لەڕاستیدا مرۆڤ وەک کانگای ئاڵتون و زێو وایە، کە تەنیا لەژێر سێبەری پەروەردەیەکی دروست دەتوانین ئەو سامان و کانگا بەنرخە کەشف بکەین، هەڵبەت ناتوانین حاشا لەوەبکەین کە: سوود و قازانج و بەرهەمی پەروەردەی بەهێز و تۆکمە لە ژێرخانی خێزان، داهاتەکەی بۆ هەمووان دەبێت. بە جۆرێک کە: ئەگەر لە ژێرخانی بنەماڵەدا، واتە دایک و باوک بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە پەروەردەکردنی مناڵەکەیان بە باشی بگێرن، هەر لە سەرەتای کۆرپەییەوە بە ڕەفتار و ڕەوشت و گوفتاری جوان و هەڵسووکەوتی گونجاو لە ژیانی مناڵەکەیان بسازێنن، ئەوکات نەوەیەکی ساڵح و چاکەکار و قودوە و شەخسیەتێکی لێهاتوو دەبێت بۆ کۆمەڵکەی داهاتوو.

مناڵ کوڕ بێت یا خود کچ، بە یەکێک لە گەورەترین نێعمەتەکانی خوای گەورە هەژمار دەکرێت کە دەیبەخشێ بە بەندەکانی، کەوایە ئەو نێعمەتە دەبێ بە جۆرێک پەروەردە بکرێ کە پێشەنگ بێ بۆ کۆمەڵگە، نەک دڕک‌وداڵ. هەڵبەت ئەوە لەکەس شاراوە نییە کە: کەش و هەوای پەروەردە دەبێ لە سەرەتای کۆرپەییەوە دەست پێ بکرێ، چونکە ڕەفتار و ڕەوشتی دایک و باوک کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر مناڵ دەبێت. بێگومان لە ژیانی خێزاندا دایک و باوک وەک گەورەترین و مەزنترین قوتابخانە ئەرکێکی گەورەیان لەسەر شانە بۆ فێرکردن و پەروەدەکردنی مناڵ و جگەرگۆشەکەیان، بە جۆرێک کە لە جیهانی ئەمڕۆدا دایک و باوک دەبێ هەوڵ بدەن کەش و هەوایەکی خۆش و ئارام و پڕ لە سۆز و موحەببەت و زەمینەیەکی گونجاو بڕەخسێنن بۆ ئەوە بتوانن مناڵێکی ساڵح و قودوە و لێهاتوو ببەخشن بە کۆمەڵگە. مەخابن! لە دونیای ئەمڕۆدا سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتن و گۆرانکاری خێرا و بەرچاوەی کە لەبواری ئینتێرنێت و شۆشیاڵ‌ میدیا بەگشتی و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی، مناڵیش گۆڕا بە جۆرێک کە شەو ڕۆژی تێکەڵ بە یاری کردن بە کۆمبیۆتر و موبایل و سەرجەم یارییە ئەلیکترۆنیەکان بووە، واتە هەموو خەم و خەفەتی ئەوان ئەوەیەکە، کارەبا نەکوژێتەوە و هێڵی ئینتێرنێت نەپچڕێت، حەز و ئارەزووی ئەوان خێزان و بنەماڵە نییە و تەواو کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ڕیکلامەکانی شوشیاڵ میدیا، بە شێوەیەک کە دەتوانیین بڵێن: نەوەیەکی تەمەڵ و نەخۆش و بێ بەرهەم بەڕێوەیە. تەنانەت بۆ خواردن و خواردنەوە داوای شت دەکەن و حازرنین خۆیان هەنگاوێک بنێن، واتە ژیانی مناڵی ئەوڕۆ بە جۆرێک دەبینرێت کە هەست بە داهاتوویەکی باش ناکەی. شتێکی حاشەهەڵنەگڕە کە: مناڵانی ڕابردوو، چالاک و بوێر و تەندرووستبوون، هەستیان بە بەرپرسیارەتی دەکرد لە بەرانبەر دایک و باوک، بە پێچەوانەی ئەمڕۆ کە بەداخەوە شکۆی دایک و باوک لای مناڵەکان بەزۆری هەست بە لاوازی دەرکرێت. مناڵانی ڕابردوو شەوانە زۆر زوو دەخەوتن و بەیانی زوو هەڵدەستان و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا هەرجۆرە خواردەمەنی کە لەسەر سفرە هەبایە دەیانخوارد، بەڵام مناڵی ئێستا زۆربەیان شەوانە زۆر درەنگ دەخەون و کاتی خواردنی لەسەر سفرە کێشەیەکی گەورەن بۆ خێزان! مناڵانی جاران بە دروستکردنی هێندێک یاری کۆمەڵایەتی خۆی مەشغووڵ دەکرد بێ ئەوە کە زیانی هەبێت، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە یارییەکانی مناڵان بە موبایڵ و...دەکرێ کە ئەوەش سەرەڕای باشی خۆی کە هەیەتی زیانی بۆ مناڵ هەیە، نیازی ڕوحی مناڵ دابین ناکات. ئێمە ناڵێن تەنیا شێوازی پەروەردە و بارهێنانی ڕابردوو دروستبوو، بێگومان هێندێک هەڵەش لە شێوازی پەرەوەردەی دایک و باوکی ڕابردووش هەبووە، بەڵام بە پشت تێکردن لە ئەزموونی ڕابردوو و شێوازی پەروەردەی ئەمڕۆ ناتوانین نەوەیەکی باش بنێرین بۆ داهاتوو، واتە دەتوانین بەوەرگرتنی ئەزموون لە ڕابردوو و گرێدانەوەی ڕابردوو بە ئێستاوە و خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە، نەوەیەکی لێزان و تەندرووست  بۆ داهاتوو بەرێ بکەین. مەخابن! مناڵی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوە کە زیرەک و لێهاتوون بەڵام بە هۆی ئاڵودە بوونیان بە موبایڵ تا بەیانی هەر بەو حاڵە لەسەر جێگای خەو دەمێننەوە، ئەوەش کاریگەری دەڕوونی لەسەر مناڵ دادەنێت، لێرەوە دایک و باوک هۆکاری داڕمان و لەناوچوونی ئەم قوتابخانەیەن کە ژێرخانی پێگەشتنی مناڵە، واتە بە هۆی ئاڵوودەکردنی مناڵەکانیان بە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان، ناخی خۆیان لەمەڕ هەڵسووکەوتی ڕابردوو دەردەبڕن، کە چی ئەوە شڵەژان و لەناوچوونی ژیانی مناڵە!. لای ئێوە شاراوە نییە کە: هەر وەک چۆن ژیان و ئاکار و جولانەوەمان کران بە کەرەستەیەکی ئەلیکترۆنی، ئاواش موحببەت و خۆشەویستی و ڕاستگۆیی بەرانبەر بە منداڵ بوو بە ئەو ئامێرە سارد و سڕانەی کە ئامرازن بۆ لێکترازانی کۆمەڵایەتی!. ڕاستە کە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بەگشتی نیشانەی پێشکەوتنی بیری مرۆڤایەتی و گەورەترین خزمەت و کارئاسانی و پێویستی سەردەم بوو، بەڵام نەوەک بۆ سڕینەوە و خۆدزینەوە لەو بەرپرسیارەتەییەی خێزانی و کۆمەڵایەتییەی کە تاک بەتاکی ھەر کۆمەڵگایەکی درووست لە ئەستۆیاندایە!. ئەو ڕەخنە و سکاڵا و گلەیی نەوەی نوێ کە لە شێوەی پەرەوەردە و نەریتی کۆنی کۆمەڵگە واتە هەڵسووکەوتی دایک و باوک قەدیم هەیەتی و ھەموو ئەو گۆڕانکارییە زۆر خێرایانەی باری کۆمەڵایەتی و خێزانی تەنانەت سایکۆلۆژیەتی تاکی کورد، ھاوکات بوونە لەگەڵ تێکەڵبوونمان بە تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بەر لە ھاتنیان بنەڕەتێک ھەبووە بۆ بۆشاییەکان و بە ھەقیقەت پڕکراونەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و  سەتەلایت و مۆبایل بە تایبەتی بوونەتە شوێنگرەوەی ڕەوشت و هەڵسووکەوتی دایک و باوک کە وەک میوانێکی زۆر سارد و سڕ وایە بۆ کەلێنەکانی ڕوحی منداڵ. بە جۆرێک کە بۆ هێندێک کەس بوو بە ھەموو ژیان. تەنانەت لەنێو بچوکترین یەکەی کۆمەڵایەتیشدا ئێستا بوون بە ھۆی بێ ئاگابوون لە خەم و گرفت و ئاستەنگیەکانی یەکتر و بۆ ھەندێک کەس بوون بە ھۆکاری جیابوونەوەی ھاوسەری و ئاژاوەگێری و تەنانەت تا ئاستی کوشتن چۆتە پێش!. بێگومان بۆ تاکی کورد ھێشتا زۆری مابوو خۆی بخاتە بەر ئەو سایە و سەیوانەی کە ھیچ کات بیری بۆ ئەوە نەدەچوو بکەوێتە بەر لێزمە بارانێکی پڕ لە تریشقە  و بە خوور، چونکە وەرزی پەروەردە و کۆمەڵایەتی ئێمە ھەمیشە ئەو بەھارە جوانە بووە کە ھەمووان بە تاسەی بینین و سەیرانی بوونە نەوەک ئێمە خۆمان ببینە  شایەتی نغرۆبوونی جوانیەکان. ئەگەر ئاورێک لە شێوەی خوێندنی وانەکانی قوتابخانە بدەین کە بەشێکی زۆر لە هەڕەس هێنانی ئەم بزاوت و ڕەوتە هەر خۆی دایک و باوک بەرپڕسە لێ، ئەگەر چی حاشا لەوەناکرێ کە بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانە ئامرازی ئەو دارمان و لەناوچوونەی مناڵن، بەڵام مناڵی جاران لەگەڵ قوورسی و زۆری مەنهەجی خوێندن بە دەگەمەن دایک و باوک هەبوون هاوکاری مناڵەکەی خۆی کردبایە، زۆریش لێهاتوو و زیرەک دەردەچوو لە کاتی تاقیکردنەوەکان، ئەی ئێستا؟! تەنانەت مناڵ خۆی وانەکانی خۆشی نانووسێتەوە. مناڵی ڕابردوو ڕێزی دایک و باوک و مامۆستای قوتابخانەی دەگرت، بەس ئێستا لە هەموو قۆناغەکان هەست دەکەی سارد و سڕ و لاوازە...!!!

تیبینی: شێوەی پەروەردەی ئەمڕۆی دایک و باوک، ڕێک وەک خوێندنی ئۆنڵانی ئەمڕۆی سەتەلایت و تەلەڤیزیۆن وایە کە هاوکات لەگەڵ ئەو هەڵومەرجە هەستیار و مەترسیدارە کە کۆمەڵگەی بەرەو دیجیتاڵیبوون بردووە، شێوازی پەروەردەی مناڵیش لە ڕێگەی ماڵتیمیدیاوە بەرێوەدەچێ!!!

 

 

تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە وتاری بەرێز دکتۆر کەریم قەرەچانی، دکتۆر بەختیار تاڵەبانی وەرگرتووە