ئەم نامە و پەیامە بۆ تۆی بەڕێزە، سەر بە هەر ڕەوت و بۆچوونێکی ئیسلامیت... یان دیندارێکی بێ لایەنیت، ئومێدەوارم لوتف بفەرموون و بیخوێننەوە ...

پەنجەکان یەکتر دەپارێزن هەر تەنێک کە ئێمە دەیبینین و هەستى پێ دەکەین لەم گەردوونەدا، پێکهاتووە لە چەند بەش و تەنێکى دیکە و بەو پێکهاتە جیاوازانە بووەتە تەنێکى دیکە، هەموو ئەو تەن و پێکهاتە جیاوازانە توانیویانە تەنێکى کامڵتر و جوانتر و بەهێزتر پێک بهێنن، ئەمەش نیشانەى هێز و پێکەوەکران و تەواوکارییە بۆ ئەو تەنە جیاوازانە، نەک ماناى توانەوە و بێ هێزى و لاوازى. هەمووان دەزانین ئەسڵ ئەوەیە کە دەستەکان یەکتر دەشۆن، هاوکارى یەکتر دەکەن، یەکدى گەرم دەکەنەوە، یەکتر بەهێز دەکەن، دەبنە پشتیوان و تەواوکارى ئەرکى یەکتر.

تاکەکانى کۆمەڵگە بەگشتى و دیندارانی نێو تەوژمى ئیسلامى بەتایبەتى -بە هەموو ئاراستە و قوتابخانە و ڕێچکە جیاوازەکانییەوە- پێویستە وەک پەنجەکانى دەست یەکتر بپارێزن و ببنە پەنا و پایەیەک بۆ مەحکەم ڕاگرتنى یەکتر، جوانى ڕەنگ و قەد و قیافەى هەر یەکێکیان لەپاڵ ئەوى دیکەدا باشتر و جوانتر دەردەکەوێ، دەشێ یەکێ باڵاى بەرزتر و ئەویتر قامەتى قاییمتر و یەکێتر لەش و لار جوانتر و کەشخەتر دەرکەوێ بۆ زیاتر ئەنجامدان و جێبەجێکردنى ئەرک و کارێک بەکار بهێنرێ، بەڵام دواجار هەمووان دەستێک پێکدەهێنن کە بەهێزترە و ئەرک و کارى گەورەترى پێ ئەنجام دەدرێ و دەتوانێ مەترسى و زیانى سەختتر و گەورەتر تێپەڕێنێ و دوور بخاتەوە.

قوتابخانە و ئاراستە جیاوازەکانى ڕابوون و تەوژمى ئیسلامى، هەرکامە و ڕەنگ و تام و بۆى جیاوازى خۆیان هەیە و بەشێکن لە خواستى تێگەیشتن و سەلیقەى جیاوازى کۆمەڵگە، هەرکامە و لایەنگر و خوازیارى خۆیان هەیە، ئەوان بە چەشنێکن کە یەکێ فەلسەفەى پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن پەخش دەکا، یەکێتر تۆوى موحیببەت و خۆشەویستى دەچێنێ، ئەوى دى شەریعەت و ڕێنوماییەکانى ڕوون دەکاتەوە و ڕاڤەى قوڕئان و فەرموودە دەکا، کەسێکى دیکە فەرموودەکان دەکاتە کەرەستەى تێگەیشتن لە دین و ژین، دانەیەکى دیکەش بە ڕۆحى دین و قوڕئاندا خۆى هەڵدەزنێ و لە دەریاى عیشق و عیرفان و مەعنەوییەت و تەسەووفدا مەلە دەکا، دەستەیەکیش بە زانست و زانیارى لە دین تێدەگا و باوەڕى پەیوەست کردووە بە زانستەوە و لەوێوە دەڕوانێتە گەردوون و بەدیهێنەرەکەى. هەموو ئەمانە بەشێکن لە تابڵۆ گەورەکە و بەشێکن لە وێنە گەورە و ڕەنگاوڕەنگەکەى ژیان و ڕەنگێکن لە ڕەنگە جۆراوجۆرەکانى سروشتى کۆمەڵگە، هیچکام تابڵۆ و پەیکەرە تەواوەکە نین و بێنیاز نین لە ئەویتر، ئەوانە دەبێ هەموو پێکەوە بەرەو یەک ئاسۆ ڕێ تەى بکەن و ڕوو لە یەک ڕووگە لەگەڵ کارواندا بکەونە ڕێ، ئەگەرچى شەقام و ڕێگەى جیاواز و هۆکارى جیاوازیشیان هەبێ بۆ گەیشتن بە مەنزڵ و ڕووگەکەیان، بەڵام دواجار یەک مەبەست و ئامانج کۆیان دەکاتەوە و دەیانگەیەنێتەوە بە یەک.

زۆر گرنگ و پێویستە بۆ باوەڕداران بەگشتى و تەوژمى ئیسلامى بە هەموو ئاراستە و سەلیقە جیاوازەکانیەوە بەتایبەتی، ببنە بەرجەستەکارى ئەم فەرموودەیەى پێغەمبەرى پێشەنگ و خۆشەویستمان(دروودی خوای لێ بێ) کە دەفەرمووێ: (المؤمن للمؤمن کالبنیان یشد بعضه بعضا و شبک بین اصابعیه)، واتە: کەسى ئیماندار و باوەڕدار بۆ ئیماندارانی دیکە وەک کۆشک و خانوویەک وایە کە هەندێکی پاڵی داوە بە ئەوی دیکەوە و بەهێز و تۆکمەی کردووە... وەک چۆن پەنجەکانی دەستێک پاڵیان داوە بە یەکترەوە و یەکتر بەهێز دەکەن و دەپارێزن.

ئێمە بڕوامان وایە کە دەبێ هەموومان پێکەوە وەک ماڵ و دیوارێکى بەهێز بین و چوون خشتەکانى دیوارێک پاڵ بدەین بە یەکەوە و یەکتر بەهێز بکەین و پشتى یەک بگرین، نەک پاڵ بنێین بەیەکەوە و ملى یەکتر بشکێنین، هەروەها لە نەپێکان و هەڵە و کەموکورتییەکانیشدا دەستى یەکتر بگرین و نەهێڵین بکەوینە هەڵەى گەورەتر یان تووشى بەردەوامى ببین لەسەر هەڵەکانى ڕابردوومان، وەک سەروەرمان دەفەرمووێ: دەبێ وەک دانەکانى شانە بین و یەکڕیزى بپارێزین و تەواوکارى ئەرک و کارى یەکتر بین، ئەگەر بۆچوونەکانى یەکتریشمان پێ قبوڵ و ڕاست نەبێ، خۆ بەلایەنى کەمەوە ئەرکمانە کە حورمەتى یەک بگرین و شکۆى یەکتر بپارێزین و خۆشەویستى و سۆز و بەزەیى یەکتر لەدەست نەدەین. خواگیان گوژم و تەوژمێکی بەهێز و بەرەکەتدار بداتە کار و کاروانی هەموو ئیسلامخوازان و تەوفیقمان بدا، هەمووشمان ڕۆڵی باش و ئیجابی ببینین.

مودریک عەلى عارف Mudrek Ali Aref (٤-۱۱-۲۰۲۱) سەرنووسەرى گۆڤارى پەیامى ڕاستى Payami Rasti