گرنگیی پابەندبوون بە پەیمانە خوداییەکان و دادپەروەری له‌ وتاره‌که‌ی مامۆستا عبدالرحمن پیرانی

مامۆستا پیرانی، بە ئیلهام لە ئایەتەکانی سوورەتی پیرۆزی مائیدە، باسی ئەوەی کرد کە کردەوە، پابەندبوون، دادوەری و بڕیاردان دەبێت هەموویان لەسەر بنەمای فەرمانەکانی خودای گەورە بێت.

ئەو لە سەرەتاوە ئاماژەی بە ناوی ئەم سوورەتە کرد و وتی: ناوی «مائیدە» لە چیرۆکی حەزرەتی عیسا (ع) و حەوارییەکانی وەرگیراوە؛ ئەو کاتەی حەوارییەکان لە حەزرەتی عیسا (ع) داوایان کرد تا لە پەروەردگار بپاڕێتەوە خوانێکی ئاسمانی بۆیان دابەزێنێت، تاکو نیشانەیەک بێت لەسەر ڕاستیی پەیامی پێغەمبەرایەتیی ئەو.

پاشان ئاماژەی بە تایبەتمەندییەکانی سوورەتی مائیدە کرد و وتی: بەپێی کۆدەنگیی موفەسیران، سوورەتی مائیدە سوورەتێکی مەدەنییە و دوای صوڵحی حودەیبیە دابەزیوە؛ تەنها ئەم ئایەتە پیرۆزە لەو قاعدەیە دەردەچێت: «الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ…» کە لە ڕۆژی عەڕەفە، لە حەججەتی وەداع، بەسەر پێغەمبەری خوا (د.خ) دابەزی. پێغەمبەری خوا (د.خ) له‌ کاتی وتاردان فەرمووی:

«يَا أَيُّهَا النَّاسُ، إِنَّ سُورَةَ الْمَائِدَةِ مِنْ آخِرِ الْقُرْآنِ نُزُولًا، فَأَحِلُّوا حَلَالَهَا وَحَرِّمُوا حَرَامَهَا».

«ئەی خەڵکینە! سوورەتی مائیدە لە دوا سوورەتە دابەزراوەکانی قورئانە؛ جا حەڵاڵەکانی بە حەڵاڵ بزانن و حەرامەکانیشی بە حەرام».

هەروەها ئاماژەی بە ڕیوایەتێک کرد کە بەپێی ئەو، کاتێک ئایەتی: «الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ» دابەزی، عومەری کوڕی خەطتاب (ڕەزای خوای لێ بێت) گریا. پێغەمبەری خوا (د.خ) پرسیاری لێکرد کە بۆچی دەگریت؟ ئەویش وەڵامی دایەوە: «هەمیشە ئایینەکەمان لە پەرەسەندن و تەکاموڵدا بوو؛ بەڵام ئێستا کە خودا ئایینەکەی تەواو کردووە، دوای تەواوبوون تەنها کەمبوونەوە دەمێنێت».

پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمووی: «ڕاستت کرد».

هەشتا و یەک ڕۆژ دوای دابەزینی ئەو ئایەتە پیرۆزە، پێغەمبەری خوا (د.خ) کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا پیرانی لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سوورەتی مائیدە بە ئەم فەرمانە خوداییە دەست پێدەکات:

«يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَوْفُوا بِالْعُقُودِ»

ئەمینداری گشتی فەرمووی: ئەم بانگەوازە، بانگەوازێکی پڕ لە میهرەبانییە بۆ باوەڕداران، کە هانیان دەدات لە هەموو جۆرە پەیمان و بەڵێنێکدا وەفادار بن. بە بڕوای ئەو، ئەوەی لازمە بۆ باوەڕی ڕاستەقینە بە خودا و پێغەمبەر (د.خ)، پابەندبوونە بە فەرمانە خوداییەکان، دوورکەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکان، و گوێڕایەڵی و فەرمانبەرداریی پەروەردگار بە باشترین شێوە.

هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەربڕینی «أوفوا بالعقود» واتایەکی گشتی هەیە و هەموو جۆرە پەیمان و گرێبەستێک لەخۆ دەگرێت؛ لەوانە پەیمانی نێوان مرۆڤ و خودا، پەیمانی خێزانی، بەرپرسیارێتی بەرامبەر خەڵک، ئامانەتداری لە مامەڵە و بازرگانی، و هەموو گرێبەست و ڕێککەوتنە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان کە وەفاداربوون بەوان پێویست و واجبە.

مامۆستا پیرانی پاشان ئاماژەی بە ئایەتەکانی دواتری سوورەتی مائیدە کرد کە خودای گەورە دەفەرمووێت:  «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُحِلُّوا شَعَائِرَ اللَّهِ…» و ڕوونی کردەوە کە مەبەست لەم فەرمانە ئەوەیە کە باوەڕداران سنوور و ڕێساکانی خودای گەورە نەبەزێنن و لە هەموو بارودۆخێکدا پابەندی فەرمان و قەدەغەکانی خودا بن.

هەروەها ئاماژەی بە ئایەتە پیرۆزەکەی:

«وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ»

کرد و وتی: خودای گەورە باوەڕداران بانگهێشت ده‌کات بۆ هاوکاری لەسەر بنەمای چاکە و تەقوا، و لە هاوکاری کردن لەسەر بنەمای گوناه، دەستدرێژی و ستەم ئاگاداریان دەکاتەوە؛ چونکە سزای خودا توند و سەختە.

مامۆستا پیرانی دواتر، بە پشتبەستن بە ئایەتە پیرۆزەکەی:

«وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَمِيثَاقَهُ الَّذِي وَاثَقَكُمْ بِهِ»

جەختی لەسەر گرنگیی نیعمەتە گەورەکانی خودا کردەوە؛ وەک نیعمەتی ئیسلام، ڕزگاربوون لە شیرک و بتپەرستی، نیعمەتی شەریعەت و حوکمە خوداییەکان، هەروەها ئەو پەیمانەی کە باوەڕداران لەگەڵ خودای گەورە، پێغەمبەری خوا (د.خ) و ئایینەکەی بەستوویانە؛ ئەو پەیمانەی کە بە وتنی «گوێمان لێبوو و فەرمانمان برد» جەختییان لەسەر پابەندبوونی کردووەتەوە.

لە درێژەی باسەکەیدا، مامۆستا پیرانی ئاماژەی بە ئایەتی هەشتەمی سوورەتی مائیدە کرد:

«يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ لِلَّهِ شُهَدَاءَ بِالْقِسْطِ وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَىٰ أَلَّا تَعْدِلُوا  اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ  إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ»

و ڕوونی کردەوە کە خودای گەورە، دوای بیرخستنەوەی نیعمەتە مەزنەکانی خۆی، باوەڕداران بانگهێشت دەکات بۆ سوپاسگوزاری بە کردار، پاراستنی مافە خوداییەکان و پابەندبوون بە دادپەروەری لە هەموو دادوەری و بڕیاردانێکدا. هەروەها ئاگاداریان دەکاتەوە کە ڕق، دوژمنایەتی یان کینە بەرامبەر هیچ تاک یان گرووپێک نابێت ببێتە هۆی لادان لە ڕێگای دادپەروەری؛ بەڵکو دادپەروەری نزیکترین ڕێگایە بۆ تەقوا و پارێزگاری. و خودای گەورە بە تەواوی ئاگاداری هەموو کرده‌وەی بەندەکانی خۆیە.

پاشان مامۆستا پیرانی ئاماژەی بە چیرۆکی به‌نی ئیسرائیل و هەڵبژاردنی دوازدە سەرپەرشت (نەقیب) کرد و بە خوێندنی ئایەتە پیرۆزەکەی:

«وَلَقَدْ أَخَذَ اللَّهُ مِيثَاقَ بَنِي إِسْرَائِيلَ وَبَعَثْنَا مِنْهُمُ اثْنَيْ عَشَرَ نَقِيبًا»

ڕوونی کردەوە کە خودای گەورە لە به‌نی ئیسرائیل پەیمانی وەرگرت کە تەنها ئەو بپەرستن، پابەندی په‌یامه‌کانی تەورات بن، نوێژ بەرپا بکەن، زەکات بدەن، بە پێغەمبەران باوەڕ بهێنن و یارمەتییان بدەن. لە بەرامبەر ئەم پابەندبوونەش، خودا بەڵێنی هاوکاری و سەرکەوتنی خۆی پێدان.

بەڵام، وەک مامۆستا پیرانی ئاماژەی پێدا، به‌نی ئیسرائیل ئەو پەیمانەیان شکاند و ڕوویان لە نافرمانی کرد؛ هەروەک خودای گەورە دەفەرمووێت:

«فَبِمَا نَقْضِهِمْ مِيثَاقَهُمْ لَعَنَّاهُمْ وَجَعَلْنَا قُلُوبَهُمْ قَاسِيَةً»

کە ئەم ئایەتە، جگە لە ئاماژەکردن بە پەیمانشکێنیی «بنی قریظه» و هاندانەوەی موشریکەکان بەدژی پێغەمبەری خوا (د.خ) لەلایەن کەعبی کوڕی ئەشرەفەوە، یاسایەکی گشتیی خودایی دەردەبڕێت؛ ئەویش ئەوەیە کە هەر کەس [و کۆمەڵێک] ڕێگای وەفاداری جێبهێڵێت و ڕوو لە خیانەت، پەیمانشکێنی و ستەم بکات، ئەنجامی ئەو کردارە بریتییە لە بێبەشبوون لە ڕەحمەتی خودا و دڵڕەقی.

مامۆستا پیرانی لە کۆتایی ئەم بەشەی وتارەکەیدا ئاماژەی دا بە پەیمانشکێنیی بەشێک لە شوێنکەوتوانی حەزرەتی عیسا (ع) و بە پشتبەستن بە ئایەتە پیرۆزەکەی:

«وَمِنَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّا نَصَارَىٰ أَخَذْنَا مِيثَاقَهُمْ فَنَسُوا حَظًّا مِّمَّا ذُكِّرُوا بِهِ فَأَغْرَيْنَا بَيْنَهُمُ الْعَدَاوَةَ وَالْبَغْضَاءَ إِلَىٰ يَوْمِ الْقِيَامَةِ»

ئاماژەی بەوە کرد کە لەبیرکردنی پەیمانی خودایی و دوورکەوتنەوە لە په‌یامه‌کانی وحی، بناغەی سەرهەڵدانی ناکۆکی، دوژمنایەتی و لێکدابڕان لەنێوان ئوممەتان دادەنێت.

ئەو لە درێژەی باسەکەیدا، دووبارە بە ئاماژەکردن بە هەمان ئایەت، وتی: خودای گەورە لەوانەش کە خۆیان بە شوێنکەوتوی حەزرەتی عیسا (ع) دەزانی، پەیمانی وەرگرت؛ بەڵام ئەوان بەشێک لەو ڕێنمایی و فەرمانانەیان که پێیان وترابوو لەبیرچوو ، و لە ئەنجامدا، هۆکاری دروستبوونی دوژمنایەتی و کینە لەنێوان خۆیاندا بوون.

مامۆستا پیرانی هەروەها ئاماژەی کرد کە «حَظًّا مِّمَّا ذُكِّرُوا بِهِ» لەم ئایەتەدا، لەوانەیە ئاماژە بێت بەو ڕاسپاردە خوداییەی کە لە ئینجیلدا دەربارەی باوەڕهێنان بە پێغەمبەری کۆتایی (د.خ) و وەرگرتنی قورئانی پیرۆز هاتووە؛ ڕاسپاردەیەک کە پێشتر پێیان ڕاگەیێندرا بوو، بەڵام بەهۆی لەبیرکردنی پەیمان و میثاقی خودا، پشتیان تێکرد و سەرئەنجام تووشی ناکۆکی، دوژمنایەتی و کینە بوون.

پاشان مامۆستا پیرانی ئاماژەی بە ئایەتی ٤٤ی سوورەتی مائیدە کرد:

«إِنَّا أَنزَلْنَا التَّوْرَاةَ فِيهَا هُدًى وَنُورٌ يَحْكُمُ بِهَا النَّبِيُّونَ الَّذِينَ أَسْلَمُوا لِلَّذِينَ هَادُوا وَالرَّبَّانِيُّونَ وَالْأَحْبَارُ…»

و ڕوونی کردەوە کە خودای گەورە تەوراتی ـ کە سەرچاوەی هیدایەت و ڕووناکییە ـ بەسەر حەزرەتی موسا (ع) دابەزاند. پێغەمبەرانی دوای ئەو، کە خۆیان تەسلیمی فەرمانی خودا بوون، لە نێوان جولەکەکاندا بەگوێرەی تەورات دادوەریان دەکرد. هەروەها ڕەببانییەکان، واتە خوداناسان و زانایان، و ئەحبار، واتە فەقیه و زانایانی ئایینی جولەکە، بە پشتبەستن بەوەی لە پەرتووکی خودا پێیان سپێردرابوو و خۆشیان شایەتیی لەسەر دەدا، لەنێوان خەڵکدا دادوەریان دەکرد و ئامانەتی خوداییان دەپاراست.

مامۆستا، ئەوەشی زیاد کرد کە «بِمَا اسْتُحْفِظُوا» ئاماژەیە بەو بەرپرسیارێتییەی کە خودای گەورە لە پاراستن، چاودێری و جێبەجێکردنی حوکمەکانی تەورات خستبوویە ئەستۆی ئەوان، و پێویست بوو بەگوێرەی ئەو حوکمانە لەنێوان خەڵکدا دادوەری بکەن.

پاشان ئاماژەی بە بەشی دواتری ئایەتەکە کرد:

«وَمَن لَّمْ يَحْكُم بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْكَافِرُونَ»

و وتی: خودای گەورە بە توندی سەرزەنشتی ئەوانەی کردووە کە نکۆڵی دەکەن لە دادوەری بەگوێرەی ئەوەی خۆی دایبەزاندووە .

لە درێژەی باسەکەیدا، دیدگای موفەسیران لەسەر لێکدانەوەی ئەم ئایەتەی باس کرد و وتی: زۆرینەی زانایان لەسەر ئەو بڕوایەن کە سەرەکیترین مەبەستی ئەم ئایەتە جولەکەکانن، و مەبەست لە وازهێنان لە دادوەری بە حوکمی خودا، ئەوەیە کە مرۆڤ بە هۆی نکۆڵیکردن، گاڵتەجاڕی، بێبایەخزانی یان بانگەشەی نالێهاتوویی حوکمە خوداییەکان، لە جێبەجێکردنیان خۆی ببوێرێت.

هەروەها ئاماژەی کرد کە هەندێک لە زانایان «کفر» لەم ئایەتەدا بە کفری «معصیت» لێکداوەتەوە؛ واتە کردارێک کە لە ڕووی نافرمانییەوە لە کردەوەی بێباوەڕان دەچێت، بەڵام خاوەنەکەی لە بازنەی باوەڕ دەرناکات. لەم بارەیەوە وتەی طاووس (ڕەحمەتی خوای لێ بێت)ی هێنایەوە کە دەڵێت:

«كُفْرٌ دُونَ كُفْرٍ»

واتە کفرێک کە نابێتە هۆی دەرچوونی مرۆڤ لە باوەڕ، بەڵکو تەنها نیشانەی مەعسییەت و نافرمانییە.

پاشان مامۆستا پیرانی ئاماژەی بە ئایەتی ٤٥ی سوورەتی مائیدە کرد و ئەم ئایەتەی خوێندەوە:

«وَكَتَبْنَا عَلَيْهِمْ فِيهَا أَنَّ النَّفْسَ بِالنَّفْسِ وَالْعَيْنَ بِالْعَيْنِ وَالْأَنفَ بِالْأَنفِ وَالْأُذُنَ بِالْأُذُنِ وَالسِّنَّ بِالسِّنِّ وَالْجُرُوحَ قِصَاصٌ… وَمَن لَّمْ يَحْكُم بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ»

و ڕوونی کردەوە کە خودای گەورە لە تەوراتدا وا فەرمانی کردبوو کە گیان بەرامبەر گیان، چاو بەرامبەر چاو، لووت بەرامبەر لووت، گوێ بەرامبەر گوێ، ددان بەرامبەر ددان، و برینەکانیش بەگوێرەی دادپەروەری و یەکسانی، دەبنە جێی قیصاص. دواتر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەر کەس بەگوێرەی حوکمەکانی خودا دادوەری نەکات، لە ڕیزی ستەمکاران دادەنرێت.

لە درێژەی باسەکەیدا، مامۆستا پیرانی ئاماژەی بە ئایەتی ٤٦ی سوورەتی مائیدە کرد:

«وَقَفَّيْنَا عَلَىٰ آثَارِهِم بِعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ مُصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ التَّوْرَاةِ وَآتَيْنَاهُ الْإِنجِيلَ فِيهِ هُدًى وَنُورٌ وَمُصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ التَّوْرَاةِ وَهُدًى وَمَوْعِظَةً لِّلْمُتَّقِينَ»

و وتی: خودای گەورە دوای پێغەمبەرانی به‌نی ئیسرائیل، حەزرەتی عیسای کوڕی مەریەم (ع)ی نارد؛ لە کاتێکدا کە ئەو پشتڕاستکەرەوەی تەورات بوو، و خوداش ئینجیلی پێی بەخشی، کە پڕ لە هیدایەت، ڕووناکی، ئامۆژگاری و پشتڕاستکردنەوەی تەورات بوو، تاکو ڕێنماییەک بێت بۆ خاوەنانی تەقوا.

پاشان ئاماژەی بە بەشی کۆتایی ئایەتەکە کرد:

«وَلْيَحْكُمْ أَهْلُ الْإِنجِيلِ بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فِيهِ وَمَن لَّمْ يَحْكُم بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ»

و ڕوونی کردەوە کە خودای گەورە شوێنکەوتوانی ئینجیلی فەرمان داوە بەگوێرەی ئەوەی لە ئینجیل دابەزیوە دادوەری و کردار بکەن، و ئەوانەی لەم فەرمانە سەرپێچی بکەن، لە ڕیزی فاسقاندا دادەنرێن.

لە کۆتایی ئەم بەشەدا، مامۆستا پیرانی ئاماژەی بە جیاوازیی ڕوانگەی موفەسیران دەربارەی سێ ئایەتە کۆتاییەکە کرد و وتی: ئیمامی ئەحمەد، قورتوبی (=قرطبی) و ژمارەیەک لە زانایان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئایەتەکانی:

«فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْكَافِرُونَ»،
«فَأُولَٰئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ»،
«فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ»

دەربارەی بێباوەڕان دابەزیون؛ بەڵام ئیبن عەبباس (ڕەزای خوای لێ بێت) پێی وایە ئەم ئایەتانە سەبارەت بە دوو دەستە لە ئەهلی کیتاب، واتە جولەکە و نەصاراکان، دابەزیون.

مامۆستا پیرانی زیادی کرد کە هەندێک لە زانایان، بیرمەندان و ڕێبەرانی بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، ئەم ئایەتانە بەڵگەن له‌سه‌ر هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی؛ هەرچەند بە بڕوای ئەو، ئەزموونەکانی پێشووی ئەم هەوڵانە هەمیشە سەرکەوتوو نەبوون و لە هەندێک حاڵەتدا کێشە و دەرئەنجامی زۆریان لێکەوتووەتەوە.

لە کۆتایی کورتەباسەکەیدا، مامۆستا پیرانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، بەبێ گوێدان بە جیاوازیی لێکدانەوەکان، ئەوەی بە ئاشکرا لەم ئایەتانەوە فام دەکرێت، لازمبوونی وەفاداری بە پەیمان لەگەڵ خودا و بەندەکانی، پابەندبوون بە پێوەرەکانی «قسط و عدالت» لە دادوەری و بڕیاردان، ئامانەتداری لە بەرپرسیارێتییەکان، و دوورکەوتنەوە لە هەموو جۆرە ستەم، خیانەت و زۆردارییەکە، بەبێ گوێدان بە ناونیشان، پاڵنەر یان بەرژەوەندییەک، دەبێت بنەمای هەڵسوکەوتی باوەڕدار بێت.