لە جیهانی ئەوڕۆدا لەناو تاک و خێـزان بە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەکانی ڕوحی و فکری و خەیاڵی و زۆربوونی خەفەت و کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و ماددی، بیری پەروەردە و بارهێنانی منداڵ وەک شتێکی گرینگ و ئەساسی لە بەرچاو نەماوە و بگرە بوونیشی ناکرێ! کەچی ئێمە یا زۆر بێ ئاگایین یان خۆمان بێئاگا دەکەین لەو ڕاستییە کە منداڵەکانمان موڵکی ئێمە نین، بەڵکوو ئەمانەتێکن لە گەردنی ئێمەدا...

بێگومان سات لە دوای سات ئامێرەکانی پێشكەوتن زۆر دەبن و بەو هۆیەشەوە چەندان شتی بەكەڵك و شتی گرنگ و بەبایەخ دەبینرێت كە بە هیچ شێوەیەك پێشتر وێنە و چەشنی نەبووە. لەوانە بوونی ئینتێرنێت و لەناو ئەوەشدا بوونی تۆڕی كۆمەڵایەتی {تێلێگرام، واتساپ، ئێمۆ، فەیسبوك و...} بۆیە ئەمەش كاریگەریی خۆی هەیە، چ بە باشە بێ یان بە خراپە، چونكە مەرج نییە خەڵک هەموو تازەداهێنراوێك بەباشی بەكار بهێنن، بۆیە لێرەدا ئەوەندەی پێمان بكرێت و تواناشمان هەبێت چەند تێبینییەك دەخەینە بەرچاوی ئێوەی بەڕێز، بەو ئاواتەی سەرەتا خۆمان و دواتر ئێوەی بەڕێزیش سوودی لێ ببینن.

لە ڕاستیدا لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زانست پێشكەوتنى هەمەجۆر بەخۆیەوە دەبینێ كە مرۆڤ لەبەر دەمیاندا هەندێ جار سوودمەند و هەندێ جاریش زەرەرمەند دەبێت. واتە: مەرج نییە هەر شتێك بەرهەمى زانستێك بێت، سوودمەند بێت، بە ماناى تەواو دیارە لەمەشدا مەبەستم ئەوە نییە خودى شتەكە زەرەرە، بەڵكوو بەكارهێنانى لە ڕێگە و ڕێڕەوى خراپ ئاقارەكە دەگۆڕێت. نموونەى هەر وەكوو چەقۆیەك وایە هەندێ جار میوەى پێ قاش دەكرێت و هەندێ جار دەستى خۆتى پێ دەبڕى.

یەكێك لەو بەرهەمە زانستییانەى كە زۆربەى ماڵەكانى داگیر كردووە (تەلەڤیزیون، سەتەلایت، ئینتێرنێت و بوونی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان)ە. دیارە ئینتێرنێت وەكوو ئامێرێك سوودى مرۆڤى تێدایە كە لاى هەمووان ئاشكرایە، بەڵام نەبوونى بەرنامەى تەواو لە بەكارهێنانیدا و بەرچاوكردنى هەمەلایەنە لە لایەن بینەرەوە، زۆر جار تووشى كێشە و دەرەنجامى خراپ دەبێت كە پەشیمانى بەدواوە دەبێ.

 

خۆێنەرى بەڕێز: گرینگترین شتێكی که لەم دونیایەدا هەبێت، واقیع بینانەیە، واتە تۆى ڕۆشنبیر پێویستە پێوەرێك لە لاى خۆت و خێزانت دروست بكەیت بۆ جیاكردنەوەى شتى دروست و بەسوود لە شتى نادروست و خواروخێچ و خراپ لە هەموو بوارەكانى ژیاندا. ئەگەر پێوەرت لا نەبێت، گومانى تێدا نییە لە بازنەى مرۆڤایەتى دەردەچیت و بەرەو ئاقارێكى خراپ مل دەنێیت، دەرەنجام گێژاوى نەزانى و ماڵوێرانى مەدالیا و ناونیشانى ژیانت لێ ئەسێنن...

تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا لە ژیانی تاک و خێزان ڕۆڵێکی گرینگ دەبینێت، هەر ئەوە وای کردووە کە بەپێی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا هەوڵ بدەین سەرجەم ئەو ئامێرانە دەستەبەر بکەین کە پێداویستی ژیانی ڕۆژانەی ئێمەن.

لەناو خێزانی کوردەواری هەریەک لەو ئامێرانە بە شێوەی جیاواز کەڵکی لێ وەدەگیرێ، ئەوەش وای کردووە کە زیانەکانی زۆرتر بێت تا قازانجەکانی.

ئایا بەڕاستی تا چەند ئینتێرنێت و تەلەڤیزیۆن و سەرجەم تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بوونەتە فاکتەرێک بۆ پێشخستن و لایەنی پەروەردەیی خێزان؟ بێگومان خێزان گەورەترین و هەستیارترین قوتابخانەیە بۆ بارهێنان و پەروەردەی منداڵ کە دەبێتە بناغەیەک بۆ کەسایەتێکی گونجاو و بنیاتنانی دەروونێکی تەندروست...

کاریگەریی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتێرنێت و سەتەلایت لە سەر مناڵ!؟

مەخابن لەم‌ سەردەمە نوێیەدا تەلەڤیزیون بە گشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتێرنێت بە تایبەتی وەکوو ئەندامێک لە ئەندامانى خێزانى لێهاتووە و کەسانێکى زۆر خویان بە زۆر سەیرکردنییەوە گرتووه‌، له‌وانه‌ش منداڵان کە زۆربەى کاتەکانیان لەبەر دەم ئینتێرنێت بەسەر دەبەن و زۆربەى جارەکانیش دایک و باوکان، بیر لەوە ناکەنەوە کە ئایا ڕێگەدان بە منداڵ بۆ وەها گیرۆدەبوونێک بە تەلەڤیزیون و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کارێکى باشە، یاخود نا؟ ئایا ئەم گیرۆده‌بوون و خوپێوەگرتنە لە داهاتوودا چ سەرەنجامێکى لێ دەکەوێتەوە؟ ئایا ده‌شێت ڕێگەدان بەو زۆر سەیرکردنە، باش بێت، ئەگەر لەژێر چاودێرى گەورەکاندا نەبێت؟ لە کاتێکدا لە سەردەمی ئەمڕۆماندا لاى زۆربەى خێزانه‌کان تەلەڤیزیون و ئینتێرنێت بۆ سەرقاڵکردنى منداڵان به‌کار دەهێنرێت، یاخود بۆ ئه‌وه‌ى منداڵان نەچنە کۆڵانه‌کان...!!

کەچی بەداخەوە فیلمەکان و بەرنامەکانی تەلەڤیزیون و ئینتێرنێت لە چوارچێوەی تەمەنی منداڵاندا نین و کاریگەریی خراپیان لەسەر ژیان و ئاکاری ئەواندا هەیە.

زۆربەی فیلمەکانی تەلەڤیـزیون بە نیشاندانی پێوەندی جینسی ژن و پیاو، بیـری مناڵ بە شێوێکی نائاسایی بەرەو بابەتگەلێک دەکێشن کە هیچ چەشنە هاوتایی لەگەڵ ویست و هەستی ڕوحی و سروشتی ئەواندا نییە!.

بەپێی لێکدانەوەکان لە فیلمەکانی پڕ بینەری تەلەڤیزیوندا وەک کاناڵەکانی {جیم تی وی،جیم کوردی

و...} لانیکەم هەشت {٨} جار پێوەندی جێنسی نیشان دەدرێ کە دوو لە سەر سێی ڕاستەوخۆ نزیکایەتی جێنسی ژن و پیاوە! مەخابن منداڵ بە دیتنی ئەم فیلمانە لە ژیان و ڕاستییەکانی جیهانی منداڵیان دوور دەخرێنەوە و لە دەرس، وەرزش، کایە و یاری لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆی بێبەشی دەکات و بەداخەوە لە ڕاستیدا لە ماڵێ زۆربەی کاتی بەکەڵکیان بەفیڕۆ دەڕوات.

بۆ پێشگیری لە ئاکامی نگاتیڤی تەلەڤیزیون، ئینتێرنێت، دراما کوردییەکان و هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لەسەر مناڵان، پێشنیار دەکرێ ماوەی سەیری تەلەڤیزیۆن و سەرجەم تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەم کرێتەوە و پێشگیری لە سەیری ئەو فیلمانە بکرێ کە لەگەڵ تەمەنی منداڵدا نایەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە باشتر وایە کە بەکارهێنانی ئینتێڕنێت لەژێر چاوەدێری باوک و دایک بێ و تەلەڤیزیون لە دیوی دانیشتن بێ و منداڵ لە دیوی خۆی تەلەڤیزیونی لە بەر دەستدا نەبێ. چونکە ئەو حاڵەتە دەرفەتێکی باش دەڕه‌خسێنی بۆ منداڵ تا لە کاتی خۆی باشتر کەڵک وەرگرێ و کاتی پشوودانی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆی تێپەر بکات.

لە ڕاستیدا لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئینتێرنێت دەتوانێ لە ژیانی مرۆڤدا سەرچاوەیەکی باش و بەکەڵک بێ، دەشتوانێ سەرچاوەیەکی تاڵی و ناخۆشی بێت که تەنانەت لە ژیانی منداڵاندا کارەساتی زۆر گەورەی خوڵقاندووە، بەتایبەت لە بنەماڵەگەلێک کە منداڵەکانیان پێ کۆنتڕوڵ ناکرێ! هەر ئەوەندەی کە منداڵ لە بەشی گەڕانی {گوگڵ} ئینتێرنێت وشەی سێکس بنووسێ، ڕێگای بۆ هەزاران ماڵپەری جۆراوجۆری سێکسی دەکرێتەوە...! باشتر وایە بۆ بەرگری لە هەر چەشنە کارەساتی گەورە و بچووک منداڵان لەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی دایک و باوک یان لەژێر چاودێری کەسانی متمانەپێکراو و ئەهلی ئیماندا لە کەڵک لە ئینتێرنێت و دنیای مەجازی وەرگرن.

بەداخەوە زۆربەی منداڵانی ئەوڕۆ لە ڕێگای ئینتێرنێت بە لاڕێدا دەڕۆن و هەڵدەخەڵەتێن و زۆر جاران تووشی ئازار و دەستدرێژی جینسی دەبن! مەخابن دەستدڕێژی جینسی لە تەواوی وڵاتانی دونیا سەرەڕای جیاوازی فەرهەنگی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی دەنوێنێ و تەنیا جیاوازی لە شێوەی بۆچوونی بنەماڵە، کۆمەڵگا و یاسای سزادانی ئەو وڵاتە سەبارەت بەو مەسەلەیە هەیە. هەرچەندە دەستدرێژی جێنسی شتێکی نۆی نییە و مێژوویەکه‌ی بە درێژایی مێژووی ئینسانە، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە کە زۆربەی ڕووداوە جێنسییەکان و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان، لە سەتا 90ی دەسدرێژکەر لە ئەندامانی بنەماڵە، خزم و دۆست و ئاشنای نزیک بووە!؟!؟ 

بە داخەوە زۆر جار ئەو کارە ساڵیانی ساڵ درێژەی پێ دەدرەی و دەسدرێژیکەر لە تەواوی شێوەکان بۆ بێدەنگڕاگرتنی منداڵەکە و پێشبردنی ئامانجی خۆی کەڵک وەردەگرێ!! کە ئێمە لێرە لەو نامیلکەیە خۆ لە ئاماری دەستدرێژی بۆ سەر مناڵان دەپارێزین...!

ئەو منداڵانەی زۆرتر لە مەترسیدان

یەکەم: ئەوانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی دایک و باوکدا نین!

دووهەم: ئەوانەی کە دایک و باوکیان گیرۆدە یان بەردەوام سەرخۆشی مادە هۆشبەرەکانن.

سێهەم: ئەو منداڵانەی پێویستیان بە موحیبەت و خۆشەویستی هەیە و زۆر بەته‌نیان.

چوارەم: ئەوانەی کە شارەزا نین و بە خاتری ترس ناوێرن ناڕه‌حەتی ئەو ڕووداوە و شێوازەکانی دەستدرێژی و ڕاستییەکان لای دایک و باوک بدرکێنن.

بەداخەوە زۆربەی خەڵک نایانهەوێ، یا ناتوانن و پێیان عەیبێکی گەورەیە و‌ڵامی ساکارترین پرسیاری منداڵەکانیان سەبارەت بە سێکس بدەنەوە. هەڵبەت لەناو کۆمەڵگا وشەی سێکس وەک سنوورێکی مەزن لەبەر چاو دەگێرێ کە بەشی زۆر لە خەڵکی پێیان وایە کە تێپەڕین و لادان لەو سنوورە دەبێتە هۆی کرانەوەی چاو و گوێچکەی منداڵان و شکاندنی مەرزی شەرم و حەیا. بەشێکیش تەنانەت ئەگەر پێشیان خۆش بێ و‌ڵامی منداڵان بدەنەوە، لەبەر نەبوونی زانستی پێویست سەبارەت بەو مەسەلەیە تێیدا دەمێننەوە و ناتوانن بە شێوەکی ڕێکوپێک لە چۆنێتی جیهانی سێکس بدوێن، بۆیه‌ مەیلێکی وایان نییە لە سەر ئەو مەسەلەیە لەگەڵ منداڵەکانیان بدوێن.

لە ڕاستیدا سێکس مەسەلەیەکی گرینگە لە ژیانی مرۆڤدا و پێویستی بەوە هەیە بە لای ڕاستدا ئاراستە بکرێ، ئەو کات تاک و منداڵ دەتوانێ لە پێکهێنانی کەسایەتی سێکسی خۆیدا تایبەتمەند بێت و لە بنیاتنانی کەسایەتی خۆی بەباشی و بەبەڕێزی سوودی لێ وەربگرێت تا بتوانی بەرەوڕووی ئەو ڕەوتە لادەرانە بێتەوە کە بەلایدا ڕادەبڕن و لە ژیاندا تووشی دەبن.

شێوەکانی پێشگیری لەو ڕووداوە نەخوازراوە ئەوەیە کە پێوەندێکی دۆستانە و متمانەیەکی باش لەگەڵ منداڵ دروست بکرێ و هەوێنی خۆشەویستی و مۆحیبەتی دایک و باوک لە دڵی منداڵدا جێی خۆی بکاتەوە.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشە دڕندانەیە پێویستە منداڵەکانمان وەک مرۆڤێکی باوەڕدار بە ڕەوشت، باوەڕبەخۆ و جوامێر باریان بهێنین و کەسایەتیان گەشە پێ بدەین، دەسا بۆ گەیشتن بەو قۆناغە دوو ناوەندی گرینگی گەشەکردنی منداڵ کە بنەماڵە و قوتابخانەیه‌ لە ناو کۆمەڵگا دەبێ ئاستی زانستی خۆیان بەرنە سەر.

ڕۆڵێ میدیا لەسەر بەلاڕێڕۆیشتنی منداڵ

بێگومان هەموومان ئەمەش باش دەزانین کە لە جیهانێکدا دەژین ڕۆژانە بە چەشنێک سەروکارمان دەگەڵ دونیایەکی سەرسوورهێنەر هەیە، شەو و ڕۆژ لە ڕادوێ و تەلەڤیزیۆن، ئینتێڕنێت، تەنانەت پڕوپاگەندەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و سەتەلایت، بۆ فرۆشتنی زۆر شت لە سابوونەوە بگرە تا دەگاتە پێداویسیتی ناو ماڵ و ماشێن، سێکس و وێنەی ڕووت و سەرنجڕاکێس بۆتە خۆراکی بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆن و ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و کەڵکی لێ وەردەگیرێ...!

کاتێک دەمانەوێت منداڵەکانمان دوور بخەینەوە لە زۆر سەیرکردنى تەلەڤیزیۆن، پێویست دەکات کە خۆمان سەیرکردنى تەلەڤیزیۆن کەم بکەینەوە و لەبرى سەیرکردنى تەلەڤیزیۆن، خوو بە خوێندنەوەی کتێب و ئەنجامدانى هەندێ کارى گرینگى ناوماڵ بگرین، لەوانەشدا داوا لە منداڵەکانمان بکەین یارمەتیمان بدەن، هەڵبەت مەرج نییه‌ منداڵەکە بزانێت یارمەتیت بدات، به‌ڵام لێرەدا ئەو منداڵە لەبرى سەیرکردنى تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتێڕنێت فێرى یارمەتى دەبێت و لە هەمان کاتدا سه‌رقاڵ دەبیت، بەبێ ئەوەى بیر لە سەیرکردنى تەلەڤیزیون و... بکاتەوە، کە ئەمە ئامانجى سەرەکییە، یاخود هەڵسین بەهەر کارێکى تر وەکوو سەردانیکردنى خزمان و هاوڕێیان لەمانەشدا دەبینین کە به‌ شێوەیەکى ئۆتۆماتیکى منداڵه‌کانمان لاساییمان دەکەنەوە. بەڵام ئەگەر منداڵەکەت زۆر بچووکە و تواناى خوێندنەوە و کاری ترى نییە، ئەوا هەڵسە بە کڕینى هەندێک کتێبى سەرەتایى بۆ فێربوون، یان یارمەتى منداڵەکەت بدە بۆ دۆزینەوەى ئەو بەهرە و بڕست و تواناییەی کە هەیەتی. کەمکردنەوەى ئەم خووگرتنە، زیاتر دەکەوێتە ئەستۆى دایکان. چونکە باوکان زۆربەى کاتەکان لە دەرەوەى ماڵ دەبن بە مەبەستى پەیداکردنى بژێوى خێزانەکانیان و لە هەمان کاتیشدا وا باوە کە منداڵان زیاتر خوو به‌ دایکیانەوە دەگرن و دایکان ساناتر له‌ باوکان دەتوانن دڵى منداڵەکانیان گیرۆدەى خۆیان بکەن و گوێڕایەڵی خۆیانیان بکەن.

لە ڕاستیدا نەبوونی کەلتووری وتووێژی بنەماڵە لە گەڵ منداڵان، گوناحێکی مەزن لە قەڵەم دەدرێ، ئەو کات بێ متمانەبەخۆیی لە ناخی منداڵدا دروست دەبێ و کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە!

بێگومان کاتێک مناڵ بە تەمەنی بالغی دەگا، هەست و مەیلی جینسی لەودا بەهێزتر دەبێ. بە تایبەت لەو قوناغەدا، ئەرکی دایک و باوکە کە بە شێوەیەکی شیاو و ئاسایی باسی ئەوین و دڵداری و یەکێتی و جیاوازی ئەو هەستە لەگەڵ مەیل بە پێوەندی و نزیکایەتی جینسی بکەن. واتە دەبێ بۆ منداڵ ڕوون کرێتەوە کە ئەوین و خۆشەویستی هەستێکی بەهێز و ئینسانیە کە دەتوانێ لە خۆشەویستی و ڕێزی مرۆڤ بە کچ، کوڕ، بنەماڵە، دۆست، وڵات، بیر و باوەر و مرۆڤدا خۆی بنوێنێ. لەو قۆناغە هەستیارەدا باشتر وایە دایک و باوک چاوەڕوانی پرسیاری منداڵ نەبن، بەڵکوو بۆ خۆیان دەبێ بەپێی تەمەن و ڕادەی ویستی ڕۆحی و ئاسایی منداڵ و بە کەڵکوەرگرتن لە ڕووداوەکانی ڕۆژانە پرسیارێک دروست بکەن و ڕاوێژی لەسەر بکەن.

چەند هەنگاوێکی پـراکتیزەیی بـۆ پەروەردەی منـداڵ 

ئەوەی ڕاستی بێ زۆر بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە، ناوچەی بارناسکی ڕۆژهەڵاتی ناوین، زیاتر لە ناوچەکانی تری جیهان بە ڕەهەندێکی ئاڵۆز و پڕ کارەساتدا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەدا گەلێک شەڕ و تاوان و جەنایەتی بەخۆیەوە بینیوە. کەم وا هەبووە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی پێکهاتەگەڵی نەتەوەیی، ئایینی ماوەیەکی درێژخایەن ئاشتی و هێمنایەتی سەرانسۆی ئەو ناوچەیەی کردبێ. بێگومان کورد وەک یەکێک لە نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە، بەردەوام عەوداڵی پاراستن و پەروەردە و بارهێنان و سەلماندنی پێناسەی خێزانی خۆی بووە، تا وێڕای نەتەوەکانی تر بە دوور لە دیلی و پەڕبەستەبوون، ئەرخەیان درێژە بە ژیان بدا.

مەخابن لە سەردەمی نوێدا تەفرەقە و دووبەرەکی، بێ تەفاوەتی و ورەبەردان، دوورەپەرێزی و لێکترازان، ترس و ناهومێدی بوون بە دیاردەیەکی پڕ خەسار بۆ دواکەوتوویی لە ئاست پەروەردەی خێـزان و بارهێنان و پاراستنی منـداڵ.

بێگومان زۆرێک لە ئێمە هەر وەکوو چۆن لە زۆربەی مەسەلەکانی تری ژیان بە هەڵە تێگەیەشتووین، لە مەسەلەی پەروەردە و بارهێنانی منداڵیش هەڵە تێگەیشتنێک لای بەشێکی زۆر لە تاکەکانی کومەڵگا بە گەورە و بچوکەوە دروست بووە. لە ڕاستیدا هەڵەیەكی كوشندە كە زۆرێك لە دایك و باوكان هەستی پێ ناكەن و گوێی پێ نادەن، ئەویش بریتیە لەوەی کە وا دەزانن پەروەردەكردن تەنها بریتییە لە دابینكردنی خۆراك و مەعیشه‌تی ڕۆژانە و شوێنی حەوانەوە و جل و بەرگ! ڕاستە ئەو لایەنە گرینگە بۆ ئاسوودەیی و پاراستنی منداڵەكانمان، بەڵام ئەوە تەنها لایەنە ماددییەكەیە، لایەنێكی تر ماوە كه‌ زۆر گرنگتر و كاریگەرترە، ئەویش بریتییە لە لایەنی مەعنەوی كە تەواوكاری لایەنە ماددییەكەیە و نابێ بە هیچ شێوەیەك فەرامۆش بكرێت. پێویستە منداڵەکانمان و نەوەكانمان بە شێوازێكی هاوسەنگ پەروەردە بكەین، واتە هیچ لایەنێك لەسەر حیسابی لایەنەكەی تر نه‌بێ، زۆر جار كە دایك و باوك لە منداڵەكانیان تووڕە دەبن، ئەو ڕەستەیەمان بەر گوێ دەكەوێ {گوشی و لەبتاب و... باشت نییە؟ لە چیتان كەمە وا دەكەن هااا ؟!} پێویستە دایكان و باوكان ئاگادار بن و ئەو لایەنە فەرامۆش نەكەن کە پەروەردەی خێزانی بە یەکێک لە بنەما گرینگەکانی ژیان هەژمار دەکرێت، چونكە بەختەوەری بە پارە و شتە ماددییەكان نییە، بەڵكوو ئاسوودەیی لە دەروونەوەیە نەک لە هەبوونی ئەو بابەتانەی کە منداڵەکەتی پێ سەرکوت دەکەی...!

هه‌ڵه‌یه‌کی تری ناو خێزان بریتییه‌ له‌ ململانێی نێوان دایک و باوک، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین که‌ منداڵ  کەسایەتییەکی زۆر هه‌ستیار و سه‌رنجده‌رهی هەیە‌. ته‌نانه‌ت زاناکانی کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی بە ئیلهام لە فەرموودەی پێغەمبەری خواﷺ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ منداڵ له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیه‌وه،‌ واتا ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵییه‌وه‌ هه‌ست به‌ شته‌کان ده‌کات و هه‌سته‌کانی ده‌جووڵێن، هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ که‌ منداڵ هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌ربوون و نابه‌خته‌وه‌ربوونی دایک و باوکی ده‌کات و هه‌ست به‌ ناکۆکییه‌کان و خۆشییه‌کانیان ده‌کات و هەست بە چۆنییەتی پێ ده‌کات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر دایک و باوک که‌ ژینگه‌یه‌کی له‌بار و گونجاو دروست بکه‌ن و ململانێ و ناخۆشییه‌کانیان نه‌هێننه‌ به‌ر چاوی منداڵەکانیان، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروستانه‌ منداڵه‌که‌ پێ بگات و له‌ ناوه‌وه‌ توشی هیچ پێکدادانێکی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت. زۆر جار ئه‌و ململانێیانه‌ ده‌بێته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ غه‌ریزه‌ و ڕۆحیه‌ته‌ شه‌ڕانگێزییه‌کانی منداڵ ببێته‌ ڕه‌فتار. بێگومان لە جیهانی ئەمڕۆدا پەروەردەیەکی تەندروست و تۆکمە و سوودبەخش نایەتە کایەوە، ئەگەر پەنا بۆ زانست نەبەین، بۆیە دەبێ زۆر ئاگادار بین.

ڕۆڵی خێــزان و ڕێنمایی ئایین

بێگومان خێزان باڵی ڕاستى پرۆسەى پەروەردەکردنە و یەکێک لەو هۆکارە کاریگەریانەى کە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی تایبەتى دەبینێ لە پرۆسەى پەروەردە و فێرکردندا، دایک و باوکە لە پێگەى خێزاندا. واتە خێزان یەکەمین و گرینگترین بناغەیە کە لە پەروەردەکردن و ڕێنمایی و ڕاهێنان و ئاراستە کردنی منداڵەکانیان، کە کاریگەریان هەیە لەسەر هەڵسووکەوتی تاک لەم قۆناغەدا و بناغەى که‌سێتی منداڵ تێیدا بنیات ده‌نرێت. بۆیه‌ ده‌بینین له‌ هه‌موو دینه‌کان و به‌رنامه‌کاندا چاوى زۆر له‌سه‌ر دایک هه‌یه‌ و گرنگى تایبه‌تى خۆى پێدراوه‌ و به‌ قوتابخانه‌ى یه‌که‌مى پێگه‌یاندن ناونراوه‌. لە ڕاستیدا هەر جۆرە هەڵەیەک و بێبەرنامەیی و بێسەره‌وبەری و نەبوونی متمانە لە نێوان منداڵ و خێزان و دایک و باب کاریگەری خراپ و کارەساتی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە، چونکە منداڵ وەک ئاوێنە هەموو شتەکانی نێو خێزانەکانیان نیشان دەدەنەوە. ئێمە چ وەک تاک و چ وەک بنەماڵـە کاتێک لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵەکانماندا سەرکەوتوو دەبین، کە منداڵـەکانمان بناسین، نیاز و خواستەکانیان بناسین، ئەو کارەش زانست و تێکۆشانی دەوێت.

مەخابن لە دونیای ئەوڕۆدا بەپێی توێژینەوەکان منداڵ و مێرمنداڵەکان بە هۆی نەبوونی پەروەردەیەکی دروست و نەبوونی متمانە بە دایک و باب، ئینتمای خێزانیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازبوون دەچێ و هێندێکیش هەر زۆر زوو لە بیری جێهێشتنی خێزان و وڵاتەکەیاندا دەبن و پێیان وایە هیچ شتێک نییە کە ئەوان بە بنەماڵەکەیانەوە ببەستێتەوە کە زۆر جار ئەوەش بۆتە هۆی ڕوودانی کارەساتی گەوەرە لە ناو کۆمەڵگادا.

هەموو ئەوانەی لەگەڵ منداڵان کار دەکەن، چ لە ماڵێ دایک و باوک چ لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا، گەلێ جار ڕووبەڕووی پرسیاری گەلێک سەخت، لە لایەن منداڵانەوە دەبنەوە. واتە منداڵان زۆربەیان وەک گچکە فەیلەسوفێکی زانا دەردەکەون و پرسیاری زۆر سەخت و دژوار دەکەن، کە وه‌ڵام دانەوەیان ئاسان نییە. گەر وڵامیشیان بدرێتەوە، دیسان دەبێتە مایەی پرسیاری نوێ لە لایان...!!!

بێگومان پەروەردەکردنی منـداڵ گرینگترین و هەستیارترین ئەرکی سەرشانی دایک و باوکە کە ئەوەش زانست و زانیاری تایبەت بە خۆی پێویستە. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا پەروەردەکردن و بارهێنانی منداڵ دەبێتە هۆی دڵخۆشی دایک و باوک.

هەڵبەت پەروەردەکردنی منداڵ لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو ئامێرە پێشکەوتووە بە بیر و هزری ڕابردوو تاوانێکی گەورەیە، نەک بەو مانایە کە پەروەردە و ڕاهێنانی منداڵ لە ڕابردوو هەڵە بێت، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە سەردەمی منداڵی ئێستا لەگەڵ ژیانی منداڵی خۆمان جیاوازی زۆرە و ناکرێ بەو شێوازە منداڵ پەروەردە بکرێ. بەڵام دەتوانین بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی ژیانی خۆمان و گەورەکان و بە خوێندنەوەیەکی تازە و پەندوەرگرتن لە مێژوو و ئێستا و گرێدانی ئەوان پێکەوە و تێفکرین بۆ داهاتوویەکی پڕشەنگدار، بەختەوەری و خۆشی بۆ مناڵەکانمان مسۆگەر کەین.

بێگومان هه‌موومان پێش ئه‌وه‌ى ببینه‌ خاوه‌نى منداڵ یان پێش ئه‌وه‌ى ببینه‌ باب یان دایک، دنیایه‌ک حه‌ز و خولیامان هه‌یه‌ و به‌رنامه‌ى جوان جوانیان بۆ داده‌ڕێژین تاوه‌کوو منداڵێکى به‌سوود پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگا بکه‌ین، زۆر جار له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵسوکه‌وتى دایک و باوکان که‌ ئه‌وپه‌ڕى دڵسۆزى ده‌نوێنن به‌رامبه‌ر منداڵه‌کانیان، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیان خه‌ست ده‌که‌نه‌وه‌ که‌" ئه‌مه‌ مه‌که‌، ئه‌وه‌ مه‌خۆ، ئاوا مه‌ڕۆ، زوو بڕۆ، زوو وه‌ره‌ و... کە چی پێچەوانە دەبێتەوە. لە ڕاستیدا هەر شتێک بە زۆر بەسەر منداڵ یان مێرمنداڵ بسەپێنرێت، لە ڕووی دەروونییەوە دوچاری کاردانەوە دەبێت. ئامانجی ئێمە لە پەروەردەکردنی منداڵ و مێرمنداڵەکانمان ئەوەیە کە وەک نموونەی مرۆڤێکی باوەڕدار و بەڕەوشت، باوەڕبەخۆ و جوامێر لەسەر گەورەییەکانی کلتووری ئایینی و نەتەوەیی باریان بێنین.

هەموومان لەو وڵاتەی كە لێی دەژین و لێی سوودمەندین، لە بەرامبەردا كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیاریەتی لەسەر شانمانە کە دەبێ ئەنجامی بدەین و لەگەڵی بەوەفا و دڵسۆز و ڕاستگۆ و پارێزراو بین، هەر یەكە و بەپێی كار و پیشەكەی.

یەکێک لەو خاڵە بنچینەییانەى کە یارمەتى مرۆڤ دەدات بۆ بنیاتنانى بنەماڵە و خێزانێکی بەختەوەر و پەروەرده‌یەکی دڵسۆز بریتییە لە متمانه‌بەخۆ، پاشان بنیاتنانى ژێرخانی کەسایەتی منداڵ لە هەموو بوارەکانى ژیانیدا. ئەوەش بە سووربون و جێگیربون لەسه‌ر ئەوبنەمایە، بۆ دوور کەوتنەوە لە ڕاڕای له‌ هەستان بە ئەنجامدانى ئەرک و هەموو ئەوانەى کە دەخوازرێت ئەنجام بدرێت، بەو شێوەیە دەبێته‌ کەسێکى سوودمەند بۆخۆى و بۆ کەسانى تریش.

بەڵام سەبارەت بە بیروهزری پەروەردەی ئیسلامی، دەتوانین بڵێین کە بەرنامەیەکی سەربەخۆ و یاسایەکی تایبەتی هەیە و واتاکانی فراوانترە کە بۆ پەروەردەی هەر دوو جیهان و هاوسەنگی لە نێوان هەردوو جیهان مرۆڤ پەروەردە دەکا. 

هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌ بڕواى ته‌واو پێویستى به‌ خۆگۆڕین و ئیڕاده هه‌‌یه‌، پێویستى به‌ گۆڕانکارییه‌ له‌ ژیانیدا، قوڕئان ده‌فه‌رموێت: «ذلِكَ بأَنَّ اللهَ لَمْ يَكُ مُغَيَّرَاً نِعمَةً أنْعَمَها عَلى قَومٍ حتى يُغَيِّرُوا ما بِأَنْفُسهِم وأنَّ اللهَ سميعٌ عَليم» (ئەنفال:53) واته‌: بێگومان خوا هیچ ناز و نیعمه‌تێکى نه‌گۆڕیوه‌ که‌ به‌خشیبێتى به‌ هه‌ر گه‌لێک، هه‌تا ئه‌وان ئه‌وه‌ى به‌ خۆیان ده‌کرێت نه‌یگۆڕن، به‌ ڕاستى خواى گه‌وره‌ بیسه‌ر و زانایه‌.

یان لە ئایەتێکی تردا ده‌فه‌رموێت: «إنَّ الله لايُغَيِّرُ ما بقومٍ حتى يُغَيَّروا ما بِأَنفُسِهِمْ» (سورەی ڕەعد:۱۱) واته‌: به‌ڕاستى خوا بارودۆخى هیچ گه‌لێک ناگۆڕێت، تا حاڵى خۆیان نه‌گۆڕن و ئه‌وه‌ى فه‌رمانیان پێدراوه‌ نه‌یکه‌ن. به‌ڵێ مێژووش ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌ که‌ مرۆڤ ناتوانێت داهاتوویه‌کى پڕشنگدار و شارستانیه‌تێکى پێشکه‌وتوو بۆ خۆى بنیات بنێت، تاکوو مرۆڤه‌کان دڵ و ده‌روونیان چاک نه‌که‌ن و له‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێ نه‌که‌ن.

بێگومان ئیسلام لەگەڵ فێركردنە، چونكە یەكەم وشەی قوڕئان كە لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە وشەی {اقْرَأْ} واتە: {بخوێنەوە}، كەواتە ئەم دینە لەسەر بناغەی خوێندنەوە دامەزراوە. یەكەم ئایەتی قوڕئان باسی خوێندن و خوێندنەوە دەكات. كەواتە دینی ئیسلام دینی زانست ‌و پێگەیاندن ‌و ڕۆشنبیرییە ‌و هەر كەسێك وا بزانێت ئیسلام ڕێ‌ لە خوێندن دەگرێ‌ ئەوە خەراپ تێگەیشتووە. ئیسلامەتی هانمان دەدات فێربین، تێبگەین، زانستمان هەبێت، چونكە ئەوەی زانستی هەبێت ئەو كەسە دەتوانێت ڕەوشت ‌و كردەوەكانیشی جوان بێت، دەتوانێت كەسێكی سوودبەخش بێت بۆ كۆمەڵگایەكەی، بۆ خێزانەكەی، بۆ خودی نەفسی خۆی، بۆ قیامەتەكەی، ئیسلام زانستی دەوێت، دیندارییەتی بە جەهالەت ناكرێت، خواپەرستیش بە جەهالەت ناكرێت، بۆیە زۆر لە وانەی كە نەخوێندەوارن بە هۆی جەهل ‌و نەزانینەوە تووشی زۆر هەڵە و بیدعە دەبن كە وا دەزانن بەم پەرستنە داهێنراوانە لە خوا نزیك دەبنەوە، بەڵام لە خوایان دوور دەخاتەوە، زۆر شت وا دەزانن شەرعییە ‌و بەڵام شەرعیش نییە، بۆ؟ چونكە زانستی نییە، ئەوانەی كە زانستیان نییە توانای فێربوونیان نییە. خوای گەورە ئاوا وازی لێ نەهێناوین ‌و بڵێ‌ ئێوە قەڵەمتان لەسەر نییە، نەخوێندەوارەكان نەك ئەوەی كە توانای فێربوونی نییە، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} واتە: پرسیار لە ئەهلی زیكر بكەن، ئەهلی زانست كە شتێكتان نەزانی بۆ خۆتان، كەواتە تۆ بە چی خۆت ڕزگار دەكەیت لە زەرەری نەزانی، خۆت ڕزگار كە ئەی نەخوێندەوار بە پرسیار، پرسیار لە كێ‌ بكە؟ ئەهلی زیكر، ئەهلی زانست، له زانایان پرسیار بكە، ئەوە حەڵاڵە ئەوە حەرامە، ئەوە دروستە ئەوە نادروستە، ئەوە ئەركی سەرشانی تۆیە كە تۆ نەخوێندەواری كە تۆ گەنجێكی یان منداڵێكی قابیلییەت ‌و توانای فێربوونت هەیە، تۆ واجبە لەسەرت بخوێنی، پێغەمبەری خوا ٍﷺ دەفەرموێت: فێربوونی زانست فەڕزە، چۆن خوای گەورە پێنج نوێژەكانی فەڕز كردووە لە سەرت ‌و ڕۆژووگرتن فەڕزە لە سەرت، پێغەمبەری خوا ٍﷺدەفەرموێت: {طلب العلم فريضة على كل مسلم} واتە: فێربوونی زانست فەڕزە لەسەر هەموو موسوڵمانێك)، بە پیا‌و ‌و ژنەوە بە كچ ‌و كوڕەوە.

لە ئیسلامدا فێربوونی زانست فەڕزە نەك تەنها بڵێ‌ بیكە ‌و بەس، چۆن ئەگەر فەڕزێك ئەنجام نەدەی گوناهبار دەبیت، ئەی ئەو كەسەی توانای فێربوونت هەیە، تەنها پیرەكان توانایان نەماوە، بەس واجبی ئەوان پرسیاركردنە، ئەوانەی كە تواناتان هەیە چۆن ئەگەر نوێژێك نەكەی گوناهبار دەبیت، ئەگەر هەوڵی فێربوونی زانستیش نەدەیت گوناهبار دەبیت.

قوناغی منداڵی و مێرمنداڵی هەریەکەیان بایەخ و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر یەکەیان لە ڕووی کات و ماوە و ئاست لە یەکتر جیاوازن، بەڵام پەیوەندییەکی زەنجیرەیی هاوبەند لە نێوانییان هەیە، هەر یەک لەو قوناغانە بەگوێرەی پلەبەندی و ئاست ڕەنگدانەوە و کاریگەریان لەسەر یەکتر دەبێت، یەکێک لەو قۆناغە سەرەکی و بنچینەییانە قۆناغی بنەڕەتییە، ئەو قۆناغە زۆر گرینگ و هەستیارە، بناغە و بنچینەی بیروهزر و پەروەردەی منداڵە، چونکە درێژترین قۆناغی پەروەردەکردنە کە ماوەی نۆ ساڵ دەخایەنێ. لەو تەمەنەدا ناتوانرێت ڕۆڵی خێـزان و قوتابخانە و میدیا فەرامۆش بکرێت. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە لەگەڵ دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییەکانی ژیان بەداخەوە وەک {وول دیورانت} وتوویەتی پەروەردەی خێزانی و قوتابخانە بەرەو هەمەجیـەت گەڕاونەتەوە.