مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح له دووهه‌مین دانیشتنی كۆنگره‌ی پێنجه‌می جه‌ماعه‌ت، له ڕاپۆڕتێكی تێروته‌سه‌لدا دۆخی وڵات و بێداری ئیسلامیی و ئه‌ركه‌كانی شوڕای ناوه‌ندیی و ئه‌مینداری گشتیی خسته ڕوو.
ده‌قی ته‌واوی وته‌كانی مامۆستا پیرانی، ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌ت به‌م چه‌شنه‌یه:
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
حه‌مد و سپاس بۆ خوای دڵۆڤان و دروود و سه‌لام ده‌نێرین بۆ سه‌ر پێغه‌مبه‌ران و به‌تایبه‌ت كۆتا پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و هاوه‌ڵانی ئه‌مه‌گناسی و خزمه‌تكارانی دین و مرۆڤایه‌تی. یاد و بیره‌وه‌ری هاوه‌ڵان و هاوڕێیانێك كه له دامه‌زراندن و سه‌قامگیری و ده‌وامی ئاماده‌بوونی شیاوی جه‌ماعه‌ت له گۆڕه‌پانی فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵات ڕۆڵیان گێڕاوه به‌رز ده‌نرخێنین و بۆ خۆشه‌ویستانێك كه وه‌ڵامی بانگه‌شه‌ی په‌روه‌ردگاریان داوه‌ته‌وه و ڕه‌حمه‌ت؛ لێبووردن و فیرده‌وسی به‌رز و به‌رین داوا ده‌كه‌ین.
سپاسی خوای گه‌وره ده‌كه‌ین كه یارمه‌تی داین دوای تێپه‌ڕینی دوو ساڵ له كۆنگره‌ی پێنجه‌می جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، دووهه‌مین دانیشتنیش به‌شێوه‌ی مه‌جازی به‌ڕێوه ببه‌ین.
به‌خێرهاتنی ئه‌ندامانی ڕێزداری كۆنگره‌ی پێنجه‌می جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح ده‌كه‌م و ئاواته‌خوازم به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و دانیشتنه‌مان ئاویته‌ی لوتف و ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار بێت.
پێویسته ئاگادارتان بكه‌مه‌وه كه به‌هۆی دۆخی تایبه‌تیی ئێستا، وێڕای خواستی ده‌روونی و تاسه‌ی زۆرم بۆ چاوپێكه‌وتنی ڕووبه‌ڕووی ئێوه خوشكان و برایانم، ئه‌و دانیشتنه به‌شێوه‌ی ئانلاین به‌ڕێوه ده‌چێ. وێڕای سوپاسگوزاریمان له ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌ستێنی ئه‌و دانیشتنه‌یان پێك هێناوه، وته‌كانم له چه‌ند ته‌وه‌ردا پێشكه‌شتان ده‌كه‌م:
١- شوڕای ناوه‌ندی
٢- ئه‌مینداری گشتی
٣- جه‌ماعه‌ت
٤- وڵات
٥- بێداری ئیسلامی
١) شوڕای ناوه‌ندی
له‌و چاخه دوو ساڵه‌یه‌دا، شوڕای ناوه‌ندیی به‌گشتیی ٢٠ كۆبوونه‌وه‌ی به‌شێوه ڕووبه‌ڕوو و مه‌جازی به‌ڕێوه بردووه و وێڕای تاوتوێكردنی بابه‌ت‌گه‌لی جۆراوجۆری ڕۆژگار و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاركردی جێگر و لقه‌كان، ٤٠ په‌سندكراوی هه‌بووه و ٤ به‌یاننامه‌ی بڵاو كردۆته‌وه. چاوه‌دێری و لێكدانه‌وه‌ی دۆخی كۆمه‌ڵگا و جه‌ماعه‌ت، داڕشتن و په‌سندكردنی پێكهاته‌ی نوێ به مه‌به‌ستی چالاككردنی ڕێكخراوه، تاوتوێكردنی به‌رنامه‌كان و په‌سندكردنی خاڵه‌كانی پێشنیاریی به ئه‌مینداری گشتیی به مه‌به‌ستی چاوه‌دێری جێگران، په‌سه‌ندكردنی ئامانجه‌كان و ڕێكاره‌كانی چوار ساڵه‌ی جه‌ماعه‌ت، به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی چاوه‌دێری به بانگه‌شه‌ی جێگران و به‌ڕێوبه‌رانی ناوه‌ندی و هێندێ بنكه، چاوپێكه‌وتنی ئانلاین له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی لقه‌كان، له قاڵبی تاقمی چه‌ند كه‌سیدا له ١٣ دانیشتنی جیاواز و تاوتوێكردن و په‌سندكردنی بوودجه‌ی ساڵانه له گرینگ‌ترین چالاكییه‌كانی شوڕای ناوه‌ندیی له‌و خوله‌دا بووه.
٢) ئه‌مینداری گشتی
ئه‌مینداری گشتی جیا له ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی شوڕای ناوه‌ندی و ئاماده‌بوون له دانیشتنه‌كاندا، كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و چالاكیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هه‌بووه، بۆ نموونه: ئاماده‌بوون له لقه‌كان به مه‌به‌ستی ناساندنی به‌رپرسان و سه‌قامگیری پێكهاته‌ی نوێی جه‌ماعه‌ت، هه‌ڵبژاردنی به‌رپرسی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی، لێژنه‌ی داوه‌ری، ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه، بنكه‌ی هه‌ڵبژرادن و جێگرانی ناوه‌ند، به‌شداری له دانیشتنه‌كانی لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، جێگریی فێركاری په‌روه‌رده‌یی، بنكه‌ی هه‌ڵبژاردن، چاوپێكه‌وتن و دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌ت و هێندێ كه‌سایه‌تی زانكۆیی و ڕامیاری وڵات و هه‌روه‌ها به‌شداریی ئانلاین له دانیشتنه‌كانی یه‌كیه‌تی جیهانی زانایانی موسوڵمان و كۆنگره‌كانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی به شێوه‌ی خواره‌وه به‌جێ گه‌یاندووه:
له كاره گرینگه‌كانی تری ئه‌مینداری گشتی:
• به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵوێسگیری گشتیی جه‌ماعه‌ت
• ڕاوێژ به مه‌به‌ستی ناساندنی یه‌كه‌مینه‌كانی جه‌ماعه‌ت به دوورنواڕێك له داهاتوو
• چاوه‌دێری به‌رده‌وام به‌سه‌ر ڕه‌وتی داڕشتنی به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌ییدا
• چاوه‌دێری و تاوتوێكردنی بابه‌ته‌كانی دونیای ئیسلام و ناوخۆی وڵات
. • پاراستن و به‌هێزكردنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێشه‌نگانی جه‌ماعه‌ت
• پاراستن و به‌هێزكردنی پێوه‌ندی جه‌ماعه‌ت له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی پێوه‌ندیدار
٣) دۆخی جه‌ماعه‌ت
«قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي وَسُبْحَانَ اللَّهِ وَمَا أَنَا مِنَ الْمُشْرِكِينَ» (یووسف/١٠٨)
په‌یامی سه‌ره‌كی ئایه‌ته‌كه، پێویستی ڕوونبوونی ئامانجه‌كان، ڕێكار و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانه. بانگه‌شه‌ی وشیارانه به‌ره‌و خوا، به‌دڵنیایی و بوڕهان و زانستی پێویست سه‌باره‌ت به هه‌قیقه‌تی بانگه‌وازی، سوننه‌ت و به‌رنامه‌ی منه.
بانگه‌وازی به‌ره‌و خوا نیشانه‌ی خێرخوازیی و په‌یامێكی جیهانی و پێویستیی مرۆڤایه‌تییه كه دوای كۆتا په‌یامی په‌یامهێنه‌ران، په‌دیهێنه‌ری كه‌ون ئه‌ركی گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه ئایینیی جیهانی و هه‌رمانه‌ی خسته ئه‌ستۆی بڕواداران.
«وَلْتَكُن مِّنكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ ۚ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ» (ئالی عیمڕان: ١٠٤)
بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركه گرینگه پێویسته له بواری چاكسازیی ده‌روون، پاككردنه‌وه و گه‌شه‌ی ئه‌و له لایه‌ك و له لایه‌كی تر بۆ گۆڕانكاریی ئه‌رێنی دۆخ و ئه‌حواڵی ده‌ورووبه‌ر، به لێزانی و پشوودرێژی هه‌وڵی پته‌و بدرێ. چونكه گه‌یشتن به‌و بابه‌ته گرینگه به گه‌یشتن به دوو خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی به‌ستراوه‌ته‌وه:
سه‌ره‌تا: له‌سه‌رتری ڕوحی و به‌رزی مه‌عنه‌ویی كه بناغه و بنه‌مای به‌ندایه‌تیی وشیارانه و دڵپاكانه‌ی خوای گه‌وره پێك دێنیت.
دووهه‌م: له‌سه‌رتریی و جیاوازیی كۆمه‌ڵایه‌تی كه هه‌وڵدان بۆ ئاوه‌دانی زه‌وی، دادوه‌ری، ده‌سه‌ڵاتداریی یاسا، پابه‌ندبوون به ڕاوێژكاری و ئاوه‌زی به‌كۆمه‌ڵ و داهێنه‌ری و گه‌شه وه‌ك كۆله‌كه‌كانی هه‌ژمار ده‌كرێن.
له‌و بواره‌وه، جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح وه‌ك ڕێكخراوه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری له ئێران‌دا، به ڕه‌چاوكردنی فره‌چه‌شنی و جیاوازیی كۆمه‌ڵگای ئێرانی و به پابه‌ندی به به‌ڕه‌وازانین و یه‌كترقه‌بووڵكردن و خۆپاراستن له ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینزایی و به پابه‌ندبوون به بنه‌مای ڕاوێژ و ئاوه‌زی به‌كۆمه‌ڵ و یارمه‌تیدانی یه‌كتر و هاوكاری له‌سه‌ر چاكه و پارێزكاری و خۆپاراستن له تووندئاژوویی و تونوتیژی، ده‌رگاكانی هاوسه‌نگی و میانه‌ڕه‌وی به‌رو ڕووی كۆمه‌ڵگا كردۆته‌وه و له مه‌ودای زیاتر له چوار ده‌یه ئاماده‌بوون له گۆڕه‌پانی كۆمه‌ڵگادا، هه‌نگاوی ئه‌رێنی و خزمه‌تی بایه‌خداری پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگا كردووه.
له‌وبواره‌وه جه‌ماعه‌ت وه‌ك باشترین هه‌ڵبژارده و هۆكارێكی شیاو بۆ گه‌یشتن به ڕه‌زامه‌ندی خوا و سه‌روساماندان به كاروباری ژین و ژیانێكی هاوسه‌نگ و واتادار و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان و خزمه‌ت به ئایینی خوا و به‌نده‌كانی ده‌زانین.
ئێمه نوێخوازی وه‌ك پێویستییه‌كی شه‌رعی و واجبێكی سه‌رده‌میانه‌ی له خزمه‌ت جیهانیبوون و به‌رده‌وامی ئایین ده‌زانین. جه‌ماعه‌ت له‌ژێر تیشكی لوتف و میهره‌بانی خوای زانا و كارزان و له‌ژێر سێبه‌ری ئاوه‌زی به‌كۆمه‌ڵ و برایه‌تی ئیمانی و یه‌كپارچه‌یی ڕێكخراوه‌یی توانیویه‌تی له لایه‌ك به تێگه‌یشتنێكی ورد له دۆخ و كه‌ره‌سه و به‌ستێنه‌كان بگات و له لایه‌كی تر به جه‌خت له‌سه‌ر ڕاشكاوی، ڕوونكاری، ڕاستبینی، سه‌ربه‌خۆیی و ته‌كووزی پێكهاته و به‌رنامه و سیاسه‌ته‌كان به‌پێی پێداویستیی كات و شوێن، به ناسینی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئامانجدار نزیكتر بێته‌وه.
جه‌ماعه‌ت چاك ده‌زانێ كه په‌یامی ئایه‌تی: «كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ...» جه‌ختێكه له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی خێرخوازی، دڵسۆزی، ده‌سته‌به‌ریی: هاوكاری و به‌هێزكردنی پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی، تاكوو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی و به‌تایبه‌ت شارۆمه‌ندانی ئێرانی بۆ به‌خته‌وه‌ری و خۆشبه‌ختی، یارمه‌تی یه‌كتر بده‌ن و به‌ستێنی پێوه‌ندییه‌كی شارستانییانه ته‌یار بكه‌ن.
جه‌ماعه‌ت له وڵاتی ئێران، كۆمه‌ڵێك له شه‌ریك و هاوه‌ڵ و هاوچاوی له لایه‌ن و جه‌ماعه‌تی جۆراوجۆر و ناوه‌ندی حكوومی هه‌یه. وه‌ك:
• لایه‌نه فه‌رمییه‌كان و بزووتنه‌وه‌كانی سیاسی چالاكی وڵات
• ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كان
• قوتابخانه ئایینی و فێرگه‌كانی ئایینی
• كه‌سایه‌تییه‌كانی ناودێر و كاریگه‌ر
• ناوه‌نده حكوومییه‌كان
• بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێباز و پێگه‌ی شیاو له كۆمه‌ڵگادا، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك پێویسته:
- پێوه‌ندی لقه‌كانی جه‌ماعه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ركامیان چۆنه؟
- ئایا جه‌ماعه‌ت بۆ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌ركامیان پێشقه‌ده‌م بووه؟
- لقه‌كانی جه‌ماعه‌ت تا چ ڕاده‌یه‌ك توانیویانه هاوسه‌نگی نێوان ڕێسای هاوكاری و جیاوازیی ئه‌و لایه‌نانه پێك بێنن؟
- لقه‌كانی جه‌ماعه‌ت له‌و بواره‌وه چ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌كیان داڕشتووه؟
- جه‌ماعه‌ت له ئاستی كام لق و یا نووسینگه، لایه‌نێكی كاریگه‌ره؟
- ڕاده‌ی ناسینی خه‌ڵك له هه‌مبه‌ر هه‌بوونی جه‌ماعه‌ت و سیاسه‌ته‌كان، ڕوانگه و خزمه‌ته‌كانیان له لقه‌كاندا چۆنه؟
- بۆ ناسینی جه‌ماعه‌ت چ ڕێكار و ته‌گبیرێك ڕه‌چاو كراوه؟
٤) وڵات
ئێران كۆمه‌ڵگایه‌كی فره‌چه‌شنه كه جۆراوجۆریی فه‌رهه‌نگیی، ئایینزایی، هۆزیی و بڕوایی له‌خۆی ده‌گرێ و خه‌ڵكی ئێران تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ژیانی ئاشتیخوازانه‌ی له‌نێو خۆیدا پاراستووه. كۆمه‌ڵگای ئێرانی له‌كاتێكدا هێندێ له به‌هاكانی ئیسلامی و سوننه‌تی خۆی پاراستووه، له‌هه‌مان كاتدا هێندێ به‌های نوێگه‌ریشی وه‌رگرتووه و له ئاستی جۆراوجۆردا گه‌شه و واڵای بیری هه‌بووه كه به‌ربڵاوترینی بریتییه له داوای ماف و ئازادی بنه‌ڕه‌تی له لایه‌ك و هاوهه‌نگاوی له‌گه‌ڵ جیهانیبوون له لایه‌كی تر.
ئاشكرایه دیارده‌ی جیهانیبوون، هاوكات له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی و هێزی ته‌كنه‌لۆژیا و ته‌قینه‌وه‌ی زانیارییه‌كان، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی ئێران و به‌تایبه‌ت شێوازی دینداری ئه‌وان داناوه كه ئامانج و ئه‌ركی زانایان و بانگخوازانی دووبه‌رابه‌ر كردووه كه گۆڕینی وتووێژ و ئه‌ده‌بیاتی گونجاو له‌گه‌ڵ دۆخ و پێداویستیی و گۆڕانكاریی و گرفته‌كانی پێشهاتوو پێویست ده‌كا.
یه‌كه‌م) دۆخی ئابووری
وڵاتی ئێمه خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی ئابووری و خه‌زێنه‌ی وه‌ك نه‌وت، غاز، مادده كانزاییه‌كان، زه‌وی كشتوكاڵی به‌راو، جیاوازیی كه‌شوهه‌وا و هه‌وره‌ها ژێرخانه‌كانی سروشتیی ڕێگا و باڵاخانه و كاره‌با و غاز و ئاو و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه. جیا له‌وه، توانایی زانكۆكان و لێهاتووانی زانستی و زانكۆیی، گه‌شه‌ی به‌رچاو له بواری پیشه‌ی ئاسمانگه‌ڕ و نانۆته‌كنه‌لوژیا و شه‌ریكه‌كانی بنه‌مازانستییه‌كان، هه‌بوونی ناوه‌ندی فێركاری تیۆره‌كی و كارامه‌یی و هه‌روه‌ها ناوه‌ندی ته‌ندرووستی و چاره‌سه‌ری، بۆته هۆی كه‌ڵه‌كه‌ی ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو له سه‌رمایه مرۆییه‌كان.
هه‌رچه‌ند ئاڵۆزی و په‌شێوی له ڕێكاره‌كانی ته‌رخانكردنی سه‌رچاوه و دابه‌شكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری، ئیزن به‌وه نادا كه ته‌واوی خه‌ڵكی ئێران به شێوه‌یه‌كی گونجاو له كیكی ئابووری وڵات به‌شدار بن.
هێندێ ڕێكاری هه‌ڵه‌ی سیاسی، ده‌ستێوه‌ردانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری حكوومه‌ت له ڕێوشوێنی سروشتی بازار، ڕه‌چاونه‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندیی بازرگانی سه‌ربه‌ست، په‌ره‌سه‌ندنی نیزامی چه‌ند نرخی و ڕانتیی‌بوونی ئابووری، بایكۆتی ده‌ره‌كی، لێڵبو‌ونی پێوه‌ندیی بازرگانی له‌گه‌ڵ هێندێ له وڵاتانی به‌رچاوی جیهان و په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی ئابوویی و ئیداریی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر گه‌لی ئێرانی له به‌رهه‌می شیرینی ئاسووده‌یی و ڕه‌زامه‌ندی و واتا (گه‌شه) بێبه‌ش كردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێ ده‌كرێ تاك و گرووپه‌كانی ژێده‌ر له چاكسازیی ئه‌و ڕوانگانه‌ی كه ده‌بنه هۆی بێسه‌رووبه‌ری ئابووریی ئێستا، ڕۆڵێ ئه‌رێنی بگێڕن؛ به‌شكم بتوانین بڵێین كه له دۆخی ئێستاكه‌دا، وشه‌گه‌لی ئابووری له‌سه‌ر ڕێبازی چاكسازیی كۆمه‌لخوازییدا تێده‌په‌ڕێت.
دووهه‌م) دۆخی كولتووری
ئێران خاوه‌نی كولتوور و ژیاریی كۆن و مێژووییه. هه‌رچه‌ند به‌شێك له كولتووری ئێمه بۆته میراتێكی جیهانی، به‌ڵام به‌داخه‌وه هێندێ به‌شی تری به‌توندی مه‌ترسی له‌ناوچوون و تێكڕوخانی له‌سه‌ره. وه‌ك بنه‌ماڵه، پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ندیی خزمایه‌تیی، سه‌نعه‌ته ده‌ستییه‌كان و... به‌ڵام له لایه‌كی تر ڕووكردنی خه‌ڵكی ئێران به ئه‌زموونی نوێ و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تر بۆته چاكسازیی و به‌رزبوونه‌وه‌ی هێندێ بواری كلتووریمان. به‌تایبه‌ت وه‌لانانی ده‌مارگرژیی توندی نه‌ته‌وه‌یی، ڕه‌چه‌ڵه‌كی، ئایینزایی و ڕه‌گه‌زیی، ئاستیی به‌رزی خوێندنی ئافره‌تان و ئاماده‌بوونیان له گۆڕه‌پانیی كۆمه‌ڵگادا، چالاكیی مه‌ده‌نی له چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه و ناوه‌نده‌كانی جه‌ماوه‌ریی؛ گرینگی‌دان به پاراستنی مافی ئاژه‌ڵان و ژینگه.
بۆیه ده‌بێ دان به‌وه دانێین كه گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ر شێوازی ژیانی خه‌ڵكدا هاتووه كه ناكرێ به ساكاریی لێی بگوزه‌رێین و له ئاخاوتن و وتووێژ و جۆری چالاكی و پێوه‌ندییدا چاوپۆشی لێ بكه‌ین.
سێهه‌م) دۆخی سیاسی
له مه‌ودای سێ ده‌یه‌ی ڕابردوو، ده‌سه‌ڵاتداریی له ئێران‌دا له‌نێوان دوو پڕۆسه‌ی سه‌ره‌كی ڕێفۆڕمخوازی و بنه‌ماخوازیی به لایه‌نگریی جیاواز له ئارادا بووه، هه‌ر بۆیه سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی زۆرتر پێوه‌ندییان به‌و دوو لایه‌نه‌وه هه‌بووه و له‌و ڕووه‌وه جۆری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانی جۆراوجۆر، جیاواز بووه.
بنه‌ماخوازه‌كان له سه‌رده‌می ئێستادا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست گرتووه و ئه‌ركه قورسه‌كان له بواریی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیان به‌ئه‌ستۆ گرتووه؛ بۆ نموونه: ته‌نگانه‌كانی ژیان، قه‌یرانی كه‌م‌ئاوی، ژینگه‌پارێزی، به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هێندێ وڵاتانی دراوسێ و به‌تایبه‌ت عه‌ڕه‌بستانی سه‌عوودی و ئیماڕات. هیوادارین حكوومه‌تی ئێستا بتوانێ هه‌نگاوی باش بۆ چاره‌سه‌ری ته‌نگانه و گرفته‌كان و باشتركردنی پێوه‌ندیی هه‌ڵێنیته‌وه و كه‌ره‌سه‌ی ئاسووده‌یی و ئارامی گه‌لی ئێران ته‌یار بكات.
٥) بێداریی ئیسلامی
هه‌روه‌ك ده‌زانن دوای ڕووخانی خه‌لافه‌تی عوسمانی و له دۆخێكی ژێر كاریگه‌ری بۆشایی هێزی سیاسیی ناوه‌ندی و له پایه‌داری هه‌وڵه‌كانی ژیانه‌وه‌خوازی و چاكسازیی كه‌سایه‌تییه‌كانی وه‌ك سه‌ید جه‌ماڵه‌ددین ئه‌سه‌دئابادی، موحه‌ممه‌د عه‌بده، ڕه‌شید ڕه‌زا، پێشه‌وا حه‌سه‌نی به‌ننا و كه‌سانی تر، هه‌نگاوی پته‌ویان له‌ژێر ناوی كاری ڕێكخراوه‌یی هه‌ڵێنا و وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو له ڕاستای گێڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی دیاری كرا. هه‌رچه‌ند ئه‌و ئامانجه به تێپه‌ڕینی كات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌كانی جیهانی نوێ له ڕێساكاری پڕۆسه‌ی سه‌ره‌كی خۆی لای دا، به‌ڵام پێشه‌نگان و چالاكوانانی بێداریی ئیبسلامی، به چالاكیی به‌ربڵاو و چاكسازانه‌ی خۆیان، خزمه‌تی بایه‌خداریان له بوارگه‌لی جۆراوجۆردا ئاراسته كردووه و له‌و ڕێبازه‌دا له هیچ هه‌وڵ و تێكۆشانێك درێغیان نه‌كردووه و گیان و ماڵی خۆیان فیدا كرد.
به‌ڵام ئێستا ئه‌و بێداریی جیهانییه دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ده‌یه له ته‌مه‌نی به‌به‌ره‌كه‌تی، ڕووبه‌ڕووی گرفتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی بۆته‌وه و زۆرێك له ئامانج و مه‌به‌سته به‌رزه‌كانیی؛ له ئه‌ستێره‌ی جیهانی ئیسلام تووشی گرفتی جددی بۆته‌وه، ئه‌وه‌ی بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له میسر، توونس، لیبی، سوودان، سه‌عوودی، عه‌ڕاق و ئیماڕات و... هاته پێش، شایه‌تی ئه‌و ڕاستییه‌یه.
هۆكار و كه‌ره‌سه‌ی هێندێ له‌و نامرادییانه، ده‌كرێ بریتی بن له خاڵه‌كانی ژێره‌وه:
یه‌كه‌م- له‌ڕاستیدا بارستایی، قووڵایی و به‌ربڵاویی ده‌رد و ئازار و په‌شێوییه‌كانی داسه‌پیو به‌سه‌ر ڕوح و ده‌روون و بنیاتی گه‌لی موسوڵمان، نه‌ك هه‌ر ده‌یان، به‌ڵكوو سه‌دان جار قووڵتر و به‌بڵاوتر و درێژخایه‌نتره له توانایی و لێهاتووییه‌كانیی پێویستی بزافه ئیسلامییه‌كان، به‌شێوازێك كه بنه‌بڕكردنی به شێوه‌ی سه‌رسه‌ری و خێرا مه‌یسه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكوو پێویستیی به بنیاتنان و په‌ره‌ی توانایی و لێهاتووییه‌كانی گونجاو له‌گه‌ڵ بارستایی گرفت و نه‌شته‌رگه‌ریی پسپۆڕان و چاكسازیی چاكسازان هه‌بوو.
دووهه‌م- یێگومان هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی شارستانییه‌تی كه ببێته هۆی ئه‌وه‌یكه كۆمه‌ڵگا له دۆخێكه‌وه به‌ره‌و دۆخێكی باشتر بڕوا، پێویسته به داڕشتن و ڕێكخستنی دوورنواڕی ڕوون و گشتیی و به‌رنامه‌یه‌كی پته‌و و ئامانجی شیاو له‌گه‌ڵ توانایی و لێهاتووییه‌كان و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كه‌مینه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌به‌ست، هه‌وڕا بێ.
سێهه‌م- ژیربێژی زۆری و خێرا و به‌رده‌وامی گۆڕانكارییه‌كان و نوێكردنه‌وه‌ی ژیان و سه‌رهه‌ڵدانی ڕاستییه‌كانی نوێ و ناڕێكییه‌كانی كۆمه‌ڵگا، به‌رپرسیاره‌تییه‌كی قورسی له‌سه‌ر شانی چالاكوانان و تێكۆشه‌ران و چاكسازانی كۆمه‌ڵگا و ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئێستادا داناوه، بۆیه به‌سه‌ر بزاف و لایه‌نه‌كانی ئیسلامیی سه‌رده‌م پێویسته تێگه‌یشتنێكی دروست و پابه‌ندی كرداریان سه‌باره‌ت به فیقهی یه‌كه‌مینه، فیقهی واقیع، فیقهی ئامانجی شه‌ریعه‌تیان هه‌بێ.
به‌داخه‌وه نه‌بوونی زانیاری و زانستی پێویستی هێندێ له شوێنكه‌وتووانی لایه‌نه ئیسلامییه‌كان؛ ئه‌وانی له داوی بێ‌ئاگایی و بیرساكاریدا گرفتار كردووه و دۆخی ناوچه‌یی و جیهانی ئه‌وانی به‌ره‌و گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی نایه‌كسان و بێ‌فایده بردووه كه ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌یكه له‌لایه‌ك به ئامانجه‌كانی خۆیان نه‌گه‌ن و له لایه‌كی تر كۆمه‌ڵگای ئیسلامی تووشی گرفت و كێشه بكه‌ن.
چواره‌م- ئاشكرایه ئامانجی سه‌ره‌كی له پێكهێنانی ڕێكخراوه و سه‌رهه‌ڵدانی لایه‌ن و بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كان، بریتییه له ته‌یاركردنی به‌ستێنی گه‌شه و نشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و یارمه‌تی به چاكسازیی كاروبار و ڕێنمایی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و چه‌مكه ئایینیه‌كان و پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی و سه‌روه‌ری و ژیانی شارستانییه‌تی واتادارانه. له ئاكامدا؛ گه‌یشتن به‌و ئامانجه به‌رزانه، پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه نه‌هزراوه‌كان و گرفتاربوون له داوی تێكهه‌ڵچوونی نابه‌رابه‌ر، وێرانه‌گه‌ری و ململانێیه.
پێنجه‌م- به‌رته‌سكبوونی لایه‌ن و بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كان له بازنه‌ی بیری گشتیدا و مانه‌وه له ڕابردوو و تێنه‌گه‌یشتن له پێداویستیی كات و شوێن و سروشتی سه‌رده‌م و هاوڕانه‌بوون له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی بیر و بۆچوونی و به‌هره‌مه‌ندنه‌بوونی شیاو له ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، له هۆكاره‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتوویی و دواكه‌وتوویی له ژیان هه‌ژمار ده‌كرێ.
و قوڕئانی پیرۆز چه‌نده جوان ده‌فه‌رموێ: «لِمَنْ شاءَ مِنْكُمْ أَنْ يَتَقَدَّمَ أَوْ يَتَأَخَّرَ»
هه‌روه‌ك كه یه‌كتاپه‌ره‌ستی و ناسینی دروستی په‌روه‌رێنه‌ر «له‌پێشتره»، كرداری باشه و به‌ندایه‌تی خوا، فێربوونی زانست و زانیاری و شاره‌زایی و باڵاده‌ستی، تێگه‌یینی پێداویستیی كات و شوێن، توانایی به‌هره‌مه‌ندی له ته‌كنه‌لۆژیای ڕۆژیش «له‌پێشتره».
شه‌شه‌م- كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر ئامانجێكی گشتیی و ڕێكاریی شیاو به‌پێی بارست و توانایی و هێزی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵێك و ده‌سه‌ڵاتداریی یاسای فراژووی لێهاتوویی و تواناییه‌كانی یاریده‌ر و ڕه‌چاوكردنی فره‌چه‌شنی و جیاوازیی یه‌كگرتوویی، بۆ سه‌قامگیری و هێمنایه‌تی چالاكییه‌كان ده‌بنه یاریده‌ر.
له‌به‌رامبه‌ردا، نه‌بوونی زانیاریی پێویست سه‌باره‌ت به دۆخێكی تێیداین و گرفت و مه‌ترسییه‌كان پێشه‌ڕوو و ناهه‌واهه‌نگی و په‌رتوبڵاوی ڕێكخراوه‌یی و نه‌زانی هه‌مبه‌ر ڕه‌وتی كولتووری كۆمه‌ڵگا و دواكه‌وتن له گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌یی و جیهانی و كاریگه‌ری و ئاكامه‌كانیی له‌سه‌ر چالاكییه‌كانی ئیسلامی، مه‌ترسییه‌ك گه‌وره هه‌ژمار ده‌كرێ.
خوشكان و برایانی به‌ڕێز:
هه‌روه‌ك ده‌زانن بنه‌ما، نه‌گۆڕ و به‌هاكان، گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا نایه‌ت؛ به‌ڵام شێواز؛ به‌رنامه و ڕێكاره‌كان كاتێك كارامه و به‌نرخن كه شیاوی دۆخ و حاڵووه‌زع و توانایی و پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌م بن، تاكوو ببنه هۆكارێك بۆ گه‌یشتن به ئامانج و پێشڕه‌وی له مه‌به‌سته‌كان.
له كۆتاییدا سه‌رنجی خوشكان و برایانم بۆ ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه ڕاده‌كێشم.
١. هه‌وره‌ك ئایینی پیرۆزی ئیسلام جیهانیی و هه‌رمانه، بانگه‌شه‌ی به‌ره‌و خواش جیهانی و هه‌تاهه‌تاییه، بۆیه به‌ها و پێگه‌ی لایه‌ن و ڕێكخراوه ئایینییه‌كان ده‌بێ به‌پێی به‌های بانگخوازی و ڕێنمایی خه‌ڵك و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ها و ڕه‌وشته جوان و به‌رزه‌كان هه‌ڵسه‌نگێندرێن.
٢. پێویسته لایه‌ن و بزووتنه‌وه‌كانی ئیسلامی خۆیان له‌گه‌ڵ ڕۆژگار و ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئێستا، بیر و پێداویستیی نوێ و ئامراز و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ هاواهه‌نگ بكه‌ن و جۆڕری چالاكیی گشتی و ناپسپۆڕی جێی خۆی به چالاكیی پسپۆڕیی و پته‌و و هه‌ڵبژێراو بگۆڕێته‌وه.
٣. هیوادارم كه لایه‌نه ئیسلامییه‌كان به په‌ندوه‌رگرتن له ڕابردوو و سنووره‌كانی پێشهاتووی سیاسی، به پاراستنی یه‌كیه‌تی و یه‌كپارچه‌یی ناوخۆیی و دیاریكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی هاوتا له‌گه‌ڵ پێداویستیی و تواناییه‌كانی، چالاكوانانه و به وره‌یه‌كی نوێ و هیوا به داهاتوو هه‌نگاو بنێنه‌وه.
٤. هیوادارم جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح كه پێگه‌یه‌كی جێمتمانه‌ی له وڵاتی ئێران به‌ده‌ست هێناوه و كه‌سایه‌تییانێكی تێگه‌یشتوو و لێهاتوو له خۆشكان و برایانی له‌گه‌ڵه، به پته‌وتر كردنی برایه‌تی و هاوڕێیه‌تی؛ یه‌كگرتوویی ڕێكخراوه‌یی، به‌رپرسیاره‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی و تێگه‌یشتنی دروستی سروشت و جه‌وهه‌ری جه‌ماعه‌ت، به شێوه‌یه‌كی شیاو، شكۆ و پێگه‌ی خۆیان به‌رزتر بكه‌نه‌وه.
«يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تَنْصُرُوا اللَّهَ يَنْصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ» (موحه‌ممه‌د/7)
«وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ وَسَتُرَدُّونَ إِلَى عَالِمِ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ» (ته‌وبه/105)
والسلام علیکم ورحمة الله وبرکاته
بۆچوونه‌کان