دانیشتنی هاوبه‌شی شاندی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ناوه‌ندی و به‌رپرسانی لقی سیستان و به‌لووچێستان به ئاماده‌بوونی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح ڕۆژی دووشه‌ممه ٢ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٤٠٠ به‌شێوه ئانلاین به‌ڕێوه چوو و دۆخی ئه‌و لقه تاوتوێ كرا.
به‌پێی ڕاپۆڕتی ئیسلاح‌وێب، مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح له سه‌ره‌تای ئه‌و دانیشتنه‌دا وتارێكی پێشكه‌ش كرد كه ده‌قی وته‌كانی به‌م چه‌شنه‌یه:
بسم الله الرحمن الرحیم
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ ۚ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ۚ أُولَٰئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللَّهُ ۗ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ» (ته‌وبه:۷۱)
په‌یامی ئه‌و ئایه‌ته هاوسه‌نگی و هاوتایی له ژین و ژیانی بڕوادارانه.
ئیمان، فه‌رمان به چاكه و قه‌ده‌غه له خراپه، نیشانه‌ی خێرخوازی و نیازپاكیی مرۆڤ و هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی له ئاست خزمان و هاوچه‌شنانیه‌تی. مرۆڤی خێرخواز پێی خۆشه كه‌سانی تریش له‌سه‌ر ڕێگای خێر و به‌خته‌وه‌ری بن.
بێگومان گه‌یشتن به ڕه‌زامه‌ندی خوا و ئه‌جر و پاداشی ڕۆژی دوایی، به‌رهه‌می هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌و دونیایه‌یه. ئه‌و هه‌وڵانه هه‌رچه‌ند وردتر، زانایانه‌تر، دڵسۆزانه‌تر و له چوارچێوه‌ی یاساكانی ئایین دابن، بێگومان ئه‌جر و پاداشی گه‌وره‌تر و زیاتری به‌دوادا ده‌بێ.
به‌ڕاستی شوێنكه‌وتنی پیاوچاكان و پێشه‌نگانی سه‌ره‌تا و تێگه‌یشتن له گه‌وره‌یی گوێڕایه‌ڵی ئه‌وان، ده‌توانێ ڕێنما و ڕێنوێن بێ. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه قوڕئانی پیرۆز سه‌باره‌ت به‌وان ده‌فه‌رموێت: «وَمَن يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَـٰئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِم مِّنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُولَـٰئِكَ رَفِيقًا» ﴿نیسا‌ء:٦٩﴾
تێگه‌یشتنی دروست له ژین و ژیان و بوونی په‌روه‌ردگار و ئیمان به‌و و ئاسه‌واری خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی له‌سه‌ر كه‌ون، گه‌وره‌ترین نیعمه‌ته.
ئاشكرایه پێوه‌ندییه‌ك كه له‌ژێر سێبه‌ری ئیمان به خوا پێك بێت، ئاكامه‌كه‌ی خۆشه‌ویستی، هاوڕێیه‌تی، پشتیوانی و هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تییه سه‌باره‌ت به مرۆڤایه‌تی. جێی خۆیه‌تی كه ئاسه‌واری ئه‌و خۆشه‌ویستی و براده‌رایه‌تییه له چالاكی و كاروباری چاكسازیی تاكه‌كه‌سی و یا كۆمه‌ڵایه‌تیدا و له هه‌وڵ بۆ چاكسازیی كاروبار و خزمه‌ت به خه‌ڵكدا خۆی بنوێنیت.
هه‌وڵی پێداگرانه‌ی پیاوان و ئافره‌تانی موسوڵمان بۆ پاراستنی ته‌ندروستی دۆخی ژیان و ته‌یاركردنی به‌ستێنی هه‌ڵسوكه‌وت و هاوكاری له‌سه‌ر كاری چاكه و پارێزكاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی گه‌نده‌ڵی و خراپه‌كاری، ده‌روازه‌كانی ئاسووده‌یی و ئارامی به‌ره‌ووی كۆمه‌ڵگادا ده‌كاته‌وه. ئه‌و هه‌وڵ و تێكۆشانانه كلیدی پارێزكاری و ترس و نزیكبوونه‌وه له خوای گه‌وره و ئاگادار، ده‌خاته ده‌ستی بڕوادارن.
یه‌كێك له زانایانی ئایینی ده‌ڵێ:
«اذا کانت السعادة شجرة منبتها النفس البشریة والقلب الانساني، فإنّ الایمان بالله و بالدار االآخرة هو ماؤها و غذاؤها و هواؤها و ضیاءها»
ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ری دارێك بوایه كه له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی مرۆڤ بڕوابایه، ئیمان به خوا و ڕۆژی دوایی، ئاو و خۆراك و هه‌وا و نووری ئه‌وه ده‌بوون.
ئێمه به‌رده‌وام جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه بنه‌مای بڕوا و ئیمان دوو به‌شه:
١- به‌رزتری و له‌سه‌رتریی ڕوحی و مه‌عنه‌ویی كه بنه‌ما و ستوونه‌كه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگار و به‌ندایه‌تی دڵپاكانه‌ی ئه‌وه كه له نوێژ، ڕۆژوو، زه‌كات و حه‌ج و جیهاد و نزادا ده‌رده‌كه‌وێ.
٢- به‌رزی و گه‌شه و له‌سه‌رتریی مه‌ده‌نی كه بناغه‌كه‌ی تێكۆشانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌وڵ بۆ په‌ره‌دان به فه‌زیله‌ته ئه‌خلاقییه‌كان، به‌رگری له سه‌ربه‌ستی و كه‌ڕامه‌تی مرۆیی، دادپه‌روه‌ری و به‌رابه‌ری و پابه‌ندی به پێوه‌ره‌كانی دادگه‌ری و داوه‌ری سه‌باره‌ت به خه‌ڵكه.
ئێمه‌ی موسوڵمان پێویستیمان به ژیان له‌سێبه‌ری ئیمان به خوا و هه‌ڵسوكه‌وت و لێك‌تێگه‌یشتن و یارمه‌تی یه‌كتردان و هه‌نگاونان له‌سه‌ر هێڵی ڕاسپارده‌كانی په‌روه‌ردگاری جیهانیان و پابه‌ندی به پێوه‌ره‌كانی دادگه‌ری هه‌یه؛ بۆیه پێویسته له داوه‌ری نادروست و لاوازكردن و سووكایه‌تی به خه‌ڵك خۆمان بپارێزین. به‌ڕاستی خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه كه به‌نێوی دینه‌وه و له‌سێبه‌ری قوڕئان، به‌ستێنی ڕق و قین و دوژمنایه‌تی پێك بێت و ئیمان به‌جێی برایه‌تی و براده‌رایه‌تی و خۆشه‌ویستی، بۆ دوژمنایه‌تی و ڕق و قین به‌كار بهێندرێت.
له درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌رپرسی لێژنه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ناوه‌ندی و جێگرانی ناوه‌ندی جه‌ماعه‌ت خاڵه‌كانی به‌رباس و تاتوێكراوی خۆیان سه‌باره‌ت به‌و لقه ئاراسته كرد. موحه‌ممه‌د ئه‌نوه‌ر ئه‌میری به‌رپرسی لقی سیستان و به‌لووچێستان و جێگرانی تری ئه‌و لقه ڕاپۆڕت و دۆخی جه‌ماعه‌تی ئه‌و لقه‌یان خسته ڕوو.
بۆچوونه‌کان