مامۆستا عەلی ڕەحمانی ٢١. گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه، به‌داخه‌وه بازێ له بانگخوازان کاتێ باسی شارستانييه‌تی ڕۆژاوا ده‌که‌ن، هه‌موو شته‌کان تێکه‌ڵ ده‌که‌ن بهسهريهکدا و چاک و خراپيان جيا ناکه‌نه‌وه له يه‌ک. بێ لێکۆڵينه‌وه و شه‌ل و کوێر ناپارێزن، ههرچييان به‌رده‌ست ده‌که‌وێ دایده‌پاچن. زۆر جار بيستوومانه “اکثرهم لا يعقلون” ده‌خوێننه‌وه به‌سه‌رياندا، بێ ئه‌وه‌ی بيرکهینهوه له ده‌قی ئايه‌ته‌که و په‌س و پێشی و داواکاريیهکانی و شێوه‌ی جێبه‌جێکردنی به‌سه‌ر ئه‌واندا! عه‌قڵ و ئاوه‌ز هێزێکه که خوای گه‌وره له وجوودی ئينساندا دايناوه و گه‌وره‌ترين به‌خشراوی خوايه و داوای ئه‌وه‌ی کردووه که چاک به‌کاری ببه‌ن. جايهگای عه‌قڵ و فيکر و نه‌زه‌ر و ته‌ده‌ببور و اولوالالباب له قوڕئان‌دا به ڕۆشنی دياره و هه‌وجه‌ی به ئه‌نگوست نييه. قوڕئان ٤٩ جار هه‌ر به له‌فزی خۆی، باسی كرده‌وه‌ی عه‌قڵ ده‌کا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی قه‌لب له ١٣٢ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی اللب، له ١٦ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی النهی، له ٢ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی فيکر و تهفهکكور له ١٨ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی فقهـ، له ٢٠ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی ته‌ده‌ببور، له ٤ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی ئیعتیبار، وه‌کوو فاعتبروا، له ٧ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی حيکمه‌ت، له ١٩ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی بوڕهان، له ٨ جێگه‌دا. باسی عهقڵانييهت ده‌کات به له‌فزی نه‌زه‌ر، زياد له ٥٠ جێگه‌دا. ته‌نانه‌ت له بازێ جێگهداوشهی ئه‌مری بۆ به‌کار بردووه. و هه‌ر ئه‌مه وه‌ڵامه بۆ ئه‌و کهسانيشه له‌ڕووی نائاگاهييهوه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئيسلام رێزی بۆ عه‌قڵ دانه‌ناوه! له ئيسلام‌دا خوای گه‌وره به عه‌قڵ ده‌دۆزرێته‌وه. به عه‌قڵه ده‌زانرێ که قوڕئان هينی خوايه. ئه‌گه‌ر که‌سێ عه‌قڵی نه‌بێ، نوێژ و ڕۆژوو و زه‌کات و حه‌جی له‌سه‌ر پێويست نييه و ته‌نانه‌ت پووڵی گيرفانی پێ نادرێ، چونکه نازانێ چۆن خه‌رجی کات و له قوڕئان‌دا عه‌قڵ شانبه‌شانی وه‌حی باسی لێ کراوه، وه‌کوو له سووڕه‌تی مولكدا، ئايه‌تی ١٠ ده‌فه‌رمێ: «وَقَالُوا لَوْ كُنَّا نَسْمَعُ أَوْ نَعْقِلُ مَا كُنَّا فِي أَصْحَابِ السَّعِيرِ». به‌داخه‌وه ئه‌م بوختانه بۆ ئيسلام به شێوه‌يه‌کی تر بازێ موسوڵمانی سه‌تحی و زاهيرگهرا به کرده‌وه ئهيدهنه پاڵ ئيسلام. بۆ نموونه له کاتی دهعوهتياندا ئه‌گه‌ر که‌سێ بڵێ: ئه‌م شته به عه‌قڵم وايه، خێرا هه‌ڵده‌چن و عه‌قڵ مه‌حکووم ده‌که‌ن و نيسبهتی بێعهقڵيش ده‌ده‌نه لای ئه‌و که‌سه هه‌ژاره! ئه‌مه وهڵاميشه بۆ ئه‌و دۆسته نائاگايانهی لای خۆمان که ئه‌مانيش به‌شێوه‌يه‌کی تر ئيسلام له مهيدان ده‌رده‌که‌ن و له‌به‌ر چاوی ده‌خه‌ن و ئه‌وه‌ش ده‌زانين که له شێوه‌ی به‌کاربردنی عه‌قڵا جياوازيیهکی زۆر له نێوانی خه‌ڵکدا به‌دی ده‌کرێ. هينی وا هه‌يه چاک به‌کاری ده‌با، که‌سی واش هه‌يه چاک به‌کاری نابا، يان بۆ چاکه به‌کاری نابا، يان بۆ بازێ شت عه‌قڵی چاک به‌کار ده‌با، به‌ڵام بۆ بازێ شتی تر چاک به‌کاری نابا. وه‌کوو که‌سێ ڕژد و به‌خێڵ و چرووک که زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بێ، به‌ڵام له برسا بمرێ. ئه‌م جياوازيیانه له دونيای ئه‌مڕۆدا و له‌ناو کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کاندا و له‌ناو شارستانيیهتهکاندا، به‌چاکی به‌دی ده‌کرێ و به چاوپێکه‌وتنی ئاسار و شوێنه‌واری به‌کاربردنی ژيری و ئاوه‌ز، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌زانين که زۆربه‌ی خه‌ڵک تووشی هه‌ڵه بوون، هه‌ريه‌ک له لايه‌نێکه‌وه. غه‌رب به‌و گشته پێشکهوتوويی عيلم و زانينهوه له مه‌سه‌له‌ی په‌يوه‌ندی به‌رقه‌رارکردن له‌گه‌ڵ خاوه‌ن و دروسکراوی خۆيان، تووشی هه‌ڵه‌بوون به ئاشکرا و به کرده‌وه و ڕهفتاريانهوه به‌ڕوونی دياره و به‌باشی ده‌بينرێ. هه‌روه‌ها ئه‌م به‌کارنه‌بردنی ئاوه‌ز و عهقڵيشه له لايه‌نێکی تره‌وه به ئاشکرا دياره به موسوڵمانانه‌وه و پێويستی به ئاماژه نيیه. بۆ نموونه هه‌ر ئه‌و غهربهی که له لايه‌نێکه‌وه وان له هه‌ڵه‌دا، له به‌کاربردنی عه‌قڵدا جيهان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن له‌وباره‌وه و هه‌ر ئه‌وانه به هه‌زاران وه‌سيله و که‌ره‌سه‌ی ژيان و پێشکه‌وتی عيلم و زانياری و ته‌کنۆلۆژی، ده‌بينی که به‌زه‌حمه‌ت و هه‌وڵ و ته‌قالای ئه‌وان و به‌کاربردنی عه‌قڵ و ئاوهزيان له‌و زهمينهدا دونيايان ئاوه‌دان کردوه‌ته‌وه و له‌مباره‌وه گه‌وره‌ترين خزمه‌تيان کردووه به مرۆڤايه‌تی. ئه‌مه گشتی سه‌مه‌ری عه‌قڵه، که به‌داخه‌وه موسوڵمانان له‌م زهمينهدا کۆڵهوارين و چاو له ده‌ستی ئه‌وانين و به‌ده‌ستی ئه‌وان دهڕوانين. وهلهوانهيشه له زۆر شتی تريش هه‌ر نافه‌رمانی خوا بکه‌ين و عهقڵيشمان هه‌يه و هيچ موسوڵمانێ ڕازی نييه پێی بوترێ بێعه‌قڵ. به‌کاربردنی وشه‌ی بێعه‌قڵ له لايه‌ن بانگخوازێکه‌وه، بێ بيرکردنه‌وه بۆ شارستانييهتێ ئاوا، که ئێمه ئێسته دهسهنهخواری ئه‌وانين، جێگه‌ی داخه و گران ته‌واو ده‌بێ بۆمان و له‌وانه‌يه هه‌ر له‌و جێگه‌دا که ئه‌و بانگخوازه ئه‌و وشه به‌کار ده‌با، له‌ناو موسوڵماناندا، که‌سانێ ببن پێمان پێبکه‌نن له‌وکاته‌دا. چونکه هه‌ر ئه‌و وه‌سيله و که‌ره‌سانه‌ی ژيان که ئه‌وان دروستيان کردووه، ئه‌گه‌ر که‌ته‌لۆگ و ده‌ستووری به‌کاربردنی له‌گه‌ڵدا نه‌بێ، ناتوانين و نازانين به‌کاريان ببه‌ين. به فهرمايشتی موحه‌ممه‌د غه‌زالی ميسری، خوا لێی خۆشبێ که ده‌فه‌رموێ، غه‌رب له به‌شی ئاوه‌دانی ئه‌م زهويهدا خه‌ليفه‌ی خوايه! به‌ڵام ئێمه ناشوکری نه‌بێ له‌هه‌ر دوو به‌شه‌که‌دا دواکهوتووين! و هه‌ر له‌م زهمينهدا ده‌فه‌رموێ: داعیيهک له هێندوستان ده‌ڵێ: خوا ئه‌و کافرانه‌ی بۆ ئێمه گه‌ردنکه‌چ کردووه که وه‌سيله و که‌ره‌سه‌ی ژيانمان بۆ دروست که‌ن و ئێمه‌ش خه‌ريکی عيبادهت ده‌بين! ئه‌م فه‌قيره نه له ئيسلام و نه له ده‌عوه‌ت و نه له عيبادهت و نه له ژيان حاڵی نه‌بووه، بۆيه شتی‌وا ده‌ڵێ. ئه‌مه‌يش بانگخوازه! به‌داخه‌وه موسوڵمانان له‌م زهمينهدا دواکهوتووين و له کاروان جێماوين. به فهرمايشتی دوکتۆر تاها جابرعهلوانی که ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر موسوڵمانان هيچ گيروگرفتێکيان نه‌بێ و هه‌موو زهمينهيهکيان بۆ فه‌راهه‌م بێ، ئالهئێستهوه ده‌ستبه‌کار بن، به ٣٠٠ ساڵ ناگه‌نه ئێسته‌ی غه‌رب. که‌ئه‌وان ٣٠٠ ساڵی تر پێش ده‌که‌ون و مه‌گه‌ر هه‌ر له‌دووره‌وه تهماشايان که‌ين. به‌کاربردنی وشه‌ی بێعه‌قڵ، بێ ڕوونکردنه‌وه، ته‌پوتۆزی ده‌چێ به‌چاوی خۆشمان! با ئێمه‌ش وه‌کوو ئه‌و سێکۆلارانهی وڵاتی خۆمان نه‌که‌ين. له‌گه‌ڵ رێزم بۆيان، که زۆربه‌يان مه‌گه‌ر وێنه‌ی قوڕئانيان چاو پێکهوتبێ، ئهگينه نهخوێندوويانهتهوه، نه تهماشايان کردووه، نه ده‌يزانن و نه ئاگايان له ئيسلامه، ئابه‌م وه‌زعه‌وه به‌راوه‌ردی ئيسلام و مه‌سيحييه‌ت وه‌کوو يه‌ک ده‌که‌ن و به يه‌ک چاو تهماشايان ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ئيسلام به‌رنامه‌ی ژيانی نييه و ئيسلام و ژيان کوجا مه‌رحه‌با. ئه‌و سکۆلارانه که به مافی ڕه‌وای خۆيان ده‌زانن به‌رنامه و ياسای ژيان دياری که‌ن، بۆ خۆيان و خه‌ڵکيش و ئه‌مکاره به بناغه‌ی ديموکراسی داده‌نێن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مکاره بۆ ئێمه به ڕه‌وا نازانن که به‌رنامه‌ی ژيان بۆ خۆمان دياری که‌ين له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئيسلام و قوڕئان. ئه‌گه‌ر ئێمه بيکه‌ين دواکهوتوويی و کۆنهپهرستييه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌نجامی بده‌ن، ڕێزدانان بۆ ڕای خه‌ڵکه. بۆ نموونه ئه‌وان له په‌ڕله‌مانی فه‌رانسه‌دا ياسای ههمجينسبازی به زۆرينه‌ی ئارا ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن و ڕهسمييهت په‌يدا ده‌کا. خوانه‌خواسته ئه‌وه ئه‌گه‌ر موسوڵمانان کاری وايان به‌ڕه‌وا بزانيايه، بۆقوکهڕهنايان گوێی دونيای که‌ڕ ده‌کرد و هه‌زاران به‌ڵگه‌يان ده‌تاشی له‌سه‌ر دواکهوتوويی ئێمه و ده‌يان بردينهوه بۆ ده‌ورانی به‌رد! ٢٢. به بۆنه‌ی نووسينی “احياء فقه الدعوه” به عه‌ڕه‌بی، سه‌رنجی ئه‌و ئازيزانهم ڕاده‌کێشم بۆ چه‌ن شتێ: گومان نييه له‌وه‌دا که زوانی عه‌ڕه‌بی، زوانی ئيسلامه، موسوڵمانان له هه‌ر ڕه‌گه‌ز و نه‌ژادێ بن، به ڕێزه‌وه ته‌ماشای زوانی عه‌ڕه‌بی ده‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زوانی قوڕئانه و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و خزمه‌تکردنی ئه‌و زوانه، له درێژايی مێژوودا و تا ئێسته هه‌وڵيان داوه و تێکۆشاون. به هه‌زاران زانای گه‌وره له هه‌موو ڕه‌گه‌زێ، ژيان و وه‌خت و قهڵهميان له‌و پێناوه‌دا به‌کار بردووه و ئه‌و خزمه‌ته‌ی غهيره عه‌ڕه‌ب کردوويه‌تی، به‌تايبه‌تی زانايانی گه‌وره‌ی خه‌له‌ف، که‌هه‌ر هه‌موويان وه‌کوو ئهستێرهيهکی پڕشنگدار له ئاسمانی مێژووی فيکری ئيسلاميدا دهدرۆشێنهوه و هه‌ر يه‌ک لهلايهنێکهوه شوێنه‌واری پيرۆزيان هه‌يه، زانيارييه‌کانی فقهـ، تهفسير، ئوسوول، حه‌ديس، ئهدهبييات و به‌لاغه و که‌لام و باقی. به‌م بۆنه‌وه جێگه‌ی ده‌ستيان دياره و هه‌وجه‌ی به ئه‌نگوست نييه. جا ئه‌م خزمه‌ته نه‌بڕاوانه که ئه‌م زانا گه‌ورانه کردوويانه، له‌به‌ر خاتری چاوی کاڵی عه‌ڕه‌به‌کان نه‌بووه! به‌ڵکه له‌به‌ر خاتری گه‌وره‌يی ئه‌و قوڕئانه بووه و بۆ پارێزگاری ئه‌و پهيمانه بووه که داويانه به‌و پێغه‌مبه‌ر ئازيزهی که ئه‌و قوڕئانه‌ی هێناوه بۆ هيدايه‌تی مرۆڤايه‌تی و ئه‌مه ده‌ری ده‌خا ئه‌و خه‌ڵکه چه‌نده نمهکشناس بوون و چه‌نده ئه‌و دينه به‌ڕێز بووه له‌پێش چاويان و به گه‌وره تهماشايان کردووه. به سه‌دان زانای غهيره عه‌ڕه‌بی وا بووه، وه‌ها تواوه‌ته‌وه و تێکه‌ڵ بوو له ناو ئيسلام و قوڕئان و زوانی عهڕهبيدا، مێژووش باسی غهيره عهڕهببوونی نه‌کردووه و که‌س نازانێ له چ ڕه‌گه‌زێکه. ئه‌م شانازييه بڕاوه به شانی ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی که دڵسۆزانه له خزمه‌تی قوڕئان و ئايينی پيرۆزی ئيسلام‌دا بوون و له‌و پێناوه‌دا سه‌ريان ناوه‌ته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ش نه‌بووه که عه‌ڕه‌به‌کان پاداشی چاکهکانيان بده‌نه‌وه به خۆيان و به ڕهگهزهکهيان. به‌ڵکه به‌ته‌مای پاداشی نه‌بڕاوه‌ی خوای گه‌وره سه‌ريان ناوه‌ته‌وه و خوای گه‌وره له ڕيزی خۆشهويستانی کۆيان کاته‌و. وه ئه‌وه‌ی که موسوڵمان بێ، به‌تايبه‌تی بيه‌وێ کارێکی چاک بکا له زه‌مينه‌ی دهعوهتا، ده‌بێ هه‌وڵ بدات به ئه‌ندازه‌ی توانایی، فێری زوانی عه‌ڕه‌بی ببێ، که زوانی ئيسلامه. بۆ ئه‌وه‌ی چاک تێبگات له قوڕئان و ئه‌و پهيامه بگهيهنێ و پێويسته ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌يانه‌وێ ته‌خه‌سوسی فێری زوانی عه‌ڕه‌بی بن و ئاگادار بن له رێزهکاریيهکانی، ده‌بێ به‌تايبه‌تی کاتی بۆ دياری که‌ن. به‌ڵام جێگه‌ی تايبه‌تی هه‌يه و بۆ گشت شوێنێ ناشێ. له‌م ڕووه‌وه چه‌ن تێبينيم هه‌يه له سه‌ری: ا) ئه‌گه‌ر فێربوونی ته‌خه‌سوسی مه‌به‌ستتانه، ئه‌وه ناوێکی تری بۆ دياری که‌ن و ههرکهسيش ئاره‌زووی بێ دێته ناو گروپهکهتانهوه و له‌وێ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ له به‌رنامه و نووسراوه‌کانتان. ب) ئه‌گه‌ر ئه‌م فقهالدعوه بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌نووسن که عه‌ڕه‌بن به‌ڕه‌گه‌ز، عه‌ڕه‌بی ده‌زانن. له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆتان واده‌زانم ئه‌و که‌سانه سه‌رچاوه‌ی زۆر هه‌يه له‌به‌ر ده‌ستياندا و له جێگه‌ی تره‌وه که‌ڵک وه‌رده‌گرن و ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و کهسانهيش باسی ده‌که‌ن عه‌ڕه‌ب نين، به‌ڵام عه‌ڕه‌بی ده‌زانن، بۆ ئهمانيشه هه‌ر سه‌رچاوه هه‌يه که بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ريان. هه‌روه‌کوو له‌به‌ر ده‌ستی جه‌نابتاندا هه‌يه. پ) ئه‌گه‌ر ده‌فه‌رموون ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ين به بيروبۆچوونی خۆمان و گه‌ڕاننه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نانه‌ی ده‌عوه‌ت، بازێ گوڵچين بکه‌ين و بيخه‌ينه به‌رده‌ست خوێنه‌ران و دڵسۆزانی ده‌عوه‌ت و که‌سانێ که له‌وانه‌يه ده‌ستيان نه‌گا به‌و سه‌رچاوانه، يان کاتی بيرکردنهوهيان له‌و زهمينهدا که‌م بێ، ئهميشه هه‌ر جێگه‌ی قسه‌يه و ده‌کرێ بيری لێ بکرێته‌وه. چونکه ئهميشه ده‌کرێ بکرێ به کوردی و به کوردی بياننووسن و باسيان که‌ن. ج) هه‌ر وه‌کوو له پێشه‌وه عه‌رزم کردن، ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه جێبه‌جێکردنی ئه‌و پهيامه و گهياندنيهتی به شێوه‌يه‌کی ڕێکوپێک و ئه‌وه‌ش ده‌زانين که ئێمه له‌م وڵاته‌دا ده‌ژين. خوێنه‌رانی ئێوه غهيره عه‌ڕه‌بن و له سه‌دا، ٩٩ عه‌ڕه‌بی نازانن، يان ئه‌گه‌ر بيزانن، زۆر که‌م و نيوههو ناته‌واوه و هيچ ده‌ردێ ده‌وا ناکا. چ) احياء فقهالدعوه، هه‌ر وه‌کوو له پێشه‌وه وتم، يانێ چاک تێگه‌يشتن له‌و ده‌قه پيرۆزانه و جێبهجێکردنيان له ژيانی ڕۆژانه‌دا و بانگکردنی خه‌ڵک بۆ لای و زيندووکردنهوهی ئه‌و ئه‌خلاقه جوان و ئاکاره به‌رزانه‌ی ياران و شوێنکه‌وتووانی ئه‌وان، که هه‌ر ئه‌و تايبهتمهنديیانه بوو، بوون به هۆی ئه‌وه‌ی كه چوونه ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه و ڕانوماييان کردن و ئه‌و ئيسلامهيان گه‌ياند به کرده‌وه. ح) ئه‌وه‌ش ده‌زانين که ئێمه‌ی کورد له کوردستاندا بيسه‌ر و بينه‌ر و خوێنه‌رمان کوردن و بانگخوازانی ئه‌م نيشتمانه، زياتر به‌رپرسيارن له به‌رابه‌ری ئه‌مانه‌وه. چونکه ده‌يانه‌وێ په‌يامی پاکی خوا بگه‌يه‌نن به‌م گه‌له و دڵسۆزانه بانگيان که‌ن بۆ لای ئيسلام. ئێسته‌يش عيلم چاکتر ڕۆشنی کردوه‌ته‌وه که خه‌ڵک ئه‌گه‌ر به‌زوانی خۆيان قسه‌يان له‌گه‌ڵ که‌ی، زياتر هه‌ستی نزيکی ده‌که‌ن و چاکتر گوێ ده‌گرن و ئارام و هێدیترن له به‌رابه‌ری ئه‌و که‌سه‌وه که ده‌دوێ له گه‌ڵيان و باشتر دڵی بۆ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌مه قسه‌ی من نييه، قسه‌ی عيلمه و ده‌ری ده‌خا که خوای عهليم و حه‌کيم کاره‌کانی گشتی بهجێگهيه و بێهووده نييه. هه‌ر وه‌کوو مه‌علوومی هه‌موو لايهکه به کوردی قسه‌کردن و به کوردی نووسين، هه‌ر وه‌کوو هه‌ر زوانێکی تر پێچه‌وانه‌ی قوڕئان و ئيسلام نييه. له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه ده‌توانين قوڕئان و ئيسلام و مهفاهيمه جوانه‌کانی و ئه‌و ڕانوماييه به‌رزانه‌ی خوای گه‌وره که وان له لووتکه‌دا، بيانخه‌ينه ناو قاڵب و چوارچێوه‌ی زوانی شيرينی کورديیهوه و باسيان که‌ين بۆ گه‌لی کورد. ئه‌و کورده‌ی که جه‌عل و خه‌لقی خوايه، ئه‌و کورده‌ی که له‌گه‌ڵ ئه‌و گشته سته‌م و کوێرهوهريیهی که له درێژايی مێژوودا هاتووه به سه‌ريا و لێی کراوه له‌به‌ر کورد بوونی! په‌يوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوای خۆی نه‌بڕيوه، به شێوه‌يه‌ک که ئيسلام هه‌ر ده‌وری يه‌که‌م ده‌بينێ له ناوياندا و قسه‌ی يه‌که‌م ده‌کا. هيچ فيکر و هيچ ئايينێ وه‌کوو ئايينی ئيسلام نه‌چووه‌ته ناخی ئه‌و گه‌له‌وه. با ئێمه‌يش وه‌کوو کوردی موسوڵمان و موسوڵمانێکی کورد، بچينه ناو ئه‌و گه‌له‌ی خۆمانه‌وه، به زوان و ئه‌ده‌بياتی خۆمان قسه‌يان له‌گه‌ڵ بکه‌ين. رێز دابنين بۆ فه‌رهه‌نگ و کولتووری ڕه‌سه‌نی ئه‌و گه‌له. با به زوانی خۆيان بانگيان که‌ين بۆ لای قوڕئان و ئيسلام. با وه‌کوو غهريبهيهک له گه‌ڵيان نهدوين. با وا قسه‌يان له‌گه‌ڵ بکه‌ين که مناڵی ئه‌و گهلهين، له‌و نيشتمانه‌دا بار هاتوين. خوای گه‌وره به ئاو و هه‌وای پاکی ئه‌و نيشتمانه، ژياندوينی و باری هانيوين. به داره‌داره‌ی دايکه کورده‌کانمان کهوتووينهته سه‌ر پێ، به ده‌نگی خۆشی لايهلايهکانيان و گۆرانيه ڕهسهنهکانيان چاومان چووه‌ته خه‌و و به دواندنی ئه‌و دايکه جهرگسووتاوانه زوانمان به‌ر بووه و کوردی فێر بووين. بۆ وابکهين که‌سێکی تر به بيرێکی نامۆ و بێگانه به‌و خه‌ڵکه و به‌م نيشتمانه، خۆی کات به داشديار و خاوهنيان، به‌ڵام ئێمه له دووره‌وه تهماشايان که‌ين. بۆچی پێمان بڵێن ئه‌م موسڵمانانه ده‌يانه‌وێ بتانکه‌ن به عه‌ڕه‌ب! به عه‌ڕه‌بی له‌گه‌ڵتان قسه ده‌که‌ن و به عه‌ڕه‌بی دينتان بۆ باس ده‌که‌ن. بۆچی پێمان بڵێن بانگخوازانی کوردستان يه‌ک له سه‌دی ئه‌وه‌ی عه‌ڕه‌بی و فارسی ده‌زانن، کوردی نازانن قسه بکه‌ن و بنووسن و ته‌نانه‌ت ناوی مناڵهکانيشيان هه‌ر ناوی عهڕهبييهو به ڕه‌چه‌ڵه‌ک عه‌ڕه‌بن و له عه‌ڕه‌بستانه‌وه هاتوون به زۆر داگيريان کردووين و ئه‌وه نييه هه‌ر به عه‌ره‌بی قسه ئه‌که‌ن و زوانيان پاک نه‌بوه‌ته‌وه و لههجهيان هه‌يه؟! ئه‌وه نيه به هيچ شێوه‌يه‌ک باسی سته‌ملێکراوی گه‌لی کورد ناکه‌ن و ديفاع ناکه‌ن له حه‌ق و مافه ڕه‌واکانتان و خۆیشيان به لێپرسراو نازانن له‌و باره‌وه و مهتقيان له خۆيان بڕيوه! ئه‌مانه و نموونه‌ی تريش که پێمان وتراوه و ئێسته‌يش پێمان ده‌ڵێن و زۆر به‌شی ڕاست ده‌که‌ن! سنه، عه‌لی ڕه‌حمانی ۸/۱۲/۱۳۹۳ هه‌تاوی پێداچوونەوە : عەبوڵڵا عەلیپوور بەشی کۆتایی
بۆچوونه‌کان