مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی، ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، له چاوپێكه‌وتنی كۆمه‌ڵێك له زانایان و نوێنه‌رانی ئه‌هلی سوننه‌تی ئێران له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئێران، كه ڕۆژی یه‌ك‌شه‌ممه ٢١ی سه‌رماوه‌ز به‌ڕێوه چوو، به ڕچاوکردنی که‌رامەتی ئینسانی، جه‌ختی كرده سه‌ر پاراستنی مافی ته‌واوی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا.
به پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح‌وێب، له‌و دانیشتنه‌دا، دكتۆر عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی وتاره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به چوار ته‌وه‌ری: نیشتمان، شارۆمه‌ندان، ئاسایش و بژیوی ژیان، ئاراسته كرد. دەقی وتارەکەی ناوبراو بەمجۆرەی خوارەوەیە:
١ـ به پێی كه‌رامه‌تی سروشتی مرۆڤ، پێویسته كه هەموو شارۆمه‌ندان به بێ ڕه‌چاو كردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شوناسی و لایه‌نگری سیاسی، له ماف و به‌رژه‌وه‌ندی ها‌وسان به‌هره‌مه‌ند بن. گرنگی دانی خێرای ده‌وڵه‌تی ئێوه له ساڵی یه‌كه‌می ھاتنه سه‌رکاردا، به نووسینه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی مافی شارۆمه‌ندی، هه‌نگاوێكی شایان و هیوابه‌خش بوو بۆ به ئاكام گه‌یاندن و جێبه‌جێ كردنی، هه‌نگاوی پێویست ھه‌ڵگیردرێ. پێویسته ئاماژه بدەین كه جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح دوای مه‌ودایه‌كی كورت له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌نشووره، تێبینی و ڕوانگه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به گه‌ڵاڵه‌ی ئاماژه پێ‌كراو، نووسی و پێشكه‌شی كرد.
٢ـ وڵاتی ئێران كه خاوه‌ن پێشینه‌ی ژیارێكی دره‌وشاوەیە، ئاڵقه‌ی پێك گه‌یاندنی شوناسه جۆراوجۆره‌كان و ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینزایی و ئایینییه. ئه‌و میراته شارستانییه‌ته، له تێكۆشان و پڕۆسه و هه‌ڵسووڕانی ته‌واوی گه‌لانی ئێران پێكهاتووه و چاودێری و پاراستنیشی ئه‌ركی ته‌واوی شارۆمه‌ندانی ئاگادار و دڵسۆز و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌رپرس و كاربه‌ده‌سته.
٣ـ هێمنایه‌تی؛ به شێوه‌ی گشتی له بنه‌مایی‌ترین پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤی بووه و له‌و سه‌رده‌مه‌دا گرینگی و پێگه‌ی زۆرتری هه‌یه و ڕه‌هه‌نده‌كانی به شێوازێكی به‌رچاو په‌ره‌ی سه‌ندووه. ئاسایشی پته‌و و به‌رده‌وام، پێش‌مه‌رجی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ر وڵاتێكه. ئه‌وه‌ی‌كه وڵاتی ئێمه له ئه‌و ناكۆكی و توندوتیژییانه‌ی كه داوێنی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌ی گرتووه، پاراست، نیعمه‌تێكی بایه‌خداره و نیشانه‌ی تێكۆشانی ماندوونه‌ناسانه‌ی به‌رپرسان و ئاگاداری و هاودڵی شارۆمه‌ندانی تێگه‌شتووه. ئاشكرایه كه گرینگی‌دانی ها‌وسان به ڕه‌هه‌نده‌كانی‌تری ئاسایش، وه‌ك: ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری، ئابووری، سیاسی، پیشه‌یی و...، به‌رده‌وامی و پاراستنی ده‌ستكه‌وته بایه‌خداره‌كانی ئێستاكه، ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
٤ـ هه‌رچه‌ند دابین‌كردنی كه‌مایه‌سییه‌كانی ژیان له پێداویستییه‌كانی بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵگا ئینسانییه‌کان بووه، به‌ڵام گرینگی‌دانی تایبه‌ت به گه‌شه‌ی ئابووری و ئاسوده‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه. هاوكات له‌گه‌ڵ ڕاوه‌ستانی بارودۆخی ئابووری و هێندێك گرفتی بژێوی ژیان، له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ین كه ئیش‌کردنی تێبینییانه‌ی ده‌وڵه‌تی یازده‌هه‌م بۆ لابردنی پاوانکاری، كۆنتڕۆڵی به‌رزبوونه‌وه‌ی گرانی و ڕاكێشانی سه‌رمایه‌گوزارانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كاریگه‌ری ئه‌رێنی خۆی له‌سه‌ر ئابووری وڵات نیشان داوه و هیوادارین كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا دۆخی ئابووریمان گه‌شه‌ی زۆرتر بكات. ئاشكرایه كه هه‌ر جۆره سه‌ركه‌وتنێك له بواری ئابووری، له گرێوی خۆڕاگری شارۆمه‌ندان و متمانه‌ی ئه‌وان به حكومه‌ت دایه.
ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، ڕوو به سه‌رۆك كۆماری ئێران گوتی: «به‌ڕێز ڕووحانی! ئێمه بڕوامان وایه كه له ده‌وڵه‌تی ئێوه‌دا، پێوه‌ندی نێوان حكومه‌ت و نه‌ته‌وه باشتر بووه. له‌و بواره‌دا پێكهێنانی ناوه‌ندی یاریده‌ری تایبه‌ت و دامه‌زراندنی هێژایانه‌ی به‌ڕێز یونسی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و پۆسته، ڕۆڵێكی كاریگه‌ری له به‌هێزكردنی ئه‌و ڕه‌وته هه‌بووه. به پێی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌و ناوه‌نده له بواری فه‌رهه‌نگسازی و بیرجوانی و به‌هێزكردنی پێوه‌ندی نێوان هۆزه‌كان و ئایینزا و ئایینه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، شایانی ئه‌وه‌یه كه پێگه‌ی ڕێكخراوه‌یی یاریده‌ری، بۆ پۆستی جێگری به‌رز بكرێته‌وه.»
ئه‌ندامی شوڕای ناوه‌ندی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان گوتی: «به پێی چه‌مكه‌كانی ئاماژه پێ‌كراو و هه‌روه‌ها له دۆخی هه‌ستیاری ئێستادا، وه‌لانانی ڕوانگه‌ی ئه‌منییه‌تی و ڕه‌خساندنی هه‌لی زۆرتر بۆ به‌ده‌ست گرتنی پۆسته‌كانی حكومه‌تی له لایه‌ن شارۆمه‌ندانی ئه‌هلی سوننه‌ت، ده‌بێته هۆی به‌هێزتر بوونی متمانه‌ی دوولایه‌نه، یه‌كگرتوویی، یه‌كپارچه‌یی و یه‌كگری نه‌ته‌وه‌یی.»
مامۆستا پیرانی له كۆتایی وته‌كه‌یدا، له خوای په‌روه‌ردگار هێمنایه‌تی و ئاسایشی بۆ نیشتمانی ئێران و به‌هره‌مه‌ندی له به‌رژه‌وه‌ندی و خێر و به‌ره‌كه‌تی بۆ دانیشتوانی خواست.
بۆچوونه‌کان