بەبۆنه‌ی کۆچی دوایی مامۆستا شەماڵ موفتی، بانگخوازی ناوداری کورد، ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوت و ئیسلاح، پەیامی سەرەخۆشی دەرکرد. بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵنێری ئیسلاح وێب، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێزداران ھیوا ڕاشدی و موحسین مەحموودی بە نوێنەرایەتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، لە پرسە و سەرەخۆشی مامۆستای کۆچکردوو شەماڵ موفتی لە مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی شاری سلێمانی بەشداریان کرد و پەیامی سەرەخۆشی ئه‌مینداری گشتییان لەوێ پێشکەش کرد.

دەقی پەیامی مامۆستا پیرانی بەم شێوەیە:

أعوذُ بالله من الشيطان الرجيم «مِنَ المؤمنين رجالٌ صدقُوا ما عاهَدُوا الله عليه فَمِنْهُمْ مَن قَضَى نحبَهُ وَ مِنهُم مَنْ يَنتَظِرُ وَ ما بدَّلُوا تَبديلا» صدق الله العظيم.

به‌ درێژایی مێژووی ئیسلام، کەسانێکی بلیمەت و ئازا ھاتوونەتە ئاراوه‌ که‌ به کردەوه و ھەڵسوکەوتیان، بە قسە و وتارییان، نە تەنیا چوونەتە ناو کۆمه‌ڵگاوه‌، بەڵکوو چوونەتە دڵی خەڵکەوە. بۆیە گوتراوه‌: «بەدەسھێنانی دڵی خه‌ڵک دژوارترە لە بەدەسھێنانی وڵاتەکانیان». بە دڵنيایەوە دەتوانم بڵێم یەکێ لەو کەسایەتیانەی کە بە گوفتاری لەسەرخۆ و ھێدی و ئارام و ھەروەھا بە دڵسۆزی و لێبوردەیی و وتاریی جوانییەوە ره زاي خواي گه وره و دڵی خەڵکی بەدەست ھێنا، خوا لێخۆشبوو مامۆستا شەماڵ موفتی بوو.

مامۆستای کۆچ کردوو، وەک مەلەوانێک کە شارەزای بەحری بێ‌بنی قورئان و سوننەت بوو، ھەموو کات بە تێگەیشتن و دەرھێنانی نوکتە و خاڵی بەھێز، فەتحی دڵەکانی دەکرد. کاریگەری ئەو له‌سه‌ر جیلی نوێی ئیسلام بە تایبەت گەنجان و تازەلاوان دیارە و جێ پەنجەشی لەم بوارەدا زۆر گەشاوەیە. کۆچی دوایی ئەم بەڕێزە، خەسار و کەلێنێکی زۆر گه‌ورەیە بۆ گەلی کورد و موسوڵمانانی ناوچەکەمان ....

به‌م بۆنەوه‌ بەناوی خۆم و ھەموو خوشکان و برایانی ئیمانیم لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح دا ، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی ھەموو بڕوادارانی جیھان بەتایبەت خەڵکی موسوڵمان و بەدینی کوردستان و تایبەت‌تر برایان و خوشکانم لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بنەماڵەی بەڕێزی ئەو کۆچکردووە دەکەم. لە خوای گەوره‌ داواکارم کە مامۆستا شەماڵ لەگەڵ پێغەمبەران و پیاوچاکاندا حەشر بکا و سەبر و خۆڕاگریش بە نسیبی بنەماڵە و خزم و کەس و کاری بکات .... ئامین

انا للە و انا الیە راجعون

عبدالرحمن پيرانى ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

2ی ڕەشەمەی 1394ی ھەتاوی