داده «ڕووناک مورادی»،کچی کاک «تاهیر مورادی» که پێکەوه سەرپەرشتی بنکەی خێرخوازی مزگەوتی قادرالحسینی شاری سەرپێڵیان دەکرد، لە بوومەلەرزەی 21 خەزەڵوەری ئەمساڵ لە ژێر ئاواردا بریندار دەبێت و بۆ چارسەرکردنی ئازاری برین و کێشەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی «محمدالمصطفی» شاری تاران دەکرێت. بەڵام به داخەوە دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ و نیو کۆچی دوایی دەکا و به تەواوی خەڵکی شاری سەرپێڵ خەمبار دەکات.

داده ڕووناک که به خاتوونی چاکەکاری ناوبانگی دەرکردبوو،له ماوەی دوو ساڵی کۆتایی تەمەنی لەگەڵ ژیانی هاوسەرداری و پەروەدەکردنی منداڵ، پیشەی خێرخوازی و خزمەت به هەژار و هەتیو پەروەری لەو بنکەی خێرخوازییه گرته بەر و به سەربەرزییەوە گەڕاوە بۆ لای ڕەحمی خوای پەروەردگار و گەیشته ڕێزی دوو کەسایەتی بەڕێزی ئەم شارە (مامۆستا «عبدالکریم موحدی» و مامۆستا «عبدالله الیاسی») که ئەوانیشبه هۆی ئەم بوومەلەرزەوە گیانیان له دەست دا.

ماوەی هەفتەیەک پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات به بینینی باوکی، چەن ڕستەیەک وەکوو وەسییەت دەردەبڕێ که باوکی بەڕیزیان داوای لێم کرد کە وەسییەتەکەی به شێعر بهۆنمەوە تا وەک ڕاگەیاندراوێک ئاراستەی خەڵکی شاری سەرپێڵ و گوندەکانی بکات.

سڵام لە سەرپێڵ سڵام لە زەهاو  *** سڵام له چینی بێ نان و بێ ئاو

سڵام له خەڵکـــی هێلانه شێواو***سڵام له شاری بێ مانگ و هەتاو

له شێــره ژنانی کارگەری هــۆزم *** له موعتادانی به بێ دڵــسۆزم

له جـوانی بێکار هەم تەحسیلکەرده*** له ناچاری بۆ یۆرۆ کۆچ کەرده

کوا قاچــەکانم کە وەکوو جاران***بچمه سەر وەختی خەڵکی هەژاران

بچــمه مەکـتەبی دەرگا داخراو***بچــمە مزگەوتی بێ بانگ و بێ ناو

کــوا پەنجەکانم بۆچی بێ حسم***ئەمـــەوێ ناوی هــەژار بنووسم

دەس کێشم به سەر مناڵی هەتیو***بگرم دەسگیرەی کەعبەی قەد نەدیو

بڵێــم بە خودا ســکاڵای گەلم***باس کەم لە گەلــی هەزار پەل پەلم

میللەتی کـــوردی ستـەم لێکراو***هێــلانەواز و ماف پێشێل کـــراو

ناتــوانم زەنگ دەم بۆ لێ قــەوماوان***یارمەتیدەر بم لە بۆ دامـــاوان

بابه گیــان توو خـوا کوانێ مامۆستا***عەبدولکەریم و مــەلا عەبدوڵڵا

بــۆ دیاریان نییه بۆ نایەن بۆ لام*** بۆچی زەنگ نادەن نانێــرن پەیام

هەڵبەت وەکوو من گرفتار بووگن***یا خود بۆ پەنای ڕەحمی خوا چووگن

بێ شـــک متمانەم نییە کە ئەوان***زیندوو بن بەڵام نەیەن بۆ سەردان

مردن ڕێـی حەقەو ها لە ڕێی گشتمان***نا شوکری نەکەن بۆ کۆچ عەزیزان

خـــۆزگەم بەو کەسە بە نووری ئیمان***ئەگـــەڕێتـەوە  بۆ لای اللە گیان

بابه گیــــان بڵێ تۆ به خێرخوازان*** قـــەت لە بیر نەکەن هێلانە­وازان

لـە بیریان نەچـــێ هەتیو و فەقیر***بۆ چینی هــــەژار با ببنه دەسگیر

بێ شک بزانن جـوانترین کــردار***خزمەت به خەڵکە و خزمەت بە هەژار

بابــه گیان تو خـــوا بڵێ به مەردم***گەردنم ئازا کەن ئەگەر من مردم