مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی، ئهمینداری گشتی جهماعهتی دهعوهت و ئیسلاح، له دوایین دانیشتنی لێژنهی بەڕێوبەرایەتی ناوهندی و بەرپرسانی پارێزگاکان لە شاری تاران، جەختی لەسەر دیترپەزێری و ڕێزگرتن لە فرەلایەنی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیسلاحوێب، لەم دانیشتنهدا، ئەمینداری گشتی جەماعەت ڕایگەیاند: «بزاڤە ئیسلامییهکان تا ئەو کاتەی لە ئیش و کاری خۆیاندا، بەرپرسیار، دڵگەرم و تێکۆشەر بن، ڕۆڵی خۆیان دهگێڕن، بێجگە لەمە، کەسانی دیکە، جێگای ئەوان دەگرن. ئەم ھەستیە گوێبیستی یاسا و ڕەوشتی پەروەردگارە و چەنێ جوانە کە ئێمەش یەکدەنگ لەگەڵ ئەم ھەستیە، ئاگادارانە گوێڕایەڵی یاسا و فەرمانەکانی پەروەردگار بین. قورئان و سوننهت گشتگیرە و بۆ ھەموو سەردهم و ھهموو شوێنێک پەیامی پێیە و ئێمەش پێویستیمان بە نوێبوونەوە و تێکۆشانی بێوچان بە پێی ئامۆژەکانی قورئان و سوننهت ھهیە. لە قورئاندا ھاتوچۆی خۆر و مانگ و شەو و ڕۆژ، بە دەسەڵات و یاساکانی پەروەردگار لەم گەردوونەدا ئاماژە دەکا و ئەم بنەما سەرەکییەمان بیر دەخاتەوە کە لە ئاسمانەوە تا زەوی، ھەمووی ئامانجێکی بۆ دیاری کراوە بۆیه لهم یاسایانە دهر ناچن.
سەبارەت بە گرینگی «نوێبوونەوە» وتی: ژیان و بوون، پێویستی بە نوێبوونەوەی بەر دهوام ھەیە، بۆیه ئهو کهسانەی کە لە ڕابردوودا دەژین، لە جێبەجێکردنی نیازەکانی ئەمڕۆ و لابردنی گرفتەکانی سەردەمی خۆیان، عاجزن».
مامۆستا پیرانی لە درێژهدا وتی: سەبارە بە فەرزی کیفایی (فرض كفايي) دەبێ بڵێم بە داخەوە ئەو واتایانە لەچن خاڵێکدا کورت بوونەتەوە، بەڵام بازنەی فەرزی کیفایی زۆر بەربڵاوتر و زیاترە و ھەموو لایەنەکان وەک: خزمەتی گشتی و چالاکی کۆمەڵایەتی کە ڕێکخراوە و حیزب و گرووپەکان بۆ خزمەتکردنی ئایین و بەندەگانی خودا و کۆمەڵگا و ھەموو ھاووڵاتیان ئەنجامی دەدەن، دەگرێتە بهر.
ئەندامی ناوەندی شۆڕای یەکیەتی زانایانی موسوڵمان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ گەورەترین مەترسی لەسەر جیھانی ئیسلام، جیاوازی و تەفرەقەیە. وێڕای ئەوەی کە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، جیاوازی شتێک ڕێ پێدراوە، بەڵام گرفتەکە لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە بە یاسا و چوارچێوە و شێوازی لێکتێگەیشتن پابەند نابن. یەکترقەبووڵ نەکردن و بێبـڕوا بوون بە فرەچەشنی، پێچەوانەی یاسای ئایینە. بنەما لەسەر ئەوەیە کە ئێمە جیاوازییەکان بە بایەخ دابنێین، نەک ئامرازێک بۆ دوژمنی و ئاژاوەگێڕان و پچڕاندنی برایەتی.
ئەمێنداری گشتی جەماعەت بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە پێویستە یەکترپەزێری و فرەچەشنی لە نێوان کۆمەڵگا و تەواوی خەڵکدا زیاتر بایەخی پێ بدرێ و نەریتی فرەچەشنی و دیترپەزێری، لە خوێندنگاکان، زانکۆ و حوجرەکان وەکوو وانە و فێرکاری پەرەی پێ بدرێت. ھەروەھا جەختیشی کرد: ئەگەر خوازیاری پێکەوە بوون و یەکبوونی نەتەوەیین، دەبێ بە کردەوە بیسەلمێنین و لە خۆمانەوە دەستی پێ بکەین ، لە ڕوانگەی ئایینەوە، ھەموو مرۆڤەکان جێگای ڕێزن و نابێ لەبەر جیاوازی ئایین و ڕەگەز و نەتەوە و ... ھتد مرۆڤەکان تووشی جیاوازی بن.
مامۆستا پیرانی لە کۆتاییدا وتی: بە ڕوانینێک بۆ ئاکار و شێوەی ژیانی پێشەوای مرۆڤایەتی، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، کاتێ کە مەدینەی گرت، دەبینین کە ڕێزی بۆ ھەموو دانیشتوانی شاری مەدینە دانا و ھەموو ئەو یاسایانەی ئایینی سەبارەت بە دیترپەزێری و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی و فرەلایەنی گرت.
بۆچوونهکان