لَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسانَ في أَحْسَنِ تَقْويمٍ

پەروەدگاری مێهرەبان فەرموویەتی؛ بە ڕاستی ئێمە ئادەمیزادمان(لە چاو گیاندارەکانی تر) لە جوانترین شێوە و قەوارەدا دروست کردووه. لە واقیعدا خوای گەورە ئادەمیزادی لە گیاندارانی تر جوێ کردۆتەوە به عەقڵ و به هۆش، بۆ ئەوه کە بتوانێ به هەموو بارێ بەختیاری و پیرۆزی بۆ خۆی دەردەست بکا. هەروەکوو سیرەتی به هۆش جوان کردووه، سووڕەت و پەیکەریشی بەسەر ڕوخساڕ و چارەی جوان و چاو و برۆ  و دەم و لێو و گەردەن و سینه و دەست و پێی نەرم و نیان ڕازاندۆتەوه بۆ ئەوەی که دەر و ناوی دڵڕفێن و نازدار و شیرین و نازەنین بێ.

بەهار بانگ ئەکا لە ڕۆڵەی نازدار         ئەلێ ئەی بەندەی خوای پەروەردگار

ورد ببەرەوە لە سووڕەتی خــۆت        لەو عەقڵ و هۆشەی خوا داویە پێت

یەعنی ئادەمـی نرخـی گــرانه          (خلــیفة الله ) پایــــەی ئینســـــانه

خوا به تەزکیە تەختـی پێ داوە         تاجــی ســەروەری لەســەر داناوە

هەرچی پێی داوە لە ورد و درشت       له بۆ سوودی خۆی داندراوه گشت

دڵ بۆ بیری باش له بۆ هەوڵدان        بۆ دۆزینەوەی رێی خۆشـــی ژیان

بۆ ژینی بێ ژان بۆ ڕیی ئازادی          لە بـــــۆ ڕزگاربوون لـــە نامـــرادی

تا بۆ خـــۆی بژی (کیف ما یشا)        به خۆشـــی بژی هەر وەکـوو پاشا

کەللە بارەگای مەکینەی بە سوود         پڕ کراو لە هێز بۆ ڕێگای مەقسوود

لــه کەللە دایە دەماخ بۆ شعوور            دەمــاخ ئەساسه بۆ کارەبای نوور

وایـــەر ئەنێرێ بۆ گڵۆپی چـــاو         به ڕاست و چەپدا نووریان دێتە ناو

لە کەللەوە دێ هێزی چاو و گوێ       هێزی بۆنکردن بــۆ هەر بۆنــی بێ

کەللە ئەنێرێ بۆ حوزووری دڵ             هەواڵی ماددەی ئاسان بۆ موشکڵ

کام دڵ ئەو دڵە لەتیفەی حـــەقه          جێی ڕازی خودای فەردی موتڵەقه

زانای ئەسراری مەفهوومی کوللی          جێگەی ئەنواری کاتی تەجــەلی

چاو بۆ تەماشای پەڕەی کائینات            هەتا وەربگرێ قازانجــــی حەیات

گوێ بۆ حەق بیستن لە ناو وتارا            بۆ ســـوودی ئادەم لـــە ڕۆژگاڕا

زمـــان بۆ بەیان، بۆ ئامـــۆژگاری          بـۆ نیشاندانی ڕێــی بەخـــتیاری

دەست بۆ دەستبردن بۆ خامه و نامه         ەبـۆ نووسینی یاســـا و بەرنامه

بۆ کـــــردنەوەی کـــەلامی خــــودا         لەبـۆ مــوتاڵای لە رۆژ و شەودا

بۆ کـــردنەوەی کتابچەی حیکمەت           بـــۆ وەرگرتنی فنونی سەنعەت

لەبـــــۆ ناشتنی داری بەسەمـــەر         بۆ وەشاندنی تۆوی خێر و شــــەڕ

بۆ بەخشینەوەی بەری ڕەنجی شان         بەسەر داماوی بێ دەست و بێ دان

بۆ شەپڵاخەدان لە لا گوێی نامەرد         تا هەڵمەت نەبا وێنەی کێوی هــەرد

بۆ شمشیر گرتن بەرەو ڕووی دوژمن       دوژمــنی دین و تین و ژینی ــن

دوژمنـــی نابار که تەمێ نەگرێ          ناچار دەست لەبۆ مشتۆی شێر ئەبڕێ

شاهی وا لە سای سێبەری شێردا        لەگەڵ دەهەندە و داد و تەدبیــردا

***

پێ بۆ ڕۆیشتن لەسەر ڕێگای ڕاس           لەبۆ ڕاوەستان لە جێگای ئیخلاس

لەبـــۆ ڕاوەستــــان لە باڵای مینبەر           بۆ دەرسی بەرزی تەمێ بۆ بەشەر

لەبــۆ ڕاوەســـتان لە ڕیزی جەنگــا          لەبـــۆ ڕاکــــردن بە دوای پڵنــگا

لـەبــۆ ڕۆیشتن لـە شوێنــی دەرزا       بۆ شان بۆ ژیان لەسەر رووی عەرزا

***

شان لە بۆ ڕەنجە لە ماوەی ژینا          لە ئیشی دنیا و لە ئیشی دینا

تا باری منەت نەڕواتە سەر دڵ            تا بەشانی خۆت بگەی بە حاسڵ

***

پشت بۆ ئەوەیە که پشت ئەستوور بی          دایم ئامادەی کـاری زەروور بی

پاڵ بدەیتەوە لەسـەر ڕەنجی خـۆت       باڵ دانێی لەسەر مایە و گەنجی خۆت

یەعنی ئادەمی شای سـەرزەمینە            یاری فــــریشتەی (روح الامین)ە

له هەر سوودێکدا کە دەستی کەوێ        سەری کڕنۆشی بۆ حەق دانـەوێ

بۆ هـەر زیانێ دامەنگیــری بێ         ڕەزا بە قـــەزا مایەی بیری بـێ

یانــــی دڵـدا فریشتەی خـــوویی         لە ناو کۆمەڵدا بەهەشتی ڕوویی

(احســـن تقویم) ئەمەیە مەعـنای        ئەگـەر بە ڕاستی ئادەـی زانای

بەهار بانگ ئەکا ڕۆڵەی دڵ قەویم       لانەدەی لە هـــۆی(احســـن تقویم)

ئینسـان بەم شێوە ئەبێ بە نامی      ئەبێ بە مــەردی فەردی نیـزامی

***  ***  *** 

بۆ زانیاری زیاتر: ئەم بابەتە لە کتێبی زۆر بە نرخی «بەهار و گوڵزار» وەرگیراوە که مامۆستا مەلا عەبدولکەریم ئاوای وەسف دەکات؛

«کتێبێکە به پەخشان و هەڵبەست لە بارەی ڕەوشتی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە». ئەو کتێبه ساڵی 1977ی زایینی لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا هاتۆتە چاپکردن و بڵاو کراوەتەوە. بێگومان و بە بێ ئیغراق ئەو کتێبە ئەگەر له گوڵستانی سەعدی زیاتر نەبێ، کەمتر نییە، بەڵام بە داخەوە به کەمی ناسراوە و ئەو جۆرەی شیاوە کەڵکی لێ وەرنەگیراوە.