بە ئامادەبوونی کەسایەتییە فەرھەنگییەکان و لایەنگرانی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە «مەحزونی کوردستانی» لە دیواندەرە بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب لە دیواندەرە، ڕێوڕەسمێک بۆ مامۆستا «سەید ئەحمەد حسەینی» ناسراو بە «مەحزوونی کوردستانی» لە زانایانی ئایینی و عارفانی ناوداری دیواندەرە بە ئامادەبوونی کەسایەتییە ئایینی و فەرھەنگییەکان، مامۆستایانی زانکۆ و چینە جۆراوجۆرەکانی پارێزگای کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە 29ی گەلاوێژ لە ھۆڵی فەرھەنگی شاری دیواندەرە بەڕێوە چوو.  

«مەحزوونی کوردستانی» یەکێ لە زانایان و عارفانی ناوداری گوندی «زەلکە»ی سەر بە شاری دیواندەرەیە کە لە گەڵ خوێندن و لێکۆڵینەوە لە باسە فیقھیەکان، دەستی داوەتە سلووکی عیرفانی. لەسەر عیرفان و فەلسەفەش، ھەندێ ھۆنراوە و شێعری ھۆنیوەتەوە. 

فەرمانداری دیواندەرە بە ئامادەبوون لەم ڕێوڕەسمەدا، ھیوای ئەوەی خواست کە بتوانن لە ساڵانی داھاتوو، بە بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە ڕێو ڕەسمانە، لایەنە شاراوەکانی ژیانی ئەم زانا و عارفە ناودارە بۆ نەوەی داھاتوو زیاتر بناسێنن.