مامۆستا عەبدوڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، بە بۆنەی بۆچی دوایی دوکتور "ئەسعەد نیزایمی" یەکێک لە بلیمەتانی بواری زانستی و فەرهەنگی  شاری تالێش، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بسم الله الرحمن الرحیم

إنا لله و إنا إلیه راجعون

جێگای گەلێک داخ و پەژارەیە کە دوکتور ئەسعەد نیزامی وەک یەکێک لە هەڵکەوتووانی بواری زانستی و فەرهەنگی تالێش کە له ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەویی ناسراو و خاوەنی ئاسەواری زانستی و پلە و پێگەیەکی بەرز لە زانکۆ بوو، ئێستا لە ناواماندا نەماوە و ماڵاوایی لێ کردووین. ئێمە منەتبار و قەرزداری ئەو کەسانەین کە تەمەنی بەنرخی خۆیان لە پێناو گەشەی فەرهەنگی و بەرزکردنەوەی پێگەی زانستی وڵاتی ئێران تەرخان کردووە و ناوی خۆیان بۆ هەمیشە پەیوەستی زانست و هزر و ئەندێشە کردووە. ئاواتەخواین لاوانی بیرمەندی تالێش ڕێبوارانی ڕێگەی ڕووناکی زانیاری و شوێنکەوتووی زانستپەروەرانێک لە چەشنی ئاوەها گەورەپیاوێک بن.

لە خوای میری مەزن بۆ ئەو مامۆستا تێکۆشەر و وەتەندۆستە بەرزی پلە و بەهەشتی بەرین داواکارم و بۆ کەسوکار و دۆست و نزیکانی سەبر و خوڕاگری و پاداشی بێبڕانەوە دەخوازم. 

عەبدەڕەحمان پیرانی

ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح