ئافرەت کە کەوتە سووری مانگانە، دەتوانێت هەموو جۆرە بەندایەتێکی خوا ئەنجام بدات، تەنها نوێژ و ڕۆژوو و سووڕانەوە بەدەوری کەعبەی پیرۆز «الطواف بالکعبة» و مانەوە لە مزگەوت نەبێت «الاعتکاف». دایکی بڕواداران حەزرەتی عائیشە (ڕەزای خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: «کان النبی صلی اللە علیە و سلم اذا دخل العشر شد مئزرە و ٲحیا لیلە و ٲیقظ اهلە ...»
واتە: پێغەمبەری سەروەر(د.خ) لە دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا سەر جێگەی خێزانەکانی نەدەکرد و و تا بەیانی نەدەخەوت لە بەندایەتی خودا و ماڵ و منالیشی بە ئاگا دێنا بۆ بێبەش نەبوونیان لەو خێرەدا. (رواە البخاری و مسلم)
لەو فەرموودەیە وشەی «احیاءالیل» هاتووە، واتە شەو زیندوو کردنەوە بە پەرەستنی خوای گەورە. ئینجا هەموو پەرەستنێک دەگرێتەوە.
زانای بەلیمەتی ئیسلام ـ الحافظ ـ دەفەرموێت: «و ٲحیا لیلە، ٲی سهرە بالطاعە» واته: نەدەخەوت و بەندایەتی خوای دەکرد.
وە ئیمامی «النووی» دەفەرموێت: «ٲی استغرقە بالسهر فی الصلاە و غیرها» قوڵ دەبۆوە لە شەودا بە نوێژ و بەندایەتیتری خوا.
پێغەمبەری پێشەوامان(د.خ) دەفەرموێت: «من قام لیلە القدر ایمانا و احتسابا غفر لە ما تقدم من ذنبه ...» واتە: هەر کەسێک ئەو شەوە پیرۆزە هەڵستێتەوە باوەڕی پێی هەبێیت و چاوەڕوانی پاداشتی بکات، خوا لە گوناهەکانی خۆش دەبیت.
ئایا حوکمی خوێندنی قوڕئان و چوونە مزگەوت لە لایەن ئافرەتی «حـەیزدار و زەیسانی» چییە؟
وەڵام:
ئافرەت لە سووری مانگانە قەدەغە کراوە لە نوێژ و ڕۆژوو گرتن، بەڵام دەتوانێت ئەم شەوە پیرۆزە بە زیکر ئاوەدان کاتەوە ...
1ـ دروستە ئافرەتی " حــەیـزدار یا زەیـسانی" قوڕئان بخوێنێت بەو چەند مەرجە؛ ئەگەر پێویستی بوو، یان ئەو ئافرەتەی ویرد و زیکری بەیانیان دەخوێنی، یا ئەو ئافرەتەی مامۆستایە و وانەی قوڕئان ئەڵێ بە قوتابیان. بەڵام ئەگەر قوڕئان خوێندنەکەی هەر بۆ پاداشت و خێر بوو، واتە زەروور نەبوو، ئەوە باشتر وایە بۆ زیکر نەیخوێنێت، چونکە زۆربەی زانایان لەسەر ئەوەن ئافرەتی "حـەیزدار" بۆی نییە قوڕئان بخوێنێت.
2- زیکر و ویردی خوا کردن وەک: «سبحان اللە، الحمدالله، لا الەالا اللە، سبحان اللە و بحمدە...»
3- ئیستیغفارکردن، واتە تەوبەکردن و زۆر کوتنی ـ استغفرالله.
4- پاڕانە و دوعا کردن و داوای خێری دنیا و دواڕۆژ لە خودا بکات. چونکە پاڕانەوە لە بەندایەتییە گەورەکانە...
تێبینی:
بەڵام ئافرەتی "حــەیزدار" تا پاک نەبێتەوە بۆی نییە بچێتە مزگەوت لە ناو مزگەوت بمێنیتەوە بۆ «اعتکاف» یا بۆ دەرس گۆی گرتن یان بەندایەتی کردنی خوا، ئەوە بۆچوونی هەر چوار ئیـمامە واتە: «ئـیمامی شافعی، ئـیمامی مالک، ئـیمامی حەنەفی، ئـیمامی ئەحمەد» وە ئەوە بۆچوونی زانایانی ئەو سەردەمەیە ڕەحمەتی خوا لە هەموویان بێت.
بەڵام ئەوەی بە دروستی زانیوە شیخ «البانی»یە لە زانایانی سەردەم، کە دژایەتی سەرجەم زانایانە و جێ متمانە نییە.
وەک باسمان لێوە کرد چوونی ئافرەتی "حەیزدار" بۆ مزگەوت بە ڕەوا نازانین، تەنها مەگەر بچێت و دەرچێت، واتا نەمێنێتەوە لە ژوورەوە.
سەرچاوەکان:
ـ ڕووناکی رب العالمین، شرح منهاج الطالبين (نووي)
ـ فقەالسنە، سيد سابق
ـ قیلوبی و عمیرە و….
بۆچوونهکان