ئه‌و که‌سه‌ی که له زانکۆکان نه‌یخوێند، بەڵام بوو بە دکتۆری دڵه‌کان.

شه‌هاده‌ی ده‌روونناسی و ڕاوێژکاری وه‌رنه‌گرت به‌ڵام گه‌وره‌ترین ڕاوێژکاری تاکی و کۆمەڵایەتی بوو.

ئەو که‌سه‌ی که له یه‌ک ڕسته‌دا یاسایەکی ئاڵتوونی پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگا کرد که له ژێر سێبه‌ریدا هێمنی و ئاشتی و ته‌بایی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.

پێوەندی نێوان تاکەکان چاک ده‌کات و دڵه‌کان لێک نزیک ده‌کات و ڕه‌نگه چاره‌سه‌ری زۆرێک لە کێشەکانی نێوان مرۆڤەکان بێت.

بەڵێ پێغەمبەری ئازیزمانﷺ نووری چاو و خۆشه‌ویستی دڵمان لە فه‌رمووده‌یه‌کدا فێرمان ده‌کا چۆن یه‌کترمان خۆش بوێت و خه‌یانه‌ت لە یه‌کتر نه‌که‌ین. ده‌فه‌رموێت:

«لایؤمن أحدکم حتی یحب لأخیه ما یحب لنفسه»

واته: «هیچ کام لە ئێوه‌ ئیمانی ته‌واو نییه، تاکوو ئه‌وه‌ی بۆخۆی پێی خۆشه‌، بۆ براکه‌شی پێی خۆش نه‌بێ»

گه‌ر له‌و فه‌رمووده‌ ئاڵتوونییه‌ ورد بینه‌وه‌، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ته‌نیا کرده‌وه‌ به‌و فه‌رمووده‌یه‌ چه‌نێک لە گرفته‌کانی ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتیمان که‌م ده‌کاته‌وه‌.

گه‌ر من ئه‌وه‌ی بۆ خۆم پێم خۆش بێ بۆ که‌سانی ده‌وڕووبه‌ریشم پێ خۆش بێت، ئه‌و ده‌م:

- چه‌نده‌ پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی خۆم پێ خۆشە، ئه‌و‌ه‌نده‌ش بۆ ده‌ورووبه‌ریانم پێ خۆشه‌.

- چه‌نده‌ نزا بۆخۆم ده‌که‌م، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ دیتران ده‌که‌م.

- چه‌نده‌ دڵخۆشی خۆم پێ خۆشه‌، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ کەسانی دیم پێ خۆشە و هه‌وڵ ده‌ده‌م دڵخۆشیان بکه‌م و چێژ له‌و هه‌وڵدانه‌ش ده‌به‌م.

- هەرچی بۆخۆم پێ ناخۆش بێت، بۆ که‌سانی دیشم پێ ناخۆشه‌ و له‌وه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م هیچ زیانێک لە لایه‌ن منه‌وه‌ له‌ که‌س نه‌درێ.

- چه‌نده‌ شکست و بێ‌هیوایی و دڵته‌نگیم بۆ خۆم پێ ناخۆشه‌، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ ده‌ورووبه‌ریانم پێ ناخۆشه‌.

- ئه‌و ده‌م لێده‌بوورم، هه‌موو مرۆڤه‌کانم خۆش ده‌وێن و پڕبه‌دڵ دوعای خێریان بۆ ده‌که‌م و بە کرداریش ئه‌وه‌نده‌ی له‌ده‌ست بێ بۆ یارمه‌تیان هه‌وڵ ده‌ده‌م.

- کینه‌ی که‌سم لە دڵدا نامێنی و لێ ده‌بورم.

- نه حه‌سوودی بە که‌س ده‌به‌م، نه‌ غه‌یبه‌ت و بوختان و دووزمانی و نه‌مامی ده‌که‌م، نه گاڵته‌ به‌که‌س ده‌که‌م و نه قسه‌ی ڕه‌ق و نێوی ناشیرین به‌که‌س ده‌ڵێم، نه درۆ ده‌که‌م و نه خیانه‌ت و... چونکه هه‌مووی ئه‌وانه‌م بۆخۆم پێ ناخۆشه‌، که‌واته‌ بۆ ده‌ورووبه‌ریانیشم پێ ناخۆش ده‌بێ.

جا با بیر که‌ینه‌وه‌ گه‌ر هه‌ر که‌سه‌ و له‌به‌راخۆ هەوڵ بدات ئه‌و وته‌ ئاڵتوونییه‌ له‌ ژیانیدا ڕەنگ بداتەوە، ژیان چه‌نده‌ خۆشتر ده‌بێ؟

تاکه‌کان دڵ و ده‌روونیان ئاسووده‌ و کۆمه‌ڵگا ڕوو لە ئاشتی و ته‌بایی دەبێ.

با له‌ مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان که دڵه‌کان نه‌رم و ئاماده‌ن، ڕاهێنان بکه‌یین له‌سه‌ر فێربوونی ئه‌و وانه‌ ژیانبه‌خشه‌ و بۆ دوای ڕه‌مه‌زان ببێته‌ پێناسه‌یه‌ک لە که‌سایه‌تیمان.