رێ و ڕەسمی مەولوودی و بەرزڕاگڕتنی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام(د.خ)، بەشێوەی فەرمی و بەربڵاو، یه‌که‌م‌جار لە سەردەمی دەسەڵاتداری «سوڵتان موزەففەر»ی حاکمی هەولێر لە ساڵی  ٦٠٤ ی کۆچی واتا 1207ی زایینی بەڕێوە چووە.

سوڵتان موزەففەر پەنجا ساڵ دادپەروەرانه دەسەڵاتداری کرد. مێژوونووسی ناودار، ئیبنی خەلەکان (د 681ق/1282م)، بەم چەشنە باسی کەسایەتی سوڵتان موزەففەر ده‌کا: پیاوێکی زانا، خواناس و موجاهید و هەروەها زاوای سوڵتان سەلاحەددینی ئەییوبی بووە. ئەو حاکمە دادپەروەر و ئیماندارە، هاوڕێ لەگەڵ سەلاحەددینی ئەییوبی بۆ ڕزگارکردنی به‌یتولموقه‌دده‌س بەشداری کردووە. گرینگی زۆری بە ئاوەدانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان داوه. بۆ کەم‌ئەندامان موچەی مانگانەی بڕیوەتەوه و بۆ کەسانی بێ ئەنوا خانووی چاک دەکرد. چەند قوتابخانە و خوێندنگەی بۆ پەیڕەوانی حەنەفی‌ و شافعی دامه‌زراندووه.

یەکێ لە کارە گرینگەکانی هەموو ساڵە لە مانگی مەولوود کۆنگرەیەکی جیهانی لە هەولێر بەڕێوە دەبرد. دیارە هەر ڕێ‌وڕەسمێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگیی، ئایینی یان هەر بوارێکی دی، لە سەردەمی سەرهەڵدانی خۆییەوە هەتا ئەو کاتانەی کە بەردەوامە و زەمانیان بەسەردادێ، بەپێی زەوق و سەلیقە، فەرهەنگی کۆمەڵگا، هەروەها توانایی ماڵی و شارەزایی بەڕێوەبەرەکانی ئەو ئاڵ و باقیی تری ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەسەر خەڵکەکە دادێ، ئەوانیش تووشی ئاڵوگۆڕ دەبن. تەنانەت وا هەیە هەر دە یەک سەردەمدا، چەشنی بەڕێوەبردنەکە لە شار و گوندێک بۆ شار و گوندێکی دی جیاواز دەنوێنێ.

باسی چۆنیەتی ئەو ئاڵوگۆڕانە دە سەردەمانی پێشوودا، شوێن و مەجالێکی تایبەتتری دەوێ. بەڵام ئەوەی کە باسی کراوە کە ئەو سەردەمی چۆن بەڕێوە چووە بەم شێوەیەیە:

لە نێوانی ڕۆژانی ٨  هەتا ۱۲ ی مانگی ڕەبیعولئەوەل بانگێشتننامەی بۆ ڕێژەیەکی زۆر لە شەرع‌زانان، شاعیران، بانگخوازانی ئایینی بەغدا و موسڵ و وڵاتانی عەجەم ده‌نووسی. ئه‌وسا دو ڕۆژ پێشتر دەروازەی شار بەرەوڕووی میوانان دەکراویه‌وە. هەر لەبەر دەرگای شار تا گۆڕەپانی کۆبوونەکە، گومبەزێک بە مەودای چند شەقاو لە لایان، وەزیر، جێگران، زانایان و پیاوماقوڵانی شار بۆ بەخێرهاتنی میوانان ئامادە دە‌بوو. شار چاراخان دەکرا. هەندەک سەرچاوە ئاماژە دەکەن کە نزیکی پەنجاهەزار کەس بەشداری دەکرد و چێشت و خوانیان بۆ ئاماده ده‌کرا. باشترین نووسەر یان وێژەوانی شاره‌زای ژیانی پێغەمبەر(د.خ) لە لایان دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ـ ئامادە دەکرا.

وەک نموونه به ریوایەتی مێژوو «ئیبنی دەحییە» بە نووسینی کتێبی «التنویر فی مولد البشیر النذیر» لە لایان سوڵتان موزەففەر بە هەزار دینار خەڵات کرا. مێژووی نووسینی مەولوودنامە: کۆنترین مەولوودنامەی بەردەست، مەولوودنامەی «مەلا باتەیی‌»یه کە بەزاراوەی کرمانجییه و بۆ سەدەی هەڤدەی زایینی دەگەڕێتەوە.

دوای ئەو مەولوودنامەی «شێخ حوسێن قازی»یە که بە زاراوەی سۆرانی نووسراوە و بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە.  دوکتۆر ئیسماعیل شەمس دەڵێ: لە ڕوانگەی مێژوییەوە، نووسینی کتێب‌گەلی «مولد النبی(ص)» لەسەدەی شەش و هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتداری ئەییوبییه‌کانه‌وه دەستی پێ کردووە و بەر لەم مێژوویە کتێبی سەربەخۆ و ناودار لەم باره‌وەدا نەنووسراوە. مه‌ولوودنامه‌نووسین، مێعڕاج‌نامە و وەفات‌نامە، وەک میراتێک لە زانایانی کورد، جگه له لایه‌نی ئایینی له لایه‌نی زبانی و ئەدەبییشەوە بایەخی گەلێک زۆری هەیە.

ده‌یان مه‌ولوودنامه به زاراوه‌گه‌لی کوردی له زانایانی کورد به‌جێ‌ماوه، که ئەگه‌ر به شێوازێکی زانستی‌یانه لێکۆڵینەوه‌یان له‌سەر بکرێ. که بێ‌گومان بۆ زمانی کوردی و‌ەک پاڵپشت وان. هەر به‌م بۆنەوه لێرەدا ئاماژە بەم مەولوودنامه دەکرێ کە مامۆستایانی کورد دە فۆڕمی شێعر و پەخشاندا نووسیویانن. ئەڵبەت لەوانەیە زیاتریش هەبن، بەڵام ئێمە ئەو ۷۰ەمان بۆ ناسراون.

جێی خۆیەتی ئەمەش بڵێم هەندەک لەم مەولوودنامانەش کە بە تازەگی نووسراون و نووسەرەکانیان ماون، ناوم بردوون. ئەڵبەت پاش و پێشی نێوەکان بەپێی دۆزینەوەی ناوەکانە. ڕەنگە مەولوودنامەی واهەبێ، زۆر لەمێژە نووسراوە و بەڵام لە دوایەدا ناوی هاتووە. یا بەپێچەوانە. خۆزیا کەسێک یا کەسانێک ببووان لەسەر نووسەر، شێوازی زانستیانی نووسینی مەولوودنامەکان کاری کردبا.  لەم مەولوودنامانە: ۳۱مه‌ولوودنامه بە زاراوەی سۆرانی. ۲٤مەلوودنامە بە زاراوەی کرمانجی، ٥ مەولوودنامە بە زاراوەی هەورامی، ۱ مەولوودنامە بە زاراوەی زازاکی، ۱ مەولوودنامە بە زمانی فارسی ۲ مەولوودنامەش بە زمانی عەرەبی. هەندەکیشم بەداخەوە زمان، یا شێوەی نووسینەکە بۆ نەدۆزراوە.

مەولوودنامەکان:

۱ـ‌ مەلا حوسەین باتەیی، سەدەی هەڤدە (کرمانجی ـ هۆنراوە). ۲ـ شێخ حوسەین قا‌زی، سەدەی نۆزدە (سۆرانی ـ پەخشان). ٣ـ شێخ محەممەدی خاڵ (سۆرانی ـ پەخشانە و بە پێشنیاری مامۆستا پیرەمێرد کراوه). ٤ـ مامۆستا عەبدولکەریم مودەڕریس (سۆرانی ـ پەخشان). ٥ـ مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم زادە بۆکانی (سۆرانی ـ پەخشان). ٦ـ مامۆستا مەلا مەحەممەد شەڵماشی (سۆرانی ـ پەخشان). ٧ـ کاک ئەحمەد موفتی زادە (سۆرانی ـ پەخشان). ٨ـ  سەیید بەهائەددین شەمس قوڕەیشی (سۆرانی ـ هۆنراوە). ٩ـ مامۆستا جەلی‌زادە (سۆرانی ـ پەخشان). ١٠ـ محەممەدئەمین بەلەدی (سۆرانی - پەخشان و هۆنراوە). ١١ـ مامۆستا مەلا ئەحمەد کوڕی مەلاساڵح کوڕی مەلا نەجیب بێژوەیی ئالانی (سۆرانی ـ پەخشان). ١٢ـ مامۆستا قازی خزری شنۆیی (سۆرانی ـ پەخشان). ١٣ـ مامۆستا مەلا محەممەدی بەردەڕەشی بانە (سۆرانی ـ پەخشان). ١٤ـ مامۆستا مەلا محەممەدی ئیمامی (سۆرانی ـ پەخشان). ١٥ـ مامۆستا مەلا محەممەد یوسف ڕەهنمون، ناسراو به کۆچەر (سۆرانی ـ هۆنراوە). ١٦ـ مامۆستا حوسەین شێخانی شنۆیی (سۆرانی ـ پەخشان) ١٧ـ مەولوودنامەی ئه‌بولقاسم، قاسم مویدزاده شاعیری مەهابادی (سۆرانی ـ هۆنراوە) ١٨ـ مامۆستا مەلا ئەبووبەکر محەممەدکه‌ریمی (سۆرانی ـ پەخشان). ١٩ـ مامۆستا مەلا عومەر نوربەختی نەغەدە (سۆرانی ـ پەخشان). ٢٠ـ مەلا ئەحمەدی خاس، (زازاکی - هۆنراوە). ٢١ـ مەلا کریم زاری سەقزی (سۆرانی ـ پەخشان). ٢٢ـ مەلا محەممەد هەولێری (سۆرانی ـ پەخشان) ٢٣ـ شێخ نەسیم تەختەای (هەورامی ـ هۆنراوە). ٢٤ـ شێخ محەممەدی مەڕدوخ (فارسی ـ هۆنراوە). ٢٥- مەلا مستەفا فانیزادری باتمانی،(کرمانجی ـ هۆنراوە). ٢٦ـ مەلا شەوقی هەلخی ماردینی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٢٧ـ مەلا محەممەد شەریف باتمانی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٢٨ـ مەلا ئەحمەد شەرناخی (کرمانجی - هۆنراوە) ٢٩ـ مەلا حەسەن شەرناخی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣٠ـ مەلا عەبدوڕڕەحمانی سیرەتی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣١ـ ‌مەلا محەممەد ماردینی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣٢ـ شێخ فیزوڵڵای خەزنەوی قامیشلویی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣٣ـ مەلا سولەیمان کرشون باتمانی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣٤ـ سەیید بەدرەددین شەرناخی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣٥ـ مەلا عەلی ماردینی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣٦ـ مەلا عەبدوڕڕەحمان بیجرمان باتمانی (کرمانجی - هۆنراوە). ٣٧ـ مەلا ئەحمەد ماردینی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣٨ـ مەلا زاهید ئامێدی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٣٩ـ شێخ فەیزوڵڵای سیڕەتی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٤٠ـ شێخ سڕاجەددینی ماردینی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٤١ـ شێخ محەممەد ئەمین ئامێدی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٤٢ـ مەلا زاهید یاسو ئامێدی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٤٣ـ شێخ مێهدی سەیفولملوک ئامێدی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٤٤ـ مەلا ساڵح حەکاری (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٤٥ـ شێخ جەعفەری بەرزەنجی (عەڕەبی ـ هۆنراوە). ٤٦ـ مامۆستا عینکی (سۆرانی ـ هۆنراوە). ٤٧ـ مەلا ڕزا بلبری (هەورامی ـ هۆنراوە). ٤٨ـ محەممەد ئەمین میرزایی هەورامی (هەورامی ـ هۆنراوە). ٤٩ـ مەلا مەحمود بایەزیدی (هەورامی ـ هۆنراوە). ٥٠ـ ئەحمەد مەلاباتی (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٥١ـ میرزا عەبدولقادری پاوەیی (هەورامی ـ هۆنراوە). ٥٢ـ مامۆستا سەیید عەبدوڵڵا وەبڵەری (هەورامی ـ پەخشان). ٥٣ـ مامۆستا مەلا حسەن ئەرتوسی (کرمانجی ـ پەخشان). ٥٤ـ مامۆستا مەلا ڕەحمان حوسێنزادە گوژی (سۆرانی ـ پەخشان). ٥٥ـ مامۆستا مەلا مەحموود ئەحمەدی دێگوڵان (سۆرانی ـ پەخشان و هۆنراوە). ٥٦ـ مەلا عەلی باغستان (کرمانجی ـ هۆنراوە). ٥٧- مامۆستا نوری فارس حەمەخان. ٥٨ـ مامۆستا عومەر نیزامی. ٥٩ـ مەلا عەبدوسسەلامی حەیدەری (سۆرانی). ٦٠ـ مامۆستا سالحی خاتوونی مەزرە (سۆرانی ـ پەخشان). ٦١ـ مامۆستا عومەر ڕەحیم پوور (سۆرانی ـ پەخشان) ٦٢- مامۆستا مەلا خدر دەشتی هەولێری (سۆرانی ـ هۆنراوه). ٦٣ـ مەلا رەسوڵی چراغی (چەپکە گوڵێک لە گوڵزاری ژیانی پێغەمەری مەزن، سۆرانی ـ پەخشان). ٦٤ـ ماموستا مەلا جەعفەر پەروینی (سۆرانی ـ پەخشان). ٦٥ـ موستا مەلا عەلی رەحیمی (سۆرانی ـ پەخشان). ٦٦ـ مامۆستا مەلا ئێبڕاهیم سەلیمی (سۆرانی ـ هۆنراوە). ٦٧ـ سەید ئەنوەر سەید ئەحمەد بەرزەنجی (سۆرانی ـ پەخشان). ٦٨ـ حاجی قادری قادری ناسراو به هیوا (سۆرانی ـ هۆنراوە). ٦٩ــ مەولوودنامەی مەڵاعەبدوڵڵای گەورە بەرزەنجی (سۆرانی، هۆنراوە). ٧٠ـ مەولوودنامەی مەزڵووم بەرزەنجی (عەڕەبی، پەخشان).

مولودنامه‌کانی ئه‌و بەڕێزانە، بە چاپ و بە دەست‌نووس وەبەر چاوی خوێنەران و هۆگران کەوتوون. بەڵام ئێستاکە کەمیان چاپیان ماوە و لەبەردەست دان. له درێژە‌دا ئاماژە بەو بەڕێزانە دەکەم کە وەک سەرچاوە ئەو زانیاریانەی خۆم لێ‌وەرگرتوون و سپاسیان دەکەم: ۱ـ حاج مامۆستا مەلا عەبدولقادر قادری ئیمام جومعەی بەڕێزی شاری (پاوە). ٢ـ د. مامۆستا عومەر عەبدولعەزیز (سلێمانیە). ۳ـ ماموستا مەلاسەیید موستەفا مەحموودیان(مەهاباد). ٤ـ مامۆستا مەلا محەممەدی خزرنیژاد(بۆکان) ٥ـ دوکتۆر ڕەئوف ڕەهنموون(سنە). ٦ـ مامۆستا مەلا جەماڵ ئەحمەدی دشەی (پاوە). ٧ـ مامۆستا مەلا ئەحمەدی عەبباسی (بانە). ٨ـ مامۆستا مەلا شەفیع سادقی قۆڵنجێی (ورمێ). ٩ـ مامۆستا مەلا رەسول چراغی(بۆکان). ۱۰ـ مامۆستا مەلا موحەممەدی شەریفی(پیرانشار). ١١- کاک هیوا ئیبڕاهیمی(مەهاباد). ١٢ـ هێمن مەلا کەریم بەرزەنجی (سلێمانیە).

کۆتایی

٨/٨/۱٤۰۰كۆچی هه‌تاوی