جه‌ختی ئایه‌توڵڵا ڕه‌فسه‌نجانی له‌سه‌ر نه‌هێشتنی کێشه‌کانی ئه‌هلی سوننه له ئێران سه‌رۆکی ناوه‌ندی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران به ئاماژه به‌وه‌یکه "داواکارییه‌کانی سوننه داواکاریی نه‌ته‌وه‌یین" ڕایگه‌یاند: ده‌بێ ژیانی ئه‌هلی سوننه له ئێران به چه‌شنێک بێت که ببێته نموونه بۆ دیکه‌ی وڵاتانی ئیسلامی.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس: ئایه‌توڵڵا هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی، سه‌رۆکی ناوه‌ندی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له زانایان، ئیمامانی جومعه، مامۆستایانی قوتابخانه ئایینییه‌کان و زانستگاکان و هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی سوننه دیداری کرد.
ئه‌ندامانی مه‌جلیسی خیبره‌کانی ڕێبه‌ری، به ئاماژه به‌وه‌یکه برایانی سوننه له ئێران هاوشان له‌گه‌ڵ برایانی شیعه له مه‌یدانه‌کانی زانست، پاپه‌ندی و قبووڵ کردنی به‌رپرسیارێتیدا کارنامه‌یه‌کی درهوشاویان هه‌یه، به‌شداریی ئه‌هلی سوننه‌ی ئێران له بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌وان هه‌ڵبژاردنه‌کان و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی به نموونه هێنایه‌وه و به خولقاندنی حه‌ماسه‌تی سیاسی ناوی لێبرد.
ئایه‌توڵڵا ڕه‌فسه‌نجانی به ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کورت بینی و قیرسیچمه‌یی، وتی: "هاووڵاتیانی ئه‌هلی سوننه له ئێران خێرخوازانێکن که ده‌بێ کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکرێت و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێ بدرێت که هاوسان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی دیکه خزمه‌تی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن و کاریگه‌ر بن."
ناوبراو، ناکۆکی و ململانێی مه‌زه‌بی له نێوان شیعه و سوننه‌ی به ئافه‌تی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگای ئیسلامی ناوبرد و کێشه و شه‌ڕه‌کان له عێراق، سووریا، پاکستان، ئه‌فغانستان، میسر و دیکه‌ی وڵاتانی ئیسلامی به ئه‌نجامی توندڕه‌وی و که‌مته‌رخه‌مییه‌کان له کۆمه‌ڵگای ئیسلامی ناوبرد که جگه له دووبه‌ره‌کی ئه‌نجامێکی نابێ.
ئایه‌توڵڵا ڕه‌فسه‌نجانی به جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌یکه "ده‌بێ بارودۆخێک بۆ ژیانی ئه‌هلی سوننه دروست بکه‌ین که ببێته نموونه‌یه‌ک بۆ دیکه‌ی وڵاتانی ئیسلامی" وتی: "ئێوه برایانی ئه‌هلی سوننه، وه‌کوو دیکه‌ی هاووڵاتیان، داواکاریگه‌لێکی گشتیتان هه‌یه که ده‌بێ پێوشوێنگریی بۆ بکرێت."
له به‌شێک له وته‌کانیدا، سه‌رۆکی ناوه‌ندی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئاماژه‌ی به دانوستانه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سعوودیه له سه‌فه‌ری عه‌مره‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا و وتی: له‌و سه‌فه‌ره‌دا پاش گفتوگۆی تێروته‌سه‌ڵ له‌گه‌ڵ مه‌لیک عه‌بدوڵڵا، ڕه‌زامه‌ندی نیشان درا بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنگهلێکی هاوبه‌ش و لێژنه‌یه‌کی تایبه‌ت به ئه‌ندامێتی مامۆستایانی ئایینی، ئایینزا جۆر به جۆره‌کان بۆ تاوتوێی و چاره‌سه‌ر کردنی ناکۆکی مه‌زه‌بی و عه‌مه‌لی ئۆمه‌تی ئیسلامی له پێناو هه‌نگاونانی ئیجابی بۆ گه‌یشتن به ئۆمه‌تێکی واحیده‌ی ئیسلامی و گه‌یشتن به ڕێگاچاره‌ی هاوبه‌ش که به‌هۆی پێوشوێنگریی نه‌کردن، جێبه‌جێ نه‌کرا.
بۆچوونه‌کان