ڕێوڕەسمی پۆشینی تاجی زێڕینی مێزەر و بەرگی مەلایەتیی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (۱۹)ی جۆزەردانی(۱٤۰۱)ی هەتاوی ڕێوڕەسمێکی خنجیلانە لە لایەن فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی پیرانشار و بە بەشداری ئاپۆڕای خەڵکی دین‌دۆست و ئەمەکناس و نیشتیمانپەروەر لە مزگەوتی جامیعەی پیرانشار بە بۆنەی ئیجازەوەرگرتن و پۆشینی تاجی زێرینی مەلایەتی بۆ (۳۵) قوتابیی بەڕێوەچوو. بەشداری خەڵکی دڵسۆز لە بەشێکی زۆر لە شارەکانی ناوچەی کوردەواری و پارێزگای توورکەمەنسەحرا و بەشداری بێوێنەی خوشکان و دایکان جێگەی هیوا و هومێد و دڵخۆشی بوو کە جێگەی خۆیەتی جارێکی تر سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم دۆستان لە هەموو شار و گوند و پارێزگاکانی دوور و نزیک بکەین کە، بە حزووری خۆیان ئێمەیان قەرزداری خۆیان کرد...

 

 ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (۱۹)ی جۆزەردانی(۱٤۰۱)ی هەتاوی ڕێوڕەسمێکی خنجیلانە لە لایەن فێرگەی ئایینی سەلاحەددینی ئەییووبی پیرانشار و بە بەشداری ئاپۆڕای خەڵکی دین‌دۆست و ئەمەکناس و نیشتیمانپەروەر، لە مزگەوتی جامیعەی پیرانشار بە بۆنەی ئیجازەوەرگرتن و پۆشینی تاجی زێرینی مەلایەتی بۆ ( ۳٨ ) قوتابیی بەرێوەچوو. بەشداری خەڵکی دڵسۆز لە بەشێکی زۆر لە شارەکانی ناوچەی کوردەواری و پارێزگای توورکەمەنسەحرا و بەشداری بێوێنەی خوشکان و دایکان جێگەی سرنج و بایەخ و هیوا و هومێد و دڵخۆشی بوو کە: جێگەی خۆیەتی جارێکی تر سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم دۆستان لە هەموو شار و گوند و پارێزگاکانی دوور و نزیک بکەین کە، بە حزووری خۆیان ئێمەیان قەرزداری خۆیان کرد…

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قوڕئانی پیرۆز دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز مامۆستا ئەبووبەکر سپێهرەددین نووسەر و وەرگێڕی ناوداری مەهاباد، وێرای پێرۆزبایی لەسەرجەم قوتابییانی دەرچووی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی و سپاس و پێزانی خۆی ئاراستەی خەڵکی دین‌دۆست و ئەمەکناس کرد، پاشان بەڕێز سپێهرەددین لە بەشێک لە وتارەکەیدا بە تیشک خستنە سەر ژیانی زانایانی ڕابردوو و هێنانەوەی چەند نموونەیەک، جەختی لەسەر تەقوا و پارێزگاری و خزمەتکردن بە خەڵک و دەڕێژەدان بە ڕێبازی زانایانی ڕابردووی مەنهجەی ئەهلی سووننەت و جەماعەت؛ ئامۆژگاری قوتابییانی دەرچووی ئەم خولەی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی کرد.

وتاربێژی دووهەم: بەڕێز ( حجت‌الاسلام )قووڕەیشی نوێنەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و پێشنوێژی وتاری هەینی لە پارێزگای ورمێ؛ بەڕێزیان لە بەشێک لە وتارەکەی ئاماژەی بە یەکەوەبوون و دروشمی یەکڕێزی کرد و جەختی لەسەر ئەم خاڵە کرد کە: دەبێ کێشەکانی نێوان شێعە و سووننە زەق نەکرێتەوە و بەڵکوو یەکێتی و بەیەکەوەژیان لەنێو خۆی ئەم وڵاتە ئاوردانەوەیەکی خێرای بەسەردا بکرێ، هەروەک لە ڕابردوودا کێشەکانی نێوان بیر و هزری شێعە و سووننە ئەوەندە زەق و بەرچاو نەبوو. لە درێژەی وتارەکەی ئاماژەی بەم خاڵە کرد کە لە ڕابردوودا زانایانی شێعە و سووننی بە زۆری وا هەڵکەوتووە وانەی زانستی حوجرەیان لای یەکتر خوێندووە و زۆریش بەڕێزە سەیری زانایانی یەکتریان کردووە؛ هیواخوازین هێدی هێدی ئەم ڕۆژگارە زیندوو بکرێتەوە و شکۆی ڕابردوومان بگەرێنینەوە.

وتاربێژی سێهەم: بەرێز لووتفیان، بەرپرسی شۆرای بەرنامەدارێژەری ئەهلی سووننەتی ئێران؛ بەڕێز لووتفیان دوای پێرۆزبایی لەسەرجەم فەقێیەکان و دەستخۆشی و سپاس و پێزانین بۆ بەرپرسانی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی؛ بە چەند نموونەیەک ئامۆژگاری قوتاببیانی فێرگەی کرد لەسەر خزمەت بە دینی ئیسلام و ئەمەکناس بوونی ئەوان لەحاند زەحمەت و ماندووبوونی خەڵک و دواتر هیوای سەرکەوتنی بۆ بەئاوات خواستن.

وتاربێژی چوارەم: بەڕێز مامۆستا فەرهاد ئاگشتە لە پارێزگای ورمێ؛ بەڕێزیان وێرای پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابییانی دەرچوو و فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی و سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی خەڵکی دڵسۆز و دین‌دۆستی ناوچەی کوردەواری کرد. بەرێزیان وێرای ئاماژەیەک بە ڕابردووی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی بە ڕێزەوە ئاماژەی بە زەحمەت و چالاکی زانای پایەبەرزی ناوچەی ڕۆژهڵاتی کورستان واتە: بەڕێز حاجی مامۆستا محەممەد بداغی کرد و ڕۆڵی سەرەکی و ماندوویینەناسانەی وی خستە بەر چاو. مامۆستا فەرهاد فەرمووی: خوشک و برایانی ئازیز وەک لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی قوتابییانی قوتابخانەی سەلاحەددینی ئەییووبی لە شاری پیرانشار بینیتان، بڕوانامەیەک بە ناوی (ئیجازە) لە لایەن مامۆستایەکی زانا و متمانە پێکراوەوە دەدرێتە خوێندکار بۆ بڕوانامەدان بە تەواوبوونی خوێندنی ئایینی و لێهاتوویی بۆ فێرکردن و فەتوا؛ کەواتە نەبوونی ئەم بەڵگە تەقلیدییە یان پەسەندنەکردنی لەلایەن زانایەکی متمانە پێکراوەوە لەلایەن زانایەکی متمانە پێکراوەو، ئەوە دەردەخات کە ئەو ڕاستگۆ نییە لە بانگەشەی مامۆستابووندا و دەیهەوێت ناوی پیرۆزی مامۆستایەک بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە مەبەستی خراپ… لە کۆتایید بەڕێزیان ئاماژەی بەوەکرد کە: هیواخوازین بەرپرسانی ئەمنی و حکوومەتی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و کردەیی دادپەڕوەری لەناو سەرجەم ناوچەکانی ئێراندا جێبەجێ بکەن و لە دروشم دوورکەونەوە؛ جارێکی تر سپاسی بەشداربوونی ئامادەبووانی کرد و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی بەرێوەبەرانی قوتابخانەی سەلاحەددینی ئەییووبی کرد.

وتابێژی پێنجەم: شاعیری ناوداری کورد بەڕێز مامۆستا سەعید نەججار، ناسراو بە مامۆستا ئاسۆ، بەڕێزیان وێرای سپاس و پێزانین و پێرۆزبایی لە قوتابییانی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی و بەڕێوەبەریانی، بە کوڕتە وتارێکی دەخولەکی و خوێندنەوەی شێعرێک کۆڕەکەی ڕازاندەوە و ئارامی و دڵخۆشی خستە نێو دڵی ئەوینداران و هۆگرانی شێعر و ئامادەبووانی کۆڕ.

وتاربێژی شەشەم: بەڕێز دکتۆر مامۆستا شەفیع بوورهانی، بەڕێزیان وێرای پیرۆزبایی لە قوتاببیانی دەرچوو و بەڕێوەبەرانی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی فەرمووی: بەداخەوە ئەمڕۆ زانایان و مامۆستایانی کوردستان تووشی پەرتەوازەیی بوونە و نەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێز لەبواری ناوەندییەتی و مەرجەعییەت ئازارێکی گەورەیە کە بۆتە هۆکاری نانەوەی کێشە و ئاڵۆزی زۆر لەنێوان چینی زانایانی ئایینی، بەڕێزیان فەرموویان هیواخوازم بەهەڵە بۆچوونەکانی من نەخرێتە بارودۆخی هەستیارەوە و بەڵکوو بە دڵسۆزی قسەکانم وەرگرن. بەڕێزیان تیشکی خستە سەر بابەتەکانی هەستیاری نێوان زانایانی ئایینی و جەختی لەسەر کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری کرد کە گرنگی نەدان بە میراتی ئیجتیهادی ڕابردوو هەردووکیان ڕەفتاری ئازار بەخش و ناخهەژێنن بۆ ئەمڕۆی ئێمە و هەروەها

 زێدەڕۆیی و کەمتەرخەمی لەلایەن بەشێکی زۆر لە زانایان بابەتێکی زۆر گرینگە کە بەداخەوە بۆتە بەشێک لە کێشەکانی ژیانی ئەمڕۆ…

 وتاربێژی حەوتەم؛ شاعیری ناوداری سەردەشت مامۆستا حەمزە عەبدووڵڵاهی؛ بەڕێز عەبدووڵڵاهی وێرای پێرۆزبایی لە فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی و سەرجەم قوتابییان و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەی کوردەواری، بە کورتی بەخوێندنەوەی شێعرێک بەشداریکرد.

لەبەشێک لەو ڕێوڕەسمەدا بەخشینی سپاسنامە پێشکەش بە بەڕێزان: مامۆستا محەممەد عومەری بەرپرسی خێرخوازی ناواندی سەلاحەددینی ئەییووبی، مامۆستا یوونس نۆخاهـ وانەبێژی سەلاحەددینی ئەییووبی، بەرپرسانی هەواڵدەری پیرانشار ڕووداو، کاک مراد یووسفی کرا.خوێندنەوەی سروود لەلایەن هێندێک دۆستی دەنگ خۆش بەشێکی تر بوو لە ڕێوڕەسمەکە.

دواتر لە لایەن ڕێزدار و خۆشەیست باوکی مەعنەوی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی بەڕێز حاجی مامۆستا سەید نووڕەددینی واژی پەیام و مەتنی ئیجازەنامەی قوتابییانی دەچووی فێرگەی سەلاحەددینی ئەیووبی لەسەر دەستی خوێندرایەوە و لەلایەن بەڕێز مامۆستا سەید ڕەزا دانیشتووی شاری سەردەشت و بەڕێز حاجی عومەر شەریفی بەرپرسی ناوەندی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی مێزە و بەرگ و بروانامەی مەلایەتی بەخشرایە قوتابییان.

دواین بەشی کۆڕی ئیجازەنامە خوێندنەوەی وتاری بەڕێز مامۆستا عەبدوولواحید پاسەنگە بوو، بەڕێزیان وەک نوێنەری سەرجەم مامۆستایانی دەرچووی قوتابخانەی فێرگەی ئایینی سەلاحەددینی ئەییووبی وێرای سپاس و پێزانینی لەحاند زەحمەت و ئەرکی بەرپرسانی فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی، سپاسی خۆیانی ئاراستەی سەرجەم خەڵکی دین‌دۆست و دڵسۆز و خێرخواز کرد، بەڕێزیان دواتر بە نوێنەرایەتی دۆستانی ئیجازەوەرگر سپاس و دەستخۆشی ئاراستەی بنەماڵەکانی مامۆستایانی ئیجازەوەرگری کرد؛ و پەیمانی وەفاداری و نوێکردنەوەی بەڵێن لەگەڵ ڕێبازی زانایانی مەنهەجی ئەهلی سووننەت و جەماعەت بەشێکی تر لە قسەکانی مامۆستا بوون.

لە کۆتاییدا لەلایەن فێرگەی سەلاحەددینی ئەییووبی هیوای سەربەرزی و لەشساغی و تەندروستی بۆ سەرجەم قوتابییانی دەرچوو دەخوازین، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە ناخی دڵەوە جارێکی تر سپاسی هەموو ئەم دۆستانە دەکەین کە بە بەشداربوونی خۆیان کۆڕی ئیجازەنامەیان جوانتر کرد…

فێرگەی ئایینی سەلاحەددینی ئەییووبی پیرانشار ” خانێ “

 

کانال دارالعلوم صلاح الدین ایوبی