بەپێی ڕاپۆرتی ئیسلاحوێب، سەیرانی ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی مەریوان بە مەبەستی پتەوکردنی هەستی برایەتی و ئیمانی لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ١٨ و ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە بەرزاییەکانی ناوچەی هەورامان بەڕێوە چوو. لەو سەیرانه که لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەوە دەستی پێ کرد و تا بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە درێژەی کێشا، میوانان لە ٢١ نووسینگەی وڵات که سەرجەم زیاتر لە ٢٢٠ کەس بوون، بەشداریان کردبوو.
لەو سەیرانه پەیامی مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لەلایەن دکتۆر مەحموود وەیسی ئەندامی لیژنەی کارگێڕی ناوەندی خوێندرایەوە. لە بەشێک لە پەیامەکەی ئەمینداری گشتیدا هاتووە:
«بەڕێزان، ئەندامان، چالاکان و لایەنگرانی جەماعەت
السلام علیکم ورحمة اللە تعالی وبرکاتە
هەواڵی کۆبوونەوەی برایانە و ئیمانی ئێوە ئازیزان لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامانی هەرمان، بوو بە مایەی دلخۆشی و ئەگەرچی بە هۆی گرفت و مەشغەڵەی زۆرەوە مەودای بەشداریکردنم بۆ نەڕەخسا، بەڵام بە دڵ لە لاتانم.
تەتە و هەموو چیا سەربەرزەکانی کوردستانی شیرین، بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ، شاهیدی جووڵانەوە و کۆلنەدانی نەبڕاوەوە و بێ پسانەوەی لاوانی تینووی زانستی ئەو مەڵبەندانەن کە بەوپەڕی ئەوین و تامەزڕۆییەوە سنووری کەژ و کەل و شیوەکانیان دەبەزاند و بەرەو کانیاوە ڕوونەکانی ئایین و مەعریفەت و خزمەتگوزاری دەکەوتنە ڕێ و هەر یەکەو دەبوونە مەشخەڵێک. شێرکۆ گوتەنی:
من هەر کاتێ...
شاخێکی لووتکە سپی
هەورامان دەبینم
یەکسەر
مەلا عەبدولکەریم مودەڕڕیس
دێتە بەرچاوم…
هاوکات هەمان دیمەنەکان، بە دەیان بیرەوەری تاڵ و سوێریشیان لە چەرمەسەری و بێدەرەتانی خەڵکی ئەم سنوورانە تۆمار کردووە کە ئازاد و فەرهادی تراژیدییە دڵتەزێنەکەی زستانی ۹۸ی تەتە یەک لە وانن.
ئازیزان و هاوڕێیان!
هەروەک باش ئاگادارن، ئامانجی هاوبەشی ئێمە، تێکۆشانی بێ ڕیایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گشتیی ژیانی هاوڵاتیان -بەپێی توانامان- و هەروەها هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ئەزموونە تاڵەکان و ئەوەش پێویستی هەیە بە وشیاری گشتیمان و هەروەها لێک تێگەیشتن بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکان.
خوای خاوەنی بوونەوەر بە بەزەیی بێ بڕانەوەی خۆی، برایەتی و تەبایی و یەکڕیزی نێوانمان هەردەم پتەوتر بکات و لە بەزاندنی کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگە یارمەتی هەموومان بدات.
رَبَّنَا آتِنَا فِی الدُّنْیَا حَسَنَةً وَفِی الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّار
آمین یا رب العالمین
عەبدوڕڕەحمان پیرانی
ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح
17ی گهلاوێژی 1402ی ههتاوی»
جێی ئاماژەیە کە لەو سەیرانەدا، بەرنامەی جۆراوجۆری پەروەردەیی، وەرزشی، سەرگەرمی و... بەڕێوە چوو و نوێنەرانی نووسینگەکان سەبارەت بە ئەزموون و چالاکییەکانیان قسەیان کرد و ڕا و بۆچوونیان ڕاگۆڕیەوە.
ئەو سەیرانه دوای خواردنی نانی بەیانی لە ڕۆژی پێنجشەممە و سەردانی بەرزاییەکانی تەتە که بەسەر هەرێمی کوردستان و شاری هەڵەبجەدا دەڕوانی، کۆتایی پێ هات.
بۆچوونهکان