مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی زانای پایه‌به‌رز و هه‌ڵکه‌وته، دکتۆر مه‌حموود ئیبڕاهیمی په‌یامێکی سه‌ره‌خۆشی بڵاو کرده‌وه.
ده‌قی په‌یامی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح به‌و شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
بسم الله الرّحمن الرّحیم
هه‌واڵی کۆچی دوایی زانای پایه‌به‌رز و هه‌ڵکه‌وته‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت، گه‌وره‌پیاوی مه‌زنی کوردستان، به‌ڕێز دکتۆر مه‌حموود ئیبڕاهیمی، ناخی هه‌ژاندین و خه‌مباری کردین؛ به‌ڵام ئیمان به ویست و یاسای خوای گەورە «كُلُّ مَنْ عَلَيْهَا فَانٍ» و به ڕه‌زامه‌ندییه‌وه ته‌سلیمبوون به‌و تاقیکردنه‌وه و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی په‌روه‌رێنه‌رمان، ده‌بێته هۆی سووکنایی دڵ و ئاسووده‌یی ناخی خۆشه‌ویستان و که‌سوکاری.
به‌ڕێز دکتۆر ئیبڕاهیمی له ته‌مه‌نی پیرۆزیدا، خزمه‌تی زۆر بایه‌خدار و ئاسه‌واری هه‌رمانی وه‌ک په‌روه‌رده‌ی قوتابیان و وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مگه‌لێکی پربایه‌خی پێشکه‌ش کردووه.
من له‌لایه‌ن خۆم و به نوێنه‌ری له لایه‌ن خوشکان و برایانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، به‌بۆنه‌ی نەمانی ئه‌و زانا هه‌ڵکه‌وتووه سه‌ره‌خۆشی لە خۆشه‌ویستان، بنەماڵە و مناڵانی به‌ڕێزی و خزم و که‌سوکار و قوتابیانی به‌ڕێزیان ده‌که‌م و بۆ خوالێخۆشبوو، لێبوورده‌یی و ڕەزامەندی خوا و بۆ خۆشه‌ویستان و بنەماڵەی به‌ڕێزیان، داوای ئاسووده‌یی و سه‌بر و خۆڕاگری و پاداشی زۆر له باره‌گای په‌روه‌رێنه‌ری به‌سۆز و میهره‌بان ده‌که‌م.
عەبدوڕڕەحمان پیرانی
ئەمینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح
١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠
بۆچوونه‌کان