ئێواره‌ی ڕۆژی دوشه‌ممه ده‌رفه‌تێک ڕێک که‌وت و له سنه وێڕای مامۆستا ئه‌حمه‌د به‌هرامی و مامۆستا عه‌بدولعه‌زیز سه‌لیمی سه‌ردانی مامۆستا ئه‌بووبه‌کر حه‌سه‌ن زاده، نووسه‌ر و وه‌رگێڕی بواری ئایینیمان کرد؛ مامۆستا ئه‌بووبه‌کر له‌و تاقمه که‌سانه‌یه که بینینه‌که‌ی بۆم بوو به هۆی دڵخۆشی و هه‌ڵبه‌ت ڕاچڵه‌کێنه‌ر بوو؛ وته پڕ له مێهر و خۆشه‌ویستێکه‌ی ده‌چێته ناو دڵ و هه‌ستێک له جنسی خۆشی و شه‌رم لاده‌بات؛ كه گوێ له قسه‌كانی ده‌گری وا ده‌چیته ناو وته‌کانی که هۆش و مێشکت له ده‌ست ده‌ده‌ی و له ناویدا نوقم ده‌بیت، نوقم بوونێك له بیرکردنه‌وه و سه‌رسوڕمان تێکه‌ڵ به ئاواتخوازی و تاسه! مامۆستای ئێمه که ئێستا 77 ساڵی ته‌مه‌ن هه‌یه، به داخه‌وه تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بووه و سینگێک که تا ماوه‌یه‌كی درێژ كۆگای زیکر و ئیمان و سه‌رچاوه‌ی نه‌رم و نیانی و ملکه‌چی بوو، به تیغی برینکارهکانی داوه تا ده‌وا و ده‌رمان بکات به شه‌فیعی دۆعا و فارووق ئاسا له قه‌ده‌رێک بۆ قه‌ده‌رێکی دیکه ده‌ربچێت و پاشان له خوای شافی، شه‌فای ته‌واو بخوازێ! سه‌ره‌ڕای ناساغی و له جێ که‌وتوویی، هێستاش دڵخۆش و به حه‌وسه‌له‌یه و پێوه‌ندێکانی ته‌له‌فوونیش بۆخۆی به خۆشڕۆیی ته‌واو وڵام ده‌داته‌وه. ئه‌و که له قه‌ڵه‌مه‌که‌ی «لؤلؤ و مرجان» باریوه و «حلال و حرام در اسلام» ی وه‌رگێڕان کردووه و ده‌رسی داوه، وه‌ها ئاسایی و ئاسان له نه‌خۆشی تایبه‌ت و دژواری خۆی قسه ده‌کات که مرۆض له‌گه‌ڵ خۆی ده‌ڵێ له‌وانه‌یه مامۆستا له مه‌ترسی ئه‌م نه‌خۆشێ بێعیلاجه بێخه‌به‌ره! به‌ڵام که ڕوونکردنه‌وه‌کانی تێکه‌ڵاو به ته‌وه‌ککول و ئیمانه‌که‌ی ده‌بیسی، تێده‌گه‌ی که بێخهبهر که‌سێکه که له حاڵی ئه‌و بێخه‌به‌ره. له گه‌رماوگه‌رمی خۆشی قسه خۆشه‌کان و ده‌ربڕینی موحه‌ببه‌ت، کاتێک قسه له گرفته‌کانی موسڵمانان هاته گۆڕێ، ئه‌و پیره‌پیاوه که له‌سه‌ر جێگا كه‌وتووه، له ناکاو حاڵی ده‌گۆڕدرێ:ڕه‌نگی سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و ده‌نگی ده‌له‌رزێ و وه‌ك ئه‌وه‌ی که‌سێکی هاودڵی دۆزیبێته‌وه ده‌ستی به گریان کرد! ئه‌و که شێرپه‌نجه و ڕه‌وتی چاره‌سه‌ریی ئهخۆشینهكهی نه‌یتوانی هیچ له ئارامی و هیواکه‌ی تێک بدات، ئازاری هاڵۆزی و ژێرده‌ستی و پێک ههڵاچوویی موسڵمانان، کۆڵه‌که‌ی سه‌بری تێک ڕوخاند و به فرمێسکه پڕ له ئێشه‌کان و پڕله تاسه‌کانی خۆی، ئامادهبووکانیشی خه‌مبار کرد. له خوای ته‌عالا بۆ ئه‌و مامۆستا خزمه‌تكار و كه‌م وێنه‌یه، شه‌فای به‌په‌له و به‌رده‌وامی له تۆفیقهکانی داواکارین.
بۆچوونه‌کان