دانیشتنی ئه‌ندامانی جەماعەتی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی شاری خۆنج، بە ئامادەبوونی شێخ سەعدەدین سدیقی، جێگری ئەمینداری گشتی جەماعەت و وتارخوێنی ھەینی ئەم شارە، لە ژێر ناوی «کەرامەتی مرۆڤ» ڕۆژی پێنج شەممە، 11ی سەرماوەزی ئەمساڵ، بەڕێوە چوو.

لەم دانیشتنەدا کە لە مزگەوتی فارووقی ئەعزەمی شاری خونج بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامان و ھەوادارانی جەماعەت بەڕێوە چوو، شێخ سەعدەدین سدیقی، وتارێکی لە ژێر ناوی «ئیسلام و کەرامەتی مرۆڤ» پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لەم باسەدا باسی بە ئاماژە بە ئایەتی «وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ» وتی: خودا بە بێ لەبەر چاوگرتنی ئایین، ڕه‌گه‌ز و نەتەوە، ڕێزی لە مرۆڤ گرتووە. بەدیھاتنی ھەموو مرۆڤەکان، دراوەتە پاڵ پەروەردگار و ھەر ئەمەش شەرەف و پێگە بە مرۆڤ ئەدا. لە درێژەدا، «کەرامەت»ی کرد بە دوو بەشەوە:

1- کەرامەتی زاتی: ھەر مرۆڤێک لە زاتی خۆیدا، کەرامەتی ھەیە. بۆ جەختکردن لەسەر ئەم باسە، ڕەوایەتێکی لە پێغەمبەری خودا (د.خ) گێڕایەوە کە بۆ ڕێزگرتن لە تەرمێک کە بۆ سەر گۆڕستانیان دەبرد، ھەستانە پێ. یارانی پێغەمبەر، ھۆی ئەم کارەیان پرسی. پرسیاریان کرد: ئەی نێردراوی خودا! ئەمە تەرمی ئافرەتێکی یەھوودیە! پێغەمبەری خودا (د.خ) بە ھەندێک تووڕەییەوە فەرمووی: «الیست نفسا» مەگەر مرۆڤ نییە؟ لە شەرۆڤە و باسی ئەم وانە پەروەردەییەدا، وتی: دەبێ لە باس و ھەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکیدا، مرۆڤ‌بوون بکەینا بنەما و ڕوانگەی مرۆڤایەتی خۆمان بەسەر لەھەموو لایەنە شوناسیەکانی دیکەدا، سەرخەین.

2. كەرامەتی بەدەسھێنراو: مرۆڤی، بێجگه‌ لە کەرامەتی زاتی، دەتوانێ بۆ ھۆی تێکۆشان و تەقەلاکردنیەوە، ھەندێ کەرامەتی دیکە وه‌ک پارێزکاری (ته‌قوا) و چاکەکاری (احسان)یش بەدەس بێنێ. سدیقی، بە ئاماژە بۆ ڕوانگەی قورئان سەبارەت بە کەرامەتی مرۆڤ و بە ئەنجام گەیاندنەکەی لە لایەن پێغەمبەری خوا (د.خ) لە گرێبەستی مەدینە، وتی: بەداخەوە ئه‌مڕۆ لە نێوان ئامانجه‌ه گرینگه‌که‌ی ئایین و ئاکاری بڕوادارن، مەودایێکی زۆر ھەیە کە دەبێ چارەسەری بۆ کرێ. له درێژەی باسەکەیدا، باسی لەوە کرد کە چۆن ڕێز لە مرۆڤ گیراوە. لە سێ خاڵدا، بەم جۆرە باسی لێ کرد:

1ـ یەکەم نیشانە، لە کەرامەتی مرۆڤ، به‌دیھاتنی مرۆڤ لە سەر بنەمای «احسن تقویم»ە، ئایاتێکی زۆر باس لە بەدیھاتنی مرۆڤ دەکا، کە خودا توانایی و ھێزێکی تایبەتی بە مرۆڤ بەخشیەوە کە بووەتە ھۆی سەرتر بوونی مرۆڤ لە چاو تەواوی بوونه‌وه‌ران.

2. دووەم بەڵگە لەسەر ڕێزگرتن، جێنشینی مرۆڤە. بە ئاماژە بۆ ئایەتی «انی جاعل فی الارض خليفة» وتی: خودا، مرۆڤی لە ئاستێک لە گەشە و ھێز و تواناییدا بەدیھێنا کە زۆرێک لە ئیشەکان وەک تەزکیە و ئاوەدانی عەرزی پێسپارد.

3. ھەروەھا ئازادي به گرينگترين بەشی کەرامەتی مرۆڤ دانا و وتی: پەیامی پێغەمبەران، ئازادی مرۆڤەکانە. مرۆڤ لە ڕێگای گەشەکردندا، گەیشتە ئاستێک خودا ئیزنی نەدا کە بۆ ھەڵبژاردنی ئایین، زۆری لێ بکرێ. ئایین، ئازادی بەخشیوە بە مرۆڤ و لە پەسەندکردنی ئاییندا ئازاد ھێشتوویەتیەوە. ئازاد بوون لە موسوڵمانیەتی و ھەڵبژاردنی خودا وەک پەروەردگار، بەڵگەیە لەسەر ئازادی مرۆڤ. شێخ سەعدەدین سدیقی لە کۆتایی قسەکانیدا، لەبەر ئەوەی کە مافی مرۆڤ لەم سەردەمەدا بوەتە پڕوپاگاندایێک، ناڕاحەتی خۆی دەربڕی و وتی: لە سەردەمی ئێمەدا، لە جیاتی باسکردن لە کەرامەت و ڕێز مرۆڤ، باس لە مافی دەکرێ. ڕەخنەیەک کە لەم ئیشە دەگیردرێ ئەوەیە کە کاتێ باس لە مافی مرۆڤ دەکرێ، بە ئاسانی مرۆڤەکان پۆڵێن بەندی دەکرێن و مرۆڤایەتیش لەناو دەچێ.

شێخ عەبدوسەمەد ئەبو نەجمی، وتاربێژی ھەینی شاری خونج، لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری موسوڵمانان بە گشتی و بە تایبەتیش موسوڵمانانی رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست کرد و توندوتیژی به‌ ھۆکاری ئەم بارودۆخە دانا و داوای کرد کە موسوڵمانان لە توندوتیژی خۆیان بپارێزن. کەرامەتوڵڵا یوسفی، بەرپرسی لێژنەی بەڕێوبەرایەتی جەماعەت لە شاری خونج، لە سەرەتاوە بەخێرھاتنی میوانانی کرد.