گەنجێتی قۆناغی هەرە زیندووی تەمەنی مرۆڤە، چونكە ناوەندی هەر شتێك بەهێزترنیە، خۆر لەنیوەی ڕۆژدا بەتینە، گەنجێتی دەكەوێتە نێوان دوو قۆناغە لاوازەكەوە (منداڵی و بەساڵاچوون)، بەبەڵگەی (الله الذی خلقكم من ضعف ثم جعل من بعد ضعف قوة ثم جعل من بعد قوة ضعفا وشیبة… الروم/٥٤)

بەرپرسیاریی لەم قۆناغەدا بەجددی جەختی لەسەر كراوە، چونكە لاوان نزیكترین كەسن بۆ ناسینی حەقیقەت‌ و ڕاستییەكان ‌و شوێنكەوتن و گەیاندنیان، ئەوانەی بەویستی پڕ حكمەتی خوا بۆ ئەركی پێغەمبەرایەتی هەڵبژێردران لەقۆناغی گەنجیدا پەروەردەی خوایی لەسەریان دەركەوتووە و بە دروستی بارهێنراون بۆ پێشەنگی و ئاڕاستەكردنی تاك و كۆی كۆمەڵگە بەرەو چاكە و خێری دونیا و دواڕۆژ.

بۆ نموونە لەوانە؛ پێغەمبەر ئیبڕاهیم(س.خ)، لەسەرەتای كۆششیدا بۆ ڕاستكردنەوەی بیروباوەڕی گەلەكەی لەتافی لاویدا دەركەوت و ئەو ئەركە مەزنەی گرتە ئەستۆ. (قالوا سمیعنا فتی یذكرهم یقال له ابراهیم…. الانبیا‌ء /٦٠).

ئیسماعیل (س.خ)، كە هێشتا لەدەم بەیانی گەنجی دایە، كەچی ئامادەیی دەردەبڕێ تاكوو فەرمانی خوا جێبەجێ بكرێ و بكرێتە قوربانی و دڵنیایش دەدا لەسەر خۆڕاگری. (قال یا ابت افعل ماتؤمر ستجدني انشا‌ءالله من الصابرین… الصافات/١٠٢)

ئەوە لاوی جوانخاس و خاوەن جەماڵ یووسف پێغەمبەره‌(س.خ)، بەرانبەر ئارەزوو مەیلی (مەلیكە جەمال)دا، پەنا دەبا بۆ خوای گەورە و ڕادەكا لە حەزەكان و زیندان و ئازار هەڵدەبژێرێت.

(وراودته التي هو في بیتها عن نفسه وغلقت الابواب وقالت هیت لك قال معاذ الله انه احسن مثوي انه لا یفلح الظالمون… یوسف/٢٣).

ئەوەش كە بەخاوەن سۆز و نەرم و نیانی و خزمەتكاری دایك و باوكی ناسراوە گەنجە، یەحیای پێغەمبەره‌(س.خ)، بزانە چۆن بە توند‌وتۆڵی دەست دەگرێته‌ پەیامی هیدایەت و ڕزگاری مرۆڤەكانەوە، تاكوو لەسایەیدا بەختەوەربن. (یا یحیی خذ الكتاب بقوة واتیناهم الحكم صبیا… مریم/١٢).

لەناو خەڵكە گشتییەكەشدا نموونەی یارانی ئەشكەوتمان هەیە، كۆمەڵە گەنجێك ڕۆڵی پێشەنگی دەگێڕن لەڕاستكردنەوەی باوەڕی چەوتی مرۆڤەكان و گێڕانەوەیان بۆ سروشتی پڕخێری ژیان، كاتێك بەدروستی بەئەركیان هەڵدەستن، خوای گەورەش زیاتر ڕێنموویی و شارەزاییان پێ دەبەخشێت و دەبنە سونبولی خەبات و تێكۆشان لەمێژوودا. ( انهم فتیە امنوا بربهم وزدناهم هدی… الكهف/13).

لێرەدا نابێ چالاكی و دڵگەرمی و حەزی گەنجان بۆ هێنانەدی خواستەكانیان نادیدە بگرین، چونكە ئەقڵی تەواو پاش كامڵبوونی لاشە دێت، جوڵێنەری ئاواز و ژیری لای گەنجان كاریگەری لاوازترە، بەسنییە بۆ ڕێنیشاندانیان، هەروەك ناشیانپارێزێت لە شەڕ و خراپەی نەزانین و نەناسین و ئەزموون نەكردن.

گەنجێتی هەروا سەركەوتنی دەبێتە خێر و خۆشی و ڕەحمەت، هەرواش كەوتنی دەبێتە پەژارە و خەم و زەحمەت، ئەمە بۆهەر خێزان و دەستە و لایەن و كۆمەڵگە و گەلێك ڕاستە، كەوایە لەپێناو بەدیهێنانی ئایندەیەكی پڕ لە خێر و پێشكەوتن و داهێنانی نەوعی بۆ هەموو لایەك گرنگە و ئەركە ئاوڕێكی جددی و تەندروست بدەینەوە بەلای كچ و كوڕە گەنجەكانمانەوە، چونكە ئەوان گەنجینە و سەروەتی مرۆیی و نیشتیمانین، ئەوە ئەركی ئەزمووندارەكانە بەم ئەركە سەنگینەیان هەستن و مامەڵەی ڕەسەن و سەردەمیانە لەگەڵ گەنجاندا بكەن.

جا لەپێناو بەدیهێنانی ئەو خەونە مەزنەدا و وەك هاوكارێكی ڕاستگۆ و دڵسۆز، چەند یادخستنەوەیەك پێشكەش دەكەین:

ناسینی گەنجان و دەرككردن بەگرنگی و هەستیاری مامەڵەی قۆناغەكە هەنگاوی یەكەمە، چونكە هەڵسوكەوت لەهەر قۆناغێكدا جیاوازە، وەك لە (الرثر)دا هاتووە و دەڵێت: (لاعب ابنك سبعا، ورد به سبعا، وأخیه سبعا)، لە حەوت ساڵی یەكەمدا دەخوازێت لەگەڵ منداڵتدا یاری بكەیت، لە چواردە (حەوتی دووەم)دا ئادابی فێر بكەی، لە حەوتی سێیەمدا دەبێت وەك برا و هاوڕێ مامەڵەی لەگەڵدا بكەیت.

نابێت ناچار بكرێت لەسەر دابونەریتێك كە ماوەكەی بەسەر چووە و بەزەمەنی ئەوان ناخوات، پێداگری نەكەین تاوەكو وێنەی ئێمە بن، بەڵكوو با مەردی ڕۆژگاری خۆیان بن، وەك پێشەوا عەلی(ر.خ) دەڵێت: (لا تكرهوا أولادكم علی عاداتكم وعلی الاعرافكم فإنهم خلقوا لزمن غیر زمنكم) لەبەرئەوەی باوونەریت بەپێی سەردەم دەگۆڕێت، هەروەك چۆن گرفت و كێشەكان دەگۆڕێن.

جیایی بكەین لەنێوان گۆڕاوەكان و جێگیرەكاندا بەتایبەتی لە فێركردن و پەروەردەكردندا، نابێت لە جێگر و چەسپاوەكاندا دەرچن، بەڵام له‌ گۆڕاوەكاندا چاوپۆشی ڕێپێدان هەیە.

پەروەردەكردنیان لەسەر قۆستنەوەی دەرفەتی پەرژان و فەراغ، چونكە ترسناكترین شت ڕووبەڕووی گەنجان دەبێتەوە بەتاڵی و بۆشایی و چۆڵی (الفراغ)یە، فەراغی ئیش لە ژیانیدا، فەراغی تمووح لە ناخیدا، فەراغی لەخواترسان لە دڵیدا، فەراغی مێشك لە زانست و بیریدا، گەرچی هەندێك فەراغ نیعمەتە وەكو تەندروستی، بەڵام گەر وریای نەبێت و لەوەی خوا بۆی خەلق كردووە بەكار نەبرێت، ئەوا زۆرجار نیعمەت دەگۆڕێت بە نەگبەت، دروستكردنی ئەم قەناعەتە ئەركی خاوەن ئەزموون و كەس و لایەنی پەیوەندیدارە.

چاودێری و پەرەدان بەگەشەی ژیری و ئاوەزی گەنجان سپاردە (الرمانە)یە و لە گەردنی كاربەدەستان و زانایان و دایكان و باوكان دایە، نابێت لەبەر هیچ شتێكی دیكە لەم ئەركەدا كەمتەرخمی بكەن نەك لەبیری كەن!! چونكە دەركەوتنی هەر لاوازییەك تیایدا، دەبێتە كەلێن لە شورای پارێزگاری گەنجان و ڕێخۆشكردن بۆ ڕاوچی مەڵاش گرتووی (الشهوات والشبهات).

سوربوون لەسەر بارهێنانی گەنجان بەشێوەیەكی تەندروست، ئەوە ئەركی خاوەن ئەزموون و تەمەندارەكانە، لەهەر دەزگا و ناوەند و سەنتەر و ڕێكخراوێكی مەدەنی و حكومیدا بن، تاكو بەهەوا و مەیلیان نەبزوێن و توانا و وزەی خۆیان خۆڕا بەبا نەدەن، بەڵكوو بەنووری سروشت بیركەنەوە و بە ئەقڵ و ئاوەز ڕێ بكەن و یار و هاوڕێ بگرن و وزە و توانای لاویان لەچالاكی نەوعیدا بەخت بكەن.

چاندنی ڕێزگرتنی گەورە و خاوەن ئەزموونەكان لەناخیاندا و چەسپاندنی لەمێشكیاندا وەك خواستی شەریعەت و ئەقڵ، بەبەڵگەی (من لم یرحم صغیرنا ویعرف حق كبیر فلیس منا) رواە  أبو داود.

(… یسلم الصغیر علی الكبیر، والمار علی القاعد، والقلیل علی الكثیر) رواە البخاری.

لەڕووی ئاوەزیشەوە ئەوانەی بەئەزموونن لەهەر بوارێكدا و شارەزا و پسپۆڕن تیایدا، ئەوان شایستەی نرخاندن و پێزانین و لەبیرنەكردن و برەودان بەڕەنجەكەیانن.

ڕێنمویی بكرێن بۆ ئەو ڕاستییەی كە ڕێزگرتنی گەورە و خاوەن ئەزموونەكان تەنها لەبەر گەورەبوون لەتەمەنیاندا نیە، بەڵكو لەبەر هێزی ئەقڵ و باشی بەڕێوەبردن و نزیكی بەرەكەتە لەوان، چونكە كەماڵ لە ژیری و ئەقڵ و ئاوەزدا و بیركردنەوەی هاوسەنگ پەیوەندی بەگەورەبوونی تەمەنەوە هەیە.

(حتی اذا بلغ اشده وبلغ اربعین السنة قال رب اوزعنی ان اشكر نعمتك التي انعمت علي وعلی والدي وان اعمل صالحا ترضاه واصلح لي في زریتي اني تبت الیك واني من المسلمین… الاحقاف/15)

پێغەمبەری خوداش دەفەرموێت: (البركة مع أكابركم) رواە ابن حبان

ئەوە زانراوە كە دابەزینی وەحی بۆ سەر پێغەمبەر (د.خ) لەتەمەنی چل ساڵیدا بووە، بۆچی ئەم تەمەنە؟ چونكە خوای زانا و دانا هەرشتێك هەڵبژێرێت، ئەوە چەندین حكمەتی گەورەی تیایە و ئەم ئایەتەش ئاماژە بەگرنگی تەمەنی چل ساڵی دەكات و تیایدا لاشە و ئەقڵ دەگەنە لوتكە، هەروەها تازەترین توێژینەوەی زانستی زاناكان ئەوەیان پشت ڕاست كردۆتەوە كەوا گەشەكردنی مێشكی مرۆڤ بەردەوام دەبێت تاكو تەمەنی چل ساڵی.(أسرار سن الاربعین، بقلم عبد الدائم الكحیل (www.kaheel.com)

فەڕوبەرەكەتی بەتەمەن و ئەزمووندارەكان بەدوو ڕێگا دەناسرێت، یەكەمیان زۆر زوو ژیری هەستی پێ دەكات لەئەنجامی وردبوونەوە لە حاڵوباریان، دووهەمیش شتێكی مەعنەوییە و دەناسرێتەوە لەڕێی ناسینی شەرعەوە.

ڕابهێنرێن لەسەر گەڕاندنەوەی كاروبارەكان بۆ لای ئەهلی خۆیان(رواە الزمر)، ئەوانەی شارەزا و پسپۆڕ و بەئەزموونن لەهەر بوارێك و لەهەر سەردەمێكدا، چونكە دەمێكە ئەم ڕاستییە وتراوە: خەڵكی هەرجێیەك شارەزاترە بە شیوودۆڵی ئەو جێیە.

بەڵگەی بەهێز بۆ پاڵپشتی ئەم ڕاستییە (واذا جا‌ءهم امر من الامن او الخوف اذاعوا به ولو ردوه الی الرسول والی اولي الامر منهم  لعلهم الذین یستنبطونه منهم ولولا فضل الله علیكم ورحمته لاتبعتهم الشیطان الا قلیلا… النسا‌ء/83)

ئەمە وریایی دانە و پێچەوانەكەی دەبێتە گوێڕایەڵی بۆ شەیتان!!

پەرەدان بەچاندنی گیانی هێمنی و ئارامیی و لەسەرخۆیی لەبیركردنەوە و پێشنیاركردن و بڕیاردان و هەڵوێستگرتن لەناخی گەنجاندا، چونكە هێمنی و زوو قەرارنەگرتن سوونەتی خوایە و هەڵەشەیی و پەلەكردن خوی خراپی شەیتانە. (الاناە من الله، والعجلة من الشیطان) رواە الترمذی

هەروەك لەئەنجامدانی مەناسكی حەجدا پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی (السكینة، السكینة / رواه البخاری والمسلم).  ڕواندنی متمانە لەدەروونیاندا بەرانبەر بەناشرینی كەمتەرخەمی لە ئیشی وەخت و زیانی دواخستنی ئەركی سات و دەرخستنی زیانەكانی.

جا دروستكردنی ئاوا ڕۆشنبیری و تێگەیشتنێك لەناخی گەنجاندا و بۆ راپەڕاندنی ئەو هەمووە ئەركە گرنگانە، پڕۆسەیەكی پەروەردەیی دروست و بەردەوام و كاركردن و هاوكاری یەك دەستەیی دەوێت لەنێوان سەرانی خێزان و كۆمەڵگە و مەدەنی و حكومیدا، بەكردنەوەی دەزگای تایبەت و جۆراوجۆر بۆ خزمەت و بارهێنان و پەروەردەكردنێكی تۆكمەی گەنجانی وڵات، بەڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان پەروەردەی لاشە بە وەرزش و پەروەردەی ئەقڵ و ئاوەز بە ڕۆشنبیری و پەروەردەی گیان و ڕۆح بە پەرستش‌ و پەروەردەی ڕەوشت بە چاكبوون و چاكەكردن و چاكەخوازی ‌و پەروەردەی سیاسی بەپێی ناساندنی ڕاستییەكان ‌و پەروەردەی سەربازی بەڕاهێنان لەسەر بەرگەگرتنی سەختیەكان. تاوەكو ببێتە مرۆڤێكی بەهێز و هاوسەنگ لەماف و ئەرك و بەرپرسیاری ڕۆژگاری خۆیدا.