شەوی چوار شەممەی  یولیوی 2013، وه‌زیری به‌رگری مصر "فه‌ریق عبد الفتاح سیسی" كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی سەرۆكی هەڵبژێردراوی گەلی مصری "دكتۆر محمد مورسی" ڕاگه‌یاند، وده‌ستوری پەسەندكراوی مصریشی  ڕاگرت وهه‌ڵیپه‌ سارد، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی وڵاتیشی دایه‌ دەست سه‌رۆكی مه‌حكه‌مه‌ی ده‌ستوری مصر "مستشار عدلی منصور".

ئەوەی كە لەماوەی كەمتر لەچەند كاتژمێرێك لە مصر ڕوویدا ئەو پرسیارەی لەنێو ناوەندە سیاسی وڕاگەیاندنەكاندا وروژاند، كە ئایا ئەمەی كە ڕووی دا گوزارشتە لە ئاوابونی خۆری ئیخوان موسلمین لە مصر؟!.

كورترین وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارە بیگومان (نەخێر)ە، وخۆری ئیخوان موسلمین لە مصر بە كودەتایەكی لەم جۆرە ئاوا نابێت، چونكە بە تێڕوانینی من دەكرێت لە چەندین گۆشەنیگای جیاوازەوە ئەم باروودۆخەی كە ئیستا مصری پێدا دەگوزەرێت بیخوێنینەوە.

گومان لەوەدا نیە كە مورسی لەماوەی ساڵێكی فەرمانڕەوایدا چەند هەڵەیەكی كردووە، بەڵام من و هەموو ئەو بەڕێزانەی دیكەش كەلە مصر دەژین، یاخود هەموو ئەو كەسانەی كە چاودێری باروودۆخی مصر دەكەن ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە كێشەكانی ناوخۆی مصر لە سەرووی هەموویانەوە كێشەی فەقیری وبرسێتی وبێكاری وكێشەی وڵاتێكی دوای شۆڕش زۆر گەورەتر وقەبەترن لە مورسی وئیخوان موسلمین بە جۆرێك كە خودی مورسی وستافەكەی عەسای سحریان پێنیە تاكو لەماوەیەكی زەمەنی كورتدا ئەو كێشانە بنبڕبكەن لە مصر.

 بۆیە هەرگیز مەنتقی تێدا نیە كە بەڕەهای مورسی وستافەكەی بە شكستخواردوو دابنرێت لە ماوەی فەرمانڕوایەتیەكەیدا، لە كاتێكدا لە ماوەی ئەو ساڵدا ڕووبەڕووی چەندین گرفت وئاستەنگی ناوخۆی ودەرەكی بویەوە لەوانە بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕووخێنەر لەناوخۆدا كەهەموو شتێكیان ڕەتدەكردەوە  لەگەڵ چۆڵنەكردنی مەیدانەكان وڕێكخستنی خۆپیشاندانی ملیۆنی زیاتر لە دەیان جار، لەگەڵ دژایەتی وڵاتانی كەنداو لەسەروو هەموویشیانەوە ئیمارات وسعودیە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ، وهەبونی پلانی هەندێك لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە وجیهان لەدژی مورسی ودەسەڵاتی ئیخوان موسلمین.

 ئاڵۆزیەكانی سینای هاوسنور لەگەل ئیسرائیل وكێشەی كەمكردنی ئاوی ڕووباری نیل لەلایەن ئەثیوبیاوە مشتێكن لە خەرمانێكی ئەو ئاستەنگ وگرفتانەی كە ڕووبەڕووی مورسی بویەوە لە ماوەی ساڵێكی دەسەڵاتەكەی.

بۆیە بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم ئاستەنگانە ئەگەر بەڕەهای بوترێت مورسی وئیخوان موسلیمن شكستی هێناوە پێم وایە هەڵەیكی كوشندەی كەم وێنەیە، لەهەمانكاتدا خوێندنەوەیەكی ئەكادیمیانەو واقعبینانە نیە بۆ باروودۆخی مصر.

بەتێڕوانینی من ئیخوان موسلیمن شكستی نەهێناوە وخۆری ئیخوانیش بەم كودەتایە ئاوا نابێت، ئیخوان موسلمین نزیكی سەدەیەكە بەدەست ڕژێمە دیكتانۆرە یەك لەدوای یەكەكانی مصرەوە زوڵمی لێدەكریت ودەچەوسێنرێتەوە ومافی دەخورێت.

 بۆیەدەكرێت بڵێم كودەتاكەی ئەم جارە بە سەر شەرعیەتی ومورسی، دووبارە بوونەوەی مێژوو بوو بە بەرگێكی تردا، وزەیەكی دیكە دەبەخشێتە وئیخوان ولایەنگرانی.

سەروەر حەمە ئەحمەد – قاهیرە

م.خ