ئەمینداری گشتی بە سەرۆکایەتی کوتلەیەک سەردانی ئایەتوڵڵا ئەراکی، ئەمینداری گشتی «مجمع جھانی تقریب»ی کرد. لەم دیدارە کە لە بنکەی «مجمع تقریب مذاھب اسلامی» بەڕێوە چوو، دوکتۆر پیرانی وێڕای پیرۆزبایی‌کردن لە ھەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا ئەراکی وەکوو ئەندامی شارەزایانی ڕێبەرایەتی، وتی: «جەماعەت لەسەرەتاوە جەختی لەسەر لێک نزیکبوونەوە و وەرگرتنی یەکتر بووە، و ھەموو کات گرینگی بە ڕەواداری، دیترپەزێری و مامناوەندبوون داوە و تێکۆشاوین کە بێ‌مێھری و کەم سەرنجدانی ھەندێ لە بەرپرسان نەبێتە ھۆی ناھومێدی و بێ‌ھیوایی و لاگرتن.» ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە درێژەی قسەکانی دا وتی: «ئێمە لە مێژە کە بەرنامەکانی خۆمان لەسەر بەشی فیکری، کلتووری و پەروەردەیی تەرکیز کردووە و بۆ باسکردن لە داواکارییەکانی ئایینی و شوناسی ئەھلی سوننەت تێده‌کۆشین». ھەر وەھا زیادیشی کرد: «لە ئاستی جیھانیشدا، به‌ھۆی ھاوده‌نگی جەماعەت لە گەڵ بزاڤی ڕاپەڕینی ئیسلامی، بەشدارییەکی ڕوونمان بووە و لە ئاستی شۆڕای ناوه‌ندی یەکییەتی جیھانی زانایانی موسوڵمان، ھەوڵماندا کە ئەم دەزگایە ھەنگاوانێکی جیددی‌تر و کاریگەرتر بۆ لابردن و سڕینەوەی توندوتیژی لە ناوچەکەدا ھەڵبگرێت». ئایەتوڵڵا ئەراکی وێڕای پێشوازی و ماڵئاوایی لە ھەوڵەکانی جەماعەت وەکوو دەستەیەکی ڕێک و پێک کە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران ئەزموونی گەورەی بووە و ، بوونی بەرچاوی جەماعەتی لە ئاستی کۆمەڵگا و گۆڕەپانی سیاسەتی بە ئەرکێکی پێویست و پەسند دانا و له‌ چالاکییەکانی جەماعەت لە ئاستی جیھانی ئیسلام، بۆ لابردن و سڕینەوەی ناکۆکی، دەسخۆشی و ماڵئاوایی کرد. سەرۆکی «مجمع تقریب» وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی خۆی لەو ناکۆکییانەی کە بە ناوی ئایینەوە لە لایەن چەن بزاڤێکەوە لەم ناوچەدا پەرەی سەندووە و بوەتە ھۆی کێشە و نەمانی یەکیەتی وتی: «لەگەڵ بوونی ھەندێ گلەیی، لە ھەموو ھەنگاو و کۆششێک کە ببێتە ھۆی نزیکی زیاتر و کەمکردنەوەی گڕی کێشە و ناکۆکییەکانی ناوچەکە، پێشوازی دەکەین و ئامادەبوونی خۆمان بۆ ھەموو ھاوکارییەک کە ببێتە ھۆی یەکیەتی و یەکگرتن، دەردەبڕین. لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنە، ڕێزنامەیەک پێشکەشی ئایەتوڵڵا ئەراکی کرا. جێگای ئاماژەیە کە لەم دیدارەدا، حوجەتولئیسلام «علم الھدی» جێگری ئیش و کار ئێران لە «مجمع تقریب»، دوکتۆر لوقمان ستودە، دوکتۆر مەحمود وەیسی، دوکتۆر سەید ئەحمەد ھاشمی و کاک جەماڵ ئیسماعیلی بەشداری کرد.