زمان وەک شتڵێکی شلک وایە ،کە بێ باخەوان، هەڵنادا. زمانی کوردی‌ و فەرهەنگەکەی، لەپانتایی مێژووی ڕەشی خۆی کە بۆیان خوڵقاندوە ویستوویانە دەستی لە قوڕگێ نێن و سەری هەڵپڕووچقێنن. سەدان جاریش نیوە مردوو کراوە.

ئەگەر هیممەت‌و لەخۆبردوویی و شەونخوونی کەڵەپیاوانی ئەوگەلە نەبوایە، هەتا ئێستا تەڕایی لێدەبڕا.

هەر زاناو پسپۆڕێک بۆخۆی بۆتە کۆڵەکە‌و تیرەگێک، کەشانیان وەبەر باڵاخانەی ئەو زمانە داوە و تاوڵ‌و چیغیان بۆ هەڵداوە ،وایان کردوە کە لەرووخان‌و هەرەس‌هێنان  ، بپاڕێزرێ.

مامە هەژاری نەمریش، یەکێک لەو هەڵکەوتە بوێژانە بوە کە ژیان‌‌وبوونی خۆی  تەرخان کردبوو بۆناساندنی شوناسەو کەسایەتی و گەشەپێدانی کوردو زمانەکەی.

 

لە کورتە شێعرێک‌دا،جوان دەدوێ:

بەدەربەدەری یان لەماڵی خۆم

لەخاکی عەڕەب لە ‌ئێران‌و ڕۆم

 

ساغ‌بم جحێڵ بم بگرم گوێ سوانان

یان زار و نـــــــــزار لە نەخۆش‌خانان

 

بەکوردی دەژیم بە کوردی دەمرم

بەکوردی دەیدەم وەرامی قەبرم

 

بەکــــــــوردی دیسان زیندوو دەبمەوە

لەو دونیاش بۆ کورد تێهەڵــدەچمەوە

 

 

کەسێک ئەو شێعرەی مامۆستا بەدڵ وەخوێنێ ،لەگەڵ ژیانە ڕاستە‌قینەکەی ، پێکیان هەڵکێشێ بۆ دەردەکەوێ کە تای تەرازوەکە بەرابەرە.

هەژاری نەمر ژیانی گەواھ و شایەدی قسەکانیەتی وەک هێندێک زانای هونەرفرۆش نیە کەبۆ ماڵ‌و پلەو مەقام، خۆی دۆراندبێ و قسەی قمبە‌قمبە بکاو لە ژیانی واقعی کۆمەڵ، دووربێ. ئەو لە دڵی گەل‌دا ژیاوە‌و بۆ گەلیش مرد.

لەنووسین و هۆنینەوە بۆ حکوومەتە‌شیرەخۆرەکەی مەهابادو چالاکی لەنێو بزاڤی مەلامستەفای بارزانی و نووسینی هەنبانە بۆرینە‌ و چێشتی مجێور و دیوانی بۆکوردستان‌‌ ڕا هەتا وەرگێڕانی شەفای بووعەلی‌و چوارینەکای خەییام‌ و نامیلکەکانی شەریعەتی و مەم‌و زینی ئەحمەدی خانی و شەڕەفنامەی بەدليسی و........

  وەک سەرمۆری ژیانی پڕ پیتیشی وەرگێڕانی قوڕئانی ئەنجام داوە.

بڵێی مامۆستا لەچ کۆڵێژێک و زانستەگەیەک،خۆێندبێتی؟ ئیزنی لەچ زانستەگەیەک وەرگرتبێ؟ کە ئاوا بوێرانە ئەسپی زانیاری لینگ‌داوە و شان‌بەشانی گەورەپیاوانی دونیا، ڕاوەستاوە؟

دەبا گەنج و لاوی ئێمەش، بەس چاوەڕوانی دەستێکی سێحراوی و موعجیزە بن کە وەکوو ڕۆستەم لە تەله‌سم و جادوو دەریان هێنێ و تاج و تەختی سەروەریان لەسەر تەپڵی سەری دانێ. دەتوانن هەژارانە تێڕا بچن و لوتکە‌و دۆندی زانیاری ببڕن.

 

با ئەو حەزەی مامۆستاش کە لەو کۆپلە شێعرە دا هەیبوە وەدی بێنن:

توخـــوا کاتێ کە ئازادی‌وسەند

 ڕەگەزی ملهوڕەکان‌و هەڵقەند

 

کوڕ و کچ هەرچی بەلاما لادا ‌

 پێم بڵێ‌و پایێ بە قەبرم دادا

 

بەسیەتی ئەی هـــەژار مردن هەستە‌

 موژدە بێ مەوتەنەکەت سەربەستە

 رووحی شاد بێت!