دیارە گەشت و سەیران یەكێكە لەو ڕێگایانەی كە مرۆڤ لێیەوە دەگاتە ناسینی بوونەر و دروستكراوەكانی خوا, لەوێشەوە بەدیهێنەری مەزن و تاقانە دەناسێت , هەر بۆیەش پەروەردگار ڕێنماییمان دەكات بە گەران و گەیشت و سەیران تا لە بوونەر و دروستكراوەكانی خوا ووردبینەوە و تێڕامێنین ( قل سیروا فی الأرض فنظروا .... ) وەك هەر شتێكی تر گەشت و سەیرانیش ئاداب و ڕێ و شوێنی خۆی هەیە كە پێویستە مرۆڤی موسوڵمان جێ بە جێیان بكات , تا دونیای نەكاتە قوربانی ئاخیرەت و زەرەرمەندی هەردوو دونیا نەبێت , لەو ئادابانەش : 1) مەبەست لێی بێ فەرمانی كردنی خوا نەبێت : سەرتا پێش دەرچوون و گەشت كردن پێویستە لە كاتی خۆئامادەكردندا نێتمان بۆ ئەوە نەبێت كە بێ فەرمانی خوا بكەین , وا بزانین كە چووینە دەرەوە ئیتر خوای گەورە نامانبینێت و لە تاوانەكانمان چاوپۆشی دەكات ! 2) زیادەڕۆیی لە شتومەك و كەلوپەلی سەیراندا نەكرێت : بردنی زیاد لە پێویستی خواردن و كەل و پەلی زۆر و ئیسرافكردن و بەهەدەردانی لە كارو پیشەی دۆستانی شەیتانە ( إن المبّذرين كانوا إخوان الشياطين ) واتە : بەڕاستی بەفیرۆدەران برای شەیتانەكانن ! وە خوای پەروەردگاریش كەسی موسریف و زیادەرۆیی خۆش ناوێت ( إن الله لایحب المسرفین ) خوای پەروەردگار كەسی بەزایەدەر (موسریف ) ی خۆش ناوێت . 3) لە كاتی بەڕێ كەوتنتدا خوات لە بیر نەچێت : پێویستە ئەوە بزانین خوای پەوەردگار دروستی كردوین و كەسیش نازانێت كەی دەمرێت , بەڵام هەموومان دەزانین كە مردنێكمان لەسەرە , وە مرۆڤیش لەسەر چی بمرێت لەسەر ئەوەش زیندوو دەكرێتە ,جا خوشك و برا بەڕێزەكانم , ئایا حەز دەكەیت بە دەم گوێ گرتن لە گۆرانی و مۆسیقاوە بمریت و هەر بەوەشەوە زیندو بكرێیتەوە ؟! 4) ژینگە بپارێزین : پاراستنی ژینگە و پاك و خاوێنی لە رەوشت و بەها جوانەكانی ئیسلامە , (إن الله یحب التوابین ویحب المتطهرین) واتە: خوای پەروەردگار كەسانی تۆبەكار و پاك و خاوێنی خۆش دەوێت ( ئەوانەی دڵ و دەروون و جەستەو لاشەیان پاكە و ژینگە و چواردەورەكەشیان بە پاكی رادەگرن ) , فەرموودەیەكیش لەو بارەوە دەڵێت : (النظافة من الإیمان) پاك و خاوێنی لە باوەڕەوەیە . 5) خۆپاراستن لە رەشبەڵەك و تێكەڵاوی : یەكێكە لە قێزەونترین و ناشرینترین تاوانەكان و مرۆڤی موسوڵمان پێویستە بە هەموو شێوەیەك خۆی لێ بەدوور بگرێت تا نەكەوێتە داوی شەیتانەوە چونكە وەها كارێك تەنها شەیتانی پێ خۆش حال دەبێت و ئابرووچوون و كەوتنە سەرزاری خەڵكی بەدوادا دێت , پێغەمەبری خوا (د.خ) هەرەشەی توند لەو كەسانە دەكات كە ڕێ بۆ رەشبەڵەك خۆش دەكەن و بەشداری ئەو تاوانە دەبن , وە پێغەمبەری خوا لە هەموو تەمەنیدا تەوقەی لەگەڵ ئافرەتی نامەحرەمدا نەكردووە !وە لە فەرمودەدا هاتووە مرۆڤ بە دەرزی بكێشن بەسەریا باشترە لەوەی دەستی بەر دەستی ئافرەتێكی بێگانە بكەوێت (نامەحرەم ) , كەواتە خوشك و براكانم با خۆمان بپارێزین لە كارێك كە هەم خوا و هەم پێغەمبەری خوا(د.خ) ڕقیان لێیە . 6) ڕێزگرتن لە یەكتری و ئازار نەدانی یەكتر : پاراستنی خوشك و برایەتی و لە سنوور دەرنەچوون و نەقۆستنەوەی گەشت و سەیران بۆ كاری خراپ و زویركردنی یەكتر كارێكی ناڕەوا و ناشرینە , پێویستە خۆمانی لێ بپارێزین . 7) تێگەیشتنی هەڵە بۆ گەشت و سەیران نەكەین : واتە وابزانین ئەگەر چوینە دەرەوە بۆ سەیران و (نێرگەلەمان نەكێشا و بیرەمان نەبرد لەگەڵ خۆماندا و هەڵنەپەڕیتین و ...هتد ) وەك ئەوە وایە سەیرانمان نەكردبێت , نەخێر بە پێچەوانەوە بەختەوەری و خۆشحالی لە پاراستن و گوێڕایەڵی كردنی خوادایە , ئەوە بەردەوامی و مانەوەمان لەسەر گوناه و تاوان وای كردووە بەو شێوەیە بیر بكەینەوە , كەواتە با پێش گەشتكردن دڵ و دەروون و مێشمان لە خڵتەو پیسی گوناه و تاوان پاك بكەینەوە . 8) لەكاتی گەرانەوەدا: سوپاسی خوا بكەین كە بەسەلامەتی و خۆشی گەراندینیەوە و گەورەیی و دەسەڵاتی خۆی پشان داین , وە سوپاسی خوا بكەین كە توانیومانە ئەو خاڵانەی سەرەوە جێ بەجێ بكەین و بەسەر نەفس و هەواو ئارەزوو و شەیتاندا زاڵ بوینە و كارێكمان نەكردووە خوای گەورە بڕەنجێنین .