دەقی باسەکەی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوت و ئیسڵاح

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، دەرود و سەلامیش لەسەر پێغەمبەری خوا، خێزان و هاوەڵانی و هەموو ئەوانەی بە دڵسۆزی شوێنکەوتەی ئەون.

خوای گەورە دەفەرموێت:

﴿إِنَّا عَرَضْنَا الْأَمَانَةَ عَلَى السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالْجِبَالِ فَأَبَيْنَ أَنْ يَحْمِلْنَهَا وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا وَحَمَلَهَا الْإِنْسَانُ ۖ إِنَّهُ كَانَ ظَلُومًا جَهُولًا﴾ (الأحزاب: ٧٢)

«بێگومان ئێمە ئەمانەتەکەمان خستە بەردەم ئاسمانەکان و زەوی و چیاکان؛ بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە هەڵی بگرن و لێی ترسان، بەڵام مرۆڤ هەڵیگرت؛ بەڕاستی مرۆڤ زۆر ستەمکار زۆر نەزان بووە».

ئەم ئایەتە پیرۆزە یەکێکە لە بنەما و ڕاستییە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە پێگەی مرۆڤ لە سیستەمی بیرکردنەوەی ئیسلامدا. مرۆڤ، وەک بوونەوەرێکی جیاواز و خاوەنی کەرامەت و توانست و لێهاتوویی، ئەمانەت و بەرپرسیارێتیی خوداییی قبووڵ کردووە و لە ئەستۆی گرتووە؛ ئەمانەتێکی قورس و ئەرکێکی گەورە کە قبووڵکردنەکەی، چارەنووس و ڕێگای ژیانی مرۆڤی بە بەرپرسیارێتی، تاقیکردنەوەیەکی دژوار و وەڵامدانەوەوە  گرێ داوە.

لەو چوارچێوەیەدا، دوو ڕەهەندی سەرەکیی پێگەی مرۆڤ دەردەکەون:

یەکەم: قورسیی بەرپرسیارێتی و ئەو دژوارییانەی لە ڕێگای ئەنجامدانی ئەم ئەمانەتەدا هەن.

دووەم: توانست و لێهاتوویی و بەخشین و دەرفەتەکانی کە خوای گەورە بۆ ئەنجامدانی ئەم بەرپرسیارێتییە لەبەردەست مرۆڤی داناون؛ بە تایبەتی تواناییە سروشتییەکانی مرۆڤ و هاوتەریببوونی یاسا و سوننەتە خودایییەکانی حاکم بەسەر گەردوون، لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم بەرپرسیارێتییەدا.

قورئانی پیرۆز بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ڕاستییە دەفەرموێت:

﴿هَلْ أَتَىٰ عَلَى الْإِنْسَانِ حِينٌ مِنَ الدَّهْرِ لَمْ يَكُنْ شَيْئًا مَذْكُورًا﴾ (الإنسان: ١)

« ماوەیەکی زۆر بەسەر مرۆڤدا تێپه‌ڕبوو ھیچ باسێکی لە بوونی نەبوو »

هەروەها لە درێژەدا دەفەرموێت:

﴿إِنَّا خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ مِنْ نُطْفَةٍ أَمْشَاجٍ نَبْتَلِيهِ فَجَعَلْنَاهُ سَمِيعًا بَصِيرًا﴾ (الإنسان: ٢)

«بێگومان ئێمە مرۆڤمان لە نوتفەیەکی (نطفه) تێکەڵاو دروست کردووە، بۆ ئەوەی تاقی بکەینەوە؛ بۆیە گوث و بیناییمان پێ بەخشیوە».

کەواتە، ژیانی مرۆڤ گۆڕەپانی تاقیکردنەوە و بەرپرسیارێتییە؛ وە دەستڕاگەیشتن بە نیعمەت و توانست و ئیمکانات، بە پێی ئەنجامدانی ئەم ئەمانەتە، بەرپرسیارێتی و ئەرکیشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

١. ئه‌رکی تاکەکەسی و وەڵامدانەوەی به‌ ته‌نێ لەبەردەم خودا

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان لە دیدی ئیسلامەوە ئەوەیە کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بەرپرسیارێتیی خۆی بخاتە ئەستۆی کەسێکی تر، یان لە وەڵامدانەوە لەبەرامبەر کردەوە و ئەنجامەکانی خۆی هەڵبێت. قورئانی پیرۆز دەفەرموێت:

﴿كُلُّ نَفْسٍ بِمَا كَسَبَتْ رَهِينَةٌ﴾ (المدثر: ٣٨)

«هەر کەسێک بەرامبەر ئەوەی بەدەستی هێناوە، به‌رپرسیاره‌».

هەروەها دەفەرموێت:

﴿وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَىٰ﴾ (الأنعام: ١٦٤)

«هیچ کەسێک ، باری تاوانی کەسێکی تر هەڵناگرێت».

لەبەر ئەوە، هەر تاکێک لە کۆتاییدا بە تەنیا لەبەردەم خودا ئامادە دەبێت و دەبێ لەبەرامبەر باوەڕ، هەڵبژاردنەکان، ڕەفتار و کردەوەکانی خۆی وەڵامدەر بێت.

خوای گەورە دەفەرموێت:

﴿وَكُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْدًا﴾ (مريم: ٩٥)

«هەموویان لە ڕۆژی قیامەتدا بە تەنیا و تاکەکەسی لەبەردەمی ئەودا ئامادە دەبن».

هەروەها دەفەرموێت:

﴿وَنَرِثُهُ مَا يَقُولُ وَيَأْتِينَا فَرْدًا﴾ (مريم: ٨٠)

«ئەوەی باسی دەکات، ئێمە میراتی دەگرین و بە تەنیا دێتە لای ئێمە».

بەڵام بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی بە مانای پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتییە هاوبەشەکان نییە؛ بەڵکو هەر مرۆڤێک بە پێی پێگە و ئیمکانات و ئەو ڕۆڵەی لە خێزان و کۆمەڵگا و کۆمەڵە مرۆییەکاندا لە ئەستۆی دەگرێت، لەبەرامبەر ئەو بەشەی لە بەرپرسیارێتیدا پێی سپێردراوە، وەڵامدەرەوەیە.

٢. بەرپرسیارێتیی مێژووییی هەر نەوەیەک

لەم ڕوانگەیەوە، بەرپرسیارێتی تەنها بە له چوارچێوەی ژیانی تاکەکەسیدا ناگونجێت؛ بەڵکو هەر نەوەیەکیش لەبەرامبەر سەردەمی خۆی، بارودۆخی کۆمەڵگا و ئەو میراتەی لە نەوەکانی پێش خۆی وەری گرتووە و شایستەیە بۆ نەوەکانی داهاتووی بیگوازێتەوە، بەرپرسیارێتیی هەیە.

هیچ نەوەیەک ناتوانێت تەنها بە ڕابردوو شانازی بکات، یان هەموو دژوارییەکانی ئەمڕۆ بخاتە ئەستۆی بارودۆخ و کردەوەی نەوەکانی پێش خۆی. هەر نەوەیەک دەبێت پێگەی مێژووییی خۆی بناسێت، لە دەرفەت و ھه‌ل و بارودۆخەکانی سەردەمی خۆی تێبگات و بە پێی پێداویستی و داواکارییەکانی ئەو سەردەمە، بەرپرسیارێتیی خۆی بە دروستی جێبەجێ بکات و بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانەکانی بۆ نەوەی دواتر بگوازێتەوە.

لەبەر ئەوە، هەر نەوەیەک و هەر کۆمەڵە و دامەزراوەیەک کە لە پێناو جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی خۆیدا هەوڵ دەدات، پێویستە پێش هەر هەنگاوێک، گرنگی بە چەند بابەتێکی بنەڕەتی بدات:

یەکەم: ناسینی وردی بارودۆخی ئێستا

ئێستا لە چ بارودۆخێکداین؟ پێگەی ڕاستەقینەی ئێمە لە کۆمەڵگای ئامانجدا چییە؟ تاکو ئێستا چەنێ لە ڕێگامان بڕیوە و دەستکەوت و کەموکوڕییەکانمان چین؟

دووەم: ناسینی دەرفەت، خاڵه‌ به‌ھێز و لاوازەکان

چ ئیمکانات و توانست و لێهاتووییەکمان لەبەردەستدایە؟ خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان چین؟ چەند سەرچاوەیەکی مرۆیی، زانستی، فکری، ماددی و کۆمەڵایەتیمان لەبەردەستە و چۆن دەتوانین بە شێوەیەکی دروست سوودیان لێ وەربگرین؟

سێیەم: ناسینی کۆمه‌ڵگا و بارودۆخی دەوروبەر

ئەو کۆمەڵگا و ژینگەیەی تێیدا چالاکی دەکەین، چ تایبەتمەندییەکی هەیە؟ چ گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕێکی لە بواری کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و تەکنەلۆژیادا ڕوودەدەن؟ چ دەرفەتێک لەبەردەمماندایە و ڕووبەڕووی چ هەڕەشە و ئاستەنگێک دەبینەوە؟

کۆمەڵگای ئامانج چۆن سەیرمان دەکات و چ چاوەڕوانییەکی لێمان هەیە؟ ئایا توانای ئەوەمان هەیە هاوتەریبییەک لەنێوان بارودۆخی ئێستا و داهاتووی گۆڕاو دروست بکەین؟

چوارەم: دیاریکردنی مەبەست و ئامانج و پێشینەکان

بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە بەرزەکان، بەهاکان و ڕیساله‌ته‌ ئایینی و کۆمەڵایەتیی خۆمان، هەروەها گۆڕانکارییە خێرا، بەرفراوان و قووڵەکانی سەردەم، پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگای ئامانج چین و کام بابەت دەبێت لە پێشینەدا دابنرێن؟ پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگای ئامانجدا لە بارودۆخی ئێستادا چۆنە؟

پێنجەم: هەڵسەنگاندنی مەودای نێوان دۆخی ئێستا و دۆخی ئامانج

دەبێت بە ڕوونی دیاری بکەین کە لەنێوان بارودۆخی ئێستا و ئەو دۆخەی دەمانەوێت پێی بگەین، چەندە دووری هەیە؛ چ ئاستەنگێک لە ڕێگای بڕینی ئەم دوورییەدا هەن و بۆ کەمکردنەوەی ئەوان، پێویستمان بە چ بەرنامە و ئیمکانات و هەنگاوێک هەیە.

لە کۆتاییدا

بێگومان، قبووڵکردنی ئەمانەتی خودایی بە مانای قبووڵکردنی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لەبەرامبەر خودا، خۆمان، کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو. پاراستنی ئەم ئەمانەتەش تەنها بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هەبوونی هاندەرە خێرخوازانەکان بەدی نایەت؛ بەڵکو پێویستی بە ناسینی دروست، هەڵسەنگاندنی واقیع‌بینانە، ڕوانین بۆ داھاتوو، دیاریکردنی پێشینەکان و بەرنامەڕێژییەکی هۆشیارانە و ئامانجدار هەیە.

لەبەر ئەوە، ئەگەر دەمانەوێت ڕۆڵێکی باش و شایستەمان لە ئەنجامدانی ئەم ئەمانەتەدا هەبێت، دەبێت لە ته‌زکیه‌ی خۆمانەوە دەست پێ بکەین، ئامادەییی پێویست دروست بکەین و ئیرادەی خێرخوازانەمان بەهێز بکەین؛ بارودۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگا و ئازار و پێداویستی و پێشینەکانی بە دروستی بناسین؛ ئامانج و مەبەستەکان ڕوون بکەینەوە، توانستەکان بە شێوەیەکی دروست بخەینە گەڕ و مەودای نێوان دۆخی ئێستا و دۆخی ئامانج، بەهۆی داڕشتنی به‌رنامه‌ و هەنگاونانی بەرپرسانەوە، کەم بکەینەوە.

ئەمە هەمان ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە هەر تاکێک، هەر نەوەیەک و هەر کۆمەڵ و ڕەوتێک دەبێت لە سەردەمی خۆیدا بە جدی وەریبگرێت و لەبەرامبەر خودا، کۆمەڵگا، نەوەکانی داهاتوو و مێژوودا، بە پێی ئەوەی تا چەند ئەم بەرپرسیارێتییەی جێبەجێ کردووە، وەڵامدەر  بێت.

والسلام علیکم ورحمة الله وبرکاته.