١- درۆكردن

دەبێتە هۆی ئەوەیکە بەرامبەرەکەت کە مناڵە یان هاوسەر، متمانە بە قسەکانت نەکات، هەرکات پرسیارێکی هەبێ، نەتوانێ ڕاشکاوانە گفتوگۆت لەگەڵ بکات، چونکە دڵنیا نیە لەو وەڵامەی وەریدەگرێت، بەمەش دەکرێ گومان و هەڵەتێگەیشتنی زۆر ببنە بەربەست لەنێوانتان.

٢- پەیمان شکاندن

ئەم هەڵەیە متمانە لەناو دەبات، بەرامبەر ڕێزت ناگرێ، هەموو جارێک تووشی نائومێدی دەبێ، بۆیە یەکێکیشە لە هۆکارەکانی نەمانی خۆشەویستی.

٣- شکاندن

گەر بەرامبەرەکەت هەستی بەوە کرد كه لە بۆنە و کۆبوونەوەکانتان تانەی لێ دەدەیت و چەند جارێکیش دووبارە بۆوە، ئەوکاتە لەگەڵت ئاسوودە نابێت، لەو شوێنەی تۆی لێبیت هەست بە لاوازی و ترس دەکا و هەوڵیش دەدا کە بەشداریی ئەو کۆبوونەوانە نەبێ کە تۆ بەشدارەبیت تێیدا، بەجۆرێک کاتی هاوبەش کە سەرچاوەی تۆمارکردنی یادگارییە لەنێوانتان بوونی نابێت.

٤- بەراوردکردن

کاتێک تۆ وەک دایک و باوک یان وەک هاوسەر بەراوردی بەرامبەرەکەت دەکەیت بە کەسێکی تر، ئەوا ئەو هەستە لای دروست دەکەی کە تۆ بەپێی پێویست باش نیت، هەست بە کەمی لەلا پەیدا دەبێ و لەگەڵیدا ڕق لەهەموو ئەو کەسانەی تۆ بەراوردیان پێ دەکەیت پێی، دەکرێ ببێتە هۆی چاندنی تۆوی حەسوودی وەک لەنێوان براکانی یوسف ڕووی دا، یان ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەوکەسە باوەڕی بۆ دروست بێت کە هەرچی بکات ناگات بەو ئاستە بەرزە، بۆیە پێویست ناکا هەوڵ بدات تا سەرکەوتوو بێت، ئەمەش زیاتر بەرەو کشانەوەی دەبا لە ئەرک و بەرپرسیاره‌تییەکانی.

٥- بێدەنگی سزادەر

جۆرێک لە سزایە کە دایك و باب یان هاوسەران ئەنجامی دەدەن بە ئامانجی فشار دروستکردن بۆ بەرامبەر تا بەدڵی ئەو بکات، واتە ئامانجێکی هەیە لە بێدەنگییەکەی، ئەم جۆرە سزایە دەبێتە هۆی چارەسەرنەکردنی ناکۆکی و ڕێگایەکی نادروستە کە یەکێک براوە و ئەویتر دۆڕاو دەبێت، دوورە لە تێگەیشتن لە یەکتر و پێگەیشتن و گەشەکردنی پەیوەندییەکە.

٦- دەستبەرداربوون

واتە بێمنەتبوون لە بوونی بەرامبەرەکەت لە پەیوەندییەکەدا، ئەمە ترس و خووپێوەگرتنی ناتەندروست دروست دەکا، بەرامبەرەکەت دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ هەرکەس لەبری تۆ سۆزی نیشان بدات، وەک کەسێتی ژەهراوی . وەک ئەوەی دەڵێن ئیتر دایکی تۆ نابم، نەیەی بەجێت دەهێڵم، ژنێکی تر دەهێنم، ئەچم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. ئەم دەستەواژانە ئاماژەن بۆ بەرانبەر کە لەهەر بارودۆخێک دەکرێ تۆ لەدەست بدات.