دوکتۆر عەلی شەمسی بورهان چالاکی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە لە گەڵ ئەمینداری جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە دەفتەری ناوەندیی دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامدا.بە پێی هەواڵی ناوەندی پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەت، نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە 18ی ڕەشەممە، دوکتوور عەلی شەمسی بورهان چالاکی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی لە دەفتەری ناوەندی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە گەڵ ئەمیندار و ژمارەیەک لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و هێندێکی تر لە پێشنوێژی مزگەوتەکانی ئەهلی سوننەت چاوپێکەوتنی كرد. لەو چاوپێکەوتنە مامۆستا پیرانی وێڕای دەبڕینی خۆشحاڵی خۆی لەو دیدارە، لە سەر پێویستیی خۆبواردن لە دووبەرەکی ، رماندن و ناتەبایی لە نێوان ئەهلی سوننەت جەختی کرد و گووتی: یەکترقبووڵ کردن و نەبوونی تەواوخوازی و گشتگیری بنەمای پێکەوەژیان و برایەتییە. ناوبراو هەروەها گووتی: هەلومەرجی کۆمەڵگای ئێران و ئەهلی سوننەت بە تایبەتی وادەخوازێ کە فرەچەشنی و بوونی سەندیکاکان و گرووپەکانی جۆراوجۆر بە هێند بگیڕێن و خاڵی جیاواز هۆکاری ناکۆکی و دووبەرەکی نەبێت. دوکتوور شەمسی بورهان کە یەکێک لە نەوەکانی شێخی بورهان لە عارفانی ناوبانگی ناوچەی موکریانی کوردستانی ئیرانە، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە دیدار لە گەڵ ئەندامانی بنكه‌ی ناوەندی، ئاماژەی بە ڕۆڵی زانستی خانەقا لە ناوچەی موکریانی ئەوسەردەم کرد و گووتی: عیرفان ڕووحی ئیسلامە و عیرفانی پێشینیان، خاوەنی هێندێک تایبەتمەندی زەق و بەرچاو بوو. ئەسلی عیرفان جۆری کردەوەیی ئەوە و نە لە جۆری تیۆریک. ئەو عالمانەی کە لە خانەقای بورهان بوون ئەرکی سەرشانیان ئەوە بوو کە لە سەر مەزرا و زەوی کشتوکاڵ ئيش بکەن و خۆیان پێداویستیی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن نە ئەوەی کە چاو لە دەستی خەڵک بن. ناوبراو هەروەها گوتی: عیرفان و تەریقەت بە میرات نییە و بە ڕێگای سۆفیگه‌ری و لە سەرشانی یەکترهاویشتن بەرهەم نایە. باوکی ئێمە وەسییەتی کرد کە دوای مەرگیی کەسی تر جێنشینیی نییە و سەردەمی تەریقەت و چاکسازییەکەی بەو شێوەیە گەیشتە دوایین قۆناغی خۆی. ناوبراو باشترین زەوییەکانی کشتوکاڵی وەقفی ئەو ڕێگایە کرد و خرابترینی بۆ ڕۆڵەکانی بە میرات دانا. هەروەها گووتی: ئێمە پێوستمان بە يه‌کبوون و ڕێککه‌وتنی زیاتر له‌ نێوان ئەهلی سووننەته.گەورەکانی ئەهلی سووننەت دەبێ لە مەیدان بمێننەوە و ڕێگا نەدەن لاوانی کەم ئەزموون بە دەربڕینی ھه‌ستی خۆیان، بەرژەوەندیی تێکڕای ئەهلی سوننەت بخەنە مەترسیی و ببنە هۆکاری ناکۆکی. جەماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەت وێڕای ئاماژە بە کورتە مێژووی دامەزرانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و چالاکییەکانی، ئاماژەی بە ڕۆڵی خانەقاکان و ڕەوتی سۆفیگەری لە بەهێزکردنی مەعنەوییەت و ئەخلاق لە کۆمەڵگا و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و ئایینزایی خەڵک کرد. ناوبراو لە بەشێکی تر لە وتەکانی، گفتگۆكردنى بە پێویستیی کۆمەڵگای ئیران و بە تایبەت ئەهلی سووننەت لە قەڵەمدا و گوتی: بەهێزکردنی كلتوورى گفتوگۆ بە واتای خۆشکردنی بواری لێک تێگەیشتنە کە دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی یەکگرتوویی و قبووڵکردنی ناتەبایی و جیاوازی بیروڕا.