مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح له دانیشتنی شوڕای ناوه‌ندی ئه‌و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه كه به شێوه‌ی ئانلاین به‌ڕێوه چوو، جه‌ختی له‌سه‌ر واقیعخوازی و چالاكی بیر و ڕایی كرد.
شڕۆڤه‌ی وته‌كانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح كه ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ١٢ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠٠ به‌ڕێوه چوو، به‌م چه‌شنه‌یه:
بسم الله الرّحمن الرّحیم
الحمد لله والصّلاة والسّلام على نبیّنا محمّد وعلى آله وأصحابه أجمعین.
سپاسی خوای گه‌وره ده‌كه‌ین كه جارێكی تر منه‌تی له‌سه‌ر كردین و یارمه‌تی داین تاكوو له كۆڕێكی پیرۆزدا به مه‌به‌ستی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی سه‌رشان له شوڕای ناوه‌ندی له ده‌وری یه‌ك كۆوه‌بین. هیوادارین یاریده‌ده‌ری خوای گه‌وره هه‌ر ده‌م له‌گه‌ڵمان بێ.
له سه‌ره‌تای قسه‌كانمدا بۆ ته‌واوی ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی كه وه‌ڵامی ده‌عوه‌تی خوای گه‌وره‌یان داوه‌ته‌وه و كۆچی دواییان كردووه، داوای ڕه‌حمه‌ت و لێبووردن و فیرده‌وسی به‌رز و به‌رین و بۆ ته‌واوی نه‌خۆشان داوای شیفای به‌په‌له و ته‌واو و بۆ ته‌واوی هاووڵاتیانیش داوای ڕزگاری له ئاسته‌نگی و كێشه و گرفته‌كان و ئاسووده‌یی و هێمنایه‌تی ده‌كه‌ین.
اما بعد: هه‌ر وه‌ك ئاگادارن پێغه‌مبه‌رانی خوا –سه‌لات و سه‌لامی خوایان له‌سه‌ر بێ- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه هه‌موویان له‌بواری تاكپه‌ره‌ستی و دڵپاكی له عیباده‌ت و به‌ره‌نگاری زوڵم و سته‌م و هاوه‌ڵدانان په‌یام و ئامانج و به‌رپرسیاره‌تی هاوبه‌شیان هه‌بووه، به‌ڵام هه‌ركام له‌وان بۆ چاكسازیی كاروبار و دۆخی ئه‌و وڵات و گه‌لانه‌ی كه بۆلایان ڕه‌وانه كراون، په‌یام و ڕیساله‌تی تایبه‌ت و گونجاوی ئه‌وانیان پێ بووه. له‌و بواره‌وه قوڕئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێ: «وَإِلَىٰ مَدْینَ أَخَاهُمْ شُعَیبًا قَالَ یا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُم مِّنْ إِلَٰهٍ غَیرُهُ»
چیرۆكی حه‌زره‌تی شوعه‌یب سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێ له‌نێو خه‌ڵكی شاری مه‌دیه‌ن وه‌ك شێوازی پێغه‌مبه‌رانی تر –سه‌لام و دروودی خوایان له‌سه‌ر بێ- چیرۆكی حه‌زره‌تی هوود له‌گه‌ڵ گه‌لی عاد و یا چیرۆكی ساڵح له‌گه‌ڵ گه‌لی سه‌موود و... جێی سه‌رنج و گرینگیی قوڕئانی پیرۆزه؛ به‌و جیاوازییه كه له‌گه‌ڵ بانگهێشتكردن به‌ره‌و ته‌وحید كه ئامانجی هاوبه‌شی ته‌واوی پێغه‌مبه‌ران بووه، گرینگی تایبه‌تی به بواری ئه‌مانه‌ت و دادپه‌روه‌ری به‌تایبه‌ت له مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وتدا داوه كه له پێداویستییه‌كانی سه‌ره‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه هه‌ژمار ده‌كرێ.
شاری مه‌دیه‌ن كه له‌سه‌ر ڕێی حیجاز به‌ره‌و شام هه‌ڵكه‌وتووه و دانیشتووانی خاوه‌نی ئاسووده‌یی و خۆشبژێوی ته‌واو بوون و یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانی بازرگانی هه‌ژمار ده‌كرا. هێندێ له خه‌ڵكی مه‌دیه‌ن، له پێوانه و ته‌رازوویان كه‌م ده‌كرده‌وه و له شمه‌ك و كاڵای كه‌سانی دیكه‌یان به به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كه‌م ده‌كرده‌وه. به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وشته ناپه‌سه‌نه‌د، زیانده‌ر و وێرانكه‌ره، وه‌ك نموونه‌یه‌ك له گه‌نده‌ڵی ئابووری، گرینگی تایبه‌تی بۆ شوعه‌یب هه‌بوو؛ چونكه كه‌مكردنه‌وه‌ی مافی كه‌سانی تر جیا له‌وه‌یكه سته‌م هه‌ژمار ده‌كرێ، له دڵ و ده‌روونی مرۆڤدا ڕه‌شبینی، بوغز، ناهێمنی و بێهیوایی به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به دادپه‌روه‌ری پێك دێنیت و له‌سه‌ر دۆخی ژیان، پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و مامه‌ڵه‌كان ئاسه‌واری قه‌ره‌بوونه‌كراوه داده‌نێ.
بۆیه حه‌زره‌تی شوعه‌یب دڵسۆزانه به‌وانی وت: «وَإِلَىٰ مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًا فَقَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَارْجُوا الْيَوْمَ الْآخِرَ وَلَا تَعْثَوْا فِي الْأَرْضِ مُفْسِدِينَ» (عه‌نكه‌بووت/36) و به‌ره‌و گه‌لی مه‌دیه‌ن براكه‌یان شوعه‌یبمان (به پێغه‌مبه‌ری نارد) كه وتی: ئه‌ی گه‌لی من خوای گه‌وره بپه‌ره‌ستن و هیواتان به ڕۆژی دوایی هه‌بێ و له‌و وڵاته‌دا گه‌نده‌ڵی و ئاژاوه مه‌كه‌ن. دڵنیای كردنه‌وه كه من ئامانجێكم نییه جیا له چاكسازی گشتیی ژیان و دواڕۆژی ئێوه و كۆمه‌ڵگا: «إِنْ أُرِيدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ»
له سیسته‌می چه‌مكه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئیسلامی، دوو چه‌مكی ڕێنیشانده‌ری «چاكه» و «پارێزكاری» هه‌ن كه فه‌رمانی خوا جه‌ختی له‌سه‌ر كردووه «وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَىٰ»، گرینگی تایبه‌تیان هه‌یه.
«چاكه» باس له به‌رژه‌وه‌ندی و چاكسازی دونیایی ده‌كا و «پارێزكاری»ش باس له به‌رژه‌وه‌ندی و چاكسازی دواڕۆژ ده‌كا. سرووشتییه كه به‌رژه‌وه‌ندی دونیا به‌هۆی دادپه‌روه‌ری و پابه‌ندی به فه‌رمانی خوا و به‌رژه‌وه‌ندی دواڕۆژ به‌هۆی عیباده‌ت و به‌ندایه‌تی وشیارانه و دڵپاكانه دێته دی.
جێی ئاماژه‌یه كه خوای گه‌وره له لایه‌كه‌وه مرۆڤی به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دێ هێناوه كه له‌ڕێی گه‌شه و باڵاكردن و لابردنی كه‌مایه‌سییه‌كان پێویستی به هاوكاری و به‌شداری هه‌یه و له لایه‌كی تره‌وه هیچ مرۆڤێكی ته‌واو و كه‌ماڵ به‌دی نه‌هێناوه كه له سه‌ره‌تای به‌دونیاهاتنی تا ڕۆژی كۆچی دوایی پێویستی به كه‌سی تر نه‌بێ؛ به‌ڵكوو مرۆڤه‌كان و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌رده‌وام بۆ دابنكردنی پێداویستیی و كه‌مایه‌سییه‌كان و گه‌یشتن به پێشكه‌وتن و گه‌شه و گه‌یشتن به ناساندن و هه‌ڵسوكه‌وت و هاوكاری له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك كه له‌ودا ده‌ژین پێویستیان پێیه؛ له‌و بواره‌وه قوڕئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێ: «وَرَفَعْنَا بَعْضَهُمْ فَوْقَ بَعْضٍ دَرَجَاتٍ لِّيَتَّخِذَ بَعْضُهُم بَعْضًا سُخْرِيًّا وَرَحْمَتُ رَبِّكَ خَيْرٌ مِّمَّا يَجْمَعُونَ» (زوخڕوف/32) و پله و پایه‌ی هێندێكمان به‌رز كردۆته‌وه به‌سه‌ر هێندێكیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موویان كاروباری یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن و كه‌ڵك له لێهاتوویی و توانایی یه‌كتر وه‌ربگرن، جا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌هره و به‌خششانه‌دا ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی په‌روه‌ردگاری تۆ له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه خه‌ڵكی كۆی ده‌كه‌نه‌وه چاكتر و به‌نرختره.
جێی ئاماژه‌یه كه "سخره" (كه‌ویكردن) لێره‌دا به واتای چه‌وساندنه‌وه‌ی سته‌مكارانه نییه، به‌ڵكوو ئاماژه به پێویستبوونی هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رامبه‌رانه و دابینكردنی پێداویستییه‌كان و به‌كاربردنی بۆ خزمه‌ت به یه‌كتر و درێژه‌ی ژیان و هاوكاری له‌سه‌ر چاكه و پارێزكاری و كه‌ڵكوه‌رگرتن له توانایی و لێهاتووییه‌كان و بلیمه‌ت و خولقێنه‌ری جیاوازی مرۆڤه‌كان ده‌كا، هه‌ر وه‌ك كه له پێوه‌ندی نه‌ته‌وه‌كانیشدا، نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌ن سه‌رچاوه سرووشتییه‌كانی وه‌ك غاز، نه‌وت و...یه و ئه‌وی تر ته‌كنه‌لۆژیای هه‌یه و یا نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی هێزی مرۆیی و خاكی گونجاوه بۆ كشتوكاڵ و گه‌شتیاری و یا ئاسه‌واری مێژوویی و دیمه‌نی دڵڕفێنی هه‌یه و ته‌واوه‌تیشی له‌به‌ر ده‌ستی مرۆڤ دایه تاكوو له ئاكامدا مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگا به گه‌شه و پێشكه‌وتن بگه‌ن. ئاشكرایه كه له ئاكامدا له‌سه‌ر گۆی ژیان ته‌نیا دوو ڕێگا بۆ مرۆڤ هه‌یه بۆ دابینكردن و گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان: یا ناسین و هاوكاری به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و یا شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوون و ناچاركردنی ئه‌وانی تر و داڕنینی سه‌ربه‌ستی و چه‌وساندنه‌وه‌ی زاڵمانه.
له كۆتایی وته‌كانمدا و به‌پێی ئامانجی لایه‌ن و بزافه‌كانی ئیسلامی جه‌خت ده‌كه‌م: كه بیر و بۆچوون ده‌توانێ كاریگه‌ری هه‌بێ و كۆمه‌ڵگا بخاته ژێر كاریگه‌ری خۆی كه بنچینه‌دار، ڕیالیست، تێكۆشه‌ر و چالاك بێ و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرفته‌كانی خه‌ڵك و پێداویستییه‌كانی ڕۆژگار، قسه‌یه‌كی بۆ وتن هه‌بێ؛ ته‌نیا بنچینه‌داری و پیرۆزبوونی فكر و بۆچوون بۆ كاریگه‌ری و گه‌شه و پێشوازی و قه‌بووڵكردنی به‌رده‌نگان به‌س نییه؛ چونكه له‌وانه‌یه فكرێك ڕه‌سه‌ن و پیرۆزیش بێ، به‌ڵام به هۆی هێندێ هۆكار كاریگه‌ر و په‌سه‌ند نه‌بێ و له به‌رامبه‌ردا فكرێك ڕه‌سه‌نی و پیرۆزیی نه‌بێ، به‌ڵام به‌ستێنی په‌سه‌ندكردن و وه‌رگرتنی له كۆمه‌ڵگادا ته‌یار بێ و پێشوازی لێ بكرێ و هه‌ڵبژێردرێ. بۆ نموونه، فكری كۆمۆنیزم، بۆ ده‌یان ساڵ نیوه‌یه‌ك له جیهانی خسته ژێر ڕكێفی خۆی.
هێندێ جار له‌وانه‌یه فه‌زیله‌تی كاریگه‌ری و چالاكی، له‌سه‌رووی فه‌زیله‌تی ڕه‌سه‌نایه‌تی و پیرۆزیدا بێ. بۆیه پێویسته ڕه‌سه‌نایه‌تی و پێرۆزیی بیر و بۆچوون، له‌گه‌ڵ یاسای ڕۆژگار و هێزی وه‌ڵامده‌ری سه‌باره‌ت به پێداویستییه‌كانی نوێی مرۆیی و پێداویستییه‌كانی ڕۆژگار و شوێنه‌كان بگونجێنی و به‌ستێنه‌كانی گه‌شه و كاریگه‌ری له گۆڕه‌پانی كرده‌وه‌دا ته‌یار بكرێن.
والسّلام علیكم ورحمة الله وبركاته
بۆچوونه‌کان