الحمد لله، والصلاە والسلام علی رسول الله، أما بعد هاتنی مانگی (شعبان) زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بەهاتنی میوانێكی پڕخێر و بەفەڕ. بەهاتنی ئەم میوانە بەڕێزە دڵەكان ڕادەچەڵەكێن و چاوەكان هێدی هێدی فرمێسكی پەشیمانی بەسەر ڕوومەتی پڕ گوناهـ و تاواندا دادەبارێنێ، وا نزیك بۆتەوە گزنگی بەرەبەیانی مانگی ڕەمەزان تاوەكو تارمایی شەوی دڵەكان ڕابماڵێ و مۆمی ڕووناكی لەخواترسان و خواپەرستی هەڵگرسێنێ. ئیتر بەسە دڵڕەقی و تاوانكردن... ئیتر بەسە تێڕوانین بۆ وێنە قەدەغەكراوەكان، ئیتر بەسە غەیبەتكردن، ئیتر بەسە بوهتانكردن، ئیتر بەسە ڕۆچوون لەنێو شەهەواتی دونیادا، ئیتر بەسە........ خۆت ئامادەكە... ئەم میوانە پێویستە ڕێزی لێ بگریت، سەیری دڵت بكە بزانە چەند پاك و خاوێنە بۆ پێشوازی لەم میوانە یان پێویستی بە پاككردنەوەیە، خاوەن ماڵ چۆن دەبێ میوانی بێت و ماڵەكەی نەشیاو و پەرتەوازە بێت...؟!! تۆ بپرسە لەخۆت كە چیت ئامادەكردووە؟ پێشینانی ئەم ئوممەتە (ڕەحمەتی خوایان لێ بێت) لە دوای مانگی ڕەمەزان شەش مانگ دەپاڕانەوە تاوەكو خوای پەروەردگار لێیان قەبوڵ بكات و شەش مانگی تریش دەپاڕانەوە كە خوای پەروەردگار شادیان بكاتەوە بەم مانگە پیرۆزە، كەواتە ژیانیان هەر ڕەمەزان بووە. هەنگاوەكانی خۆئامادەكردن ئەی خوێنەری خۆشەویست؛ پێویستمان بەتێڕامانە، تێڕامان بۆ سەركەوتن، بۆ سەركەوتن لە مانگی ڕەمەزان بەویستی پەروەردگار، وریابە ڕۆژەكانی هەروا بەسادە و سانایی بەسەردا تێنەپەڕێت وەكوو ڕۆژەكانی تری تەمەنت، نرخی ئەم ڕۆژانە زۆر بە بەهایە ئەگەر ڕۆیشت جارێكی تر هەرگیز ناگەڕێتەوە، چەندەها كەس هەبوون نەگەشتنە ئەم مانگە پیرۆزە، چەندەها كەس هەن تەمەنیان كۆتایی دێت پێش هەڵهاتنی خۆری ئەم مانگە پیرۆزە لەم ساڵدا. كەواتە ئەی موسوڵمان نەخشە و پیلانی خۆت داڕێژە، ئامانجت دیاری بكە، نییەتت پاك بكە، ئامادەباش بە خەریكە میوانەكە بگات، نەوەكوو مردن یەخەت پێ بگرێ و چاوەكانت شاد نەبێت بەبینی میوانی خۆشەویست بەڵكوو پەروەردگار نیەتەكەت بۆ بنووسێ. كەواتە ئامادەبە، بۆ ئامادەبوونیش پێویستە ئەم هەنگاوانە بگریتە بەر: 1. هیچ كارێك ئەنجام مەدە تاوەكو نیازت(نییەتت) چاك دەكەیت چونكە پەروەردگارت هیچ كارێك وەرناگرێت تاوەكو دڵسۆزانە و بەپێی پەیامەكەی ئەو نەبێت، كەواتە هەر لەئێستاوە نییەتت چاك بكە و منداڵەكانیشت فێر بكە. 2. دەروونت پاك بكەرەوە و فێری لەخواترسانی بكە هەر لە ئێستاوە چونكە ڕەمەزان قوتابخانەی لەخواترسانە هەر وەكو خوای پەروەردگار دەفەرمووێت: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ]، واتە: ئەی ئەو كەسانەی باوەڕتان هێناوە ڕۆژووی ڕەمەزان لەسەرتان پێویست كراوە هەر وەكوو چۆن لەسەر گەلانی پێش ئێوە پێویست كرابوو بۆ ئەوەی خواناسی و پارێزگاری بكەن و پێغەمبەری خواﷺ دەفەرمووێت: هەر كەسێك واز لە شایەتی درۆ وقسەی نەشیاو نەهێنێت ئەوا پەروەردگار پێویستی بە كەسێك نییە كە تەنها واز لە خواردن و خواردنەوە بهێنێت. رواه البخاری 3. پەیوەندی خزمایەتی توندوتۆڵ بكە: زۆر ئاگادربە لە پچڕاندن یان لاوازی پەیوەندی خزمایەتی، پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرمووێت: "خلق الله الخلق فلما فرغ قامت الرحم، فقال: مه، قالت: هذا مقام العائذ بك من القطيعة، فقال: ألا ترضين أن أصل من وصلك، وأقطع من قطعك قالت: بلى يا رب، قال: فذلك لك، ثم قال أبو هريرة: [فَهَلْ عَسَيْتُمْ إِن تَوَلَّيْتُمْ أَن تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ وَتُقَطِّعُوا أَرْحَامَكُمْ] واتە: ئایا ئێوە بەتەمان لە غەزا پشت هەڵبكەن یاخود دەسەڵاتتان كەوتە دەست، تۆی ئاژاوە و فەساد و تاوان لە زەویدا بچێنن و هەرچی پەیوەندی خزمایەتیش هەیە بپچڕێنن و لەناوی بەرن، بەڵام پەیوەندی لەبەر خوا توندوتۆڵ بكرێت نەك ببێت بەنۆرە ئەو نەهات تۆیش نەچیت كە ئەمەش تێگەیشتنێكی هەڵەیە. 4. ئایا هیچ ناز و نعمەتێك هەیە گەورەتر بێت لە دڵا پاكی، چەندە گرنگە ئەگەر دڵت بەتاڵ بێت لە ڕق و كینە بەرامبەر بە موسوڵمانان. كەواتە لەگەڵ چوونە نێو ڕەمەزان با دڵت دوور بێت لە ژەنگی ڕق و كینە و سەرقاڵی خواپەرستی ببە، هەروەكو لەم فەرموودەدا هاتووە "قيل لرسول الله ﷺ أي الناس أفضل ؟ قال: كل مخموم القلب صدوق اللسان قالوا: صدوق اللسان نعرفه فما مخموم القلب، قال: هو التقي النقي لاإثم فيه ولابغي ولاغل ولاحسد "،صحيح إبن ماجه 3416 واتە: پرسیار كرا لەپێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) كێ باشترینی خەڵكە؟ پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی: هەموو دڵ پاكێكی ڕاستگۆ، هاوەڵانیش فەرموویان: ئێمە ڕاستگۆ دەناسین بەڵام (مخموم القلب) كێیە؟ پێغەمبەریش (صلی الله علیە وسلم) فەرمووی: ئەو دڵەیە كە لەخواترس و پاكە، تاوان و ستەم و ڕق و حەسوودی تیادا نیە. 5. زۆرێك هەن زۆر بەداخەوە كە كاتێكی زۆریان بەئەنتەرنێتەوە سەرقاڵ دەكەن، هەر بۆیە لە مانگی ڕەمەزان كاتێكی زۆریان بەفیڕۆ دەدەن كە پێویستە لە بڕی ئەم كارانە سەرقاڵی پەرستش بن.... هەروەكوو پێشەوا مالكی كوڕی ئەنەس كە مانگی ڕەمەزان بهاتایە ئەوا دوور دەكەوتەوە لە كۆڕی فەرموودە و زانایان، بەڵكوو تەنها ڕووی دەكردە قورئانخوێندنەوە، جا پێویستە بەكارهێنەرانی ئەنتەرنێت هێدی هێدی خۆیان دووربخەنەوە لە بەكارهێنانی ئەم ئامێرە. 6. پەلەكردن لە قەزاكردنەوەی ڕۆژووی قەرزاری مانگی ڕەمەزانی پێشوو بەر لە هاتنی مانگی ڕەمەزانی ئەم ساڵ. 7. لە مانگی ڕەمەزاندا خەڵكی ڕوودەكەنە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز كەواتە هەر لە ئێستاوە خۆت ئامادە بكە بەخوێندنەوەی زیاتری قورئان ئەگەر لە ڕۆژێكدا (یەك جزء) قورئان دەخوێنی هەوڵ بدە لە ڕەمەزاندا لە ڕۆژێكدا (دوو جزو) بخوێنە. 8. ڕەمەزان مانگی نوێژ كردنە.... لە تەراویح وسوننەتەكان بۆ ئەوەی بتوانیت لەو نوێژانەدا بەردەوام بیت پێویستە هەر لە ئێستاوە خۆت ڕابهێنی بەئەنجامدانی نوێژەكان بەجوانی. 9. هەر لە ئێستا خۆت ڕابهێنە لەسەر پاڕانەوە و هەوڵ بدە ئەو پاڕانەوانە لەبەربكەیت كە لە پێغەمبەری خواوە ﷺ هاتووە. 10. خۆت ڕابهێنە لەسەر ڕۆژووگرتن بەتایبەتی لە مانگی شەعباندا وەكو خۆئامادەكردنێك بۆ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان. 11. خۆت ئامادە بكە بۆ بەخشینی خواردن بەهەژاران و ئامادەكردنی خوانی بەربانگ هەر لە ئێستاوە لە ژەمەخواردنی خۆت ببەخشەوە بەسەر هەژاران و هەتیوان و دراوسێكانت، چونكە پێغەمبەری خواﷺ فەرموویەتی: هەركەسێك بەربانگی ڕۆژوانێك ئامادە بكات ئەوا پاداشتی ڕۆژووەكەی دەست دەكەوێت بەبێ ئەوەی لەپاداشتی ڕۆژووانەكە كەم بێتەوە. 12. ببەخشە لە سامانەكەت لە مانگی شەعباندا بۆ ئەوەی ڕابێیت لەسەر بەخشینەوە لە مانگی ڕەمەزان، چونكە پێغەمبەری خواﷺ فەرموویەتی: هەموو رۆژێك كە بەندەكان رۆژی تێدا دەكەنەوە، دوو فریشتە دادەبەزن یەكیان دەڵێ: پەروەردگارا ببەخشە بەوەی كە دەبەخشێت، ئەویتریان دەڵیت: پەروەردگارا بیگرەوە لەوەیشی كە نابەخشێت. (صححه الالبانی) 13. كەمكردنەوەی خواردن لە مانگی شەعبان لەبەرئەوەی زۆر خواردن موسوڵمان تووشی تەمەڵی دەكا لە ئەنجامدانی پەرستشەكان، بۆ ئەوەی خۆت ڕابهێنی پێویستە هەر لە ئێستاوە خواردنەكەت كەم بكەیتەوە. 14. ئەگەر ناتوانیت ئەم ڕەمەزانە گەشت بكەیت بۆ عومرە، ئەوا ئەگەر كەسێك دابنیشێت دوای نوێژی بەیانی بۆ یادی خوا تاوەكو خۆر هەڵهاتن پاشان دوو ڕكات نوێژ بكات ئەوا پاداشتی حەج و عومرەیەكی تەواوی بۆ دەنووسرێت. 15. خۆت ڕابهێنە لەسەر جۆرێك پەرستش كە پێشتر ئەنجامت نەداوە وەكو خوێندنەوەی قورئان و شەونوێژ و نوێژی چێشتەنگا..... 16. هێدی هێدی خۆت دووربكەرەوە لە كۆڕ وكۆبوونەوەكانی گاڵتە و گاڵتەجاڕی و بەفێڕۆدانی كات و خۆدوورخستنەوە لە تێڕوانینی تەلەفزێون كە مەخابن چەندەهای ساتەكانی تەمەنمان بەفیڕۆ دەبات. 17. بۆ ئەوانەی جگەرە دەكێشن لە ڕەمەزاندا هەلی گەورە لە پێشتانە كە بتوانن خۆتان لەم دەردە ڕزگار بكەن بەپشتیوانی پەروەردگار. 18. كارەكانت لە مانگی شەعباندا زۆر بەجوانی دابڕێژە و پەیوەستبە بە پەرستشەوە تاوەكو بۆ ڕەمەزان بەتەواوی ئامادە بیت. 19. زمانت پاراو بكە بەیادی خوا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاری و پەشیمانبوونەوە. 20. دووبارەكردنەوەی ئەو بەشەی لە قورئان كە لەبەرت كردووە یان لەبەركردنی چەند كورتە سوڕەتێك لە مانگی شەعبان تاوەكو دووبارەی بكەیتەوە لە نوێژە سوننەتەكانی مانگی ڕەمەزان، ئای چەند سەرفرازە ئەو كەسەی كە قورئانی لە سنگیدا هەڵگرتووە. 23. هەوڵ بدە نەخشەیەك دابڕێژە بۆ مانگی ڕەمەزان بۆ خۆت و ئەوانەی كە لە چواردەوری تۆ دەژین لە سنووری ماڵەكەت و كارەكەت و مزگەوتەكەت، كە پێویستە خەڵكی گەورەیی ئەم مانگە بزانن و سەرقاڵی پەرستش بن نەوەكوو شوێنكەوتنی زنجیرە فلیمەكان. 24. كۆشش بكە بەدوای منداڵە بچووكەكان ئەوانەی كە لەسەروو تەمەنی حەوت ساڵن، كە ڕایان بهێنی لەسەر ڕۆژووگرتن ئەگەر توانی با ڕۆژێكی تەواو بەڕۆژوو بێت ئەگەرنا یان نیوەی ڕۆژەكە یان چەند سەعاتێك.... بۆ ئەوەی بەتەواوی ڕابێن. پەروەردگارا ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانمان لێ قەبووڵ بكەیت ستافى وەڵامەکان
بۆچوونهکان