پ: مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی کێیه؟
و: بسم الله الرحمن الرحیم
دروود له‌سه‌ر گیانی پاکی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستی ئیسلام و بنه‌ماڵه و یارانی.
پێشه‌کی ڕێز و سڵاوی خۆم ئاراسته‌ی خوێنه‌رانی هێژا ده‌که‌م و سپاسی تایبه‌تیشم هه‌یه بۆ جه‌نابتان و هاوه‌ڵانی به‌ڕێزتان له "ستانده‌ر".
ناوم عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانییه و ساڵی ١٩٥٤ی زایینی له شاری ڕوانسه‌ری سه‌ر به پارێزگای کرماشان له دایک بووم. دوای ته‌واوکردنی خوێندنی سه‌ره‌تایی، له ڕێگای حوجره چکۆله و به‌خزمه‌ته‌کانی پاڵی مزگه‌وته‌کان و له خزمه‌ت چه‌ند مامۆستاێهکی پایه‌به‌رزی ناوچه‌ی کورده‌واریدا، خوێندنی ئاسایی زانسته ئایینییه‌کانم به ئه‌نجام گه‌یاند. پاشان له تاقیکاری مامۆستایانی ئایینی‌دا (له زانکۆی تاران) پله‌ی لیسانس (به‌کالوریۆس)م وه‌ده‌ست هێنا و هاوکات درێژه‌م دا به خوێندنی باڵا له بواری "مافناسی"دا. ئێستا نووسینی تێزی دوکتۆرای "مافناسی"م به‌ده‌سته‌وه‌یه.
هاوکات له‌گه‌ڵ شۆرشی گه‌لانی ئێران له ١٩٧٩ی زایینی‌دا، له‌گه‌ڵ بیری ئیسلامی هاوچه‌رخ ئاشنا بووم و به شوێن ڕووداوه‌کانی ساڵی ١٩٩١ و شه‌هیدبوونی مامۆستای پایه‌به‌رز کاک ناسری سوبحانی، له لایان برایانی "شوڕای ناوه‌ندی جه‌ماعه‌ت"ه‌وه وه‌ک به‌رپرس دیاری کرام و له یه‌که‌مین کۆنگره‌ی جه‌ماعه‌ت له ساڵی ٢٠٠١ و هه‌روه‌ها له دووهەمین کونگرهشدا که ٨ و ٩ی سیپتامبری ٢٠٠٦ به‌ڕێوه چوو، وه‌ک "ئه‌مینداری گشتی" هه‌ڵبژێردرام.
پ: کۆمه‌ڵه‌ی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران که‌ی دامه‌زراوه و کێ دایمه‌زراندووه؟
و: بیرۆکه‌ی دامه‌زرانی جه‌ماعه‌ت له ئێران، به‌ر له سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی، له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سایه‌تی که له ژێر ته‌ئسیری مه‌دره‌سه‌ی ڕابوونی ئیسلامی هاوچه‌رخدا بوون، سه‌ری هه‌ڵداوه. پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕش و ئاڵ و گۆڕی بارودۆخی سیاسی و فیکری وڵات، کۆمه‌ڵێک له دڵسۆزانی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت، که زۆربه‌یان له پڕۆسه‌ی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشیشدا به‌شدار بوون ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌یان پێکهێنا.
له‌ڕاستیدا دامه‌زراندنی جه‌ماعه‌ت بۆ چه‌ند هۆکارێکی سه‌ره‌کی ده‌گه‌رێته‌وه‌و له هه‌موانیش گرینگتر، بۆشاییه‌ک بوو له باری که‌لتورییه‌وه و به‌تایبه‌ت له نێو لاوانی ئه‌هلی سوننه‌تی ئێران‌دا هه‌ستی پێدەکرا. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی چالاکییه‌کانمان، به‌رز کردنەوه‌ی ئاستی تێڕوانینی فیکری ئه‌ندامان و له هه‌مان کاتیش‌دا پاراستنی وه‌زعی گشتی کۆمه‌ڵگا له ئاڵوزی و دووبه‌ره‌کایه‌تی مه‌زهه‌بی بوو. هه‌روه‌ها تێکوشانێک بوو بۆ یه‌کڕیز کردنی به‌شێک له‌و هه‌وڵه پیرۆزانه‌ی که به تاکه‌که‌سی یان به تاقمی چه‌ند که‌سی له ئارادا بوون له ناوچه‌کانی ئه‌هلی سوننه‌تی ئێران که ١٥ پارێزگای وڵات ده‌گرێته‌وه.
پ: ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه درێژکراوه‌ی هه‌مان باڵ و ڕێکخستنی ناصری سوبحانیه؟
له راستیدا مامۆستای شه‌هید، کاک ناسری سوبحانی _ ره‌حمه‌تی خوای لێ بێ _ یه‌کێک بوو له ئه‌ندامانی پێکهێنه‌ری جه‌ماعه‌ت که لێهاتووییه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو. مامۆستا زۆر به قووڵی و به وردبینی ده‌یڕوانییه ده‌قه پیرۆزه‌کان و زۆر جار بۆچوونی تایبه‌ت و هه‌ڵکه‌وتووی هه‌بوو. به‌گشتی مامۆستای شه‌هید پله‌ی "اجتهاد"ی هه‌بوو و هه‌ر بەو پێیه‌ش شوێنه‌وارە فیکرییه‌کانی مامۆستا زیاترین کاریگه‌ریان له سه‌ر به‌رنامه و بۆچوونی جه‌ماعه‌ت له ئێران‌دا هه‌بوو. له هه‌مان کاتیش‌دا، به‌رامبه‌ر به هه‌ڵوێست و بۆچوون و ته‌ما ئیدارییه‌کانی جماعه‌ت "التزام"ێکی ته‌واوی هه‌بوو و وه‌ک هه‌ر ئه‌ندامێکی تر و زیاتر له‌وه‌ش وه‌ک نموونه‌یه‌ک بوو بۆ برایانی له‌و بواره‌شدا.
پ: بنه‌مای فیکری کۆمه‌ڵه‌که چییه؟ ده‌کرێت بڵێین ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه سه‌ر به ئیخوان موسلمینه؟
و: بنه‌مای فیکری جه‌ماعت له بیروباوه‌ڕی ئیسلامی سه‌رچاوه ده‌گرێت. وه‌کو دروشمی سه‌ره‌کی باوه‌ڕمان به "ئازادی"، "دادپه‌روه‌ری" و "برایه‌تی" هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ک لایه‌نی مه‌عنه‌وی و روحی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، گه‌یشتن بهرەزامهندی خوای گه‌وره‌یه. به‌و پێیه‌ش، بنه‌ما فیکرییه‌کانی ئێمه که له پهیرووپڕۆگرامی جه‌ماعه‌تدا ئاماژه‌یان پێکراوه، بریتین له:
١- باوه‌ڕ به جیهانبینی ته‌وحیدی.
٢- باوه‌ڕ به ئیسلام وه‌ک ڕێبازی ژیانی به‌خته‌وه‌رانه و هه‌وڵدان و بانگه‌واز بۆ ئه‌و.
٣- باوه‌ڕ به‌وه که ئیسلام، مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادییه گشتییه‌کان ده‌پارێزێ.
٤- باوه‌ڕ به فره‌حیزبی و فرهڕەههندی، به‌پێی باوه‌ڕمان به ئازادی بیر‌و باوه‌ڕ و ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا.
٥- داکۆکی کردن له‌سه‌ر شێوازی بڕیاردانی شۆرایی بۆ خۆپاراستن له ئیستیبدادی تاکه‌که‌س.
٦- ئاواتمانە ئوممه‌تی ئیسلامی سه‌ر له نوێ سه‌ر ههڵداتهوهو هاوکاتیش جه‌خت و داکۆکی ده‌که‌ین له سه‌ر پاراستنی مافی که‌مایه‌تییه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان.
دیاره هه‌ر لایه‌نێک که له‌و بوارانه‌دا هاوبیرمان بێت، ئێمه ده‌توانین چالاکی هاوبەشی له‌گه‌ڵ بکه‌ین له‌سه‌ر ئاستی هاوکاری رێکخراوه‌یی و حیزبی. هه‌رلێره‌ش ئه‌و راستییه روون که‌مه‌وه که ئێمه درێژکراوه‌ی هیچ رێکخراوه‌یه‌ک نین. خۆمان بڕیارده‌ری خۆمانین و گه‌ڵاڵه‌ی تایبەتمان بۆ چالاکی هه‌یه. به گشتی ده‌توانم بڵێم له چوارچێوه‌ی ڕەهەندی ئیسلاح و چاکسازی داین. ده‌گەڵ ئیخوان وه‌ک رێکخراوێکی جیهانی، خاڵی هاوبه‌شی فیکریمان هه‌یه، هه‌روه‌ک ره‌نگه له‌گه‌ڵ زۆر رێکخراوی حیزبی دیکه‌ش خاڵی هاوبەشمان هه‌بێت. هه‌ر به‌و پێیه‌ش رێگه‌مان ئاواڵه‌یه بۆ هه‌ر چه‌شنه هاوکاری فیکری و ته‌نانه‌ت چالاکی هاوبه‌ش به پێی هه‌ل و مه‌رجی ناوخۆی وڵاتی ئێران.
ئێمه له بنه‌ما فیکرییهکانماندا وه‌ک ته‌فسیرێکی میانه‌ڕه‌و و هاوچه‌رخ له ئیسلام، روانگه‌ی ئیخوانیمان زیاتر له بۆچوونه‌کانی دیکه به لاوه پهسەنده. له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌وه بارودۆخی تایبه‌تی وڵاتی خۆمانه که روانینی تایبه‌تی خۆمان پێک دێنێ و ئه‌رکه‌کانمان بۆ دیاری ده‌کات.
پ: ده‌وڵه‌تی ئێران چه‌ند ئاگاداری کاری ئه‌م رێکخراوه‌یه و چه‌ند ڕێگه‌ی کارکردنی پێداوه؟ باره‌گا و بنکه‌ی له‌شاره‌کاندا هه‌یه؟
و: دیاره کاری جه‌ماعه‌ت شاراوه نیه. نه‌ته‌نیا ده‌وڵه‌ت، زۆربه‌ی خه‌ڵکیش ئێمه ده‌ناسن. تا ئێستا جه‌ماعه‌ت له بواری جۆراوجۆردا بڕیاری ده‌رکردووه و سه‌لماندویه‌تی که شێوازی فیکری و چالاکی تایبه‌تی هه‌یه. به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی که له ئێران‌دا چالاکی حیزبی و رێکخراوەیی پێویستی به ئیزنی ده‌وڵه‌تی هه‌یه، به‌داخه‌وه تاکو ئێستا سه‌ره‌ڕای پێشکه‌ش کردنی داواکاری بۆ به‌ره‌سمی کردنی کار و چالاکی، ئیزن نه‌دراوه چالاکی فه‌رمی و یاساییمان بێت. به‌ڵام ئه‌وه به مانای وه‌لانان و جێ هێشتنی کار و چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌لتوری و رامیاری ئێمه نه‌بووه و به‌رده‌وام له چالاکی تایبه‌ت یان هاوبه‌ش له گه‌ڵ لایانه‌کانی دیکه به‌شداریمان کردووه. ده‌توانم به شانازییه‌وه بڵێم له چوارچێوه‌ی هه‌موو ناوچه سوننینشینهکانی ناوخۆی ئێران‌دا چالاکیمان هه‌یه. له‌ناو هه‌ر پارێزگاشدا، به پێی هه‌ل و مه‌رجی گونجاوی شار و شارۆچکه‌کان، ئه‌ندام و کاروباری جه‌ماعه‌تمان هه‌یه. دیاره ته‌نیا له تاران به‌شێوه‌ی فه‌رمی باره‌گای ناوه‌ندیمان چالاکه.
پ: کار‌و چالاکی رێکخراوه‌که له چ ئاستێکدایه و شێوازی کارکردنی چۆنه و ئه‌و بوارانه چییه که چالاکی تێدا ده‌نوێنێت؟
و: وه‌ک ئاماژه‌م پێ‌کرد، کاروباری جه‌ماعه‌ت، له‌سه‌ر بنه‌مای فیکری ئیسلامی دامه‌زراوه و ره‌هه‌ندی چاکسازی په‌یڕه‌و ده‌کات و هاوکات بۆچه‌ن مه‌به‌ست و ئامانج تێده‌کۆشێن. ئامانجه‌کانی ئێمه بریتین له:
- داکۆکی کردنی له‌سه‌ر ماف و ئازادییه ئایینی، مه‌زهه‌بی و قه‌ومییه‌کان و پشتگیری کردن له‌وان.
- پشتگیری کردن له ماف و ئازادییه تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تییه رێگاپێدراوهکان و تێکۆشان بو ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌وان.
- هه‌وڵدان له پێناو گه‌شه سه‌ندنی رامیاری، كه‌لتووری و ئابووری وڵات‌دا.
- هه‌وڵدان بۆ دامه‌زران و سه‌قامگیر بوونی سه‌روه‌ری یاسا له ناو کۆمه‌ڵگادا.
- هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی دیموکراتیک ده‌گه‌ڵ حیزب و رێکخراوه و بزوتنه‌وه‌کانی دیکه بۆ به‌شداری سیڤیل و مه‌ده‌نی له پێناو خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگادا.
- داکۆکی کردن له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی مزگه‌وت و مه‌درسه ئایینیه‌کان و دامه‌زراوه فه‌رهه‌نگییه‌کانی دیکه.
- تێکوشان بۆ دابین کردنی مافی ژن له پێناو به‌رز کردنه‌وه‌ی ئاستی فیکری، که‌لتوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری ژناندا.
- تێکوشان بۆ هه‌ڵدان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی فیکری، ره‌وشتی(اخلاقی) و زانستی مناڵان، تازه‌لاوان و لاوان.
- پاراستنی ژینگه، وه‌ک ئه‌رکێکی تاکه‌که‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ.
به هۆی هه‌ل و مه‌رجی تایبه‌تی کاریمانهوه، له‌و شوێنانه‌ی که زۆرتر ده‌رکه‌وتووین و خه‌ڵکی ئێمه‌یان ناسیوه، دیاره به‌ئاشکرا تێکوشانمان درێژه داوه، له ناو مزگه‌وته‌کان (ئه‌وه‌نده‌ی مه‌ودا بووبێ)، یان به دامه‌زراندن یا خود به‌شداری له رێکخڕاوه نادوڵهتییه(NGO) سه‌ربه‌خۆکان، یان دامه‌زراوه فێرکردهیی و فه‌رهه‌نگییه‌کان تەنانهت له هه‌ر چه‌شنه چالاکی خیرخوازانەش كە سودی بۆ كۆمەڵگا بووبێت، ئێمە پێشوازیمان كردووه. لەبارەی چالاكی رامیاریشه‌وه، ئێمه بڕوامان به هەڵبژاردن و تێکوشانی پارله‌مانی و هه‌روه‌ها کار له ئه‌نجومه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و له‌وانیش ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی هه‌یه. له‌و پێناوه‌شدا، به پێی ده‌ره‌تان، هه‌وڵمان داوه یان پاڵێوراومان هه‌بێت، یا خود له‌و پاڵێوراوانه‌ی وا پێمان وابووه به تواناترن و خاڵی هاوبه‌شیشمان هه‌یه پشتگیریمان کردووه.
پ: ئه‌م ڕێکخراوه‌یه بۆ دیفاع له مه‌زهه‌بێک دامه‌زراوه واته له سوننه مه‌زهه‌به‌کانی ئێران یا خود به هه‌ستێکی کوردایه‌تی و داکۆکی له نه‌ته‌وه‌ی کورد؟
و: جه‌ماعه‌تی ئێمه وه‌ک رێکخراوه‌یه‌کی پێکهاتوو له سه‌ر ئاستی ئێران، ئه‌گه‌رچی له باری ئایینییه‌وه په‌یڕه‌وی له مه‌زهه‌بی ئه‌هلی سوننه‌ت ده‌کات، خۆی ته‌نیا نه‌به‌ستۆته‌وه به به‌رگری کردنی مافی ئه‌هلی سوننه‌ت له ئێران. دیاره هه‌وڵی بۆده‌ده‌ین و پێمان وایه ئێمه وه‌ک به‌شێک له سوننه مه‌زهه‌به‌کانی ئێران، مافی خۆمانه داکۆکی بکه‌ین له‌سه‌ر مافه ئایینییه‌کانی سوننه؛ به‌ڵام هاوکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌هێز کردنی ره‌وشی مه‌ده‌نی و دیموکراتیک وه‌ک ئه‌رکێکی خۆمان ده‌زانین، به‌گشتی له‌بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین و ئاماده‌ین له و پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ برایانی شیعه یان ئایینیه‌کانی دیکه هاوکاری و هاوپه‌یمانیمان هه‌بێت.
پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه و سلم - ده‌فه‌رموێ: " له‌کاتی لاوهتیمدا له په‌یمانی جوامێراندا ( حلف الفضول) بۆ به‌رگری له مافی زۆرلێکراوه‌کان به‌شداریم کرد. ئێستاکه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ودایه‌م بۆ بڕه‌خسێته‌وه، هه‌ر شانازی پێوه‌ده‌که‌م بۆ به‌شداری کردنی." ئێمه‌ش ئه‌و توانا و ئیراده‌یه‌مان هه‌یه ده‌گه‌ڵ هه‌ر رێکخراوه و بزوتنه‌وه‌یه‌ک، مادام له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییاندا بگونجێت، هاوپه‌یمانی ببه‌ستین. به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی دابین کردنی ماف و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان وه‌ک ئازادی بیروڕا و ده‌ربڕینی بیروڕا و ئازادی ئایین و هتد.
دیاره له ئاستی مافی نه‌ته‌وه‌کان یان قه‌ومییه‌ته‌کان، تێده‌کۆشین بۆ هه‌موان هه‌وڵ بده‌ین. ده‌و نێوه‌شدا خه‌ڵکی کورد بۆ ئێمه جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. تانانه‌ت به‌شێک له توانا به‌هێزه‌کانمان له کوردستان هه‌ڵکه‌وتوون هه‌ر وه‌ک له نێو پێکهاته‌کانی دیکه‌شدا هه‌مانه. ره‌نگه به‌هۆی زۆرلێکراوی زیاتر یان چالاک‌تر بوونی بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کورد، کێشه‌ی کورد بۆ ئێمه سرنج ڕاکێشتر بێ و هه‌وڵ و تێکوشانی زۆرتری بۆ بده‌ین، هه‌روه‌ک له راگهیاندراوهکانماندا دیاره و تاکو ئێستاش به بۆنه‌ی جۆراجۆر بڕیارمان ده‌رکردووه.
جگه له‌وانه‌ش، جه‌ماعه‌ت وه‌ک رێكخراوەیەكی میانه‌ڕه‌و، به‌رهه‌ڵستی خوێندنه‌وه‌ی ده‌مارگرژانه‌ی ئایین و مه‌زهه‌ب ده‌بێته‌وه و له هه‌ر ئاستێک‌دا بۆی بگونجێت، له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا له‌و پێناوه‌دا چالاکی ده‌کات و ئه‌وه‌ش بوارێکی دیکه‌ی تێکوشانی ئێمه‌یه.
پ: تێڕوانینتان بۆ کێشه‌ی کورد له ئێران چییه؟ به بڕوای ئێوە چۆن چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له ئێران ده‌کرێت؟
و: دیاره ئێمه روانینی تایبه‌تمان هه‌یه بۆ کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و هه‌روه‌ک له جێی دیکه‌ش ئاماژه‌مان پێکردووه، به پێی هه‌ندێک ده‌قی پیرۆز وه‌ک ئایه‌تی 13ی سوره‌تی حوجورات و 22ی سوره‌تی رووم، جۆراوجۆری ره‌گه‌زه‌کان به نیشانه‌یه‌ک له نیشانه‌کانی خوای گەوره ده‌زانین و پێشمان وایه هه‌ر مافێک له‌و نیشانه خواییه بکه‌وێته‌وه و هه‌ر هه‌وڵێکیش به مانه‌وه‌ی ئه‌و رهنگاوڕهنگییه سروشتیه خزمه‌ت بکات، پیروزه و پێویسته پشتگیری لێ بکرێت. له هه‌مان کاتدا وادەزانینن تایبه‌تمه‌ندی ره‌گه‌زی یان زمانی یان مه‌زهه‌بی خوێ له خۆیدا نابێت به لابەر یاخود راکێشه‌ری مافێکی تایبه‌ت.
ئێمه بزوتنه‌وه‌ی کورد، وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌نرخێنین بۆ دابین کردنی مافه دیاری کراوه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ک مسۆگه‌ر کردنی به‌رانبه‌ری هاووڵاتی کورد (مافی شه‌هروه‌ندی)، هاوشانی گه‌لانی دیکه. دیاره نابه‌رانبه‌ری مرۆڤ له روانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌م عه‌داڵه‌ت و هه‌م ئازادی ده‌خاته ژێر مه‌ترسی و رێگا خۆش ده‌کات بۆ پێشێل کردنی مافه‌کانی مرۆڤ له بواری جۆراوجۆر دا.
بۆ وێنه ئێستاکه سپاس بۆ خوا گه‌لێک مرۆڤی کوردی لێهاتوومان هه‌یه که باشتر وایه وه‌ک ئه‌وانی دی، له ده‌سه‌ڵاتی رامیاریدا، ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ی سه‌رۆک کۆمار بێت که له یاسادا ته‌رخان کراوه بۆ خاوه‌نی مه‌زهه‌بی تایبه‌ت، به‌شداری بدرێن.
دیاره کێشه‌ی کورد وه‌ک کێشه‌یه‌کی چه‌ن لایه‌نه که زۆر هۆکاری ناوه‌کی و ده‌ره‌کی شوێنی له سه‌ر داده‌نێن، به هاسانی و ساکارانه چاره‌سه‌ر ناکرێت. چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له ئێران‌دا پێویستی تایبه‌تی به گه‌شه‌سه‌ندنی فه‌رهه‌نگی، رامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئابووریش هه‌یه. ئێرانی ئه‌وڕۆ به گشتی پێویستی به په‌ره‌گرتنی ره‌وشی دیموکراسی وئازاد بوونی چاڵاکی حیزب و رێکخراوه‌کان له هه‌ردوو ئاستی ناوچه‌یی و نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌یه. هه‌روه‌ها هه‌ندێک له بڕگه‌کانی یاسای بنه‌ڕه‌تی پێویستیان به پێداچوونه‌وه و گۆڕانکاری هه‌یه.
پ: چۆن ده‌ڕواننه خه‌باتی حیزبه نه‌ته‌وییه کوردییه‌کان رۆڵیان له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له ئێران چۆن ده‌بینن؟
و: هه‌ر وه‌ک له وڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژه‌م پێ کرد، ئێمه باوه‌ڕمان به ره‌وشی فره‌حیزبی له سه‌ر دوو ئاستی ناوچه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. بۆیه‌ش پێمان وایه ته‌واوی ئه‌و حیزب و رێکخراوانه‌ی رابردودارن یان له داهاتوودا ره‌نگه پێک بێن، مادام چوارچێوه‌ی ره‌وشی دیموکراتیک، فره‌حیزبی و تێکوشانی هێمنانه بۆ ئاڵ و گۆر بپارێزن، مافی خۆیانه به‌رده‌وام بن. ئێمه‌ش له پێناو خاڵه هاوبه‌شه‌کاندا ئاماده‌ین به شێوه‌ی هاوپه‌یمانی، یه‌کگرتن و "ائتلاف" چالاکی هاوبەشیان له‌گه‌ڵ بکه‌ین. ئێمە بۆ حیزبە كوردییەكانیش هەر وا دەڕوانین و جیاوازی دانانێین.
پ: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ مه‌کته‌بی قورئان و پارته ئیسلامییه‌کانی کوردستانی عێراق له چ ئاستێکدایه؟
و: ئێمه مه‌کته‌بی قورئان وه‌ک ره‌وتێکی ره‌سه‌ن وخاوه‌ن مێژوو له کوردستان ده‌نرخێنین. هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی شۆڕشی ئیسلامی له‌گه‌ڵ خوالێخوشبوو کاکه ئه‌حمه‌دی موفتی زاده، که بناغه‌دانه‌ری مه‌کته‌بی قورئان و زانایه‌کی پایەبهرزی ئیسلامی بوو، پێوه‌ندیمان هەبوو و دواتریش درێژەی پێدرا. سەبارەت بە كوردستانی عێراق پێوه‌ندیمان ده‌گه‌ڵ یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان، په‌یوه‌ندێکی تایبه‌ته و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ن هۆکارێک و له سەرووی هه‌موانه‌وه، بۆ چوونی هاوبه‌شمانه به‌رانبه‌ر بنه‌ما فیکرییه‌کان.
بۆ باقی بۆچوونه ئیسلامییه‌کان له کوردستان و له ئێرانیشدا، له ده‌لاقه‌ی "اجتهاد"ه‌وه ده‌ڕوانین و پێمان وایه به‌که‌م و زۆر خاڵی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ زۆربه‌یان هه‌یه.
بۆچوونه‌کان