ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌ت شه‌وی ٦ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٠ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌ت له پارێزگاكانی فارس، هۆرمۆزگان و بووشێهر له‌ڕێی ئیسكای ڕوومه‌وه جاوپێكه‌وتن و وت‌ووێژیان كرد.
ده‌قی وته‌كانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح به‌م چه‌شنه‌یه:
الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على أفضل المرسلين سيدنا محمد وعلى آله وأصحابه وأتباعه ومن دعا بدعوته إلى يوم الدين.
رَبَّنَا آتِنَا مِن لَّدُنكَ رَحْمَةً وَهَيِّئْ لَنَا مِنْ أَمْرِنَا رَشَدًا
رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا وَلِإِخْوَانِنَا الَّذِينَ سَبَقُونَا بِالْإِيمَانِ وَلَا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلًّا لِّلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَءُوفٌ رَّحِيمٌ
خوشكان و برایانی ئیمانی و ڕێزدارم له ناوچه‌ی ئایینپه‌روه‌ر و دڵاوای باشووری نیشتمانی به‌رینمان سڵاو و ڕه‌حمه‌ت و به‌ره‌كه‌تی خوای گه‌وره‌تان لێ بێت.
خۆم به‌خۆشحاڵ ده‌زانم و سپاسی خوای گه‌وره ده‌كه‌م كه یاوه‌رمان بوو تاكوو به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆژیای ڕۆژ كه به‌سه‌ر مه‌وداكان و وڵاتاندا بازی داوه، له كۆڕێكی ئیمانیدا به‌یه‌ك بگه‌ین، هیوادارم ئه‌و دانیشتنه ئاویته‌ی ئاماده‌بوونی فریشته‌كان و دابه‌زینی نوور و ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره بێ.
ئیسلام به‌رزترین بنه‌بانێكه كه بۆ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ی مرۆڤ و هه‌نگاونان له‌سه‌ر خولگه‌ی ئامۆزه‌كان و چه‌مكه بێ‌وێنه‌كانی تا ڕۆژی دوایی له لایه‌ن په‌روه‌ردگاری جیهانیانه‌وه داڕێژراوه و نێردراوه.
كاتێك خوای گه‌وره ویستی مرۆڤ له‌سه‌ر ئایینی سروشتیی كۆ بكاته‌وه، كۆتا پێغه‌مبه‌ری وه‌ك ڕێ‌نیشانده‌ر و ئیسلامی وه‌ك ئایینێكی جیهانی و هه‌رمان بڕیار دا و به‌هۆی گرینگی ئه‌و بابه‌ته، خۆی پاراستنی قوڕئانی پیرۆزی وه‌ك به‌ڵگه‌ی ڕه‌سه‌نی ئیسلام له‌ئه‌ستۆ گرت و جه‌ختی كرد كه: «انا نحن نزلنا الذکر و انا له لحافظون» كۆمه‌ڵه ڕاستییه‌كی جه‌وهه‌ری و غه‌یبیی له‌به‌رده‌م مرۆڤ دانا و ئه‌وی سه‌باره‌ت به ڕاستییه‌كانی كه‌ون، به‌دیهێنه‌ر و مرۆڤ ئاگادار كرده‌وه تاكوو گیرۆده‌ی ناكۆكی نێوان ڕاستییه‌كانی به‌رچاو و غه‌یب نه‌بێته‌وه و كۆمه‌ڵگا و ئه‌ركی جێنشینیی ڕووبه‌ڕووی گرفتی جۆراوجۆر نه‌كاته‌وه و له ئاكامدا له ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی كه ئاوه‌دانی و گۆڕانكاری و داهێنان و پێگه‌یشتنی به‌دیهێنراوه‌كان و ئاسه‌واری سه‌رسووڕهێنه‌ر و ده‌رخستنی یاسا و سوننه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌یه، دوور نه‌كه‌وێته‌وه.
بۆیه وته‌ی زانایانه‌ی «ژیانی له‌ڕێی خوادا» و گرینگی «مردنی له‌ڕێی خوادا» وته‌یه‌كی گونجاوه، چونكه ژین و ژیان موعجزه‌یه و پێویستی به ویست و ئیڕاده و پێداگری و ئاوه‌ز و تێفكرین و هیممه‌ت هه‌یه.
چه‌نده جوانه ئه‌و وته‌یه «علی قدر العزم تأتی العزائم».
بابه‌تی یه‌كه‌م؛ ڕۆڵ و پێگه‌ی ئه‌خلاق له ئیسلامدا:
ئه‌خلاق بنه‌ما و جه‌وهه‌ری ڕیساله‌تی ئیسلامییه، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای له‌سه‌ر بێ له فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیحدا فه‌رموویه‌تی: «إنَّمَا بُعِثْتُ لِأُتَمِّمَ مَكَارِمَ الْأَخْلَاقِ» چونكه ئیسلام ئایینی ئاشتی و هاوڕێیه‌تی و دادپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستی و هاوكاری و هاریكاری بووه و هاتووه كه فه‌زیله‌ته‌كانی ئه‌خلاقی ته‌واو بكات و ئه‌خلاقی بنه‌ڕه‌تی و په‌سه‌ند به‌هێز بكا و په‌ره‌ی پێ بدا و سه‌قامگیری بكات و له ڕیزی بڕوا و عیباده‌تیان هه‌ژمار بكات.
له دۆخێك‌دا كه بڕوا شتێكی قه‌لبی و ده‌روونی نێوان مرۆڤ و خوایه و عیباده‌تیش له خاكه‌ڕایی و جۆری به‌ندایه‌تی و ته‌سلیمبوونی وشیارانه و دڵپاكانه له به‌رامبه‌ر په‌روه‌ردگاردا خۆی ده‌نوێنیت؛ ئه‌خلاق وه‌رگه‌ڕاوه‌ی جۆری هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ خوا و هاوكاری له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كان و بوونه‌وه‌ر و هاوچه‌شنانیه‌تی.
هه‌ر بۆیه ئه‌خلاق له لایه‌كه‌وه بنه‌مای بنه‌ماڵه، جه‌ماعه‌ت و كۆمه‌ڵگای سه‌ركه‌وتوو پێك دێنیت و له لایه‌كی تر ژێربه‌نای شارستانییه‌ت و به‌رزكرده‌نه‌وی مه‌عنه‌وییه‌ته و له هه‌مان كاتدا ئامرازی هه‌ڵدێران و به‌هیلاكچوونی نه‌ته‌وه و شارستانییه‌ته‌كانیشه. له‌و بواره‌وه قوڕئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێت: «وَإِذَا أَرَدْنَا أَنْ نُهْلِكَ قَرْيَةً أَمَرْنَا مُتْرَفِيهَا فَفَسَقُوا فِيهَا فَحَقَّ عَلَيْهَا الْقَوْلُ فَدَمَّرْنَاهَا تَدْمِيرًا» (ئیسڕا:١٦) «و هه‌ر كات بمانه‌وێ دانیشتوانی شار و شاروچكه‌یه‌ك له‌ناو ببه‌ین، ئه‌وه سه‌ره‌تا فه‌رمانی گوێڕایه‌ڵی ده‌ده‌ین به ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان (كه گوێ به حه‌رام و حه‌ڵاڵ نه‌ده‌ن كه چاكه و چاكه‌كاری بكه‌ن) كه‌چی ئه‌وان یاخی ده‌بن و خراپه‌كاری ده‌كه‌ن له شاره‌كه‌دا، ئه‌وسا ئیتر شایسته‌ی ئه‌وه ده‌بن كه بڕیاری ئێمه‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت، ئینجا ئێمه‌ش كاولی ده‌كه‌ین به‌سه‌ر یه‌كدا و داروبه‌ردی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ناهێڵین»
هه‌وڵ و تێكۆشانی مرۆڤ ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیانه و زانایانه بێ، ئه‌جر و پاداشی چه‌ند قاتی هه‌یه. خۆشگوزه‌رانی و زێده‌ڕۆیی له دیندا:
١. خۆشگوزه‌رانی: سه‌ركه‌شی له سوودوه‌رگرتن له ناز و نیعمه‌ته‌كان
٢. زێده‌ڕۆیی له دیندا: ده‌رچوون له بازنه‌ی میانه‌ڕه‌وی و یاسا و ڕێسای شه‌رعی و نه‌ریتی
له‌ڕاستیدا نێوان بڕوا و ئیمان له لایه‌ك و فه‌زیله‌تی ئه‌خلاقی له لایه‌كی تره‌وه و نێوان عیباده‌ت و ئه‌خلاق پێوه‌ندییه‌كی پته‌و هه‌یه، به‌ڵكوو ئه‌خلاق سه‌مه‌ره و به‌رهه‌می سروشتی ئیمان و عیباده‌ت هه‌ژمار ده‌كرێ.
بۆیه سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی ئیمان و ئه‌خلاق فه‌رمووی: وَمَنْ كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ فَلْيَقُلْ خَيْرًا أَوْ لِيَصْمُتَ. مَنْ كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ فَلْيُكْرِمْ جَارَهُ. لَا إِيمَانَ لِمَنْ لَا أَمَانَةَ لَهُ وَلا دين لمن لَا عهد لَهُ.
نموونه‌ی پێوه‌ندی عیباده‌ت و ئه‌خلاق وه‌كوو:
١. ڕۆژوو: لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ
٢. زه‌كات: صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا
٣ حه‌ج: وَلَكِنْ يَنَالُهُ التَّقْوَى مِنْكُمْ
له نێوان ئه‌خلاق و بازرگان‌یش ڕاستگۆیی، ئه‌مانه‌تداری، دادپه‌روه‌ری و پێوه‌ندییه‌كی نزیك هه‌یه. له‌ڕاستیدا ته‌واوی بواره‌كانی ژیانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌خلاق پێوه‌ندییه‌كی نزیك و نه‌پساوه‌ی هه‌یه. وه‌ك: زانست و ئه‌خلاق، سیاسه‌ت و ئه‌خلاق، ئابووری و ئه‌خلاق و ته‌نانه‌ت له شه‌ڕ و ئاشته‌وایی و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیش، ئه‌خلاق ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه؛ بۆیه ده‌كرێ بڵێین ئه‌خلاق جه‌وهه‌ی ژیانه و دیاریكه‌ری ئاكار و ڕه‌وشتی مرۆڤ و هێمای بوار و ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی و ده‌ره‌كی و كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وه.
هه‌روه‌ك كه ئاماژه‌ی پێ كرا، ئه‌خلاق كارایی جۆراوجۆری هه‌یه، هێندێ له پێناسه‌كانی باس له پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و په‌روه‌ردگاری ده‌كه‌ن و شێوازی جیهانبینی ئه‌و دیاری ده‌كه‌ن؛ وه‌ك: ئیمان، دڵپاكی، ڕاوه‌ستاوی و به‌رده‌وامی له به‌ندایه‌تی خوا.
هێندێكی تر به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر پێوه‌ندیی مرۆڤ له‌گه‌ڵ هاوچه‌شنانی وه‌ك: خێرخوازی، ئه‌مانه‌تداری، دادپه‌روه‌ری، جوانیی ئاموشۆ و جوانیی به‌جێهێنانی ئه‌رك و مافی خه‌ڵك.
هێندێكی تر دیاریكه‌ری جۆری پێوه‌ندیی مرۆڤن له‌گه‌ڵ نه‌فسی خۆی؛ وه‌ك: پشوودرێژی، به‌ده‌ستهێنانی زانست و زانیاری تۆكمه له كردار، ته‌كووزی و ئامانجداریی له هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كان.
هێندێكی تر له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ران و گیانداران و بێ‌گیانه‌كان ده‌رده‌كه‌ون؛ وه‌ك: ڕه‌حمه‌ت، دڵۆڤانی و دڵنه‌وایی به‌هره‌به‌رداریی دروست له سروشت و هه‌نگاونان له‌سه‌ر هێڵی ئاوه‌دانی، ژیانه‌وه و چاكسازیی له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كه‌ون جێی سه‌رنجه.
هێندێ له زانایان ئه‌خلاقیان به دوو ده‌سته، دابه‌ش كردووه:
ا) ئه‌خلاقی بنه‌ڕه‌تی
ب) فه‌زیله‌ته‌كانی ئه‌خلاقی
به‌شێك له ئه‌خلاق وه‌ك: ڕاستگۆیی، ئه‌مانه‌تداری، دادپه‌روه‌ری ئه‌خلاقی بنه‌ڕه‌تی و پێویستن و به‌شێكی تر وه‌ك: چاكه، داوێنپاكی و لێبووردن له فه‌زیله‌ته‌كانی ئه‌خلاقی هه‌ژمار ده‌كرێن.
له‌كاتێكدا به‌شی یه‌كه‌می ئه‌خلاق، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی وه‌ك یاسا و ڕێسای ئاسانكاریی ژیان و ژیانه‌وه ده‌گێڕن، به‌شی دووهه‌م چاكی و له‌سه‌رتری و جوانكاریی و ڕووناكی‌به‌خشی ژیانن و له بازنه‌ی ئاسانكاریی ژیان تێده‌په‌ڕن و شیرینی و دڵخۆشی به ژیان ده‌به‌خشن.
چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ده‌سته‌ی یه‌كه‌می ئه‌خلاق:
١. ڕاستگۆیی
ئیسلام شوێنكه‌وتووانی خۆی بانگهێشت ده‌كا قسه و كرداریان به ڕاستی بڕازێننه‌وه و ستایشی ڕاستی و ڕاستگۆیی ده‌كا. «وَالَّذِي جَاءَ بِالصِّدْقِ وَصَدَّقَ بِهِ أُولَئِكَ هُمُ الْمُتَّقُونَ» (زومه‌ڕ:٣٣) و ڕاستگۆیان دوای پێغه‌مبه‌ران له پله‌ی دووهه‌م داده‌نرێن: وه‌ك ئه‌وه‌یكه ده‌فه‌رموێت: «وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ» (نیسا‌ء:٦٩)
٢. ئه‌مانه‌تداری
ئه‌مانه‌تداری وه‌ك ڕاستی، له ئه‌خلاقی بنه‌ڕه‌تی و ئاسانكاریی ژیانه و له بنه‌ماكانی شارستانییه‌تی نه‌ته‌وه و گه‌له‌كان هه‌ژمار ده‌كرێ. به شایه‌تی قوڕئانی پیرۆز ته‌واوی پێغه‌مبه‌ران سه‌لام و سه‌لاتی خوای گه‌وره‌یان له‌سه‌ر بێ؛ نووح، هوود، ئیبڕاهیم، ساڵح، شوعه‌یب، لووت، عیسا و مو‌سا كاتێك به‌ره‌و گه‌له‌كه‌یان ڕه‌وانه كراون، بۆ وشه‌ی ئه‌مانه‌تداری و پابه‌ندی به‌ویان بانگه‌شه ده‌كه‌ن. جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یانفه‌رموو: «إِنِّي لَكُمْ رَسُولٌ أَمِينٌ» ئه‌وه خۆی نیشانه‌ی به‌ها و پێگه و پێویستیی ئه‌مانه‌تدارییه بۆ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و ئایینێك.
له‌ڕاستیدا ئامانج و ئه‌ركی مرۆڤ له قه‌بووڵكردنی باری ئه‌مانه‌تی جێنشینی و به‌ندایه‌تی و ئاوه‌دانی زه‌وی كورت ده‌بێته كه ده‌فه‌رموێت: «إِنَّا عَرَضْنَا الْأَمَانَةَ عَلَى السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالْجِبَالِ فَأَبَيْنَ أَنْ يَحْمِلْنَهَا وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا وَحَمَلَهَا الْإِنْسَانُ إِنَّهُ كَانَ ظَلُومًا جَهُولًا» (ئه‌حزاب:٧٢) ئه‌مانه‌تداری كه به‌هایه‌كی به‌نرخه و یه‌كێك له ئه‌خلاقه به‌رز و بنه‌ماكانی ژیانی مرۆڤه، ته‌واوی ئایین و شارستانییه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو چه‌شنی فێڵ و كه‌ڵه‌كه و خه‌وش و دزییه‌ك كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌تدارییه، دژایه‌تی ده‌كه‌ن و به‌پێچه‌وانه‌وه ڕاستیی، دروستیی و وه‌فای به په‌یمان وه‌ك له‌سه‌رتری و شانازی و فه‌زیله‌ت هه‌ژمار ده‌كرێ.
٣. دادپه‌روه‌ری
دادپه‌روه‌ری له‌و چه‌شنه ئه‌خلاقانه هه‌ژمار ده‌كرێ كه له مه‌ودای مێژوودا جێی سه‌رنجی مرۆڤ بووه و ستایشی كردووه و شانازی پێوه كردووه؛ ئیسلامیش به‌ڕوونی فه‌رمانی پێ كردووه: «إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَالْبَغْيِ» (نه‌حل:٩٠) كه له پێگه‌ی پیرۆزی دادپه‌روه‌ریدا شوێنێك بۆ له‌سه‌رتریدانانی خزمایه‌تی و ڕه‌گه‌زی و هاوڕێیه‌تی نامێنێته‌وه، ئایه‌تی ١٣٥ی سووڕه‌تی نیسا‌ء فه‌رمانی داوه: «وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ» (مائیده:۲)
ئه‌وانه ئه‌خلاقی بنه‌ڕه‌تین كه مرۆڤ ئه‌وانی له ناخی خۆی و له مه‌ودای مێژوودا پاراستووه و پێویستیی مرۆڤ به‌وان له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا هه‌بووه و هه‌یه.
به‌ڵام ده‌سته‌ی دووهه‌می فه‌زیله‌ته‌كانی ئه‌خلاقی:
ا) چاكه‌كاری
چاكه‌كاری، پیاوه‌تی و كاری چاكه چاكه‌كاری له ئیسلامدا دوای ئیمان و ئیسلام له پله‌ی سێهه‌مدا هاتووه. وه‌ك ده‌فه‌رموێت: «إِنَّ اللَّهَ مَعَ الَّذِينَ اتَّقَوْا وَالَّذِينَ هُمْ مُحْسِنُونَ» (نه‌حل:١٢٨) و یا پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌فه‌رموێت: «الإحسانُ أن تَعبُدَ اللّه َ كَأنَّكَ تَراهُ، فإن لَم تَكُن تَراهُ فَإنَّهُ يَراكَ» و یا «إِنَّ اللَّهَ كَتَبَ الإِحْسَانَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ» ئاشكرایه چاكه‌كاری وه‌ك فه‌زیله‌تێكی ئه‌خلاقی، هۆكاری یه‌كیه‌تی بنه‌مای كۆمه‌ڵگایه و له‌مپه‌ڕه له ئاست له‌ناوچوون و وێرانی و له ئاست مه‌ترسییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ده‌پارێزیت.
جێی ئاماژه‌یه كاتێك كه قوڕئانی پیرۆز وه‌ك ئه‌خلاقێكی بنه‌ڕه‌تی باس له حه‌قق ده‌كا، ده‌فه‌رموێت: «وَآتِ ذَا الْقُرْبَى حَقَّهُ وَالْمِسْكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَلَا تُبَذِّرْ تَبْذِيرًا» (ئیسڕاء:۲۶) ئه‌وه سنووردار باسی لێوه ده‌كا و فه‌رمان به دانی مافی بنه‌ڕه‌تی به خزمان و هه‌ژاران و ڕێبواران ده‌كا، به‌ڵام كاتێك كه باس له چاكه‌كردن وه‌ك فه‌زیله‌تێكی ئه‌خلاقی ده‌كا، به‌شێوازێكی به‌ربڵاو و بێ‌سنوور باسی لێ ده‌كا و ده‌فه‌رموێت: «وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَى وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالْجَنْبِ وَابْنِ السَّبِيلِ وَمَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ» (نیسا‌ء: ۳۶) سنوورێكی بۆ دیاری ناكا، هه‌رجۆره چاكه و خێر و خزمه‌تێك كه له توانادا بێ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و به‌شه جیا له نزیكان و خزمان، چینی دیكه‌ش له‌خۆی ده‌گرێ وه‌ك هه‌ژاران (نه‌داران)، ڕێبواران (ڕێبوارێكی كه له ڕێیدا مابێته‌وه) كه ماڵ و سامانیان له‌ده‌ست دابێ، به‌تایبه‌ت كه پێوه‌ندیی خزمایه‌تیشیان هه‌بێ.
«وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَى وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالْجَنْبِ وَابْنِ السَّبِيل»
الْجَارِ ذِي الْقُرْبَى: پێوه‌ندیی خزمایه‌تی هه‌بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موسوڵمانیش نه‌بێ.
الجار الجنب: البعید سکنا او نسبا
والصاحب بالجنب: هاوڕێی ڕێبوار یا قوتابی، مامۆستا و خزمه‌تكار
جێی ئاماژه‌یه كه له‌و بواره‌وه چاكه له‌گه‌ڵ دایك و باوك له هه‌ر دۆخێك‌دا پێگه و نرخ و پێویستیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، هه‌روه‌ك كه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «وَقَضَى رَبُّكَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا»
ب) داوێنپاكی و بێگه‌ردی
واته ڕاگرتنی نه‌فس، خۆپارێزی و دان‌به‌خۆداگرتن، كشانه‌وه له حه‌رام له به‌رامبه‌ر حه‌زی زێده‌ڕۆیانه و پاكبوون.
داوێنپاكی و بێگه‌ردی له فه‌زیله‌ته‌كانه كه قوڕئانی پیرۆز سه‌رنجی داوه‌تێ و پاكی دوو بواری ماددی و مه‌عنه‌وی له‌خۆی ده‌گرێ:
بواری ماددی: بێ‌نیازی له خه‌ڵك و داوای نابه‌جێ نه‌كردن
بواری مه‌عنه‌وی: ڕاگرتنی نه‌فس خۆپاراستن له داواكانی نه‌فسانی و پاراستنی پاكی و بێگه‌ردی
پاكی بواری جۆراوجۆر له‌خۆی ده‌گرێ وه‌ك: پاكی و بێگه‌ردی له خوارد و پاكی له ئه‌ندامه‌كانی وه‌ك زمان و جه‌سته. داوێنپاكی و بێگه‌ردی له به‌رامبه‌ر زمان‌شڕی و زینا دایه كه له ناحه‌زییه‌كانی ئه‌خلاقی هه‌ژمار ده‌كرێ و نیشانه‌ی داڕووخانی ئه‌خلاقییه: «وَلَا تَقْرَبُوا الزِّنَا إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلًا» (ئیسڕا:٣٢)
ج) لێبووردن و به‌خشین
لێبووردن له خاسییه‌کانی ئه‌خلاقه. لێبووردن پاککردنه‌وه و سڕینه‌وه و وازهێنان له لۆمه و سزادان و ڕزگاربوون له‌هه‌ر شتێکه که دڵ ئازار ده‌دا تاکوو مرۆڤ بگاته دڵ‌فروانی و هه‌ستیی ئه‌رێنی و خێرخوازانه.
لێبووردن تێپه‌ڕاندنی وشیارانه و به‌هێزه له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و وازهێنان له سزادان و چاوپۆشی له هه‌ڵه و تاوانی خه‌ڵک و ده‌ستهه‌ڵگرتن له لێپرسینه‌وه و سزادانه.
ڕاغیبی ئیسفه‌هانی ده‌ڵێ: إن العفو إسقاط حقك جوداً وكرماً مع قدرتك على الانتقام والصفح هو ترك التثریب وهو أبلغ من العفو فاعفوا واصفحوا وأن تعفوا وتصفحوا وتغفروا فإن الله غفور الرحيم
سروشتییه پاداش و خێر له چه‌شنی کردار و هه‌وڵه، که‌واته: فمن عفا عفا الله عنه، ومن صفح صفح الله عنه، ومن غفر غفر الله له. قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: ارْحَمُوا تُرْحَمُوا، وَاغْفِرُوا يَغْفِرِ اللَّهُ لَكُمْ.
جێی سه‌رنجه که هه‌روه‌ک دادپه‌روه‌ری له ئه‌خلاقی بنه‌ڕه‌تی و له یاساکانی ژیان هه‌ژمار ده‌کرێ، لێبووردن له فه‌زیله‌ته‌کانی ئەخلاقییه. بۆیه قوڕئانی پیرۆز دوای دامەزراندن و سه‌قامگیری بنه‌ما و سەرچاوەی دادپەروەری و حه‌قق؛ که‌سێک که سته‌می لێ کراوه و یا مافه‌کانی پێشل کراوه، مافی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی خۆی پێ دراوه، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا ده‌توانێ له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و لێسه‌ننه‌وه‌ی مافه‌که‌ی چاوپۆشی بکا و لێی ببوورێت که ئه‌وه نیشانه‌ی به‌رزی هزر و فه‌زڵ و گه‌وره‌یی ئه‌وه.
ئاشکرایه گه‌یشتن به پله‌ی لێبووردن و ئاشته‌وایی له‌سه‌رتر و به‌رزتره له گه‌ڕانه‌وه‌ی ماف و ده‌سته‌به‌رکردن و پشتڕاستکرده‌نه‌وه و جێبەجێکردنی دادپه‌رو‌ه‌ریی: وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِثْلُهَا فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الظَّالِمِينَ(شوڕا:٤٠) سزای هه‌ر کردارێکی خراپه، سزایه‌کی هاوتای خۆی هه‌یه.
جێی ئاماژه‌یه كه قوڕئانی پیرۆز وشه‌ی چاكسازی دوای لێبووردن هێناوه كه له بنه‌ڕه‌تدا چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ژێر تیشكی لێبووردن و به‌خشین و ئاشته‌واییدا دێته دی نه‌ك له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و لێنه‌بووردن، هه‌ر وه‌ك قوڕئانی پیرۆز كه‌سانێك كه به هێز و ئاگادارییه‌وه پێش به تووڕه‌یی خۆیان ده‌گرن، به باشه نێویان ده‌با و ده‌فه‌رموێت: والكاظمين الغيض والعافین عن الناس والله يحب المحسنين
كه‌سانێك كه تووڕه‌یی خۆیان ده‌خۆنه‌وه و چاوپۆشی له خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ئه‌وه خوای گه‌وره چاكه‌كارانی خۆش ده‌وێت. قوڕئانی پیرۆز بۆ چوونه ناو قۆناغێكی به‌رزتر هان ده‌دا و ده‌فه‌رموێت: وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ (فوسسیله‌ت:٣٤)
ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌خلاقییه به‌رزه و ڕه‌واندنه‌وه‌ی خراپه به چاكه، دوژمنایه‌تی و ناكۆكی كۆتایی پێ دێنیت و دڵه‌كان ده‌گه‌شێنیته‌وه و دوژمن و نه‌یار ده‌كاته دۆست و هاوڕێ. بابه‌تی دووهه‌م: میانه‌ڕه‌وی نێوان هاوکاری و جیایی ئێوه خوشکان و برایانی بەڕێزم له جێبەجێکردنی ڕاستییه‌ک لە ڕاستییه‌کان؛ هاوسه‌نگی نێوان هاوکاری و جیایی سه‌رکه‌وتوو بوون؛ چونکه شێوازی هەڵسوکەوت و هاوکاری ئێوه له‌گه‌ڵ زانایان و مامۆستایانی ئایینی له کۆنه‌وه جێی پێ‌زانین بووه.
پاراستنی شوناسی جیاواز و له‌هه‌مان کاتدا هێزی هاوکاری و یارمه‌تی بۆ گه‌یشتن به ئامانج و به‌رنامه‌ی هاوبەش و کۆڕایی زۆر به‌نرخه که له‌ڕاستیدا ئه‌وه واتای کرداریی ئه‌و یاسا زێڕینه‌یه: «نتعاون فیما اتفقنا علیه و یعذر بعضنا بعضا فیما اختلفنا فیه».
چاوەڕوان دەکرێ ئه‌و هاوکارییه له‌گه‌ڵ که‌سانی دی زیاتریش په‌ره‌ی پێ بدرێ و جێبەجێ بکرێت، ئێوه خۆشه‌ویستان باش ده‌زانن جێبه‌جێکردنی یاسای هاوکاریی و جیایی کاتێک به‌نرخه که هه‌ردوو لا و یا لایه‌نه‌کانی هاوکاری، وێڕای پاراستنی شوناسی خۆیان، دان به شوناسی ئه‌وانی دیش دانێن و ڕێزیان لێ بگرن و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه تێگه‌یشتن و هاوکاری به‌دی بکرێ.
بابه‌تی سێهه‌م: چوونه ناو سه‌رده‌می نوێ
بابه‌تی سێهه‌م پێوه‌ندی به‌شێوه‌ی چوونه ناو سه‌رده‌می نوێ و یا پێشوازی له‌و هه‌یه. چوونه ناو سه‌رده‌می نوێ نابێ تێکه‌ڵ به گومان و دڕدونگی و ترسه‌وه بێ، چونکه له‌لایه‌که‌وه ئێمه بڕوامان وایه که جیهانی هه‌ستی خاوه‌ن و به‌ڕێوبه‌ر و هه‌ڵسووڕێنه‌رێکی هه‌یه و ئه‌وه که «بیده ملکوت السموات والارض» و خۆی فه‌رموویه‌تی: «فسبحان الذی بیده ملکوت کل شی‌ء والیه ترجعون»
و له‌لایه‌کی تر ده‌سکه‌وته‌کان و گۆڕانکارییەکانی زانستی و ته‌کنه‌لۆژیای سه‌رده‌می نوێ که ئاکامی شارستانییه‌تی مرۆڤه و له‌ڕاستای خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگا و ئاسانکاری زیاتری ژیان دایه، له‌گه‌ڵ یاسا و سوننه‌ته‌کانی خوایی زاڵ به‌سه‌ر که‌وندا هاواهه‌نگه، چونکه خوێندنه‌وه‌یه‌کی دروست و تێڕامان له که‌ون و دۆزینەوەی یاساکانی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر ئه‌ودا و هه‌وڵ بۆ به‌دیهاتن و جێبه‌حێکردنی ئه‌و یاسانه، له ڕاسپارده‌کانی قوڕئانی پیرۆز هه‌ژمار ده‌کرێن، بۆیه جێی خۆیه‌تی ئێمه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سکه‌وته‌کانی مرۆیی له بواره‌کانی کۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی، ئابووری، میدیایی و زانیاری و ته‌کنولۆژیای پێوه‌ندیی مرۆیی نه‌که‌ین.
ناچاره‌ن بۆ چوونه ناو سه‌رده‌می نوێ پێویسته به‌پێی ڕاسپارده‌کانی قوڕئانی پیرۆز به‌شێوه‌ی هه‌نگاوی به‌رز و ئه‌رێنی و پسپۆڕانه و پارێزکارانه و به‌ره‌و پێش كار بكه‌ین: لِمَنْ شَاءَ مِنْكُمْ أَنْ يَتَقَدَّمَ أَوْ يَتَأَخَّرَ.
و ته‌واوی که‌ره‌سه و ته‌واناییه‌کانمان به‌کار بهێنین و له ئاکامی گۆڕانکارییەکان زۆرترین و باشترین به‌هره‌ی ئه‌رێنی به‌ده‌ست بێنین.
له‌كۆتاییدا جێی ئاماژه‌یه پێویستیی هه‌نگاونانێكی دروست بۆ داهاتوو، بوونی بیرێكی گشتیی و ڕاستبینانه‌ی یه‌كترقه‌بووڵكردن و به‌ڕه‌وازانینه كه وێڕای پاراستنی كۆنی بنه‌ما، پێشوازی له هه‌رچه‌شنه نوێیه‌كی به‌سوودیش بكات.
سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو بن
بۆچوونه‌کان