مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح شه‌وی پێنجشه‌ممه ٢١ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٠ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه، به‌شێوه‌ی ئانلاین وتووێژ و ودیداری كرد.
ده‌قی وته‌كانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح به‌م چه‌شنه‌یه:
بسم الله الرّحمن الرّحیم
خوشكان و برایانی ئیمانی و خۆشه‌ویستم له ناوچه‌ی سه‌ربه‌رزی كوردستان
سڵاو و ڕه‌حمه‌ت و به‌ره‌كه‌تی خوای گه‌وره‌تان لێ بێ
زۆر پێ خۆشحاڵم و سپاسی خوای گه‌وره ده‌كه‌م كه یارمه‌تی داین تاكوو هه‌رچه‌ند به‌شێوه‌ی ئانلاین بێ، به‌ڵام له كۆڕێكی برایانه و ئیمانیدا به ئێوه‌ی ڕێزدار بگه‌ین، هیوادارم ئه‌و دانیشتنه مه‌عنه‌وییه ئاویته‌ی به‌شداریی فه‌ریشته‌كان و دابه‌زینی نوور و ڕه‌حمه‌ت بێ. بۆ ئێوه خۆشه‌ویستان و بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزتان له باره‌گای په‌روه‌رێنه‌ری جیهانیانی داوای سڵامه‌تی و ته‌ندروستی و ته‌وفیقی عیباده‌ت و به‌ندایه‌تی و سه‌ركه‌وتن و گه‌شه و نه‌شه ده‌كه‌م و بۆ خۆشه‌ویستانێك كه وه‌ڵامی بانگه‌شه‌ی په‌روه‌ردگاریان داوه‌ته‌وه و كۆچی دواییان كردووه، داوای ڕه‌حمه‌ت و لێخۆشبوو‌ن و فیرده‌وسی به‌رز و به‌رین و بۆ كه‌سانێك كه نه‌خۆشن، داوای شیفای به‌په‌له و ته‌واو ده‌كه‌م و بۆه‌وه‌ی كه له كاتی سه‌ركه‌وتن و شادی و یا گرفتاری و موسیبه‌ت له‌لاتان نیم، داوای لێبووردن ده‌كه‌م. هیوادارم ڕۆژگارتان لێوان‌لێو له ته‌ندروستی و سه‌ركه‌وتن و مه‌عنه‌وییه‌ت و هیوا بێ و خوای گه‌وره به ڕه‌حم و به‌زه‌یی خوایه‌تیی خۆی گه‌لی ئێران و هه‌موو گه‌لانی جیهان له شه‌ڕی په‌تای كۆڕۆنا و ئۆمیكڕۆن و به‌ڵا سروستییه‌كانی تر و دژواری و ته‌نگانه‌ی ژیان ڕزگار بكات و ما ذلك علی الله بعزیز.
وته‌كانم به پێشه‌كییه‌ك سه‌باره‌ت به سرشت ده‌ست پێ ده‌كه‌م،
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّینِ حَنِیفًا ۚ فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِی فَطَرَ النَّاسَ عَلَیهَا ۚ لَا تَبْدِیلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ۚ ذَٰلِكَ الدِّینُ الْقَیمُ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا یعْلَمُونَ(۳۰) مُنِیبِینَ إِلَیهِ وَاتَّقُوهُ وَأَقِیمُوا الصَّلَاةَ وَلَا تَكُونُوا مِنَ الْمُشْرِكِین(31)»
واته: (ئه‌ی ئینسان به دڵێكی پاك و بێگه‌رده‌وه) ڕوو بكه‌ره به‌رنامه و ئایینی خوا و ئه‌ملاولا مه‌كه، خه‌ڵكینه ئێوه‌ش پابه‌ندی ئه‌و نه‌خشه‌یه بن كه خوا ئێوه‌ی له‌سه‌ر دروست كردووه، هیچ جۆره گۆڕانكارییه‌ك له هیچ نه‌خشه و دروستكراوێكی خوادا نیه، ئا ئه‌وه‌یه دینی ڕاست و دروست، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م ڕاستیانه نازانن (٣٠) خه‌ڵكینه ڕوو بكه‌نه په‌روه‌ردگارتان، به ملكه‌چی بگه‌ڕێنه‌وه بۆلای، له‌و بترسن و خۆتان له سزای ئه‌و بپارێزن، نوێژه‌كانیشتان به‌چاكی ئه‌نجام بده‌ن، مه‌بن به‌و كه‌سانه‌ی كه شه‌ریك و هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن(٣١).
فیتڕه‌ت له‌ڕووی وشه‌ییه‌وه واته قه‌ڵاشتن، دووله‌ت كردن، ئافراندن، داهێنه‌ری و پێكهێنان. له ئایه‌ته‌كانی قوڕئانی پیرۆز، به‌دیهێنان به واتای ئافران و به‌دیهێنه‌ر به واتای ئافرێنه‌ر هاتووه. بۆ نموونه واتای والذی فطرنا: واته ابدعنا، اوجدنا.
به‌ڵام فیتڕه‌ت له ڕووی زاراوه‌ییه‌وه: له جیهانبینی ته‌وحیدیدا فیتڕه‌ت هاوتای دین و یه‌كتاپه‌ره‌ستییه؛ هه‌ر له‌و ئایه‌ته‌ی «فاقم وجهك للدین حنیفا» للدین به واتای للفطرة و به‌هۆی ئه‌وه‌یكه له جیهانبینی ئیسلامی‌دا سه‌ره‌تای ئافراندن پێوه‌ندییه‌كی نزیكی به ئاكامه‌كه‌یه‌وه هه‌یه، بۆیه قوڕئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێت: وَمَا لِی لَا أَعْبُدُ الَّذِی فَطَرَنِی وَإِلَیهِ تُرْجَعُونَ(یاسین/٢۲) جا ئه‌وه بۆچی من ئه‌و زاته نه‌په‌رستم كه به‌دی هێناوم، ئێوه‌ش خه‌ڵكینه هه‌ر بۆلای ئه‌و ده‌بردرێنه‌وه.
جێی باسه كه له‌و جیهانبینییه‌دا هه‌نگاونانه‌وه‌ی دروست له‌سه‌ر هێڵی سرشت، مرۆڤ پێوه‌ندی ده‌داته‌وه به ئه‌مانه‌تداری، هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی، جێگریی خوا، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی دروستی ژیان و گۆڕانكارییه‌كانی كات و شوێن.
هێندێ له زانایان سرشت، ئاوه‌ز، سروش و یاسا و سوننه‌ته‌كانی خوایی زاڵ به‌سه‌ر كه‌وندا وه‌ك بنه‌ما چوارینه‌كانی كه له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیی یارمه‌تی مرۆڤ ده‌كه‌ن، هه‌ژمار ده‌كه‌ن.
ئاشكرایه كه سرشتی مرۆڤ ده‌بێته ناوه‌ندی سه‌ربه‌ستی و پێگه‌ی ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگار و به‌نده‌كان و كه‌ون و لوتكه‌كه‌شی وه‌دیهاتنی مرۆڤایه‌تی مرۆڤ و گه‌شه و نه‌شه و به‌خته‌وه‌ری ئه‌وه كه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سرشت و فیتره‌تی ئه‌سڵی، ئیڕاده‌ی گه‌یشتن ئامانجه‌كان نایه‌ته دی؛ چونكه گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌روون و هه‌نگاونانه‌وه له‌سه‌ر هێڵی فه‌رمانه‌كانی خوای گه‌وره، ڕزگاری مرۆڤ و پابه‌ندی و ڕه‌چاوگرتنی ماف و سنووره‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
له جیهانبینی ئیسلامی‌دا ماف و سنوور دوو پایه و بنه‌مان بۆ تێگه‌یشتن به ئازادی و هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌ستانه‌ی مرۆڤ. سنوور له جیهانبینی ته‌وحیدیدا واتایه‌كی ئه‌رێنی هه‌یه. چونكه به واتای وه‌ستان و پێشلنه‌كردنی سنوور و مافی مرۆڤه.
جێی سه‌رنجه كه قوڕئانی پیرۆز به‌پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕه باوه‌كان، وشه‌ی "سنوور"ی بۆ پێناسه‌ی سزاكان به‌كار نه‌هێناوه، به‌ڵكوو سزای بۆ ئاكامی سنوورشكێنی داناوه و ده‌فه‌رموێت: «تلک حدود الله فلا تعتدوها ومن یتعد حدود الله فاولئك هم الظالمون» (به‌قه‌ڕه:٢٢٩) واته ئه‌وانه سنووری دیاریكراوی خوای گه‌وره‌ن، كه‌واته لێیان مه‌گوزه‌رێن و هه‌ركه‌س له سنووری په‌روه‌ردگاری ده‌رچێت، ئه‌وانه سته‌مكارن.
هه‌روه‌كوو كه واتای حوكم له قوڕئانی پیرۆز له ئایه‌ته‌كانی وه‌ك: ومن لن یحکم بما انزل الله... به بوارێك له بواره‌كانی ئازادی ئیڕاده و به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ ئاماژه ده‌كا. جۆری ڕوانین بۆ كاروبار و هه‌ڵسه‌نگاندن و داوه‌ریكردنی مرۆڤه‌كان، ڕووداوه‌كان، بیر و بۆچوون و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانه كه پێویسته به‌پێی چه‌مكه‌كانی شه‌رع و ئاوه‌ز و سرشت و دادپه‌روه‌ری، داوه‌ری بكات نه‌ك به‌پێی هه‌وای نه‌فس و ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی و گرووپی و هه‌ڵوێستگیری ناردوست و دوژمنانه‌ی.
ئێوه به‌ڕێزان ده‌زانن كه پێناسه‌ی گه‌لی موسوڵمان به باشترین گه‌ل له ئایه‌تی: «كنتم خیر أمة أخرجت للناس تأمرون بالمعروف وتنهون عن المنکر و تومنون بالله» به‌هۆی ڕۆڵ، ئامانج و ئه‌ركه به‌نرخه‌كه‌یه‌تی. واته له‌سه‌رترییه‌كه‌ی پێوه‌ندی به ڕۆڵ و كاركرده‌كه‌یه‌وه هه‌یه نه‌ك ڕه‌چه‌ڵه‌ك و گه‌ل و هۆزه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت به ڕه‌چاوكردنی ئه‌و خاڵه كه واتای گه‌ل، ته‌واوی شارۆمه‌ندانی وڵاتێك به‌بێ جیاوازیی ئایین و زمان و نه‌ته‌وه له‌خۆی ده‌گرێ. له‌و بواره‌وه ده‌توانین «په‌یمانی مه‌دینه» وه‌ك نموونه‌یه‌ك ئاماژه پێ بكه‌ین كه وه‌ك یه‌كه‌م ڕێكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌واوی هۆز و ئایین و چینه‌كانی خه‌ڵی مه‌دینه‌ی وه‌ك گه‌لێكی تاك هه‌ژمار كرد كه خاوه‌نی ماف و ئه‌ركی به‌رامبه‌ر بوون. له‌و به‌ڵێن و په‌یمانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا هاتووه:
بسم الله الرحمن الرحیم هذا كتاب محمد النبى (ص) بین المؤمنین والمسلمین من قریش و یثرب ومن تبعهم فلحق به‌م و جاهد معهم أنهم أمة واحدة من دون الناس و أن یهود بنی عوف أمة مع المؤمنین و أن بینهم النصح والنصیحة والبر دون الإثم.
ئه‌و ڕوانگه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ (كه‌سانی تر)، له‌نێو زانایانی نه‌ته‌وه‌شدا وه‌ك شێوه‌ازێك چاوی لێ ده‌كرێ و له‌نێو بیرمه‌ندانی سه‌رده‌مدا مامۆستا یووسف قه‌رزاوی به ڕاشكاوانه ده‌ڵێ:
إن النصارى الذین یعیشون فی بلادنا الإسلامیة من أمتنا الواحدة.
ئه‌و مه‌سیحییانه‌ی كه له وڵاته ئیسلامییه‌كاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌شێك له گه‌لی ئێمه‌ن.
ئه‌و چاوپێكه‌وتنه به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له قوڕئانی پیرۆز له لایه‌ن قوڕئانخوێنی به‌ناوبانگی جیهانی، ئوستاد ئه‌مین ئه‌سه‌دی ده‌ستی پێ كرد. پاشان مامۆستا ڕه‌ئووف ئیسلاح‌جوو وه‌ك به‌رپرسی لق وێڕای به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان، به نوێنه‌ری له لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه وێڕای سپاس و پێ‌زانین له مامۆستا پیرانی، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ده‌ست پێ كرد.
ئه‌و چاوپێكه‌وتنه له به‌ستێنی مه‌جازی به ماوه‌ی سێ ساعه‌ت و نیو به‌ڕێوه چوو. له كۆتاییدا مامۆستا پیرانی وه‌ڵامی به‌شێك له پرسیارانی ئاراسته‌كراوی دایه‌وه.
بۆچوونه‌کان