مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی «ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» شه‌وی پێنجشه‌ممه ١٤ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٠ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی لقی كرماشان دیدار و گفتوگۆی كرد.
به‌پێی ڕاپۆڕتی هه‌واڵنێری ئیسلاح، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا كه له‌ڕێی ئیسكای ڕوومه‌وه به‌ڕێوه چوو، مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی، «ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» وتی: ئیسلام ئایینێكی گشتگیر و ته‌واوه و پێشكه‌وتنی جه‌ماعه‌ت به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی ئامانجدار، هه‌نگاوێكی گرینگه و بوونی جه‌ماعه‌ت بۆ كۆمه‌ڵگا، سوودمه‌ند و كاریگه‌ره.
ئه‌و هه‌روه‌ها وتی: پێوه‌ندی، هاوكاری و هاریكاری جه‌ماعه‌ت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا، ئامانجی سه‌ره‌كی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحه و ئێمه پێویسته هاوسه‌نگی و هاوتایی نێوان هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا له لایه‌ك و سه‌ربه‌خۆیی جه‌ماعه‌ت له لایه‌كی تره‌وه بپارێزین.
ئه‌و وتی: ئێمه ڕێكخراوه‌یه‌كی ئێرانی، ئیسلامی و سه‌ربه‌خۆیین و به ویست و ئیڕاده‌ی خوا، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه ڕاوه‌ستاو ده‌بین. مامۆستا پیرانی له به‌شێكی تر له وته‌كانیدا، ئه‌و كار و هه‌نگاوه خێرانه‌ی كه جه‌ماعه‌ت گرینگی پێ ده‌ده‌ا، سوودمه‌ندی زانی و چالاكییه‌كانی تری ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌ی وه‌ك دروستكردنی مزگه‌وت، قوتابخانه، ئاوكێشی، دروستكردنی خانوو بۆ بنه‌ماڵه هه‌ژار و كهمداهاتهكان و یارمه‌تیدانی هه‌ژارانی زۆر به‌نرخ و په‌سه‌ندانه هه‌ژمار كرد.
ئه‌و ڕوو به ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی لقی كرماشانی وت: تێگه‌یشتن له پێگه و بزافهكان و لایه‌نه‌كانی بانگخواز له جیهانی ئیسلامی و شێوازی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ده‌بیاتێكی شیاو له‌گه‌ڵ دۆخی كۆمه‌ڵگا و حاڵودۆخی به‌رده‌نگان و گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م، گرینگییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه.
ئه‌و له درێژه‌دا وتی: جه‌ماعه‌ت به زانیاریی و كارزانی ئه‌ندامانی خۆی توانیوه‌تی سیمایه‌كی میانه‌ڕه‌و و دوور له تونوتیژی له‌خۆی نیشان بدات و له ڕیزی ڕێكخراوه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری و خاوه‌ن ناسنامه ده‌ركه‌وێ و له‌ڕێی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی خۆی، گرینگی به هاوكاری و هاریكاریی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات بدات و چالاكییه كولتووری-كۆمه‌ڵایه‌تییه یهكیهتیخوازهكان له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی داده‌نێت.
مامۆستا پیرانی له كۆتایی وته‌كانیدا وتی: جه‌ماعه‌ت وه‌ك ڕێكخراوه‌یه‌كی چاكساز و قهبووڵكهری كه‌سانی دی، پێویسته له ده‌مارگرژی و بوغزی مێژوویی باز بدا و بانتر له ده‌مارگرژیی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینزایی بیر بكاته‌وه.
له به‌شی كۆتایی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه، مامۆستا پیرانی به دڵاواییه‌وه وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی لقی كرماشانی دایه‌وه.
وه‌لی ڕه‌مه‌زانی به‌رپرسی پێوه‌ندییه گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی لقی كرماشان به‌ڕێوبردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی له ئه‌ستۆ بوو.
جێی ئاماژه‌یه دوای خوێندنه‌وه‌ی قوڕئانی پیرۆز له لایه‌ن ئه‌بووبه‌كر مۆءمێنی، ئه‌مانوڵڵا فه‌ره‌جی به‌رپرسی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی كرماشان، له وتارێكی كورتدا به‌خێرهاتنی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح و هه‌موو ئه‌ندامانی كرد.
ئه‌و چاوپێكه‌وتنه به نزاكانی مامۆستا عه‌لی عه‌زیزی له دۆخێكی مه‌عنه‌وییدا كۆتایی پێ هات.
بۆچوونه‌کان