دوکتۆر عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری جەماعەت لهگەڵ شاندی پایەبەرزی بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل هەنییه، له تاران دیداری کرد.
ئەم چاوپێکەوتنە کە له ئێوارەی هەینی ١٥ی گەلاوێژ بەڕێوە چوو، دوکتۆر عەبدوڕڕەحمانی پیرانی ئەمینداری جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، وێڕای ستایشی سەقامگیری و خۆڕاگری خەڵکی فەلەستین و بەتایبەت نەواری غهززە له هەمبەر داگیرکەرانی خاکی موسوڵمانان، لهسەر گرنگی و پاراستنی یەکێتی ئوممەتی ئیسلامی و زیادکردنی هێزە پەرتوبڵاوەکانی موسوڵمانان، بە مەبەستی پشتیوانی له ئامانجی قودس و ئازادی یەکەمین ڕووگەی دیل و دەربەند جەختی کرد.
بهڕێزیان وێڕای ئاماژە به پێگەی مەسەله و دۆزی فەلەستین له لایەن وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت وڵاتی ئێران، جهختی کرد لهسەر پێویستی پابەندی دینی، ئاکاری و مرۆڤایەتی توێژە جیاوازەکانی ئێرانییەکان بۆ پشتگیری له وڵاتی فەلەستین و مەسەلەی دادگەرانە.
ئیسماعیل هەنییه سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس وێڕای ئاماژه به بەردەوامی سازکردنی شارۆچکە و داگیرکردنی ڕژێمی زایۆنی له خاکی فەلەستین و بەرەنجامەکانی گەمارۆی ستەمکارانەی نەواری غەززە، جهختی لهسەر خۆڕاگڕی و ڕاوەستاوەیی وڵاتی فەلەستین تا گەیشتن به خواست و مافە ڕەواکانی خۆی کرد.
لەم چاوپێکەوتنە هەردوو لایەن لهسەر دوایین گۆڕانکاری فەلهستین، ئاکامەکانی ململانێی شمشێری قودس، ڕۆڵی ئوممەت و وڵاتانی ناوچە و هەڵکەوتوانی سیاسی له پشتگیریکردن له وڵاتی فەلەستین و دەستدرێژی دوژمنی زایۆنیزم دژی وڵات، سەرزەمین و خاک و پیرۆزییەکانی فەلەستین وتووێژیان کرد.
هەردووک لا جهختیان کرد کە یەکێتی ئوممەتی ئیسلامی دەبێتە هۆی دەسەڵات و سەربەرزی و قودسیش کێشەی ناوەندی و هاوبەشە کە ئوممەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی داگیرکەر هاوڕا دەکات...
بۆچوونهکان