دەسپێک

بێگومان ئەگەر مرۆڤ بتوانێ لەگەڵ ڕاستییەکانی قوڕئان بتوێتەوەL باش لەوە تێ دەگا کە دەبێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا قوڕئان وەک خۆی بناسێت. بۆ ئەو مەبەستە ئەوا پێویستە بە جۆرێکی دیکە بڕوانین بۆ جەوهەر و کڕۆکی قوڕئان؛ واتە کاتێک جۆری ڕوانینمان گۆڕی، ئەوە ناخی خۆمان گۆڕیوە، کاتێک مرۆڤ خۆی گۆڕی و لەوە تێگەیشت ئەرکی لەسەر گۆی زەوی چییە، ئەودەم خۆی دەناسێ، هەڵبەت مرۆڤ ناتوانێ خۆی بناسێت و وەهمەکانی هەوا و نەفسی کەشف بکات هەتا دەرەوەی خۆی پێشان نەدرێت.

لەڕاستیدا ژیانی مرۆڤی باوەردار، مامەڵەیەکی حزووریانە بۆ چوونە خزمەت قوڕئان، واتە مامەڵەی ڕاستەوخۆ و زیندووانه‌، وەک قوڕئان که مامەڵەکردنێکە کە هیچی باسی ڕابردوو و داهاتوو نییە، بەڵکوو هەمووی باسی ئێستایە. وەک سەید قوتب ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرموێت: قوڕئان خۆی چیرۆکی ژیان نییە، بەڵکوو خودی ژیانە. یا هەر وەک مەولانا دەفەرموێت: من چیرۆکی ئیمانم زۆر بیستووە، بەسە ئیدی، من دەمەوێت ئیمان بێنم!!

دەبێ ژیانی ئێستای ئێمەی باوەڕدار لەگەڵ، قوڕئان ئێستایانە و حزووریانە بێت، ئەوەیە عاریفان ناویان ناوە بە ئاگاهاتنەوە. بە هیوای ئەوەی ژین له سێبەری قوڕئاندا، دڵخوازتر و خاوێنی و پاکی بۆنەگەل و پێوەندییەکانمان زۆرتر بکات و بتوانین ڕێسا و یاساکانی قوڕئان لەنێو ژیانی خۆمان جێبەجێ بکەین و پیاسەیەکی ڕوحی بکەین لە خزمەت قوڕئاندا؛ هەر بەو بۆنەوە وتووێژێکی قوڕئانین ڕێکخستووە لەگەڵ بەڕێز مامۆستا موحه‌ممه‌دئه‌مین ئه‌سه‌دی قوڕئانخوێنی به‌ناوبانگی كوردستان.

 

پرسیاری ١ـ مامۆستای ڕێزدار و هێژا تکایە تیشکێ بخە سەر ژیانی خۆتان، بە کورتی خۆتان بۆ خوێنەرانی ئیسلاحوێب بناسێنن.

به‌نێوی خوای گه‌وره‌

من موحه‌ممه‌دئه‌مین ئه‌سه‌دی، دانیشتووی شاری سنه، ته‌مه‌نم ٤٧ ساڵه و ماوه‌ی زیاتر له‌ ٣٠ ساڵه له‌ خزمه‌ت قوڕئانی پیرۆز دام و هه‌م تیلاوه‌تی ده‌كه‌م و هه‌م ته‌دریسی ده‌كه‌م و له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ بواری ده‌نگ و نه‌غمه‌مكانی قوڕئانی و ته‌جوید كلاسی وانه‌وتنه‌وه‌م هه‌بووه‌.

 

پرسیاری ٢- ئوستادی به‌ڕێز چۆن بوو هۆگری خوێندنی قوڕئانی پیرۆز بوون، کێ هاندەرتان بوو و چۆن ئەو بیرۆکەیەتان بۆ دروست بوو؟

كاتێك كه له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی قوتابخانه بووم، پێش چوونه كلاس به‌ قوڕئانخوێندن ده‌ستمان پێ ده‌كرد، پێشنیاریان پێ ده‌كردم كه من قوڕئان بخوێنم و هه‌ر ئه‌وه‌ بۆ لای قوڕئان هانی دام و ده‌نگی مامۆستا عه‌بدولباسیتم له‌ ڕادوێ ده‌گرت، ئه‌و ده‌م كه‌متر ماڵ زه‌بت و ته‌له‌ویزیۆنی هه‌بوو و به‌ سه‌ختی هه‌ر له‌ ڕادوێ گوێم له‌ قوڕئان ده‌گرت‌. دایكان و باوكانیش ئه‌و ده‌م زیاتر گرینگیان به‌ قوڕئانی پیرۆز ده‌دا، ئێستا كه زیاتر هانده‌رن بۆ كلاسی جیا له‌ قوڕئان، ئه‌وده‌م كلاسی زیاتر بۆ قوڕئانخوێندن و به‌تایبه‌ت له‌ مزگه‌وت هانیان ده‌داین. له‌ مزگه‌وتیش مامۆستای مزگه‌وت و خه‌ڵك هانده‌رمان بوون و پێیان خۆش بوو كه مناڵان به‌ده‌وری قوڕئان كۆده‌بوونه‌وه‌ و فێری قوڕئان ده‌بوون، هه‌ر بۆیه‌ پشتیوانیان لێ ده‌كردین و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بوو به‌ هۆی دڵخۆشی مناڵان و منیش هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ دایك و باوك و مامۆستای قوتابخانه و مامۆستای مزگه‌وت و خه‌ڵكی ده‌ورووبه‌رمان هانده‌رمان بوون.

 

پرسیاری ٣- ژیان له‌گه‌ڵ قوڕئان چ کاریگه‌رییه‌کی مەعنەوی له‌سه‌ر ژیانی ( تاکەکەسی، خێزانی، کۆمەڵایەتی ) بەرێزتان داناوه‌؟

به‌ڕاستی قوڕئان به‌ هه‌موو شێوه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانم هه‌بووه‌. هه‌ر كه‌س بیهه‌وێ ببێته‌ پیاوی خوا، هه‌رچه‌ند له‌ قوڕئانی پیرۆز نزیكتر بێته‌وه‌، زیاتر له‌ ئامانجی نزیكتر ده‌بێته‌وه‌. هه‌ر شتێكی كه له‌ژیانماندا هه‌مانه، هه‌ر له‌ سێبه‌ری قوڕئانی پیرۆز پێی گه‌یشتووین. ئه‌وه‌ ڕاستییه‌كه: «المرء مع من احب» واته هه‌ر كه‌س له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌یه‌ كه خۆشی ده‌وێت، هه‌رشتێكت زۆر خۆش بوێت هه‌م له‌م دونیا و هه‌م له‌و دونیاش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ ده‌بی. چۆن ده‌بێ مرۆڤ هاوڕێیه‌كی هه‌بێ و هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیه‌ی بێت، به‌ڵام كاریگه‌ری له‌سه‌ر دڵ و ده‌روون و ڕۆح و فكر و وته‌ و كرداری نه‌بێ؟! هه‌ركه‌سێك له‌و دونیایه‌ هه‌ركه‌سێكی كرده‌ هاوڕێ و هاوده‌می خۆی و تا زیاتر له‌گه‌ڵ بێ، ئه‌وه‌ كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر داده‌نێ و له‌‌ هه‌موو بوڕارێكی فكری و ڕۆحی و قه‌لبی و كردارییه‌وه‌ به‌پێی ئه‌و هاوڕێیه‌ی ده‌جووڵێته‌وه. ئه‌و هاوڕێیه‌ی هه‌موو شێتكی بۆ دروست ده‌كا. جا ئه‌گه‌ر چاك بێ، هه‌موو شێتكی به‌ره‌و چاكه ده‌با و ئه‌گه‌ر هاوڕێیه‌كی خراپیش بێ، ئه‌وه‌ هه‌موو شتێكی به‌ره‌و خراپه‌ ده‌با و ئه‌خلاق و ئه‌ده‌ب و ڕه‌وشتێ لێ زایه‌ ده‌كات.

جا كه مرۆڤ قوڕئانی كرده‌ هاوڕێی و به‌ ته‌واو و كه‌ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قوڕئان بوو و بۆ قوڕئان ژیا، قوڕئان هه‌موو شتێكی پێ ده‌به‌خشێت، هه‌م دونیای پێ ده‌به‌خشێ و هه‌م قیامه‌تی ڕووناك ده‌كا و هه‌م عیززه‌ت و شه‌ڕه‌ف و كه‌سایه‌تی پێ ده‌به‌خشێت و ئه‌وه‌ش به‌ڵێنی قوڕئانه‌. قوڕئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێ: «و من یتق الله یجعل له مخرجا و یرزقه من حیث لا یحتسب» ته‌قواش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه له‌گه‌ڵ قوڕئان بێ و قوڕئان بكاته هاوڕێی، جا كه قوڕئان بوو به‌ هاوڕێ، ئه‌وه‌ خوا ڕۆژی پێ ده‌دا له‌ شوێنێكه‌وه‌ كه خۆشی به‌بیریدا نه‌هاتبێ. هه‌موو ڕۆژییه‌كی ماددی و مه‌عنه‌وی. هه‌ر وه‌ك قوڕئان ده‌فه‌رموێ: «ولله العزة و لرسوله و للمؤمنین» و یا «من كان یرید العزة فالله العزة جمیعا» واته ئه‌گه‌ر به‌دوای عیززه‌ت و كه‌سایه‌تی وه‌ی، ئه‌وه‌ له‌لای خوایه‌. لای خوا واته لای قوڕئانه. كه‌واته هه‌رشێتكت پێویست بێ، ئه‌وه‌ له‌ قوڕئاندا هه‌یه و پێی ده‌به‌خشێت‌، مادام به‌ واتای ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ قوڕئان بێت.

 

پرسیاری ۴- پیشه‌ی ئه‌سڵی خۆتان چییه‌؟ ئایا ژیانی قوڕئانی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئیشه‌که‌شتان داناوه‌؟

من ماوەی ٢٩ ساڵە وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری سنە خەریکی وتنەوەی وانەی "بیرکاری"م.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ قوڕئان نه‌ك هه‌ر له‌ پیشه‌ و كار، به‌ڵكوو كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو ژیانم داناوه‌. مرۆڤ کە لەگەڵ قوڕئان بتوانێ ڕاست بێت و ژیانێکی حزووریانەی هەبێ و هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا قوڕئان بکا بە چەترێک بۆ ژیانی، بێگومان لەهەر شوێن و بنکە و پلەوپایەکی دونیایی دابێ، وێڕای ئەوە کە چاودێری و پاسەوانی دەکات، کاریگەری لەسەر شێوازی بێژەکردن و ئاخاوتنی دەبێ، بە واتایەکی تر خەڵکی ئێمە بە گشتی بە دید و تێڕوانینی مرۆڤێکی قوڕئانی دەڕوانە ژیانی ئەو کەسەی حافیزی قوڕئانە؛ بۆیە دەبێ لە هەموو چرکە ساتەکان و قۆناغەکانی ژیانی، واتە هەڵسوکەوت و شێوازی بێژەکردنی لەگەڵ دەورووبەریدا مرۆڤێکی قوڕئانی بێ و قوڕئان لە ڕەوشت و شێوازی جموجۆڵی دەنگ و ڕەنگ بداتەوە. بە واتایەکەی تر مرۆڤێکی ڕاستگۆ و ئەمەگناس و جوامێر بێ. مادام بیر کەیەوە کە: بەشێکی لە قوڕئان یا خود وێنە و پەیکەرێکی قوڕئانی، خۆی قوڕئان هەموو بابەتە قێزەون و ناشیرینەکانت بۆ دەسڕێتەوە!

بە دڵنیاییەوە خەڵکی ئێمە بە گشتی بە دید و تێڕوانینی مرۆڤێکی قوڕئانی دەروانێت بۆ کەسی حافیزی قوڕئان. حەزرەتی عایشە لەحاند پێغەمبەری خۆشەویست دەفەرموێ: کان خلقه القران

واتە هەموو چرکەساتەکانی پێغەمبەر قوڕئانی بووە، لێرەوە دەبێ کەسێکی قوڕئانی بڕوانێتە ڕەوشتبەرزی پێغەمبەر بۆ ژیانێکی حزووریانەی قوڕئانی. بەشێکی زۆر لەو مرۆڤانەی کە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا دەژین، ڕەوشت بەرزی و جوامێری ئەوان بنچینەکەی دەگەرێتەوە بۆ قوڕئان.

 

پرسیاری ۵- زۆرتر چ نه‌غمه‌یه‌کتان پێ خۆشه‌ بیخوێنن؟ ئایا به‌ پێی ئایه‌ته‌کان نه‌غمه‌ هه‌ڵده‌بژێرن یا به‌ سه‌لیقه‌ی خۆتان؟ و هۆگری دەنگ و شێوەزاری کام یەک لە قوڕئانخوێنانی جیهانین یا خود کاریگەری مێلۆدی و مەقامی لەسەر لەحنی ئێوە هەبووە؟

لەڕاستیدا هەر یەک لەو نەغەمانەی کە لەنێو قوڕئاندا بوونیان هەیە و بە جۆرێک وارید بوونە، بە بۆچوونی من هەر هەموویان لە جێگەی خۆیاندا کاریگەر و دڵ‌بزوێن و دڵگیرن، بەڵام ئەوە گوێگر و خوێنەرە کە خۆی وەک خوێنەر یا بڵێین قاری قوڕئان دەبێ هەڵبژێرێ کە ئایا نەغمەی (سه‌با یا حیجازی و...) بخوێنێت. بەڵام کەسانێکی وەک ئوستاد مەنشاوی و ئوستاد موستەفا ئیسماعیل هەموو نەغمەیەک دەخوێنن و زۆریش کاریگەرن. دیارە خوێنەر یا قاری قوڕئانی خۆی نەغەمەکە دەگۆڕی، ئەوەش کەشوهەوایەکی تایبەت دەبەخشێ بە ڕوحیاتی گوێگر و خەڵک لەوە تێدەگات.

من وەک خۆم گوێبیسی دەنگی ئوستاد کام یووسف دەبم، بەرێزیان بەشێکی زۆر لە نەغەمەکان دەخوێنێ.

لە سەرەتادا زۆر گوێبیسی دەنگی قوڕئانخوێنی بەناوبانگی جیهان واتە ئوستاد عەبدولباسیت عەبدوسەمەد و ئوستاد سەید سەعید دەبووم، بەڵام دواتر هۆگری شێوەزاری ئوستاد کامیل یووسف ئەڵبەهتیمی بووم کە بە حەنجەرەی فووڵادی ناسراوە و جارجار گوێبیسی دەنگی هەر یەک لە ئوستاد لەیسی، متەوەڵـڵی، مەنشاوی، مستەفا ئیسماعیل دەبم. بەڵام وەک خۆی بنەما و مێحوەری کاری من لە شێوازی خوێندنی قوڕئان زۆرتر ئوستاد (کامیل یووسف ئەڵبهتیمی)ییە.

 

پرسیاری ٦ــ ئایا له‌ پێشبڕکێی قوڕئانی به‌شداریتان کردووه‌؟ چ پله‌یه‌کتان به‌ ده‌ست هێناوه‌؟

لەڕاستیدا بە هۆی هۆگری بە قوڕئانی پیرۆز هەر لە تەمەنی گەنجیدا بەشداری پێشبڕکێی نێوخۆی پارێزگای سنەم دەکرد، هێندێ جار پلەی یەکەم و هێندێ جار پلەی دووەم وەدەست دێنا. مەخابن! لەنێو وڵات پێوەرێک بۆ پلەوپایە یا خود هەڵسەنگاندنی قوڕئانخوێنەکان نەبوو؛ بەڵکوو ئەوەی لەگەڵ ناوبژیوان یا بڵێن داوەری کۆڕی خوێندنی قوڕئان پێوەندی هەبوو، جا وەک قوتابی یا هەر شتێکی تر یا خود لە شارەکانی تاران و مەشهەد و... دەژیان، بەداخەوە کاریگەریی تەواوی هەبوو لەسەر دۆخی کۆڕەکە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی لەو شارەانەی کە پەراوێزخراون حزووریان هەبوو، زۆر بەرچاو بوو. خوای گەورە باشتر دەزانێ ڕەنگە وانەبێ، بەڵام ئەوە شێوەی بیرکردنەوەی ئێمەیە بۆ ئەم شێوازەی کە ئەمڕۆ بوونی هەیە. به‌گشتی من پلەوپایەکی بەرچاوم وەدەست نەهێنا، باشترین پلەوپایەی من ڕەنگە ۲۰یا ۲۵ بێت کە وەدەستم هێنابێت؛ تەنیا من دوجار لە ڕۆژهڵاتی کوردستان بەشداری ڕکابەری خوێندنی قوڕئان بووم، جارێک پلەی یەکەم و جارێکی تر پلەی سێهەمم بەدەست هێنا و دواتر بریارم دا ئیتر لە کێبەرکێی قوڕئانی نێوخۆی وڵات به‌شداری نەکەم.

لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۹۲ کە لە وڵاتی ( هندستان )بە بانگهێشتی فەرمی ئەو وڵاتە چوومە کێبەرکێی قوڕئان، لەوێ میسر پلەی یەکەمی وەدەست هێنا و من توانیم پلەی دووەم بەدەست بێنم. لە ساڵی ۱۳۹٨ بەهۆی زۆربوونی بەشداربووان کێبەرکێی قوڕئانی بەشێوەی ناردنی گرتە ڤدیۆیەکی تەسویری لە ڕێگەی ئینتێرنێت یا بڵێین تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتی (امارت متحدە عربی) بەرێوە چوو، واتە ڤدیۆیەکی یەک خولەکی دەنارد. ئەم گرتە ڤدیۆیە بۆ قۆناغی یەکەمی کێبەرکێ بوو، دوای دەرچوونی، جارێکی تر گرتە ڤدیۆیەکی سێ خولەکی دەنارد کە: سەرجەم ۶۱ وڵات بەشداربوون، من توانیم بگەمە قۆناغی کۆتایی و لەوێ پلەی یەکەمی پێشبڕکێی ئەو خولەم بەدەست هێنا.

 

پرسیاری ٧- ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانهه‌وێ فێری نه‌غمه‌کانی قوڕئانی بن، چۆن ده‌ست پێ بکه‌ن و چی بکه‌ن؟

بێگومان فێربوونی ئاواز و نەغمەکانی قوڕئانی دەبێ لای مامۆستایەکی شارەزا بێ، واتە ئوستادێکی لێهاتوو خولێکی فێرکاری و وانەی فێربوونی نەغمەکانی قوڕئان دابنێت بۆ قوتابییانی. بەدڵنیاییەوە ئەوەش پێویستی بە ڕاهێنانی زۆرە و بەردەوام قوتابیی دەبێ ڕاهێنان ئەنجام بدات، ئەم تاقیکاری و ڕاهێنانە بە بەردەوامی لای ئوستاد، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام گوێگرتن لە شێوەی قوڕئانخوێنانی لێهاتوو بەتایبەت ئەوانەی کە لە سەردەمی زێڕین دابوون، دەبێتە هۆکاری باش فێربوون و گەیشتن بەئامانج لە خوێندنی قوڕئان، چونکە قوڕئانخوێن خۆی لە کۆتاییدا لەوە تێدەگا کە دەنگی لە شێوازی کام یەک لە قوڕئانخوێنەکان دەچێت.

 

پرسیاری ٨- ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه‌ به‌تایبه‌ت گه‌نجان و لاوان، له‌ قوڕئان دوور که‌وتوونه‌وه‌، چ ئامۆژگارییه‌کتان بۆ ئه‌و گه‌نجانه هه‌یه‌؟

ئه‌مڕۆكه ژیانی گەنج و لاوی ئێمە لەنێو کۆمەڵگەدا بۆتە گرفتێکی ناخهەژێن، بۆیە پێویستە لە شوشیاڵ میدیا بەگشتی و لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی و تەنانەت لەنێو ناوەڕۆکی کتێب و پەرتووک و وتارەکانیش بایەخ و گرنگی زۆر بدرێ بە شێوازی هەڵسووکەوت و ژیانی گەنجان، لەبەر ئەوە بنچینە و ژێرخانی وڵات و خێزان هەر ئەو لاو گەنجانەن کە ئەمڕۆ بوونیان هەیە. بێگومان پشت‌گوێخستنی ژیان و هەڵسووکەوت و ڕەوشتی گەنج دەرەنجامی قورسی لێ دەکەوێتەوە و لە کۆتاییدا بە گشتی کۆمەڵگە بەرەو داڕمان و لەناوچوون دەچێت، مەخابن! ئەمڕۆ ئەوەی بەلای بەرپرسان و خێزان گرنگ نەبێت، ژیانی گەنج و لاوانی ئێمەن، لێرە ئاماژە بە چەند خاڵێکی کوڕت دەکەم لەسەر ژیانی گەنج و هۆکاری هەرەسهێنان و دوورکەوتنەوەیان لە ژیانێکی قوڕئانی؛

یەکەم: بەرپرسان، بێگومان بەرپرسان بە هۆی شێوازی هەڵسووکەوتی ناشیرینی خۆیان بوونەتە بەربەست و ئاسەوارێكی ناخهەژێنی داناوە، ئەگەرچی خەڵکی هان دەدەن لەسەر کرداری باش و ڕەوشتی جوان، بەڵام خۆیان بە کردەوە دژی ئەوە دەوەستنەوە. لە سەردەمی نەزانی و نەفامی، کەسێک لەنێو کۆمەڵگەدا سەر هەڵدەدا کە بە ڕەوشت و کرداری حزووریانەی خۆی هەموو ڕەوشت و کردارە قێزنەوەکانی نێوکۆمەڵگەی سڕییەوە، بۆ نموونە: لەناوبردن و زیندەبەچاڵکردنی کەنیژ و کچ و مرۆڤی پلە یەک و پلە دوو، واتە قوڕئانێکی زیندوو بوو لەسەر زەوی لەهەموو قۆناغەکانی ژیانیدا، تەنانەت لەگەڵ نەیاران و دوژمنانی.

دووەم: خێزان خۆی کاریگەری زۆری هەیە لەسەر پەروەردەکردنی گەنج و لاو، لەسەرەمی خۆیدا باوک و دایک یاخود گەورەی ماڵ جێگە و پێگەی تایبەت بەخۆی هەبوو و ڕێز و شکۆی خێزان پارێزراو بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی کاریگەری شوشیاڵ میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، خێزان بەرەو داڕمان چووە، دایک کە گەورەترین مامۆستای ژیانە بە زۆری خەریکی خۆڕازاندنەوەیە بۆ بازار و باوک خەریکی کێبڕکێی وەدەست هێنانی پارە و سەرمایەیە و گەنج و لاو بێکەس ماوەتەوە، واتە ئەمڕۆ لەجێگەی ئەوەی گەنج وەک گەورەترین سەرمایەی ژیان چاوی لێ بکرێت، جێگەی بە پێشبڕکێی دونیایی گۆڕاوەتەوە و شوێنەواری واخەریکە لەناو بچێت و قوڕئان و ژیانی خەڵک لە قوڕئان دوور کەوتۆتەوە.

لە سەردەمی خۆیدا قوتابخانە و زانکۆ و خێزان بە گشتی هۆکاری پێشکەوتن و سەرفرازی گەنج و لاو بوون، بەڵام ئەمڕۆ گشتی پێچەوانەی ڕابردوو بۆتەوە.

 

پرسیاری ٩ــ پێمان خۆشە ئه‌گه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کی خۆشتان هه‌یه، بۆمان بگێڕنه‌وه‌؟

لەڕاستیدا بیرەوەی خۆش و ناخۆش لە هەموو کار و پیشەیەکدا بوونی هەیە، منیش وەک قوڕئانخوێن لەو ژیانە بێبەش نەبوومە و ڕووداوی خۆش و ناخۆشم بۆ هاتۆته‌ پێش. کاتێک لە وڵاتی (هندستان) بووین، شەوێک بۆ مەیدانی ئیقباڵ بانگهێشت کراین بۆ خوێندنی قوڕئان، خەڵکێکی زۆر تێدا بەشدار بوو، کۆڕەکە نزیک یازدەی شەو دەستی پێ کرد تا سێی نیوەشەو دڕێژەی هەبوو، ئەوەی کە بەلامەوە گرینگ و جوان بوو ئەوەیە کە: نەفەری دوای من کاتێک دەستی کرد بە خوێندنی قوڕئانی پیرۆز، لێزمەبارانێکی زۆر دڵگیر دەهاتە خوارەوە، ئەو خەڵکەی کە لەوێ نیشتەجێ بوون، لەژێر ئەم بارانە دڵنشین و دڵگیرە دانیشتن و هەستم نەکرد کەس بڕوا و کۆڕەکە جێهێڵیت، ئەگەرچی باران هەموو شتی لێک دابوو، تەنانەت سیستمی سەوتی تێك چوو، داوامان لە هاوڕێكان کرد قوڕئانەکە دڕێژە پێ بده‌ن، چونكه ئەو خەڵکە زۆر هۆگری بیستنی ئەم قوڕئانە بوون؛ کاتێ تەواوبووین بەرێوبەری کۆڕەکە وتی: ئەم شەو شەوێکی مێژووییە لە وڵاتی ئێمەدا لەبەر ئەوە زۆر لەمێژە چاوەڕێی بارینی باران بووین، کەچی ئەم شەو خێر و بەڕەکەتی ئەم کۆڕە پیرۆزە بوو بە هۆکاری بارینی باران...!

 

پرسیاری ١٠- کۆتا قسه‌تان بۆ به‌رده‌نگانی ئیسلاحوێب چییه‌؟

لەڕاستیدا من نامهەوێ وەک ئامۆژگاری بەڵکوو وەک بیرخستنەوەیەک بۆخۆم دواتر بۆ بەردەنگانی ماڵپەڕی ئیسلاح، چەند شتێک لە خزمەتی ئێوەدا باس بكه‌م بۆ ئەوەی سوودی هەبێ بۆ خۆم دواتر بۆ خوێنەر، بێگومان بەردەنگانی ماڵپەڕ خۆیان لەبواری زانستی تەفسیری قوڕئان و ژیانی حزووریانەی قوڕئانی لەمن باشترن، جیاوازییەکە ئەوەیە من وەک قاری قوڕئان دەردەکەوم، ئەوانیش وەک وەرگیر و موفەسسیری قوڕئان. دیارە له‌ قوڕئانی پیرۆزدا ئاماژە بەو خاڵە گرینگ و هەستیارە کڕاوە کە دەفەرموێ:

کاتێک گوێ بیستی قوڕئان بووین یا خود بۆخۆمان قوڕئانن خوێندەوە، پێویستە ئیمان و مەعنەویاتی ئێمە پتەوتر و باشتر بێت، ئەگەر ئیمانی ئێمە زیاتر بوو و ڕوحی ئێمە بە بیستن و خوێندنی قوڕئان ئاڵوگۆڕی بەسەرداهات و کاریگەری دانا لەسەرمان ئەوە زۆر باشە، پێچەوانەی ئەم حاڵەتە مانای ئەوەیە کێشەیەکی هەستیار لە ئارادایە و دەبێ بەخۆداچوونەوەیەکی خێرامان هەبێت بەسەر خۆماندا.

ئەو کەسەی کە گوێ بیستی قوڕئان دەبێ زۆر بەڵایەوە گرینگ نییە کێ دەیخوێنێ، بەڵکوو کاریگەری خودی قوڕئان بەلایەوە گرینگە. لە هێندێ شوێنی دی قوڕئان ئاماژە بەوە دەکات و دەفەرموێ: افلا یتدبرون...

کاتێک وانە و پەیامی ئایەتەکە وەرنەگرین بێگومان دڵی ئێمە قوفڵ دراوە، کەواتە پێویستە قوفڵی ئەم دڵ و ماڵە بکرێتەوە ئەویش بە کلیلی تایبەت بە خۆی بۆ ئەوە کە ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەر و کامەران بێ، کەواتە دەبێ ئێمەی باوەڕدار بە باشی خەریکی خوێندنی قوڕئان بین یا خود بە باشی گوێبیستی دەنگی قوڕئانخوێنەکان بین تا بتوانین ڕوح و دڵمان زیندوو ڕاگرین و ژیانی مەعنەوی خۆمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئەو قۆناغە بەرین کە مرۆڤ تێیدا دەتوانێ دڵی ئاسوودە بێت.

دوای ڕێز و سوپاس بۆ ئێوەی بەرێز، زۆر خۆشحاڵم و خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەو دەرفەتەتان بۆ من ڕێکخست تا بتوانم بەو شێوازە کەمێک لەگەڵ هاوڵاتییان و هاوڕێیانی خۆشەویست بدوێم، هیواخوازم پەروەرێنی بێهاوتا ڕێنمایی هەر هەموولایەک بدات زۆرتر لەخزمەت قوڕئانی پیرۆزدابین. هیواخوازم و بەرەوام دوعامان ئەوەیە کە لاو و گەنجەکان لەسەر ڕێگەی ڕاستەڕێ بن و قوڕئان ببێتە هاوڕێ و بەهاری دڵمان و ببێتە ڕووناکی دڵمان لە ڕۆژی پەسڵان کە هەموو پیاوچاکان لەوێ کۆ دەبنەوە، ئێمەیش ببین بە هاوڕێی ئەوان؛ یاران جەمن لەو سەحرایە، چ سەحرایە کە لە باس نایە، هیوادارم هەمووان بتوانین ڕەوشت و کردارمان قوڕئانی بێت.