خوای گه‌وره له قورئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێ:
«مِنَ الْمُؤْمِنِينَ رِجَالٌ صَدَقُوا مَا عَاهَدُوا اللَّهَ عَلَيْهِ فَمِنْهُمْ مَنْ قَضَى نَحْبَهُ وَمِنْهُمْ مَنْ يَنْتَظِرُ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا» (احزاب/23)
وێڕای ڕازیبوون به به‌شی دیاریکراوی په‌روه‌ردگار، ھه‌واڵی دڵته‌زێن و ناخ ھه‌ژێنی کۆچی دوایی مامۆستا حه‌سه‌ن فهیزبهخشمان پێگه‌یشتن و بووه ھۆی خه‌م و په‌ژاره.
پێغه‌مبه‌ری ئازیز (د.خ) ده‌فه‌رموێ: «خَیرُکُمْ مَنْ تَعَلَّمَ القُرآنَ وَ عَلَّمَهُ»
«چاکترینی ئێوه، ئه‌و که‌سه‌یه فێری قورئان ببێ و به خه‌ڵکانی دیکه‌شی فێر بکا»
به پێی ئه‌م فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان (د.خ)، ئه‌و که‌سانه‌ی که کاتی خۆیان ته‌رخان ئه‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فێری قورئان ببن و پاشان کاتی خۆیان دا ئه‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی که قورئان و په‌یامه‌که‌ی به خه‌ڵکی دیکه ڕابگه‌یێنن، باشترین خه‌ڵکان ... په‌یام قورئان و په‌یامی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان، به پێی ئایه‌تی 36ی سووره‌تی نه‌حل، به‌ندایه‌تی خوا و دژایه‌تی زوڵمی زاڵمانه.
مامۆستای کۆچکردوومان، ته‌واوی ژیانی خۆی له پێناوی خزمه‌تکردن به قورئانی پیرۆزدا سه‌رف کرد و جێی ده‌ستی په‌روه‌رده‌کردنی، نه‌ک له شاری سه‌قز، به‌ڵکوو له ھه‌موو گوند و شاره‌کانی کورده‌واری دیار و ڕوونه و سه‌دان که‌س له خزمه‌تی به‌ڕێزیان فێری قورئان بوون و خه‌تمی قورئانیان کردووە و ڕه‌وان بێژی قورئان له به‌ڕێزیانه‌وه فێر بوون. ھه‌ر ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که مامۆستا له باشترین مرۆڤه‌کانی گه‌له‌که‌مانه.
مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن، باش له‌م فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان تێگه‌یشتبوو که له کاتی کۆچکردنی بۆ مه‌دینه، ڕوو به شاری مه‌ککه فه‌رمووی: «ئه‌ی مه‌ککه! ھیچ شارێ له تۆ جوانتر و خۆشه‌ویستتر نییه له‌لام. ئه‌گه‌ر قه‌ومه‌که‌م ده‌ریان نهدهکردمایێ، بێجگه له لای تۆ له ھیچ شوێنێکی دیکه سوکنام نه‌ده‌گرت.»
بۆیه خزمه‌تکردن به نیشتمان و گه‌له ھه‌ژار و به‌شخوراوه‌که‌ی، به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی ده‌زانی و تا دواچرکه ساتی ژیانی، دڵه گه‌وره و پڕ ئاواته‌که‌ی بۆ نیشتمان و گه‌له‌که‌ی لێی ئه‌دا و ئارامی نه‌ده‌گرت.
مامۆستای ڕۆشندڵ، ھه‌وڵێکی بێوچانی دا تا بتوانێ به شێوه‌ی فه‌رمی، خزمه‌ت به که‌م ئه‌ندامانی شاره‌که‌ی بکا و به‌م بۆنه‌وه بنکه‌یی خزمه‌تگوزاری ڕێخست که ئێستا له ئاستێکی ھه‌رچه‌ند که‌م، به‌ڵام خزمه‌ت به که‌م ئه‌ندامانی شاره‌که‌مان ده‌کرێ و به ده‌ستی ئه‌م زاته ئازیزه، ده‌لاقه‌یه‌ک بۆ ئه‌وان کرایه‌وه. که ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یێکی دیکه‌یه له‌سه‌ر خه‌مخۆری ئه‌و گه‌وره پیاوه بۆ نیشتمانه‌که‌ی.
مامۆستای ئازیز خۆشه‌ویستی ھه‌موو چین و توێژێکی ناو کۆمه‌ڵگا بوو و ئه‌مه‌ش ببو به ھۆی ئه‌وه‌ی که ھه‌موو لایه‌نێ خۆشیان بوێت و ھه‌موو کات ماڵ و مه‌جلیسی، شوێنی نزیککردنه‌وه‌ی دڵان بوو. له‌م ڕۆژگاره ھه‌ستیاره‌دا، کۆمه‌ڵگای ئێمه پێویستی زۆری به‌م چه‌شنه دڵسۆزانه‌یه که ھه‌م خه‌می ئایین ھه‌بێ و ھه‌م خه‌می نیشتمان.
ئێمه وه‌ک جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسڵاحی شاری سه‌قز، به بۆنه‌ی کۆچی دوایی مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن فه‌یزبه‌خش، پرسه و سه‌رخۆشی خۆمان ئاراسته‌ی خه‌ڵکی شاری سه‌قز، به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی مامۆستا ده‌که‌ین. له‌خوای میری مه‌زن بۆ ئه‌و مامۆستا کۆچکردووه، لێخۆشبوونی خوا و فیرده‌وسی واڵا داوا ده‌که‌ین.
بۆ بنه‌ماڵه و خزم و که‌س و به‌جێماوانیش، پاداشی بێبڕاوانهوهی دوا ڕۆژ و سه‌بر و ئۆقره داواکارین.
به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین که ده‌ستخۆشی و پێ‌زانین دەر ببڕین به‌رانبه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن فه‌یزبه‌خش، که ھه‌موو کات میوانداری میوانه‌کانی مامۆستا بوون و به‌جوانترین و ڕازاوه‌ترین شێوه خزمه‌تی میوانه‌کانی مامۆستایان ده‌کرد. الله گیان پاداشتی خێرتان داتاوه.
انا لله واناالیه را‌جعون.......
اللَّھُمَّ اغْفِرْ لَنٰا وَ لَه وَ ارْحَمْنٰا وَ ارْحَمْه وَ افْسَحْه فِی أعلٰی جَنَّتِکَ یٰا أرحَمَ الرَّاحِمِینَ
پێوه‌ندییه گشتییه‌کانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح ـ سه‌قز
بۆچوونه‌کان