تاران - پێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئیسلاح
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، دیداری ئۆنلاینی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌ت له‌گه‌ڵ تێکڕای ئه‌ندامان و لایه‌نگران به‌ڕێوه‌چوو، که تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی هاودڵی، به‌رپرسیارێتیی به‌کۆمه‌ڵ و پابه‌ندبوون به ڕێکاره مه‌ده‌نییه‌کان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌نووکه‌یی کرایه‌وه.
درێژه‌ی په‌یامی مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی، ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، له دیدار له‌گه‌ڵ تێکڕای ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌م ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه له ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه، ١٠ی بانه‌مه‌ڕی ١٤٠٥، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي بِنِعْمَتِهِ تَتِمُّ الصَّالِحَاتُ، وَبِتَوْفِيقِهِ تَتَحَقَّقُ الْمَقَاصِدُ وَالْغَايَاتُ، وَبِفَضْلِهِ تَزْدَادُ الْبَرَكَاتُ وَالْحَسَنَاتُ، وَالصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ عَلَى الْمَبْعُوثِ رَحْمَةً لِلْكَائِنَاتِ، وَعَلَى آلِهِ وَأَصْحَابِهِ وَأَتْبَاعِهِ وَمَنْ سَارَ عَلَى هَدْيِ الرَّشَادِ وَالثَّبَاتِ.
ستایشی په‌روه‌ردگاری به‌دیهێنه‌ری بوون ده‌که‌ین و له ئاست گه‌وره‌یی ئه‌ودا سه‌ری کڕنوش و عه‌بدایه‌تی داده‌نوێنین و دروود ده‌نێرم بۆ پێغه‌مبه‌ری ڕه‌حمه‌ت حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د (د.خ) و سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌ران و نێردراوانی خوایی و هه‌موو چاکسازی‌خوازان، خزمه‌تکارانی ئایین و نه‌ته‌وه، پارێزه‌رانی دادپه‌روه‌ری و ئازادی و ئاوه‌دانی و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر وڵات و نیشتمانی ئازیزمان ئێران گیانی خۆیان به‌خت کرد. بۆ نه‌ته‌وه‌ی به‌ڕێزی ئێران داوای سه‌رکه‌وتن، ئارامگری، هێمنی، ئاسایش، ڕزگاربوون له ته‌نگژه و به‌ڵاکان و ته‌بایی و هاودڵی ده‌که‌ین.
زۆر خۆشحاڵم و سوپاسی په‌روه‌ردگاری میهره‌بان و به‌زه‌ییدار ده‌که‌م که مۆڵه‌تی پێداین تاوه‌کو، هه‌رچه‌ند به شێوه‌ی ئۆنلاینیش (ناڕاسته‌وخۆ) بێت، له کۆڕی ئیمانی و مه‌عنه‌ویی ئێوه‌ی ئازیزان، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی جه‌ماعه‌ت ئاماده بین؛ به‌تایبه‌تی له‌م بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا که به‌ڕاستی هۆکاره‌کانی نیگه‌رانی هه‌بوون و هه‌ن. هیوادارم ئه‌م کۆبوونه‌وه پیرۆزه هاوڕێ بێت له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی فریشته‌کان و دابه‌زینی نووری ڕه‌حمه‌تی خوایی و دیدارێکی ڕێگاکهرهوه و ڕێنماییکه‌ر بێت.
له خوای گه‌وره داوای شیفای خێرا و ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی ده‌که‌ین بۆ «کاک فه‌رشاد سه‌عیدی»ی ئازیز که به‌هۆی هێرشی ئه‌م دواییه‌وه بریندار بووه و ئێستا له نه‌خۆشخانه‌ی ورمێ خه‌وێندراوه و هه‌روه‌ها بۆ سه‌رجه‌م هاونیشتمانیانی تر که به هه‌ر هۆکارێک له‌سه‌ر جێگای نه‌خۆشین.
پاشان؛ ڕێگه بده‌ن قسه‌کانم به ئیلهام وه‌رگرتن له ئایه‌تی ٢٩ی سووره‌تی پیرۆزی "الرحمن" ده‌ست پێبکه‌م. خوای گه‌وره (جلّ جلاله) ده‌فه‌رموێت:
﴿يَسْأَلُهُ مَنْ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ كُلَّ يَوْمٍ هُوَ فِي شَأْنٍ﴾ (الرحمن / ۲۹)
هه‌رکه‌س له ئاسمانه‌کان و زه‌ویدایه، هه‌رچییه‌کی که پێویستی پێیه‌تی له باره‌گای په‌روه‌ردگارییه‌وه داوای ده‌کات و ئه‌و به‌رده‌وام و هه‌ر ساتێک له کارێکدایه.
جێگای سه‌رنجه خوای گه‌وره چه‌مکگه‌لێکی وه‌ک: گۆڕانکاری، گۆڕان، بزوێویی و نوێبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه جه‌وهه‌رییه‌کانی بوون و بوونه‌وه‌ران به‌گشتی داناوه؛ هه‌رچه‌نده کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی زیاتر له بوونه‌وه‌رانی دیکه شایه‌تحاڵی ئه‌م گۆڕانکاری و وه‌رچه‌رخانه سروشتی و هه‌روه‌ها ئیرادییانه بووه و هه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، ڕێسا و یاسای خوایی﴿كُلَّ يَوْمٍ هُوَ فِي شَأْنٍ﴾ جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که:
«كُلَّ وَقْتٍ وَحِينٍ هُوَ فِي أَمْرٍ مِنَ الْأُمُورِ، يُجَدِّدُ أَحْوَالًا وَيُغَيِّرُ أَوْضَاعًا وَيُحْيِي أَشْخَاصًا وَيُمِيتُ آخَرِينَ بِحَسَبِ قَضَائِهِ الْأَزَلِيِّ»
(حاڵه‌تگه‌لێک نوێ ده‌کاته‌وه و بارودۆخگه‌لێک ده‌گۆڕێت و ژیان به که‌سانێک و مه‌رگ به که‌سانێکی دیکه ده‌به‌خشێت).
«وَلَمَّا أَفْضَى الْإِخْبَارُ إِلَى حَاجَةِ الْإِنْسَانِ إِلَيْهِ تَعَالَى أَتْبَعَ بِأَنَّهُ الِاحْتِيَاجُ عَامٌّ لِأَهْلِ الْأَرْضِ وَأَهْلِ السَّمَاءِ»
(به دوای خستنه‌ڕووی بابه‌تی پێویستیی به‌رده‌وامی مرۆڤ به یارمه‌تیی په‌روه‌ردگار، جه‌خت ده‌کرێته‌وه که ئه‌م پێویستی و پشتبه‌ستنه بۆ سه‌رجه‌م دانیشتووانی ئاسمانه‌کان و زه‌وی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه).
له ڕاستیدا ئه‌م ئایه‌ته جه‌خت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ته‌وحیدی ده‌کاته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که: هه‌رچی و هه‌رکه‌سێک له ئاسمان و زه‌ویدایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دروستکراوی په‌روه‌ردگاره، بۆیه له په‌یدابوون، مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ژیاندا پێویستی به پاڵپشتی و ڕێنمایی په‌روه‌ردگاریه‌تی و پێویستیی خۆی به زمانی حاڵ یان به زمانی گوتار ته‌نیا له ئه‌و داوا ده‌کات و په‌روه‌ردگاری بوونیش له هه‌ر سات و کاتێکدا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بوون، ئیراده‌ی دروستکردنێکی نوێ ده‌کات و نه‌خشه‌یه‌کی نوێ داده‌ڕێژێت و جووڵه‌ی بوون و بوونه‌وه‌ران به حیکمه‌ت، هێز و ڕه‌حمه‌تی بێوێنه‌ی خۆی به‌ڕێوه ده‌بات.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شایسته‌یه مرۆڤ وه‌ک باشترینی دروستکراوه‌کان (ئه‌شره‌فی مه‌خلووقات) که ئاگایانه به‌رپرسیارێتیی ئه‌مانه‌تی جێنشینیی په‌روه‌ردگاری (واته: ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی زه‌وی، عه‌بدایه‌تیی خوا و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری) قبووڵ کردووه، له‌پێناو باشترکردنی به‌رده‌وامی جووڵه‌ی ژیان و گه‌یشتن به باڵایی هزری، بیرکردنه‌وه، کرده‌وه و هه‌ڵسوکه‌وت له ژێر سایه‌ی فه‌رمان و ئامۆژگارییه ڕهببانییهکانی خوای زانا و حه‌کیمدا هه‌نگاو بنێت. هه‌روه‌ک چۆن ده‌فه‌رموێت:
﴿تَبَارَكَ الَّذِي بِيَدِهِ الْمُلْكُ وَهُوَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ * الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا وَهُوَ الْعَزِيزُ الْغَفُورُ﴾ (الملک / ۱-۲)
(پیرۆز و گه‌وره‌یه ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی که ده‌سه‌ڵاتداری ته‌نیا به ده‌ست ئه‌وه و ئه‌و به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا توانایه، ئه‌و زاته‌ی که مردن و ژیانی دروست کردووه بۆ ئه‌وه‌ی تاقیتان بکاته‌وه که کامتان کرده‌وه‌ی چاکتره).
هه‌روه‌ک چۆن تێبینی ده‌که‌ن، له‌م ئایه‌ته‌دا مردن پێش ژیان که‌وتووه:
﴿خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ﴾. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مردن مه‌ترسیدارترین و گرنگترین ڕووداوێکه که له ژیانی هه‌ر مرۆڤێکدا ڕوو ده‌دات و بۆ هه‌میشه کۆتایی به ته‌مه‌ن، ژیان، مامه‌ڵه و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و له‌م جیهانه‌دا ده‌هێنێت و دوای ئه‌وه یان بۆ به‌رزترین پله‌کان (أعلی علیین) به‌رز ده‌بێته‌وه یان خوای نه‌کرده ده‌که‌وێته نزمترین ئاسته‌کان (أسفل سافلین).
که‌واته په‌یامی ئه‌م ئایه‌ته، یان باشتره بڵێین ئه‌و هۆشدارییه‌ی که ده‌یدات، گرنگیدانی جدییه به هه‌وڵی به‌رده‌وام به مه‌به‌ستی باشترکردن و چاکسازیی ڕه‌وتی ژیان و هه‌ڵبژاردنی باشترین کرده‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕێگای ڕاست؛ تاوه‌کوو مرۆڤ بتوانێت به سوودوه‌رگرتنی شایسته له‌و ده‌رفه‌ت، توانا، هه‌لومه‌رج و بارودۆخانه‌ی که دێنه ڕێی تاکه‌کان، ڕه‌وته‌کان و نه‌ته‌وه موسڵمانه‌کان، ئامۆژگارییه پهروهردگارییهکان له ژیانی کورت و تێپه‌ڕی خۆیدا بهێنێته دی و له‌بیری نه‌کات که ده‌رفه‌تی ته‌مه‌ن گرانبه‌هاتر و له هه‌مان کاتدا کورت‌تر له‌وه‌یه که به که‌مته‌رخه‌می، سستی و بێئاگایی به‌سه‌ر ببرێت و به‌فیڕۆ بدرێت.
هه‌ر بۆیه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (یان له‌م سۆنگه‌یه‌وه) زانایان فه‌رموویانه: دوو چه‌مکی ته‌وه‌ری و ته‌وحیدی ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾ «(ته‌نها تۆ ده‌په‌رستین و ته‌نها له تۆش داوای یارمه‌تی ده‌که‌ین)» که له هه‌ر شه‌و و ڕۆژێکدا چه‌ندین جار له‌سه‌ر زاری باوه‌ڕدارانه‌وه دووباره ده‌بنه‌وه، دوو چه‌مکی لێکدانه‌بڕاو و ته‌واوکه‌ری یه‌کترن که نیشانه‌ن بۆ ڕزگاری و ئازادیی مرۆڤ و هه‌ڵبژاردنی هۆشیارانه‌ی ڕێگای سه‌رفرازی. یه‌که‌میان مه‌عریفه‌ت (ناسین) و په‌رستنه و دووه‌میشیان خۆڕاگری و داوای یارمهتیکردنه.
له ڕاستیدا عهبودیهت (به‌ندایه‌تی)، له به‌ندایه‌تیکردنی هۆشیارانه‌ی په‌روه‌ردگار، وه‌فا به په‌یمان، ڕازیبوون به قه‌زا و قه‌ده‌ری په‌روه‌ردگار، قه‌ناعه‌تکردن به‌وه‌ی که ئه‌و پێی به‌خشیوه و هه‌روه‌ها له پاراستن و پابه‌ندبوون به سنووره‌کانی خوادا به‌رجه‌سته ده‌بێت؛ هه‌روه‌کوو چۆن خوای گه‌وره (جلّ جلاله) فه‌رمان ده‌دات: ﴿أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ﴾ یان ده‌فه‌رموێت: ﴿تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ فَلَا تَعْتَدُوهَا﴾. داوای یارمه‌تی کردن بریتییه له ئاسانکاری و ساده‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و کارانه‌ی که ئه‌نجامدانیان له‌گه‌ڵ ڕه‌نج و سه‌ختی دایه، هه‌روه‌ها به مانای ده‌ستگرتن به سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تیی هۆکاره‌کان و جووڵانه‌وه له‌ژێر تیشکی سونه‌ت و یاسا ئیلاهییه‌کانی زاڵ به‌سه‌ر گه‌ردوون و کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا دێت.
له ڕاستیدا هه‌ردوو وشه‌ی بڵندی ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾ [ته‌نها تۆ ده‌په‌رستین و ته‌نها له تۆش داوای یارمه‌تی ده‌که‌ین]، له لایه‌که‌وه نیشانه‌ی تهلازم و په‌یوه‌ندیی نێوان ئامانج و ئامراز و ده‌ره‌نجام و هۆکاره؛ له لایه‌کی تریشه‌وه جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی مه‌عریفه و ناسینی ته‌واوی فه‌رمانده‌ر و ته‌نها په‌رستراوی حه‌قیقی و شایسته‌ی بندگی و هه‌روه‌ها ناسینی فه‌رمان و ئه‌مر به عیبادهت ده‌کاته‌وه.
خوشک و برایانی ئیمانداری و به‌ڕێزم! ئێوه باش ده‌زانن که به‌پێی ته‌علیماته بڵنده‌کانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، هه‌ڵوێست و کرده‌وه‌ی شیاو به‌تایبه‌ت له کات و شوێن و بارودۆخی تایبه‌تدا، نموونه‌یه‌که له نموونه‌کانی ئه‌مانه‌تداری و وه‌فاداری به په‌یمان. هه‌روه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
﴿إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَىٰ أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ إِنَّ اللَّهَ نِعِمَّا يَعِظُكُمْ بِهِ إِنَّ اللَّهَ كَانَ سَمِيعًا بَصِيرًا﴾ (نسا‌ء / ۵۸)
واته: «به‌ڕاستی خودا فه‌رمانتان پێده‌کات که ئه‌مانه‌ته‌کان بگێڕنه‌وه بۆ خاوه‌نه‌کانیان، وه کاتێک له‌نێوان خه‌ڵکیدا بڕیارتان دا، به دادپه‌روه‌ری بڕیار بده‌ن؛ به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی خودا ئامۆژگاریتان پێده‌کات چه‌نده چاکه، بێگومان خودا بیسه‌ر و بینایه.»
(به‌ڕاستی خودا فه‌رمان به هه‌موو ئێوه‌ی مرۆڤ ده‌کات که «ئه‌مانه‌ت» به خاوه‌نه‌کانیان بسپێرن یان بگێڕنه‌وه و کاتێک له‌نێوان خه‌ڵکیدا خه‌ریکی داوه‌ری کردنن، دادپه‌روه‌رانه داوه‌ری بکه‌ن. بێگومان ئه‌م فه‌رمانه ئیلاهییه -که بنه‌ماکه‌ی بریتییه له ئه‌داکردنی ئه‌مانه‌ت و جێبه‌جێکردنی دادپه‌روه‌ری- باشترین ئامۆژگاری و په‌ندێکه که په‌روه‌ردگاری مه‌زن ئێوه بۆ ئه‌نجامدانی بانگھێشت ده‌کات. به‌ڕاستی ئه‌و بیسه‌ر و بینایه؛ گوفتاری ئێوه ده‌بیستێت و ئه‌حواڵی ئێوه ده‌بینێت).
ئاشکرایه په‌یام و مه‌فهوومی ئه‌م فه‌رمووده ڕه‌ببانییه، په‌یوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵک و له ته‌واوی کات و بواره‌کانی ژیانیاندا هه‌یه، که ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی جیهانی بوون و نه‌مر بوونی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هه‌روه‌ها ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یی په‌روه‌ردگاره به‌رامبه‌ر به هه‌موو مرۆڤه‌کان. جێگای سه‌رنجه که وشه‌ی ئه‌مانه‌ت له‌م ئایه‌ته‌دا به شێوه‌ی کۆ هاتووه ﴿الْأَمَانَاتِ﴾؛ چونکه ئه‌مانه‌ت چه‌ندین جۆری هه‌یه، له‌وانه:
١- ئه‌مانه‌تی گه‌وره‌ی ته‌مه‌ن و که‌سایه‌تیی حه‌قیقیی هه‌ر تاکێک و به زاراوه‌ی قورئانی پیرۆز (نه‌فس) و به‌رپرسیارێتیی پاراستنی شیاوی ئه‌و نه‌فسه.
٢- ئه‌مانه‌تی به‌نرخ و گرانبه‌های ئایین و شه‌ریعه‌ته ئاسمانییه‌کان که ڕێنوێن و چرای ڕێگای ژیانن.
٣- ئه‌مانه‌تی گرنگی خێزان و نێعمه‌تی منداڵان، که‌سوکار و هاوڕێیانی دڵسۆز که هۆکاری ئارامی، ڕه‌حمه‌ت، به‌زه‌یی، دۆستایه‌تی، خۆشه‌ویستی و گه‌شه‌سه‌ندن و باڵابوونن.
٤- ئه‌مانه‌ت و نێعمه‌تی ماڵی حه‌ڵاڵ، سامان و ئه‌و ئیمکانیاتانه‌ی که بوونیان بۆ ژیانێکی سه‌ربه‌رزانه پێویستییه‌کی حه‌یاتییه.
٥- ئه‌مانه‌تی به‌رپرسیارێتییه کۆمه‌ڵایه‌تییه کاریگه‌ره‌کان و هه‌روه‌ها هاوکاریی شوێنه‌وارانه له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه و ڕه‌وته خاوه‌ن ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌کانی فکر و ئه‌ندێشه، ئامانج و ستراتیژی، که توانای خزمه‌تگوزارییان به هاوڕه‌گه‌ز و هاونیشتمانیانی خۆیان هه‌یه.
٦- ئه‌مانه‌تی زانست و پسپۆڕی و به‌رپرسیارێتیی ڕوونکردنه‌وه و گه‌یاندنی په‌یامی بانگه‌واز بۆ به‌ها باڵاکانی ئیسلامی و مرۆیی و چه‌ندین جۆری تری ئه‌مانه‌ته‌کان.
بۆ نموونه ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ی که له «ئهحسهنولقهسهس»ی قورئاندا (چیرۆکی حه‌زره‌تی یووسف سه‌لامی خوای لێ بێت) هاتووه، هه‌روه‌ک قورئانی پیرۆز له زمانی ئه‌وه‌وه ده‌فه‌رموێت:
﴿اجْعَلْنِي عَلَىٰ خَزَائِنِ الْأَرْضِ إِنِّي حَفِيظٌ عَلِيمٌ﴾ (یوسف / ۵۵)
(یووسف ڕوو به عه‌زیزی میسر وتی: من بکه به لێپرسراوی خه‌زێنه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه؛ به‌ڕاستی من زۆر پارێزه‌ر و چاو‌دێر و زانا و به‌توانام سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی ته‌سه‌ڕوف، به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه).
ئاشکرایه پێشنیاره به‌رپرسیارانه‌که‌ی حه‌زره‌تی یووسف بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مانه‌تی پاراستنی سه‌رمایه و دارایییه‌کانی سه‌رزه‌مینی پان و به‌رینی میسری ئه‌و سه‌رده‌مه و ده‌ربڕینی ئاماده‌یی به‌مه‌به‌ستی گێڕانی ڕۆڵ و تێکۆشان بۆ پاراستن و دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کان و داکۆکیکردن لێیان، له ڕاستیدا له‌سه‌ر بنه‌مای سونه‌تی ئه‌هلی فه‌زڵ و که‌ماڵ و خزمه‌تگوزارانی گه‌ل و نیشتمان له درێژایی مێژوودا ئه‌نجام دراوه که کارێکی زۆر جێی ستایشه؛ چه‌نده جوانیش قورئانی پیرۆز مۆری ته‌ئید ده‌نێت به‌سه‌ر ئه‌م هه‌ستی به‌رپرسیارێتی و دڵسۆزییه‌ی یووسفدا و ده‌فه‌رموێت:
﴿وَكَذَٰلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِي الْأَرْضِ يَتَبَوَّأُ مِنْهَا حَيْثُ يَشَاءُ نُصِيبُ بِرَحْمَتِنَا مَنْ نَشَاءُ وَلَا نُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ * وَلَأَجْرُ الْآخِرَةِ خَيْرٌ لِلَّذِينَ آمَنُوا وَكَانُوا يَتَّقُونَ﴾ (یوسف / ۵۶-۵۷)
(به‌و شێوه‌یه خوای زانا و دانا، پاکی و ڕاستگۆییی ئه‌وی ده‌رخست و شای میسری سه‌رسام کرد به‌رانبه‌ر به‌و و پله و پایه‌ی یووسفی بڵێند کرده‌وه تا هه‌نگاوه‌کانی بۆ هێنانه‌دیی ئامانجه باڵاکان جێگیرتر هه‌ڵبگرێت). جه‌ختی فه‌رموو: ﴿وَلَا نُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ﴾ [وه ئێمه پاداشتی چاکه‌کاران به‌فیڕۆ ناده‌ین] و ﴿وَلَأَجْرُ الْآخِرَةِ خَيْرٌ لِلَّذِينَ آمَنُوا وَكَانُوا يَتَّقُونَ﴾ [وه بێگومان پاداشتی قیامه‌ت باشتره بۆ ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان هێناوه و پارێزکارییان کردووه].
ئاشکرایه که له‌م ئایه‌ته ڕوونانه‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر مه‌فهوومه باڵاکانی وه‌ک ئه‌مانه‌تداری، به‌رپاکردنی داد و عه‌داله‌ت و پاراستنی هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کان و تواناکان له‌ژێر تیشکی زانست و پسپۆڕیدا و که‌ڵک لێوه‌رگرتنی شیاو و هۆشیارانه لێیان (به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به جووڵانه‌وه‌کان، ڕه‌وته‌کان، گه‌لان و ده‌وڵه‌ته‌کان) به پێویستییه‌کی دووچهنده کراوه‌ته‌وه.
له کۆتاییدا، به پێویستی ده‌زانم جه‌خت له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێک بکه‌مه‌وه:
١- هه‌روه‌ک له به‌یاننامه‌ی ڕێکه‌وتی ١٩ی ڕه‌شه‌مێی ١٤٠٤دا به ڕوونی ئاماژه‌ی پێکراوه، جه‌ماعه‌ت ده‌ستدرێژیی سته‌مکارانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا و ڕژێمی غاسبی ئیسرائیل بۆ سه‌ر خاکی وڵاتی ئازیزمان ئێران به توندی شه‌رمه‌زار ده‌کات و سڵاوی دڵسۆزانه ده‌نێرێت بۆ گیانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌م جه‌نگه نابه‌رابه‌ره‌دا له پێناو به‌رگری له نیشتمان و گه‌لدا گیانی خۆیان فیدا کرد و شه‌هید بوون و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رکه‌وتووانه‌ی وڵات له‌م بارودۆخه هه‌ستیاره‌دا به‌رز ده‌نرخێنێت و ئاواته‌خوازی ئه‌وه‌یه هه‌رچی زووتر ئه‌م جه‌نگه به سوودی وڵاته‌که‌مان کۆتایی پێ بێت.
٢- هه‌وڵه به‌رده‌وام و دڵسۆزانه‌کانی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی جه‌ماعه‌ت له پێناو به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان، که‌سوکار و هاوسێیان و تێکۆشان بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خۆڕاگری و دانبه‌خۆداگرتن، په‌ره‌پێدانی ڕۆحییه‌ی مرۆڤدۆستی و هۆشداریدان سه‌باره‌ت به کاریگه‌ربوون به پڕوپاگه‌نده و هه‌واڵه ناڕاسته‌کان، نیشانه‌ی به‌رپرسیارێتی و جێبه‌جێکردنی باشی ئه‌رکی ئایینی و نیشتمانییه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جێی سه‌رنجه که خوای گه‌وره له ئایه‌ته جۆراوجۆره‌کانی قورئانی پیرۆزدا، ئیمانداران بانگهێشت ده‌کات بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی له کاتی خۆشی و ناخۆشی، ته‌ندروستی و نه‌خۆشی، ئارامی و ترس و سه‌رکه‌وتن و شکستهێناندا، تاوه‌کوو هه‌میشه په‌یوه‌ندیی خۆیان له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا بپارێزن و دڵنیا بن که به‌ڵا، تاقیکردنه‌وه، ته‌نگانه و سه‌ختییه‌کان وه‌ک وێستگه و شوێنی وه‌ستان وان، تاوه‌کوو مرۆڤ به وه‌رگرتنی وانه له‌و تاقیکردنه‌وانه و به ته‌وه‌کول به لوتف و ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار، له نوێوه جووڵه‌ی ژیان له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ڕاستدا هیدایه‌ت و سه‌رپه‌رشتی بکاته‌وه. هه‌ر به‌هۆی گرنگیی سه‌بر و ڕۆڵه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌یه‌تی که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
﴿إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ﴾ [به‌ڕاستی ته‌نها ئارامگرانی پاداشتی خۆیان به‌بێ حیساب و بێ‌سنوور پێده‌درێت].
٣- پێویسته هه‌موو ئه‌ندامان و لێپرسراوانی ئازیزی جه‌ماعه‌ت، بڕیاری حه‌کیمانه‌ی ئه‌م دوایییه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی سه‌باره‌ت به پێکهێنانی «کۆمه‌ڵه ڕاوێژکارییه‌کان» و چالاککردنیان به ته‌وه‌ری لێپرسراوانی جێبه‌جێکار و یاریده‌ده‌ره‌کان، بخه‌نه ژێر گرنگیپێدانی جیدییه‌وه؛ هه‌روه‌ها به هاوکاری و هه‌وڵی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به دیاریکردنی پێویستی و له‌پێشینه‌کانی (ئه‌وله‌ویات) کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌به‌ست و به‌گوێره‌ی توانا و ئیمکانیاتی جه‌ماعه‌ت، بڕیاری گونجاو بده‌ن. ئێوه‌ی خوشکانی به‌ڕێز و برایانی ئازیز ئاگادارن که کۆمه‌ڵه ڕاوێژکارییه‌کان، هه‌مان هه‌ڵبژێردراوانی کۆنگره و ئه‌ندامانی چالاکی جه‌ماعه‌تن له شارستانه‌کاندا؛ بۆیه ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی پێ سپاردوون تاوه‌کوو له‌ژێر تیشکی یاسا، ستراتیژی و ئامانجه‌کانی جه‌ماعه‌تدا، له‌نێوان پێویستی و ئه‌وله‌ویاتی شارستانه‌کان و ئیمکانیات و تواناکانی ئێستادا گونجان و ته‌بایی دروست بکه‌ن و هه‌موو ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌ت بۆ هاوکاری بانگهێشت بکه‌ن.
٤- هه‌روه‌ک پێشتریش جه‌ختی لێکراوه‌ته‌وه، پێویسته کۆمه‌ڵه ڕاوێژکارییه‌کان به شێوه‌یه‌کی جیدی هه‌نگاو بنێن بۆ دروستکردن و به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندیی ئامانجدار له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کان، ڕه‌وته‌کان و هه‌روه‌ها ناوه‌نده په‌یوه‌ندیداره‌کان؛ تاوه‌کوو له لایه‌ک کۆمه‌ڵگه زیاتر له جاران ئاشنای توانا و ظرفیهته جێی متمانه‌کانی جه‌ماعه‌ت بێت و له لایه‌کی تریشه‌وه بواری زیاتر بۆ خزمه‌تگوزاری و ڕۆڵگێڕان بڕه‌خسێت. چونکه وه‌ک ئاگادارن، جه‌ماعه‌ت له قه‌واره‌ی ڕێکخراوێکی مه‌ده‌نی، سه‌رتاسه‌ری، سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ڕه‌سه‌نایه‌تی و ته‌ندروستیی فکر و ئه‌ندێشه، سه‌رکه‌وتوو بووه له‌وه‌ی که هاوکات له‌گه‌ڵ جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر ناسنامه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆی، له ده‌مارگیریی مه‌زهه‌بی و تاقمگه‌ری و قۆرغکاری تێپه‌ڕێت و بۆ ماوه‌ی پتر له چوار ده‌یه، به‌گوێره‌ی هێز و توانای هه‌بوو، خزمه‌تگوزاریی نه‌مر له بواره‌کانی فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی و خێرخوازیدا پێشکه‌ش بکات.
شیاوه له بارودۆخی ئێستادا هه‌وڵه‌کانمان دوو هێنده بکه‌ین و له پێناو پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاری به پێویستمه‌ندان له هیچ تێکۆشانێک درێغی نه‌که‌ین و ئامۆژگارییه‌کانی پێغه‌مبه‌ری ڕه‌حمه‌ت ﷺ بکه‌ینه سه‌رمه‌شقی خۆمان که ده‌فه‌رموێت: «الصَّبْرُ عِنْدَ الصَّدْمَةِ الْأُولَى» (ئارامی و سه‌بر له یه‌که‌مین کاتی ڕوودانی ناخۆشیدایه).
یان ده‌فه‌رموێت: «اللَّهُ فِي عَوْنِ الْعَبْدِ مَا دَامَ الْعَبْدُ فِي عَوْنِ أَخِيهِ» (خودا هاوکار و یارمه‌تیده‌ری به‌نده‌یه، مادام به‌نده‌که خه‌ریکی هاوکاری و یارمه‌تیدانی برایه‌که‌ی بێت).
وَفَّقَكُمُ اللَّهُ لِمَا يُحِبُّ وَيَرْضَاهُ.
سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز بن.
وَالسَّلَامُ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَةُ اللَّهِ وَبَرَكَاتُهُ.

بۆچوونه‌کان