پوختە و دەقی تەواوی قسەکانی مامۆستا عبدالڕەحمان پیرانی، ئهمینداری جهماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، لە کۆبوونەوەی لێژنەی بەڕێوبەرایەتی، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
سوپاس و ستایش بۆ خوای پەروەردگاری جیهانیانە، و سەلام و دروود لەسەر پێغەمبەری خوا و خێزان و هاوەڵانی و هەموو ئەوانەی شوێنی ئەو کەوتوون.
قسەکانم بە وەرگرتنی وەحی لە هەندێک ئایەتی سورەتی پیرۆزی نەمل دەست پێ دەکەم.
سورەتی پیرۆزی نەمل بە پیتە جیاکراوەکانی «طس» دەست پێ دەکات و پاشان دەفەرموێت:
«تِلْكَ آيَاتُ الْقُرْآنِ وَكِتَابٍ مُبِينٍ هُدًى وَبُشْرَىٰ لِلْمُؤْمِنِينَ»
واتە: «ئەمە ئایەتەکانی قورئان و کتێبێکی ڕوونکەرەوەن؛ کتێبێک کە بۆ باوەڕداران سەرچاوەی ڕێنمایی و مژدەیە.»
پاشان هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەهلی ئیمان بەم شێوەیە باس دەکات:
«الَّذِينَ يُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَهُمْ بِالْآخِرَةِ هُمْ يُوقِنُونَ»
واتە: «ئەوانەی نوێژ بە شێوەی شایستە جێبەجێ دەکەن، زەکات دەدەن و بە ڕۆژی دوایی دڵنیان.»
لەو ئایەتانەدا، قورئانی پیرۆز بە تێڕامانێکی گرینگهوه دەست پێ دهکات.. قورئان، دوای ئەوەی خۆی بە «ئایەتەکانی قورئان» و «کتێبێکی ڕوونکەرەوە» ناساند، دەستبەجێ باس لە ڕێنمایی، کردار و دڵنیابوون بە ڕۆژی دوایی دەکات.
وەک بڵێی قورئان فێرمان دەکات کە ئەم کتێبە تەنها ئەو کاتە کاریگەریی ڕاستەقینە و ڕێنماییکەریی خۆی لە ژیانی مرۆڤدا دەردەخات، کە مرۆڤ ئەوە بە ئیمان، کردار، هەستی بەرپرسیارێتی لە دنیا و باوەڕ بە وەڵامدانەوە لە بەردەم خودا لە ڕۆژی دوایی هاوتەریب بکات.
لە دیدی قورئانەوە، ئیمان تەنها بابەتێکی زەینی و تیۆری نییە؛ بەڵکو دەبێت کاریگەریی خۆی لە ڕەفتار و ژیانی مرۆڤدا نیشان بدات.
نوێژ، زەکات و بڕوا بە ڕۆژی دوایی، هەرسێکیان لە تەنیشت یەکدی هاتوون؛ واتە ئیمانی ڕاستەقینە هەم بە پەیوەندیی مرۆڤ بە خودا پەیوەستە، هەم بە بەرپرسیارێتیی ئەو بەرامبەر کۆمەڵگا و هەم بە هەستی وەڵامدانەوەی بەرامبەر پەروەردگار لە ڕۆژی زیندووبوونهوه.
سورەتی پیرۆزی نەمل، دوای باسکردنی تایبەتمەندییەکانی ئایەتەکانی قورئان، ئاماژە بە ڕاستیی وەرگرتنی قورئان لەلایەن پێغەمبەری خوا (دروودی خوا و سەلامی لەسەر بێت) دەکات و دەفەرموێت:
«وَإِنَّكَ لَتُلَقَّى الْقُرْآنَ مِنْ لَدُنْ حَكِيمٍ عَلِيمٍ»
واتە: «بێگومان تۆ قورئان لەلایەن خودایەکی دانا و حەکیم وەردەگریت.»
خودا هەم حەکیمە و هەم عەلیم؛ واتە هەموو کارەکانی لەسەر بنەمای داناییە و زانستی ئەو هەموو شتێک دەگرێتەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، قورئان کتێبێکە کە لەلایەن خودای دانا و حەکیمەوە نێردراوە و ئامانجی بریتییە لە ڕێنماییکردنی مرۆڤ و گەیاندنی بە حەقیقەت.
ئیمان بە ڕۆژی دوایی؛ هێزێک بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ
سورەتی پیرۆزی نەمل جەخت لە ڕاستییەکی دیکە دەکاتەوە، ئەویش ڕۆڵی ئیمان بە ڕۆژی دواییە لە ژیانی مرۆڤدا.
ئیمان و دڵنیابوون بە هەستانەوە، تەنها باوەڕێک سەبارەت بە داهاتوو نییە؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی ڕێگر و هێزێکی ڕۆحی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری مرۆڤ، کۆنترۆڵکردنی ئارەزوو و حەزە نەفسانییەکان و دوورکەوتنەوە لە خراپە و پیسییەکان.
قورئان دەفەرموێت:
«إِنَّ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ زَيَّنَّا لَهُمْ أَعْمَالَهُمْ فَهُمْ يَعْمَهُونَ»
واتە: «ئەوانەی بە ڕۆژی دوایی باوەڕیان نییە، کردارەکانیان بۆیان جوان و ڕازاوە دەکەین، لەبەر ئەوە لە سەرگەرمی و سەرلێشێواویدا دەمێننەوە.»
ئەم ئایەتە خاڵێکی زۆر قوڵ باس دەکات. لە ڕوانگەی قورئانەوە، کاتێک ئیمان بە ڕۆژی دوایی و هەستی وەڵامدانەوە بەرامبەر خودا لە ناخی مرۆڤدا لاواز دەبێت، ئەوا ڕەنگە مرۆڤ جوانی و ناشیرینیی هەندێک لە کردارەکانی خۆی نەبینێت؛ بەڵکو هەر کردارە هەڵەکانیشی بۆ جوان و پەسەندکراو دەرکەون.
بەڵام مرۆڤی باوەڕدار کە بە خودا و بە ڕۆژی هەستانەوە دڵنیایە، دەزانێت کە لە بەرامبەر هەڵبژاردن و ڕەفتارەکانی خۆی بەرپرسیارە و ڕۆژێک دەبێت لە بەردەم پەروەردگاردا وەڵامیان بداتەوە.
لەبەر ئەوە، ئیمان بە ڕۆژی دوایی تەنها باوەڕێکی مێشکی نییە؛ بەڵکو باوەڕێکە کە دەبێت لە ڕەفتاری مرۆڤدا کاریگەری دابنێت.
مرۆڤی باوەڕدار دەزانێت ژیانی ئەو بێهەژمار و بێئامانج نییە و هیچ کردار و ڕەفتارێک لە بازنەی زانین و هەژمارکردنی خودا دەرناچێت.
بەڵام ئەگەر ئیمان بە ڕۆژی دوایی و حیساب و کتاب لە دیدی مرۆڤ لاببرێت، ئەوا ڕەنگە کردارە نادروستەکان لە چاوی ئەو جوان و پەسەندکراو بن و شەڕ و پیسی و خراپە، جوان و پهسەند بنوێنێت.
قورئان کۆتایی ئەم ڕێگایە بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
«أُولَٰئِكَ الَّذِينَ لَهُمْ سُوءُ الْعَذَابِ وَهُمْ فِي الْآخِرَةِ هُمُ الْأَخْسَرُونَ»
واتە: «ئەوانەن کە سزای سەختیان بۆیە و لە ڕۆژی دوایی زیانکارترین کەسان دەبن.»
چیرۆکی حەزرەتی موسا (ع)
دوای ئەم پێشەکییە، سورەتی پیرۆزی نەمل لە ئایەتی حەوتدا دەمانباتە ناو بەشێک لە چیرۆکی حەزرەتی موسا (ع).
حەزرەتی موسا، دوای ئەو ساڵانەی کە لە مەدیەن ژیابوو، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو خاکی میسر گەڕایەوە.
لە شەوێکی تاریک و لە ڕێگای گەڕانەوەدا، موسا لە دوورەوە ئاگرێکی بینی. بە خێزانەکەی گوت:
«إِنِّي آنَسْتُ نَارًا»
واتە: «من ئاگریکم بینیوە.»
پاشان گوت:
«سَآتِيكُم مِّنْهَا بِخَبَرٍ أَوْ آتِيكُم بِشِهَابٍ قَبَسٍ لَّعَلَّكُمْ تَصْطَلُونَ»
واتە: «لەوێ زانیارییەکتان بۆ دەهێنم، یان پارچە ئاگرێکتان بۆ دەهێنم، بۆ ئەوەی گەرمیی پێ ببینن.»
جێی سەرنجە کە لەو سەردەمەدا هەندێک کەس بۆ یارمەتیدانی کاروانەکان و وەڵامدانەوەی پێویستییەکانیان، لەسەر شوێنە بەرزەکان و لە ڕێگای کاروانەکاندا ئاگریان دادەگیرساند، بۆ ئەوەی یارمەتیی گەشتیاران بدەن یان زانیاریی دروست لەبارەی ڕێگاکەوە پێشکەش بکەن.
موسا وای بیردەکردەوە کە بۆ دۆزینەوەی ڕێگا یان هێنانی پارچە ئاگریك دەچێت؛ بەڵام نەیدەزانی ئەوەی چاوەڕێی دەکات، نەک ئاگرییەکی ئاسایی، بەڵکو دەستپێکی ئەرکێکی گەورە و پەیامێکی مێژووییە.
کاتێک بەرەو ئەو ئاگرە چوو، لەوێ بانگی پەروەردگاری خۆی بیست.
خودا فەرمووی:
«أَن بُورِكَ مَن فِي النَّارِ وَمَنْ حَوْلَهَا وَسُبْحَانَ اللَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ»
و پاشان فەرمووی:
«يَا مُوسَىٰ إِنَّهُ أَنَا اللَّهُ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ»
واتە: «ئەی موسا! بێگومان من خودایەکی بەهێز و حەکیمم.»
ئەم ساتە بێگومان یەکێکە لە گرنگترین ساتەکانی ژیانی موسا (ع).
پیاوێک کە بۆ دۆزینەوەی ئاگریك و هەواڵێک لە ڕێگا هاتبوو، ئێستا بە بانگی پەروەردگاری جیهانیان ڕووبەڕوو بووە و ئەرکێکی گەورەی لەبەردەمدا هەیە.
دارەعەسا؛ یەکەم نیشانەی گەورە
لە بەردەوامیدا خودا بە موسا (ع) دەفەرموێت:
«وَأَلْقِ عَصَاكَ»
واتە: «دارەعەسات بخەرە خوارەوە.»
موسا دارەعەساکەی فڕێ دا. بەڵام ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەر ڕوویدا:
«فَلَمَّا رَآهَا تَهْتَزُّ كَأَنَّهَا جَانٌّ وَلَّىٰ مُدْبِرًا وَلَمْ يُعَقِّبْ»
واتە: «کاتێک بینی وەک مارێکی خێرا و چالاک دەجوڵێت، ڕووی وەرگێڕا و هەڵهات و لە دواوەی نەڕوانی.»
موسا (ع) لە بینینی ئەم دیمەنە ترسا.
خوداش پێی فەرموو:
«يَا مُوسَىٰ لَا تَخَفْ»
واتە: «ئەی موسا، مەترسە.»
و دیسان فەرمووی:
«إِنِّي لَا يَخَافُ لَدَيَّ الْمُرْسَلُونَ»
واتە: «پێغەمبەران لەلای من ناترسن.»
بێگومان ترسی موسا بە مانای لاوازیی یقین نییە؛ بەڵکو وەڵامدانەوەیەکی سروشتییە بەهۆی بینینی ناگهانیی بوونەوەرێکی ترسناک.
بەڵام لە هەمان ساتدا خودا ئارامیی دەکات و دڵنیایی پێ دەدات کە ئەرکەکەی لەلایەن پەروەردگارەوەیە و لەم ڕێگایەدا لەژێر ڕێنمایی و پشتگیریی ئەو دایە.
ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە: لەم سیاقەدا پێویستە ئەوە لەبیر بێت کە موسا (ع) دواتر دەبێت لەبەردەم فیرعەون و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی ئەو و جادووگەرەکانی ڕابوەستێت.
لەبەر ئەوە، پێش چوونە ناو ئەو مەیدانە گرنگ و پڕمەترسییە، دەبێت لە ئارامی و دڵنیاییی پێویست بەهرەمەند بێت و بزانێت ئەو ئەرکەی خودا پێی سپاردووە، لەگەڵ ڕێنمایی و پشتگیریی ئیلەهییە.
فەلسەفەی موعجیزەی دارەعەسا چییە و بۆچی دارەعەسا؟
ئێستا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: بۆچی خودا لە نێوان هەموو ئەو ئامرازانە، دارەعەسای موسای هەڵبژارد؟ بۆچی دارێکی سادە و ئاسایی کرا بە نیشانەیەکی سەرسوڕهێنەر؟
لەوێدا چەند خاڵێک پێویستە باس بکرێت:
١. پیشاندانی دەسەڵاتی بێکۆتاییی خودا
یەکەم پەیامی ئەم موعجیزەیە، پیشاندانی دەسەڵاتی خودایە.
دارێکی سادە و بێگیان، بە فەرمانی خودا دەبێتە بوونەوەرێکی زیندوو و جوڵاو.
خودا دەفەرموێت:
«سَنُعِيدُهَا سِيرَتَهَا الْأُولَىٰ»
واتە: «دەیگەڕێنینەوە بۆ دۆخی یەکەمی خۆی.»
ئەم دیمەنە ئەوە وەبیری مرۆڤ دەھێنێ کە ئەو شتانەی لە دیدی ئێمەوە نامومکین دەردەکەون، لەبەردەم دەسەڵاتی خودادا ئاسایی و ئاسانن.
موعجیزە فێرمان دەکات کە هۆکار و ئامرازەکان سەربەخۆ لە خودا نین؛ چونکە خودا دروستکەری سروشت و حاکمی یاساکانی بوونەوەرە.
لەبەر ئەوە، هێز و کاریگەریی ڕاستەقینە لە خودی دارەعەساکەدا نەبوو؛ دارەعەسا تەنها ئامراز بوو و کاریگەریی ڕاستەقینە لەلایەن خوداوە بوو.
٢. جیاوازیی نێوان سێحر و موعجیزە
خاڵی دووەم جیاوازیی نێوان سێحر (جادوو) و موعجیزەیە.
مووسا (د) دەبوو لەبەردەم فیرعەون و جادووگەرەکانی ڕابوەستێت. لەبەر ئەوە، نیشانەیەکی خوایی، بۆ سەلماندنی ڕاستیی پەیامەکەی پێویست بوو.
لە لایەکی دیکەوە، جادووگەرەکانی فیرعەونیش بە ڕیسە و دارەعەساکانیان هاتنە مەیدان.
قورئان لەبارەی ئەوانەوە دەفەرموێت:
«سَحَرُوا أَعْيُنَ النَّاسِ»
واتە: «بە سێحر کاریگەرییان لەسەر چاوی خەڵکان دانا.»
بەڵام لەبەر موعجیزەی موسا دەفەرموێت:
«وَأَوْحَيْنَا إِلَىٰ مُوسَىٰ أَنْ أَلْقِ عَصَاكَ فَإِذَا هِيَ تَلْقَفُ مَا يَأْفِكُونَ»
واتە: «بە موسامان وەحی کرد کە دارەعەساکەت فڕێ بدە؛ لەناکاو هەموو ئەوەی ئەوان بە درۆ دروستیان کردبوو، قوتیدا.»
لێرەدا جیاوازیی نێوان جادوو و موعجیزە بە ڕوونی دەردەکەوێت.
لە یەک لایەکەوە جادوو و فریودانی تێگەیشتنی خەڵک بوو، لە لایەکی دیکەوە نیشانەیەکی ئیلەهی و ڕاستییەکی سەرسوڕهێنەر هەبوو.
لە لایەکدا شتێک بوو کە جادووگەرەکان خۆیان دروستیان کردبوو، و لە لایەکی دیکەدا شتێک بوو کە بە فەرمانی خودا ڕوویدا.
قورئان ئەم دیمەنە بە دەربڕینێکی زۆر کورت و ڕوون دەخاتەڕوو:
«فَوَقَعَ الْحَقُّ وَبَطَلَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ»
واتە: «حەق ڕوون بووەوە و ئەوەی ئەوان دەیانکرد، پووچەڵ بوو.»
٣. بۆچی ساحیرەکان (جادووگەرەکان) زووتر لەوانی دیکە لە ڕاستییەکە تێگەیشتن؟
لەوێدا پرسیارێکی دیکە دروست دەبێت: بۆچی جادووگەرەکان زووتر له خەڵکی، لە حەقیقەتەکە تێگەیشتن؟
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە ئەوان شارەزای بواری خۆیان بوون و بە جۆرەکانی جادوو، کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتنی خەڵک بوو.
ئەوان دەیانزانی چۆن بە جادوو دەتوانرێت چاوی خەڵک و هەست و تێگەیشتنیان بگۆڕن.
بەڵام ئەوەی لە مووسایان بینی، لە جۆری ئەو کارانە نەبوو کە خۆیان دەیانکرد.
لەبەر ئەوە، هەمان ئەو جادووگەرەی بۆ شکستدانی موسا هاتبوونە مەیدان، لەناکاو لەبەردەم خودا کەوتنە سەجدە و گوتیان:
«آمَنَّا بِرَبِّ الْعَالَمِينَ رَبِّ مُوسَىٰ وَهَارُونَ»
واتە: «باوەڕمان بە پەروەردگاری جیهانیان هێنا؛ پەروەردگاری موسا و هارون.»
ئەمە یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرترین دیمەنەکانی ئەم چیرۆکە: فیرعەون، جادووگەرەکانی هێنا مەیدان بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی؛ بەڵام خودا هەمان ئەو جادووگەرەی کرد بە شایەتحاڵی شکستەکەی.
ئەوانەی دەبوو ببنە ئامرازی دەسەڵاتی فیرعەون، بوونە شایەتحاڵی ڕاستی.
٤. شکستەهێنانی دەسەڵاتی دەرەکیی فیرعەون
فیرعەون هێزی هەبوو. حکومەتی هەبوو. سەرباز و ئیمکاناتی هەبوو. جادووگەرەکانی لەبەردەست بوون.
لە هەمووی گرنگتر، خەڵکی بە ترس و هەڕەشە کۆنترۆڵ دەکرد.
بەڵام خودا ویستی پیشان بدات کە دەسەڵاتی دەرەکی، لەبەردەم دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئیلاهیدا هیچ نییە.
لەبەردەم دەسەڵاتی خودا، ئەو هەموو ههیبەت و شکۆی دەرەکییە دەتوانێت تێکبدرێت.
دارەعەسایەکی سادە کە ساڵانێک لە دەستی شوانێکدا بوو، لە یەک ساتدا بوو بە نیشانەیەک لە دەسەڵاتی خودا و یەکێک لە گەورەترین دەسەڵاتە دەرەکییەکانی ئەو سەردەمەی خستە بەر تاقیکردنەوە.
و ئەم پەیامەی بۆ هەمیشە لە مێژوودا تۆمار کرد:
دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ئامراز و هۆکاردا نییە؛ بەڵکو بەدەستی خاوەن و دروستکەری ئەواندایە. هێزی ڕاستەقینە لە هۆکارەکاندا نییە؛ لە «مسبب الاسباب»، واتە ئەوەی هۆکارەکان دروست دەکات، دایە.
٥. بۆچی خودا دارەعەسای هەڵبژارد؟
دارەعەسا بۆ مووسا (د) ئامرازێکی تەواو ئاسایی بوو. خودی موسا، کاتێک خودا لێی پرسی:
«وَمَا تِلْكَ بِيَمِينِكَ يَا مُوسَىٰ؟»
واتە: «ئەی موسا، ئەوە چییە لە دەستی ڕاستتدایە؟»
لە وەڵامدا گوتی:
«هِيَ عَصَايَ أَتَوَكَّأُ عَلَيْهَا وَأَهُشُّ بِهَا عَلَىٰ غَنَمِي وَلِيَ فِيهَا مَآرِبُ أُخْرَىٰ»
واتە: «ئەمە دارەعەساکەمە؛ پێی پشت دەبەستم، بەهۆیەوە بۆ مەڕەکانم گەڵا دەوەرێنم و نیازەکانی دیکەشمی پێ ئەنجام ئەدەم.»
کەواتە لەگەڵ ئامرازێکی تەواو ئاسایی ڕووبەڕووبوونەوە؛ ئامرازێک کە بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی مووسا.
لەو ئایەتانەوە دەتوانین وا تێبگەین کە خودا ئامرازێکی ئاسایی لە دەستی مووسادا کرد بە نیشانەیەکی سەرسوڕهێنەر، بۆ ئەوەی ڕوون بێت کە کاریگەریی ڕاستەقینە هی ئامرازەکە نییە، بەڵکو لەلایەن خوداوەیە.
واتە سەرسوڕهێنەریی موعجیزەکە لە دارەعەسادا نییە؛ لە دەسەڵاتی خودادایە.
٦. دارەعەسا؛ لە ئامرازێکی ئاساییەوە بۆ نیشانەیەکی ئیلاهی
ئەو دارەعەسایەی ڕۆژێک ئامرازی پشتبەستنی موسا بوو، ئەو دارەعەسایەی بەهۆیەوە بۆ مەڕەکانی گەڵای دادهوهراند، ئەو ئامرازە تەواو ئاسایییەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەکاری دەهێنا، بە فەرمانی خودا بوو بە نیشانەیەک لە دەسەڵاتی خودایی.
پاشان هەمان ئەم دارەعەسایە لە ڕووداوە گرنگەکانی دیکەی ژیانی پێغەمبەرایەتی مووساشدا ڕۆڵی هەبوو؛ لەوانە ڕووداوی دەریا و ڕووداوی هەڵقوڵانی ئاو لە بەرد.
ئەم خاڵە بۆ ژیانی ئێمەش دەتوانێت پەیامێکی گرنگ هەبێت.
هەندێک جار لە ژیانی مرۆڤدا سەرکەوتنە گەورەکان بە ئامرازێکی زۆر سادە و بچووک بەدەست دێن؛ چونکە لە لۆژیکی تەوحیدیدا، گەورەیی بەرھەم هەمیشە بە گەورەبوونی ئامرازەکانەوە پەیوەندی نییە.
ئەگەر خوا و توفیقی خودایی لە پشت ئەو کارە بێت، ئامرازێکی بچووکیش دەتوانێت سەرچاوەی کاریگەرییەکی گەورە بێت.
لەبەر ئەوە، نابێت هەمیشە گەورەییی ئامانج بە گەورەییی ئیمکاناتی خۆمانەوە گرێ بدەین.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەرکەکەمان بە دروستی بناسین، بە ئیخلاسەوه جێبەجێی بکەین، لە هۆکار و ئیمکاناتی بەردەست سوود وەربگرین و لە کۆتاییدا پشت بە خودا ببەستین.
دارەعەسای موسا فێرمان دەکات کە هەندێک جار خودا ئامرازێکی تەواو ئاسایی دەکات بە نیشانەیەکی گەورە.
ئەوەی لە دەستماندایە، ڕەنگە لە دەرەوەدا شتێکی بچووک بێت؛ بەڵام ئەگەر لە ڕێگای ڕاست و بە پشتبەستن بە خودا بەکاری بهێنرێت، دەتوانێت سەرچاوەی کاریگەرییەکی گەورە بێت.
قسەی کۆتایی
چیرۆکی موسا (ع) لە سورەتی نەمل تەنها چیرۆکی موعجیزەیەک نییە؛ بەڵکو چیرۆکی ئیمان، ئەرک، ترس، ئارامی، هێز، بەرپرسیارێتی و تەوەکولە.
قورئان سەرەتا باس لە ئیمان و دڵنیابوون بە ڕۆژی دوایی دەکات؛ پاشان ئێمە لەگەڵ موسا (ع) دەبات؛ ئەو پیاوەی لە تاریکیی شەودا بەدوای ئاگردا دەچوو، بەڵام بە پەیامی خودایی و ئەرکێکی گەورەوە گەڕایەوە.
نزیک ئاگر بوو، بەڵام ڕووبەڕووی ڕووناکیی ھیدایەت بووەوە.
دارەعەسایەکی لە دەستدا بوو کە بۆ ژیانی ڕۆژانەی ئامرازێکی سادە بوو؛ بەڵام خودا هەمان ئامرازە سادەی کرد بە نیشانەیەکی گەورە.
لەوانەیە پەیامی ئەم چیرۆکە بۆ ئێمە ئەوە بێت کە:
لە ژیاندا هەمیشە گەورەییی ئامراز بڕیاردەر نییە؛ ئەوەی گرنگە ئیخلاصە لە پێوانی ڕێگا و جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی و متمانە بە خودا و پشتبەستن بە ئەو.
مووسا بە دارەعەسایەک لەبەردەم دەسەڵاتی گەورەی فیرعەون ڕاوەستا؛ بەڵام لە پشت ئەو دارەعەسادا دەسەڵاتی خودا هەبوو.
کەواتە مرۆڤی باوەڕدار نابێت تەنها بە پێی ئەندازەی ئیمکاناتی دەرەکیی خۆی بیر بکاتەوە؛ بەڵکو دەبێت بزانێت لە چ ڕێگایەکدا هەنگاوی ناوه ، بە چ نییهتێک دەچێتە پێشێ و پشت بە چ کەسێک دەبەستێت.
و چەند جوانە کە قسەکەمان بە ئەم قسه کۆتایی پێ بهێنین:
دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە هۆکارەکاندا نییە؛ لە «مسبب الاسباب» موسەببیبی ئەسبابە .
والسلام علیکم و رحمة الله و برکاته

بۆچوونهکان