تەرمی زانای خواناس، مامۆستا مه‌لا مه‌حموود فەتتاحی ڕۆژی سێ شەممە 25ی ڕەشەمە لە گوندی بانشەڵەی سەر بە شاری ڕوانسەر، بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی جەماعەت بە خاک سپێردرا. بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی ھەواڵنێری ئیسلاح، مامۆستا مه‌لا مەحموود فەتتاحی، زانای ئایینی خەڵکی ڕوانسەر، بەیانی ڕۆژی دووشەممە 24ی ڕه‌شەمە، لە نەخۆشخانەی «لبافی نژاد»ی تاران بە ھۆی نەخۆشینەوە کۆچی دوایی کرد. مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی، «ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح»، کە سەرەتای خویندنی ئایینی (وەک قورئان، سەرف و نەحو) لای مامۆستا مەلا مەحموود فەتاحی بووە، لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی مامۆستاکەی خۆی بەشداری کرد. مامۆستا خەڵکی گوندی «بانشەڵەی ڕوانسەر» بوو کە دوای تەواوی کردنی وانەئایینیەکان وەرگرتنی شەھادەی مەلایەتی، دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی و پاش ئاوەدانکردنەوەی مزگەوت، حوجرەیەک دادەنێ. پاشان دەچێتە شاری ڕوانسەر و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بە ماوەی پێنج ساڵ، دەبێتە وتارخوێنی ھەینی شاری ڕوانسەر و پاشان وەکوو کەسایەتیەکی دڵسۆز و خێرخواز ژیانی خۆی لە نێو خەڵکدا بردە سەر. مامۆستا مەحمود لە دامەزرێنەرانی مزگەوتی فاروقیەی شاری ڕوانسەر بوو. پێگەی ھەواڵنێری ئیسلاح، وێڕای ڕازی بوون بە بڕیاری پەروەردگار، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەم خوالێخۆشبووە دەکات و لە خوای گەورە سەبر و خۆڕاگری بۆ بنەماڵەکەی دەخوازێ. اللَّهُمَّ اغْفِرْ لَهُ وَارْحَمْهُ وَعَافِهِ وَاعْفُ عَنْهُ وَأَکْرِمْ نُزُلَهُ وَوَسِّعْ مُدْخَلَهُ وَاغْسِلْهُ بِالْمَاءِ وَالثَّلْجِ وَالْبَرَدِ وَنَقِّهِ مِنْ الْخَطَایَا کَمَا نَقَّیْتَ الثَّوْبَ الْأَبْیَضَ مِنْ الدَّنَسِ وَأَبْدِلْهُ دَارًا خَیْرًا مِنْ دَارِهِ وَأَهْلًا خَیْرًا مِنْ أَهْلِهِ وَزَوْجًا خَیْرًا مِنْ زَوْجِهِ وَأَدْخِلْهُ الْجَنَّةَ وَأَعِذْهُ مِنْ عَذَابِ الْقَبْرِ أَوْ مِنْ عَذَابِ النَّارِ. آمین یا ربّ العالمین