بیستوشهشهمین كۆڕی خوێندكارانی ئایینی دارولعلوومی زاهیدان ناسراو به «خه‌تمی سه‌حیحی بوخاری»، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی 5ی گوڵان له‌و شاره به‌ڕێوه چوو.
به پێی ڕاپۆرتێ کە گه‌یشتووه‌ته ده‌س ئیسلاح‌وێب؛ ئه‌و كۆبوونه‌وه به ئاماده‌بوونی زیاد له 200هه‌زار كه‌س له هه‌موو چینێ وه‌ك زانایان، بیرمه‌ندان، وتارخوێنی مزگه‌وته‌کان، مامۆستایانی قوتابخانه، خوێندكارانی زانكۆ، سیاسه‌تمه‌داران، گه‌نجان، كاسبكاران و توێژه‌كانی جۆراوجۆری دیكه له ته‌واوی ئێران، له شوێنی خوێندنی نوێژی جومعه‌ی ئه‌هلی سوننه‌تی زاهیدان (موسه‌للای پێشوو) به‌ڕێوه چوو.
دانیشتنی پێشه‌كی
له دانیشتنی پێشه‌كی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه كه دووشه‌ممه‌ی چواری گوڵان به‌ڕێوه چوو، جگه له خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه سرودێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ، ڕێژه‌یه‌ك له زانایانی پارێزگاكانی دیكه وه‌ك شێخ «محه‌مه‌د ته‌وانا» له زانایانی پارێزگای هۆرمۆزگان، مه‌وله‌وی «غولامنهبی نیعمه‌تی» مامۆستای حه‌دیسی بنكه‌ی زانستی ئهنوارولعلوومی خێرئاباد-تایباد، شێخ محه‌مه‌د ساڵح خێرهدنیا له زانایانی ئه‌هلی سوننه‌تی باشووری ئێران، مه‌وله‌وی ئه‌ییوب ئهنسارینیا له زانایانی به‌نده‌ر توركهمهن و حافیز محه‌مه‌د كه‌ریم ساڵح به‌ڕێوبه‌ری بنكه‌ی زانستی ڕهحمهتوللیلعالهمین وتاریان پێشكه‌ش كرد. یه‌كێك كه خوێندكارانی ئه‌مساڵی دارولعلوومی زاهیدانیش له‌و كۆڕه‌دا وتارێكی خوێنده‌وه.
شێخ محه‌مه‌د حوسێن توانا، له قسه‌كانیدا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كیه‌تی و برایه‌تی موسوڵمانان له دۆخی ئێستادای به گرینگ‌ترین هۆكاری سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی له مه‌ودای مێژوودا زانی.
مه‌وله‌وی ئه‌ییوب نهسارینیا به ئاماژه به پێگه‌ی هاوه‌ڵان(ڕه‌زای خوایان لێ بێت)، ئه‌وانی وه‌ك «ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانی مرۆڤایه‌تی» یاد كرد.
مه‌وله‌وی غهلامنهبی نیعمه‌تی «ئایینی پیرۆزی ئیسلام«ی وه‌ك گه‌وره‌ترین ئه‌مانه‌تی خوایی نێو برد و سه‌رپێچی له فه‌رمانه‌كانی په‌روه‌ردگاری به «گه‌وره‌ترین خیانه‌ت» له‌و ئه‌مانه‌ته‌دا هه‌ژمار كرد. ئه‌و هه‌روه‌ها خۆشحالی خۆی بۆ «به‌شداری به‌ربڵاو و پڕڕه‌نگی گه‌نجان» له كۆبوونه‌وه‌كانی ئایینی‌دا ده‌ربڕی، ئه‌وه‌یكه «وێڕای هه‌موو ته‌ڵه‌كانی كه دوژمنان له سه‌ر ڕێگایان داده‌نێن»، ئه‌وان له‌و كۆڕ و كۆبوونه‌وانه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن.
شێخ «محه‌مه‌د ساڵح خێرهدنیا»، له وتاره‌كه‌ی له‌و كۆڕه‌دا، جه‌ختی كرده سه‌ر پێویستبوونی فه‌ڕزی «فه‌رمان به چاكه و گه‌ڕاندنه‌وه له خراپه» و وه‌ك «پێوه‌رێك بۆ له‌سه‌رتربوونی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی» زانی.
حافیز «محه‌مه‌د كه‌ریم ساڵح»، به ئاماژه به ڕابردووی گه‌شاوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی و ڕزگار كردنی مرۆڤایه‌تی له ده‌ست تاریكییه‌كان و ڕوونیا بوونی جیهان به‌ره‌و هیدایه‌ت و ڕزگاری و به‌خته‌وه‌ری، «چاكسازی كۆمه‌ڵگا»ی به گرینگ‌ترین ئه‌رك و په‌یامی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه هه‌ژمار كرد.
به‌رنامه‌كانی دانیشتنی سه‌ره‌تایی كۆڕی خوێندكارانی ئایینی به وتارخوێندنه‌وه و دوعای حافیز محه‌مه‌د كه‌ریم ساڵح كۆتایی پێ هات.
دانیشتنی فه‌رمی
دانیشتنی فه‌رمی ئه‌و كۆڕه به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی 5ی گوڵان به‌ڕێوه چوو كه به زرینگانه‌وه‌ی ده‌نگی دڵڕفێنی قوڕئانی پیرۆز ده‌ستی پێكرد.
له سه‌ره‌تای ئه‌و دانیشتنه‌دا، مه‌وله‌وی خالید قه‌نبه‌رزه‌هی به نوێنه‌ری له خوێندكارانی ئه‌مساڵی دارولعلوومی زاهیدان سه‌باره‌ت به «میانه‌ڕه‌وی له سیره‌ی پێغه‌مبه‌ری ئازیز و هاوه‌ڵانی» وتارێكی خوێنده‌وه.
مه‌وله‌وی گوڵ محه‌مه‌د مؤمن، مامۆستای حه‌دیسی بنكه‌ی زانستی ئه‌حنافی خهواف كه به نوێنه‌رایه‌تی له مه‌وله‌وی حهبیبوڕڕهحمان موته‌ههه‌ری، به‌ڕێوبه‌ری بنكه‌ی زانستی ئه‌حنافی خهواف له‌و كۆڕه‌دا ئاماده ببوو، سه‌باره‌ت به پێگه‌ی فه‌رمووده له ئیسلامدا، وتاری پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد. ئه‌و به ئاماژه به ڕۆڵی به‌ربڵاو و هه‌مه‌لایه‌نی حه‌دیس و هه‌روه‌ها پێگه‌ی كه‌سانێك كه سه‌رقاڵی ئه‌و زانسته پیرۆزه‌ن، گوتی كه مه‌رجی تێگه‌یشتن له قوڕئان، تێگه‌یشتن له زانستی حه‌دیسه.
مه‌وله‌وی غولامحێیدهر فاڕوقی، وتاربێژی ئه‌هلی سوننه‌تی بیرجه‌ندیش دوای گه‌یاندنی سڵاوی زانایان و خه‌ڵكی ئه‌و شاره به مه‌ولانا عه‌بدولحه‌مید و مامۆستایانی دیكه و خوێندكارانی دارولعلوومی زاهیدان، سه‌باره‌ت به هۆكاری قه‌یرانه‌كانی ئێستای جیهانی ئیسلام قسه‌ی كرد. ئه‌و به ئاماژه به سه‌رده‌می زێڕینی سه‌ره‌تای ئیسلام، هۆكاری سه‌ركه‌وتنی هاوه‌ڵانی له كرده‌وه به شه‌ریعه‌تدا ده‌زانی و هه‌روه‌ها هۆكاری ته‌واوی قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كانی ئێستای موسوڵمانانی به هۆی دووری له قوڕئان هه‌ژمار كرد.
له درێژه‌ی كۆڕه‌كه‌دا مه‌وله‌وی بێهزاد فیقهی له مامۆستایانی پارێزگای خوراسانی ڕه‌زه‌وی به ئاماژه به تێكۆشانه‌كانی هاوه‌ڵان له ڕێی پاسه‌وانی و پاراستنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، به پێویستی زانی كه بۆ ڕزگار بوون له دۆخی قه‌یراناوی و هاڵۆزی ئهمسهردهمه، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه له موسوڵماناندا زیندوو بكرێته‌وه و گوتی: «بۆ ده‌ربازبوون له قه‌یرانه‌كانی كه ده‌وریان گرتوویین، پێویسته تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له موسوڵماناندا زیندوو بێته‌وه».
ئایه‌تووڵڵا مێهدی ئه‌حه‌دی له مامۆستایانی بنكه‌ی زانستی قۆم كه یه‌كێك له میوانه‌كانی ئه‌و كۆڕه بوو، به ئاماژه به گۆڕانكاری جیهانی دوای هاتنی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(د.خ)، په‌روه‌رده‌ی كه‌سانێكی گه‌وره‌ی وه‌ك «هاوه‌ڵانی» له به‌رچاوترین ئاكامه‌كانی پێغه‌مبه‌رایه‌تی محه‌مه‌د ڕاگه‌یاند و هه‌روه‌ها گوتی: «پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ئه‌و مرۆڤه ناشارستانیانه‌ی به پله‌ی به‌رزی (ڕه‌زامه‌ندی خوا و به‌هه‌شتی به‌رین) گه‌یاند.»
مه‌وله‌وی نه‌زیر ئه‌حمه‌د سه‌لامی، مامۆستای حه‌دیسی دارولعلوومی زاهیدان و نوێنه‌ری خه‌ڵكی زاهیدان له پاڕله‌مانی خوبرێگان، به ئاماژه به‌وه‌یكه به‌هره‌مه‌ندبوون له «تاكه‌په‌رستی» به هۆی «یه‌كگری» دێته دی، باسی له كێشهوبهرهكانی پێشه‌ڕووی گه‌لی ئیسلامی كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر «یه‌كگرتوویی» و «تاكه‌په‌رستی» كرد.
ئه‌ندازیار عه‌لیم یارمحه‌مه‌دی، نوێنه‌ری خه‌ڵكی زاهیدان له پاڕله‌مانی شوڕای ئیسلامی، له‌و كۆڕه‌دا به تووندی ڕه‌خنه‌ی له هێندێك كاناڵه‌كانی زێده‌ڕۆ گرت كه سووكایه‌تی به هێندێك له بابه‌ته پیرۆزه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌ڕێزی ئه‌هلی سوننه‌ت ده‌كه‌ن و به ڕاشكاوی جه‌ختی كرد كه: «سووكایه‌تی به مه‌ولانا عه‌بدولحه‌مید، سووكایه‌تی به كۆمه‌ڵگای ئه‌هلی سوننه‌ته.»
عه‌لی ئه‌وسه‌ت هاشمی؛ پارێزگاری سیستان و به‌لوچێستان، ئه‌و پارێزگایه‌ی وه‌ك «سه‌مبولی یه‌كگری» له وڵات‌دا نێو برد. ئه‌و گوتی: «ئه‌مڕۆ میوانداری تاقمێكی گه‌وره و ههڵكهوتهیین كه له حه‌ول دان چاودێری له چرای پڕشنگداری پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بكه‌ن و ڕێگه له هه‌موو چه‌شنه زوڵمێكی كه له مرۆڤ ده‌كرێ بگرن، هه‌ر وه‌ك پێغه‌مبه‌ر(د.خ) كه بیری ده‌كرده‌وه تاكوو به هاتنی، ڕێگه له ناكۆكی و لێكدابڕان بگریت؛ بۆیه ئێمه‌ش ڕێز له به‌شداری و پێشوازی ئێوه ده‌گرین.»
ئایه‌تووڵڵا ئه‌راكی، ئه‌مینداری گشتی كۆڕی نیزیكی ئایینزاكان، له میوانه تایبه‌ته‌كانی دیكه‌ی بیستوشهشهمین كۆڕی خوێندكارانی ئایینی دارولعلوومی زاهیدان بوو. ئه‌و به جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كگرتوویی و یه‌كپارچه‌یی موسوڵمانان له دۆخی ئێستادا، كۆڕی خوێندكارانی دارولعلوومی زاهیدانی «نموونه‌ی یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵگا» هه‌ژمار كرد.
دكتۆر جه‌لیل ڕه‌حیمی، نوێنه‌ری بنكه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی تۆربه‌تی جام و تایباد له پاڕله‌مانی شوڕای ئیسلامی دوای ده‌ربڕینی داخ بۆ دۆخی ئاڵۆزی ئێستای جیهانی ئیسلام، جه‌ختی كرد كه پێویسته ئه‌و بواره «چاره‌سه‌ری» بۆ بكرێت. ئه‌و ڕه‌خنه‌ی له‌و ده‌زگا ڕاگه‌یه‌ندنانه گرت كه سووكایه‌تی ده‌كه‌ن و گوتی: «ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك له هه‌ر پله و مه‌قامێك و له هه‌ر لیباسێكدا بێت و بیهه‌وێت له ڕێگه‌ی كاناڵه‌كانی ماهواره‌یی و تریبۆنی جۆراوجۆر، رك و قین له جیهانی ئیسلامی‌دا بڵاو بكاته‌وه، جا شیعه بێت یا سوننی، ئه‌و كه‌سه هیچ پێوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خێر و ڕه‌حمه‌ت نییه.»
دكتۆر سه‌ید ئه‌حمه‌د هاشمی، له زانایانی پارێزگای فارس له‌و كۆڕه‌دا به ئاماژه به له‌سه‌رتربوونی قوڕئانی پیرۆز له به‌راورد له‌گه‌ڵ كتێبه ئاسمانییه‌كانی دیكه، باسی له هێندێك تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی قوڕئان و ئه‌ركی موسوڵمانان له ئاست ئه‌و كتێبه‌دا كرد.
جێگری په‌روه‌رده‌ی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» له قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به ئه‌ركی موسوڵمانان له ئاست قوڕئانی پیرۆز گوتی: «ئێمه‌ی موسوڵمان له ئاست ئه‌و كتێبه پیرۆزه هێندێك ئه‌ركمان له‌سه‌ر شانه كه گرینگ‌ترینیان بریتین له: «فێربوون؛ فێركردن؛ خوێندنه‌وه؛ گوێڕاگرتن به بێده‌نگی؛ وردبوونه‌وه له ئایه‌ته‌كانی قوڕئان؛ ملكه‌چ بوون له ئاستی، كرده‌وه به فه‌رمانه‌كانی و له‌به‌ر كردنی.»
مه‌وله‌وی محه‌مه‌د ته‌ییب مه‌لازه‌هی، وتاربێژی ئه‌هلی سوننه‌تی مزگه‌وتی نوور و به‌ڕێوبه‌ری قوتابخانه‌ی ئایینی «شهمسولعلووم»ی ئێرانشار له‌و كۆڕه‌دا سه‌باره‌ت به ڕه‌وشتی به‌رزی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) قسه‌ی كرد و گوتی: «پێغه‌مبه‌ر(د.خ) نموونه‌ی لێبورده‌یی و جوامێرییه؛ وه‌ڵامی ئه‌و پیرێژنه‌ی كه خۆڵی به‌سه‌ردا ده‌كرد، به زه‌رده‌خه‌نه ده‌دایه‌وه و ته‌نانه‌ت كاتێك كه نه‌خۆش ده‌كه‌وت ده‌چوو سه‌ردانی ده‌كرد، ئه‌وه نموونه‌یه‌ك له گه‌وره‌یی و لێبوورده‌یی ئه‌وه.»
له كۆتایی ئه‌و به‌شه‌دا ڕێز له 50 برا و 9 خوشكی حافیزی قوڕئان گیرا و كۆمه‌ڵه سرودێك پێشكه‌ش كرا.
دانیشتنی كۆتایی
له به‌شی كۆتایی بیستوشهشهمین كۆڕی خوێندكارانی ئایینی دارولعلوومی زاهیدان، مه‌ولانا عه‌بدولحه‌مید، شێخ سه‌ید یه‌حیا كهماڵیزاده، هۆرمۆز شوجاعیمێهر، شێخ سه‌ید محه‌مه‌د شافی قوڕه‌یشی و مه‌وله‌وی محه‌مه‌د قاسم قاسمی وتاریان پێشكه‌ش كرد.
شێخ سه‌ید مه‌حه‌ممه‌د شافی قوڕه‌یشی له قسه‌كانیدا به ئاماژه به پێگه‌ی به‌رزی هاوه‌ڵان و بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له لای ئه‌هلی سوننه‌ت، جه‌ختی كرد كه پێویسته هاوه‌ڵان و هۆزی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له ڕووی سه‌رچاوه‌كانی قوڕئان و سیره بناسین. ئه‌و له گه‌وره‌ترین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌هلی سوننه‌تی ئێران‌دا، جه‌ختی كرد: «هاوه‌ڵان و هۆزی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، دوای پێغه‌مبه‌ران خاوه‌ن گه‌وره‌ترین و به‌رزترین پله و پایه‌ن. بۆ هه‌موو موسوڵمانێك پێویسته كه هاوه‌ڵان و هۆز و بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به شێوازێك بناسیت كه له قوڕئان و سیره‌دا به ڕاشكاوی ئاماژه‌ی پێ كراوه.»
مه‌وله‌وی محه‌مه‌د قاسم قاسمی، موفتی دارولعلوومی زاهیدان له نێو به‌شداربووانی ئه‌و كۆڕه‌دا، سه‌باره‌ت به گرینگی ئیمان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بڕواداران قسه‌ی كرد. ئه‌و به ئاماژه به گرینگی پشتبه‌ستن به خوا و متمانه به خوای مه‌زن فه‌رمووی: «بڕوادار له هه‌ر كارێكدا چاوی له خوای مه‌زنه. خوا به چاو‌دێر، به‌رزكه‌ره‌وه و نزمكهرهوهی خۆی ده‌زانێت و متمانه‌ی پێ ده‌كات. له به‌رامبه‌ر هه‌موو مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: «حسبنا الله»، واته: خوا بۆ ئێمه به‌سه.»
درێژه‌ی كۆڕه‌كه به وتاربێژی شێخ سه‌ید یه‌حیا كهماڵیزاده له زانایانی ئه‌هلی سوننه‌تی ورمێ، هۆرمۆز شوجاعیمێهر له به‌ڕێوبه‌رانی ده‌نگ و ڕه‌نگی ناوه‌ندی، خوێندنه‌وه‌ی سرودێك له لایه‌ن په‌یام عه‌زیزی و گروپی سرودی خوێندكارانی حه‌دیسی دارولعلوومی زاهیدان به‌ڕێوه چوو.
مه‌ولانا عه‌بدولحه‌مید، وتاربێژی ئه‌هلی سوننه‌تی زاهیدان، له سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا «ئاماده‌بوونی به‌ربڵاو و به گوڕوتین»ی توێژه‌كانی هه‌مه‌چه‌شنی وڵاتی له‌و كۆڕه‌دا، نیشانه‌ی «ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره» زانی و گوتی: «ئه‌و حه‌شیمه‌ته به هه‌ستێكی ئایینخوازی و ئاییندۆستی له‌و كۆڕه‌دا ئاماده بوون تاكوو له ڕه‌حمه‌ت و لێبوورده‌یی خوای مه‌زن به‌هره‌مه‌ند بن.»
ئه‌و له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا «ئایینی ئیسلام» و «پارێزكاری» وه‌ك گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی هه‌ژمار كرد و باوه‌ڕی وابوو كه باشترین پێشكه‌وتن ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای «ئیمان» و «بڕوای ڕاسته‌قینه» بێت.
مه‌ولانا عه‌بدولحه‌مید له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی ئاماژه‌ی به هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕووهوڕوو كرد. ئه‌و «كه‌ڵك وه‌رگرتن له لێهاتووانی ئه‌هلی سوننه‌ت له كۆڕی وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی دوایی»دا وه‌ك گرینگ‌ترین داوای كۆمه‌ڵگای ئه‌هلی سوننه‌ت له سه‌رۆككۆمار هه‌ژمار كرد وگوتی: «له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆككۆماری ده‌بێ ببینین كه كامێك له به‌ربژێران خاوه‌ن تێڕوانینی به‌ربڵاوتر و به‌رینتره. ئێمه لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین و ده‌نگ به كه‌سێك ده‌ده‌ین كه سه‌ره‌تا به به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لی ئێران و دوایی به به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگای ئه‌هلی سوننه‌تی ئێران بێت و باشتر بتوانێت به كێشه و گرفته‌كانی ئه‌هلی سوننه‌ت ڕابگات.» ئه‌و هه‌روه‌ها جه‌ختی كرد كه پێویسته سه‌رنج به ئه‌زموون و توانا و كارامه‌یی تاكه‌كان له هه‌ڵبژاردنی شوڕاكاندا بده‌رێت.
وتاربێژی ئه‌هلی سوننه‌تی زاهیدان هه‌روه‌ها داوای كرد كه «ڕێنه‌دانی یاسایی ئه‌هلی سوننه‌ت بۆ گه‌یشتن به پێگه‌ی سه‌رۆككۆماری وه‌لا نه‌رێت» و گوتی: «به بڕوای ئێمه یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵات پێویسته سه‌باره‌ت به قه‌ده‌غه كردنی كاربه‌ده‌ست بوونی ئه‌هلی سوننه‌ت بۆ پله‌ی سه‌رۆككۆماری بگۆڕدرێت. ئه‌و یاسایه كه كاتی خۆی له لایه‌ن خۆبرێگان په‌سند كراوه، هه‌ڵه بووه و پێویسته بگۆڕدرێت.»
ئه‌و له سەرۆکی وڵات داوای كرد كه فه‌رمان به چاره‌سه‌ری گرفتی كۆمه‌ڵگای ئه‌هلی سوننه‌ت بدا و هه‌روه‌ها گوتی: «هه‌ڵبه‌ت ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایهیین كه ته‌واوی گرفت و دۆزییهكان له ده‌ست ده‌وڵه‌تدا نییه، بۆیه كۆمه‌ڵگای ئه‌هلی سوننه‌ت له یاسای كۆماری ئیسلامی و له پێگه‌ی به‌رزی ڕێبه‌ری كه باوكی دڵسۆزی گه‌له‌كه‌یه‌تی، وه‌ك كه‌سانێك كه په‌یڕه‌وی فه‌رمانه‌كانی ئه‌ون، داوای كرد كه به فه‌رمانی «جیاكردنه‌وه‌ی نێوان هه‌ق و ناهه‌ق»ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای بهكارگرتن و دامه‌زراندنی لێهاتووانی ئه‌هلی سوننه‌ت له لێژنه‌ی ده‌وڵه‌ت و له ڕیز و چینه‌كانی جۆراوجۆری ده‌وڵه‌تدا فه‌رمان بدات.»
مه‌ولانا عه‌بدولحه‌مید له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا له‌و كۆبوونه‌وه‌یه به ئاماژه به دۆخی قه‌یراناوی ئێستای جیهان، جه‌ختی كرد كه پێویسته ئه‌و قه‌یرانانه «خه‌سارناسی»بكرێن. مه‌ولانا عه‌بدولحه‌مید «دوژمنایه‌تی و ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئیسلام»، «ملهوڕی و سه‌ره‌ڕۆیی ده‌سه‌ڵاتداران»، «پێشلكردنی مافی كه‌مینه‌كان» و «كاركردی ناڕه‌وای ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه»ی وه‌ك گرینگ‌ترین هۆكاری په‌ره‌سه‌ندن به «زێدهڕۆخوازی» و «ڕهشكوژی» له جیهاندا هه‌ژمار كرد.
ئه‌و له كۆتاییدا جه‌ختی كرده سه‌ر «پاراستنی ڕێزی بابه‌ته پیرۆزه‌كان و زانایانی ئایینزاكان» و گوتی: «ئێمه ئازیزانی شیعه به برای موسوڵمانی خۆمان ده‌زانین و چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین كه ڕێز و حورمه‌تی بابه‌ته پیرۆزه‌كان و زانایانی شیعه و سوننی بپارێزرێت.»
بیستوشهشهمین كۆڕی خوێندكارانی ئایینی دارولعلوومی زاهیدان به دانانی مێزه‌ری مامۆستایی له‌سه‌ر 210 خوێندکاری دارولعلوومی زاهیدان و خوێندنه‌وه‌ی نێوی 136 خوشكی هێژا و ڕێزگرتن له‌وان و دوعای مه‌ولانا عه‌بدولحه‌مید كۆتایی پێ هات.
بۆچوونه‌کان