بە بۆچونە زانستییەکەش، میدیای ئەلکترۆنی بەگشتی ڕێگایەکی نوێی گەیاندنە. کە مرۆڤەکان لە تەواوی جیهان لەهەر دۆخێکی جیاواز پێکەوە دەبەستێتەوە کە ئامانجیش لێی ئاسانکارییە لە پەیوەندی و زیادکردنی کارلێکردنیان پێکەوە.

لە دوو ڕوەوە میدیای نوێ کاریگەری لەسەر هەموو جۆرەکانی پێش خۆی (کلاسیک) هەیە، کاریگەریەکەش دوولایەنەیە، یەکەم میدیاکانی پێشتر سوود لە میدیای ئەلکترۆنی دەبینیت لە پێناو گەیاندنی بیروڕاکانیان بە شێوەی خێراتر و بڕینی پانتاییەکی جوگرافی زیاتر کورتکردنەوەی سنورەکان، هەروەها کەمکردنەوەی هەندێک خەرجی تێچوون و زەحمەتی، خستنە پاڵی چەند خەسڵەتێکی دیکە بۆ پاڵ کاری ڕۆژنامەنووسی چاپکراو، وەک گرتەی ڤیدیۆیی و تێکست لەسەر وێنەی جوڵاو دەنگ و هتد، هەروەها ڕاستەوخۆش ڕاوبۆچونی خوێنەران و بینەران دەبینین لەڕێی کۆمینت و لایکەکانیانە وە.

دووەم کاریگەری ئەکرێت وەک کەم و کوڕیش بیبینین، میدیای باو (کلاسیک) ڕێکخراوترو بەرجەستەترو یاساییترن، بەپێچەوانەوە میدیای ئەلکترۆنی بەناوی ئازادییەوە جۆرێک لە بێ سەروبەریی بەدی دەکرێت و بەناوی ئازادییەوە بۆمەبەستی تر دەقۆزرێتەوە بێ ئەوەی ناوو ناونیشان و سەرچاوەیان دیاربێت، لێرەوە گرفتێکی تر خۆی نمایندە دەکات کە مافی خاوەندارێتی کەمترەو پێشیلکردنی مافی کۆپی کردن و لەبەرگرتنەوە کارێکی باوە، کەئەمەش زۆر جارسەر لەخوێنەر تێکدەدات نازانێت سەرچاوەی سەرەکی و خاوەنی ڕاستەقینەی بابەتەکە کێیە.

گۆڤاری (ئایندەسازی) وەک ڕاگەیاندنێکی چاپکراو ماوەی 24 ساڵە خزمەتی بەخوێنەرانی کردووەو، کاریگەری و جێگەوتی زۆری لەنێو خوێنەرانی جێهێشتووە بەتایبەت لەنێو خانمان و گەنجان، کەلێنێکی زۆری لە ڕۆژنامەی کوری پڕکردۆتەوە، لێرەوە وەک ستافی (ئایندەسازی) لە قۆناغی ئێستامان پاش ماوەیەک دابڕان، پێمان باش بوو درێژە بەدەرکردنی گۆڤارەکە بدەین لەڕێگەی میدیای ئەلکترۆنییەوە، بێگومان بەگروتین وپلانێکی نوێوە لەخزمەت خوێنەرانمان دەبین پشت بەخوا. لە پێناو زیاتر برەودان بە فکرو بەهاباڵاکان و کەلتورو دین و ژینی کۆمەڵگەی کوردەواری. بەوهیوایەین خوای گەورە پشتیوان بێت و، لە ئاست خوێنەرامان بین.