرەی سەند کە رووحانی و راوێژکارانی ناچار بە وەدرۆخستنەوەیان کرد.

حەسەن رووحانی، سەرکۆماری داهاتووی ئێران، بەر لە هەڵبژاردن بە تایبەت لە بەیاننامە دە خاڵییەکەیدا، بەڵێنی کۆتایی هێنان بە سەرجەم چەشنەکانی هەڵاواردن لە ئێران و بەشداریپێکردنی هەموو کەمایەتییە نەتەوایەتی و ئایینییەکانی لە بەڕێوەبەری وڵاتدا کردبوو، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک سەبارەت بە ئەگەری بوونی کەسانی سەر بە نەتەوە پەراوێزخراوەکان لە کابینەی ناوبراودا نابینرێ.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە به گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کوردستان، ئازەربایجان و سیستان و بەلووچستان، بەشدارییەکی زیاتر لە ٧٠٪ی لە هەڵبژاردنەکانەوە بەخۆیەوە بینیەوە.

سەرەڕای ئەوەش بە گوێرەی هەندێک دەنگۆ، بەدوور نەزانراوە کە کەسایەتیگەلێکی کورد وەک "دوکتۆر رەزا سەنجابی، ئەندازیار زەرین گوڵ، سەیدمەعرووف سەمەدی" و هتد، جێگە و پێگەیەکیان لە کابینەی رووحانیدا پێ بدرێ.

"جەلال جەلالیزادە"، نوێنەری پێشووی سنە لە پارلەمانی ئێران لەمبارەوە بە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژی راگەیاند کە "ئەو هەواڵە تەنیا دەنگۆیەکە و تا ئێستا هەواڵی لەم چەشنە لە لایەن خۆی ئاغای رووحانییەوە بڵاونەبۆتەوە. هەڵبەت کە ئەو گرووپ و کەسایەتی و حیزبانەی کە پشتیوانییان لە رووحانی کردوە، چاوەڕوان دەکەن کە لە کابینەی دەوڵەتدا کەڵک  لە ئەندامانیان وەربگیردرێ".

جەلالیزادە دەشڵێ کە بە هۆی ئەو دەنگە زۆرەی کە لە کوردستان بە رووحانی دراوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامە و دروشمەکانی ناوبراو لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا و هەوەها قەبووڵکردنی داخوازییەکانی نوێنەرانی پێشووی کوردستان لە پارلەمان و کۆمیتەی ئەقوام، هیوایەک هەیە کە رووحانی لە سوننییەکان و کوردەکان لە کابینەی دەوڵەتەکەیدا بەشدار بکات.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەسەر ئەو بڕوایەیە کە "تەنیا بوونی کەسانێکی ئاوەها لە دەسەڵاتدا ناتوانێ هەموو دەردەکان دەرمان بکا بەڵکوو دەبێ روانگەی حکوومەتی ناوەندی بە کەمایەتییەکان گۆڕانی بەسەردا بێت و بە چاوێکی دادپەروەرانە و یەکسان سەیری کەمایەتییەکان بکرێ.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ کە "مرۆڤ تەنیا کاتێک دەتوانێ هیوادار بێت کە پێوەندییە مرۆییەکان لەسەر بنەمای مافی شارۆمەندی و مافی مرۆڤ بنیات بنرێن و جیاوازییە ئێتنیکی و ئایینییەکان فڕێ بدرێن".

جەلالیزادە بە ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژی وت کە "ئەحمەدی نەژادیش کەسێکی کوردی لە کابینەکەیدا بەشدار کرد بەڵام هەرگیز خۆی بە کورد نەناساند"! کوردبوونی ناوێک گرینگی نییە بەڵکوو کەسی دیاریکراو دەبێ بە مانای راستەقینەی وشە، لە بیر و هزر و ناسێنەدا کورد بێت. بەهەر شێوە، بەشدارکردنی سوننەکان و کوردەکان لە بەڕێوەبەری وڵات، دەتوانێ هێمایەک بۆ دەستپێکی کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن بێت. یەکێک لە کێشەکانی کوردستان و پاشکەوتوومانەوەی، نەبوونی پێوەندی نزیک لە نێوان بەرپرسان و ناوەند و نەبوونی کەسانی کاریگەر لە ناو حکوومەتدا بووە. کاتێک شارێکی وەک ئیسفەهان لە کابینەدا ٧ وەزیری دەبێ، ئەی هەڵبەت کە ئەو شارە پێشڤەچوونێکی زیاتر بەخۆوە دەبینێ. هەر بۆیە یەکێک دەکرێ کەڵکوەرگرتن لە کەسانی بەتوانا لە کابینەی دەوڵەتی نوێدا، گەشەسەندن و هیوابەخشینی به خەڵکی لێبکەوێتەوە.

جەلال جەلالیزادە سەبارەت بە ناوی ئەو کەسانە کە مومکینە رێفۆرمخوازانی کورد ئارەزووی بەشداریان لە کابینەی رووحانیدا بکەن دەڵێ: تا ئێستا رێفۆرمخوازانی کورد، داخوازییەکی راستەوخۆیان لە رووحانی نەبووە و تەنیا باسیان لە داواکارییە گشتییەکانی کوردان و کوردستان کردووە و زیاتر خوازیاری بەڕێوەچوونی یاسای بنەڕەتی ئێران و دادپەروەری، یەکسانی و هەڵاواردنی پۆزەتیڤیان کردووە. هەڵبەت کە ئەمە کەڵکوەرگرتن لە کەسانی هەرێمەکە[کورد]یش دەگرێتەوە.

ناوبراو دەڵێ کە ئەوان چاوەڕوانن تا رووحانی دوو خاڵی گرینگ سەبارەت بە "پێکهێنانی کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ کاروباری ئابووری کوردستان دوای دیاریکردنی ئەندامانی کابینە و هەروەها ئاشتی نیشتمانی و گەڕانەوەی کوردەکانی دەرەوەی وڵات"-کە لە سنە ئاماژەی پێکردن- جێبەجێ بکات.

نوێنەری پێشووی سنە لە پارلەمانی ئێران لە کۆتاییشدا ئاماژە بەو بەربەستانە کە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ رێگەیان لە بەرەوپێشچوونی گەنجانی کورد گرتووە دەڵێ: سەرەڕای ئەوەش، کەسانێکی بە توانا لە ناو کوردان دا هەن کە دەتوانن لە ئاستی وەزیر و جێگری سەرکۆماردا دەتوانن رۆڵ بگیڕن و هیوادارین لە کابینەی دەوڵەتدا سوودیان لێوەرگیرێ.